Newshirwan-Barzani

شێرزاد شێخانی : پۆستی سەرۆک لەنێوان تەقدیس و دیموکراسیەتدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کێشەی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم لەگەل نزیکبونەوەی وادەی کۆتایی ویلایەتەکەی مەسعود بارزانی تادێت قوڵترو ئاڵۆزتر ئەبێت و ، دورنیە بگاتە ئاستی قەیرانێکی سیاسی ، کە هەڕەشە لەکۆی پرۆسەی سیاسی لە هەریمی کوردستاندا بکات .
بەپێچەوانەی هەندێ قەڵەمی هەرزەکاری پارتی کەوای بۆ دەچن گوایە پرۆژەکەی بزوتنەوەی گۆران بۆ گۆرینی سیستەمی سیاسی زادەی توڕەیی کاک نەوشیروان مستەفای رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەیە بەوەی کە مەسعود بارزانی لەکاتی هاتنی بۆ سلیمانی سەردانی ئەوی نەکردوە بۆیە کاک نەوشیروان لێی توڕە بوە ، کە ئەمەش لێکدانەوەیەکی زۆر مناڵانەیە ، چونکە کاک نەوشیروان لەڕووی کارێزماو ژیانی سیاسی و خەباتیەوە هیچی کەمتر نیە لەمەسعود بارزانی و رەنگە لەلای هەوادارانیەوە زۆر لەویش لەپێشتر بێت ، بۆیە ئەم لێکدانەوە سەقەتانەی پارتیو نوسەرانی هیچ لەواقیعەکە ناگۆریت کەوا کێشەیەکی قوڵ لەپێشمانەو بەهۆی هەڵوێستە ناماقولەکانی سەرانی پارتی خەریکە هیچ تروسکاییەک بۆ چارەسەری ئەو کێشە نابینرێت .
گۆران بەراگەیاندنی پرۆژەکەی ، هەڵویستی خۆی یەکلایی کردەوە لەمەسەلەی دەستورو سیستەمی سیاسیو بەپۆستەکەی بارزانیشەوە . بەبڵاوکردەنەوەی ئەو پرۆژەیەش هیچ رێگایەیەک لەبەردەمیدا نەماوە بۆ بەناو سازان وسازشکردنی سیاسی یاخود پاشەکشەکردنو رێکەوتن لەگەڵ پارتیدا بۆ دۆزینەوەی حیلەیەکی شەرعی بۆ کاندیدکردنەوەی بارزانی ، چونکە کورد وتەنی” سواری کەر عەیبە ، دابەزینیش دو عەیبە ” کەواتە گۆران هیچ مەجالێکی بۆ پاشگەزبونەوە نەهێشتۆتەوە بەراگەیاندنی پرۆژەکەی ، خۆیشی زۆر لەوە زیرەکترە لەپێناو هەندێ پلەو پۆستی هەرێم سازش لەسەر ئەم هەڵوێستەی بکاتو وەکو یەکێتی خۆی توشی سزایەکی قورسی جەماوەرەکەی بکات بۆ خاتری چاوی پارتی .. گۆران و سەرکردەکەشی لەو کەسانە نین ویژدانیان بفرۆشن بۆ پارەو پایە وەکو ئەوانەی پارتی چاوی پی شۆرکردون بە گەندەڵیەکانیەوە تا پینەو پەڕۆی بۆ بکەن .
پارتی زۆر چاک ئەزانیت کەوا هیچ بواریک لەبەردەم مەسعود بارزانیدا نەماوە بۆ کاندنیدکردنەوەی مەگەر بە پیشێلکردنی یاساوە نەبێت ، باشتریش دەزانن کەوا ئەم هەمو بیانویەی ئەیهینن بۆ شەرعیەتدان بەکاندنید کردنی هەموی بیانوی نامەنتیقین ، هەر لەمەترسیەکانی داعش بەسەر کوردستانەوە ، تا دەگاتە دروستبونی بۆشایی یاسایی و ، تەنانەت هەرەشەی شەقاوەکانیشیان بە هەڵگیرساندنی شەڕیکیتری ناوخۆ .
لەوەتەی کورد لەسەر ئەم خاکە ژیاوە هەمیشە دوژمنانی هەرەشەی لەناوبردنیان لێکردوەو،هەمیشەش لەبەرامبەر ئیرادەی کورد شکستیانخواردوەو ، ئێستاش پێشمەرگە لەسەنگەری بەرگریدایەو هەر لەو سەنگەرەشدا ئەمێنێتەوە ، مەگەر پارتی بەوە خەڵک بترسێنی ئەگەر مەسعود بارزانی نەبیتەوە سەرۆک ئەوا پێشمەرگەکانی خۆیان لە بەرەکاندا دەکێشنەوە ، ئەمەش ناچیتە عەقڵی هیچ کەسێکەوە ، بۆیە ئەم خەیارە دورە لە واقیع و نابێت ترسی داعش وا لەلایەنەکانیتر بکات هەڵویستیان بگۆڕن .
دوەم : پارتی و سەرکردەکانی زۆرجار باسی ترسی بۆشایی یاسایی دەکەن لەکوردستاندا ، ئەمەش بیانویەکی نامەنیتیقیترە ، چونکە وڵاتی لوبنان زیاد لەساڵێکە بێ سەرۆکەو کەسیش باسی بۆشایی یاسایی ناکات .. لە وڵاتی میسریش کاتێک سەرۆکی هەڵبژیردراو محمەد مورسی لەسەرکار لابرا سەرۆکی دادگای ئیتیحادی عەدلی مەنسور کرایە سەرۆکی کاتی وڵات ، لێرەش ئەگەر پێویست بکات ئەتوانن سەرۆکی دادگای تەمییز بکەنە سەرۆکی کاتی هەرێم تا رێکخستنی کارەکان و چارەسەرکردنی قەیرانەکە .
بۆ حاڵەتی سێیەمیش کە هەرەشەی شەقاوەکانی پارتیە بەهەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، دەبێ پارتی بیر لەدو شت بکاتەوە ، یەکەمیان ئەوەیە ئەم نەوەیەی ئێستا وەکو ئەوانی پێشتر ئامادە نیە بۆ سەروەری هەندێ گەندەڵکاری ناو ئەو حیزبە دەست بخاتە خوێنی براکەیەوە ، لەلایەکی تریشەوە ئەو سەرکردانەی پێشتر شەڕی براکوژییان ئەکرد ئێستا هەمویان خاوەن مۆلو سۆپەر مارکیتو باڵاخانەی بەرزن ئامادە نین لەخۆیان تێکبدەن ، لەهەموشی گرنگتر ئەوەیە کەوا وڵاتانی دونیا کە زیاد لە 20 کونسلگەریو سەدان کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتو هیتریش لێرە هەیە لەیەکەم تەقەدا هەمویان بار ئەکەنو ئەڕۆن ، بەمەش کورد جارێکیتر لەم هەرێمەدا هەلناسێتەوە، بۆیە گشت هەڕەشەو گورەشەکانی پارتی وسەرکردەکانی مایەپوچنو هیچییان لێشین نابێت ..
ترسی پارتی لەهەڵبژاردنی بارزانی لەناو پەرلەمانەوە تا رادەیەک ترسێکی مەشروعە ، زۆرجار لەسەر زاری هەندێ لەسەرکردەکانیان ئەو لێدوانە دوبارە ئەبێتەوە کە ئەڵێن گەلەکۆمەکی هەیە لەدژی پارتی .
هەڵبەت ئەمەش تا رادەیەک قسەیەکی راستە ، چونکە پارتی خۆی وای لەخۆی کردوە پەراوێز بخرێت و ، سیاسەتە تاکڕەوییەکانی پارتیە وایکردوە چوار حزبەکی تری ناو دەسەڵات زیاتر لەیەکتر نزیکببنەوە ، ئیستا بەحوکمی ئەدای سیاسی پارتیە هەر چوار حزبەکە کەوتونەتە ناو یەک بەرەی بەرگری لەخۆ کردن .
بۆ نمونە – شەقوەشاندنی شەقاوەکانی پارتی لەناو پەرلەماندا ، ئەمرۆ گۆرانی گرتەوە بەیانی حزبەکانی تریش ئەگرێتەوە . بێبەشکردنی حزبەکان بەگشتی لەبەرێوەبردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان ، هەڵویستی خۆ بەزلزانینی پارتی و ، تاکڕەوەیی لەبەریوەبردنی دۆسیەی نەوتو پەیوەندیەکانی دەرەوەو ، بەحیزبی وبنەماڵەکردنی وەفدەکانی هەرێم ، خۆسەپاندنی پارتی بەسەر لایەنەکانی تردا ، تەنانەت سەرۆکی فراکسیۆنەکەشیان لەناو پەرلەماندا بەشێوەیەک هەڵسوکەوت ئەکات وەکو ئەوەی ئەوانیتر هەمویان تابیعی ئەوبن ، ئەمانەو دەیان هەڵویستی تری پارتی سەبارەت بەپەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ حزبەکانی بەشەکانی تری کوردستانیش وای لەو حزبانەی کردوە بەچاوی نەیار تەماشای بکەن ، بۆیە هەر دەرفەتێک بڕەخسیت بۆ یەکخستنی هەڵوێِستەکانیان بەرامبەر بەسیاسەتە خۆسەپێنەکانی پارتی سڵیلێناکەنەوە ، بۆیە ئیستا هەرچوار لایەنەکە خەریکی دارشتنی یەک پرۆژەن بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەماندا .
پارتی وبارزانی لەوە ئەترسن حزبەکانی تری ناو پەرلەمان موفاجەئەیەک دروست بکەن لەکاتی دەنگدانی نهێنی لەناو پەرلەماندا ، ئەترسن لەئاخیر لەحزەیا یەکێک لەو حزبانە گۆران بێت یا یەکێتی دەنگ بە بارزانی نەدەن ، ئیدی لای ئەوان کارەساتو دونیاوێرانیە کەمەسعود بارزانی بەکۆی دەنگی پەرلەمان دەرنەچێت ، چونکە ئەوان بەزاتێکی موقەدەسی ئەزانن نابێت کەس موعاریزی بێت .
هەندێ لەقەڵەمە بەکرێگیراوەکانی پارتیو بەشیک لەسەرکردەکانیشیان باس لەوە دەکەن گوایە میللەت هەقی خۆیەتی مومارەسەی مافی هەڵبژاردنی سەرۆکەکەی بکاتو،نابێت لەناو پەرلەماندا بەدەنگی 111 کەس سەرۆک هەڵبژێردرێت ، پارتی لەدیدی خۆیانەوە سەیری ئەندامانی پەرلەمان ئەکەن وەکو ئەوەی نوێنەری حزبەکەیان بن لەناو پەرلەماندا نەوەک نوێنەری هەڵبژێردراوی میللەت ، بیریان چۆتەوە کە ئەو 111 کەسە نوێنەری میللەتن ، ئەی میللەت سیقەی خۆی بەوانە نەداوەو وەکالەتی بۆ نەکردون کە نوێنەرایەتی بکەن، کەواتە دەنگی هەر پەرلەمانتارێک دەکاتە دەنگی ئەو میلەتەی کەهەڵیبژاردوە ، کەواتە هیچ پاساوێک نیە بۆ ئەوە ، لە زۆربەی وڵاتانی دونیاشدا پەرلەمان وەکو نوێنەری میللەت سەرۆکی وڵات هەڵئەبژێرێ .
پارتی لەپێناو بەرژەوەندی تاکەکەسێک تەحەدای هەموو یاساو رێساکانی دونیا ئەکات ، ماقوڵیش نیە حزبەکانیتری کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی تاکەکەسێک پشت لەجەماوەرەکەی خۆیان بکەن و ، لە بەر خاتری خاتران پێ لەپرۆژەکانی خۆشیان بنێنو بەحیلەی شەرعی دڵی پارتی رازی بکەن . بیرکردنەوەی پارتی بەوەی کە هەمو حزبەکانی کوردستان کویلە یاخود تابیعی ئەوبن ، بیرکردنەوەیەکی زۆر هەرزەکارانەو سەقەتە . دەبێ پارتی باش بزانێت کەوا ئەو قۆناغە تێپەری خەڵکیتر ئامادە بێت بە ئاگری پارتیەوە خۆی بسوتێنێ .
لەکۆتاییدا لەچەندین وتلرمدا باسم کردوە کەوا زۆر زەرورە چوار لایەنەکە یا ئەوەتا یەک کاندیدیان هەبێت بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ، یا ئەوەتا هەر یەکەو بەجیا کاندنی خۆی بخاتە گۆڕەپانی ململانێی دیموکراسییانەی پۆستی سەرۆک ، چونکە قەناعەتم وایە ئەگەر ئەو حزبانە توانیان پرۆسەی دیموکراسی بخەنە سەرسکەی راستەقینەی خۆیەوە بە گۆڕینی سەرۆکی ئێستای هەرێم، ئەوسا سەرجەم کێشەکانی پرۆسەکە چارەسەر دەبن و ، کەسیش ناتوانیت لەمەولا ئیدیعای حزبی قائیدی بۆ خۆی بکات وەک ئەوەی ئێستا پارتی لە هەرێمدا ئەیکات و ئەیەوێت تا هەتا پرۆسەکەمان بەسەقەتی بمێنێتەوە .