Aryan-Reshid

ئاریان ڕەشید : دوالیزمی مێشک و دڵ یان دیالێکتێکی سۆزو عەقڵ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئایا ژیانی مرۆڤ بەهەمان شێوەی ئێستا دەبوو ئەگەر مرۆڤ یەكێک لە ئۆرگانە گرنگەکانی جەستەی وەکو ( دڵ ) یان ( مێشک ) ی نەبووایە ؟ ، ئەگەر ئێمە دڵ بەسەرچاوەی هەست و سۆزەکان بزانین و مێشکیش وەکو ئامرازی سەرەکی بیرکردنەوە لەقەڵەم بدەین ، ئەوا مرۆڤی بێ دڵ یان بێ مێشک مرۆڤێکی ناتەواوو ناکامڵ دەبوو یاخود مرۆڤێک نەدەبوو بەهەمان شێوەی ئەو مرۆڤەی ئێستا لە ئارادایە ، ئەو کات مرۆڤ یان بوونەوەرێکی بێ عەقڵ یان ئاژەڵێکی بێ هەست دەبوو . ئێمە وا مامەڵە لەگەڵ دڵ دەکەین وەکو ئەوەی خوڵقێنەری سۆزو هەستەکانی مرۆڤ بێت و هەست و سۆزەکانیش بە ڕۆڵی خۆیان نەخشی سەرەکیان لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە ، مرۆڤ بەبێ هەست و سۆزەکان وەکو ئاژەڵێکی لێدێت کە تەنها لەسەر بنەمای ڕەمەکەکانی ڕەفتار دەکات . بەتاڵکردنەوەی مرۆڤ لە هەست و سۆز داماڵینی مرۆڤە لە گشت ئەو سیفەتانەی مرۆڤ بۆ ئاستی پیرۆزی و باڵا بوون بەرز دەکەنەوە . بەهەمان شێوەش مرۆڤی بێمێشک مرۆڤێکە لە ژێر چەمکی مرۆڤی ئاساییدا پێناسە ناکرێت و ڕەهەندی بیرکردنەوە کە یەکێکە لە سیفەتە جیاکەرەوەکانی مرۆڤ لە ئارادا نابێت . لەدەستدانی قودرەتی بیرکردنەوەش لای مرۆڤ کە سەرچاوەکەی عەقڵە ، مرۆڤ بۆ ئاژەڵێکی بێ عەقڵ دەگۆڕێت کە وەکو سەرجەم ئاژەڵەکانی تر لەسەر بنەمای غەریزە سروشتیەکانی خۆی ڕەفتار دەکات . ئاشکرایە سۆز زۆر بە توندی بە هەستەکانەوە گریدراوەو مامەڵە لەگەڵ بابەتە نالۆژیکییەکان دەکات و ” خۆشەویستی و ڕق و ئیرەیی و شانازی کردن و ترس و ئازایەتی و جوامێری و خۆبەختکردن و قوربانیدان و چەندانی تر ” سیفەتگەلێکن لە هەست و سۆزەکانەوە سەرچاوە دەگرن . مرۆڤی بێ هەست و سۆز مرۆڤێکی داماڵراوە لەسەرجەم ئەم سیفەت و ڕەهەندانە ، مرۆڤێکی تاک ڕەهەندەو تەنها لەسەر بنەمای عەقڵ و لۆژیک یاخود غەریزە ڕەفتار دەکات . ئەو ئامرازەشی ناوی عەقڵمان لێناوە لە مێشکدا جێگیرەو سەرچاوەی بیرکردنەوەو تێڕامانە ، عەقڵ زۆر بە توندی هۆگری ڕێکخستن و یاساو ڕێسایە ، مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکات و خوازیاری ڕێک و پێکی یە بە پێچەوانەی سۆز کە سنوورەکانی واقیع دەبەزێنێت و زیاتر پابەندی خەیاڵ و خەون و ئارەزوە نالۆژیکیەکانە . هەست و سۆزەکان زیاتر ڕەهەندێکی ڕۆحی بە خۆیانەوە دەگرن و لە خەیاڵدا زیاتر بەرجەستە دەبن ، سیفەتگەلی سەروو مرۆیی بە مرۆڤ دەبەخشن و مرۆڤ بۆ ئاستی فریشتە بەرز دەکەنەوە ، شیعرو گۆرانی و عەشق و شاکارە ئەدەبیە مەزنەکان بەرهەمی هەست و سۆزەکانی مرۆڤن و خۆشەویستی و عەشق تەنها لە مەملەکەتی خەیاڵدا لە دایک دەبن . لەبەرامبەردا ڕێکخستن و ڕێک و پێکی ئاکامێکی ڕاستەوخۆی عەقڵە ، عەقڵ هیچ سەوداگەریەکی لەگەڵ خەیاڵ و سۆزو خۆشەویستی و هەستەکاندا نیە، عەقڵ خوازیاری ڕێکخستنەو پابەندی لۆژیک و سیستم و ڕێک و پێکی یە . لێرەشەوە کێشەو گرێ و گۆڵەکانی ئەم بوونەوەرەی ناوی مرۆڤمان لێناوە دەستپیدەکات ، کە بوونەوەرێکی بەهەست و لەهەمان کاتدا عاقڵە ، هەم هەست بە شتەکان دەکات و هەم بیریش دەکاتەوەو خاوەن ئاوەزە ، هەم ئارەزووی فڕین و بەجیهێشتنی ئەو چوارچێوەیە دەکات تیایدا زیندانی کراوە ، هەمیش خوازیاری ڕێکخستنی ژینگەکەیەتی و مەیلی ڕێک و پێکی دەکات، لە یەک کاتدا دەیەوێت هەموو شتێک وێران بکات و گشت سنورەکان ببەزێنێت ، وە دیسان ئارەزووی سنوردارکردن و سیستەماتیزەکردنیش دەکات . ململانێ و کێشمەکێشی مرۆڤ لە بنەمادا کێشمەکێش و ململانێیەکی ناوەکی یە لە نێوان هەست و سۆزەکانی لە لایەک و عەقڵ لە لایەکی تر ، ململانییەکی ئەزەلی یە لە نێوان ئارەزووی باڵابوون و ڕەها بوون لە لایەک و مەیلی ڕێکخستن و سنوردارکردن لە لایەکی تر .

مێژووی مرۆڤ و سەیروورەی مرۆڤایەتی شانۆی ڕاستەقینەی ئەو ململانێ و کێشمەکێشەیە ، فەلسەفەی ” ئەفلاتوون ” زۆر بە ڕەهایی ئەو ململانێ یە بەرجەستە دەکات و لە ڕێی باڵاکردنی عەقڵی مرۆڤ بەسەر هەستەکانیدا چارەسەری ئەم کێشەیە دەکات و مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی عاقڵ لە قەڵەم دەدات ، لە ڕوانگەی “

ئەفلاتوون “ەوە عەقڵ سەرەکی و ڕەسەنە و پێویستە هەستەکان لە ژێر سایەی عەقڵدا سنوردار بکرێن ، مرۆڤ لە ڕێگای عەقڵەوە دەگاتە باڵایی و دەوڵەتی ئایدیاڵی خۆی لە سەربنەمای عەقڵ بونیاد دەنێت . هەست و سۆزەکان لای ” ئەفلاتوون ” مرۆڤ بەرەو سەرلێشێوان و گومڕایی دەبەن و پێویستە لە ڕێگای عەقڵەوە جڵەوبکرێن . بە پێچەوانەی فەلسەفەی “ئەفلاتوون”ەوە کە فەلسفەیەکی (عەقڵ – سەروەر ) ە ، ئایینە ئاسمانیەکان پابەندی هەست و سۆزەکانی مرۆڤن و زیاتر مامەڵە لەگەڵ باوەڕ دەکەن کە سەرچاوەکەی سۆزە نەک عەقڵ ، تەنانەت عەقڵ لە ڕوانگەی ئایینەکانەوە سەرچاوەی گومڕایی و لادان و بێباوەڕی یە .
مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست لە ڕۆژئاوا ، شایەتی باڵا دەستی هەست و سۆزو باوەڕن بەسەر عەقڵ و لۆژیکدا ، مرۆڤی مەسیحی لەسەدەکانی ناوەڕاستدا مرۆڤێک بوو لەسەر بنەمای باوەڕ ڕەفتاری دەکرد نەک عەقڵ ، خوداپەرستی مرۆڤی بۆ پەنا بردنە بەر هەست و سۆز ڕاپێچ دەکردوو لە عەقڵ دووری دەخستەوە ، عەقڵ نیشانەی نەفرەت و دوودڵی و گوومان بوو . هەرچەندە هەندێک لە فەیلەسووفانی ئایینی مەسیحی خوازیاری نزیک کردنەوەی عەقڵ و عەشق بوون ، هەوڵیان بۆ ئاشتکردنەوەی لۆژیک و سۆز دەدا ، بەڵام هەمیشە باوەڕیان بە بنەماو راستەقینە سەیر دەکردوو عەقڵیان بە پاشکۆی ئیمان و سۆز لە قەڵەم دەدا . کەنیسەش کە لە فۆرمێکی سیستەماتیک و ڕێکخراودا خۆی نمایش دەکرد ئامادە بوونی لۆژیک و بنەمایەکی عەقڵانی دەکردە پیویستی ، بەمەش ئایینی لە فۆرمە ڕاستەقینەکەی خۆی دادەبڕی بۆ جۆرێک لە ڕیتوال و سروودی ئایینی کورتی دەکردەوە کە پاساوی عەقڵانی هەڵبگرێت ، بەمەش هەم نەدەکرا بەتەواوی عەقڵانی بێت و هەم لە خەسڵەتە ڕۆحی و ڕەهەندە سۆزداریەکەی دایدەبڕی . لە ئایینی ئیسلامیشدا بەهەمان شێوە ململانێی نیوان عەقڵ و باوەڕ هەمیشە سیماو خەسڵەتی سەرەکی ئایینەکەی پێکدەهێنا ، بەتایبەتی دوای کۆچی پەیامبەرو پاش دامەزراندنی خەلافەتی ڕاشدین و پێکهێنانی قەوارەی ڕێکخراوو سیستەماتیک . دەوڵەتی ئیسلامی پێویستی بە عەقڵ و لۆجیک هەبوو تاوەکو دریژە بە دۆخی دەوڵەتداری بدات و ڕێساو ڕێکخستنی تۆکمە دابمەزرێنیت ، ئەمەش بێگومان لەسەر حیسابی هەست وسۆز و باوەڕ بەئەنجام دەگەیشت ، کاتێکیش “سۆفی”یە ئیسلامەکان بە توندی خۆیان بە باوەڕەوە دەبەستەوەو عەشقیان بە بنەمای ئایینداری و خواپەرستی دەزانی ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات دەبوونەوەو دەبوونە قوربانی دەستی عەقڵ . چاخی ڕۆشنگەری خۆرئاواش لە کۆتایی سەدە ناوەڕاستەکان چاخی باڵا دەست بوونی عەقڵ و سەرکەوتنی تێڕوانینی عەقڵانیانە بوو بەسەر هەست وسۆز و ئیماندا ، ئەم چاخە بانگەشەی ئازادکردنی مرۆڤی لە وەهم و خەیاڵ و ئەفسانەکانی سەدەکانی ڕابووردوو دەکرد ، مژدەی دامەزراندنی دونیایەکی نوێی ڕادەگەیاند کە لەسەر بنەمای عەقڵ بونیاد نرابێت . پەنا بردنی مرۆڤی خۆرئاوایی بۆ لۆجیکی ماتماتیکی و لێکدانەوەی عەقڵانیانە ، ئەو مرۆڤەی سەرقاڵی کێشە ڕواڵەتی و بابەتیەکان کردوو لە هەموو ڕەهەندە ڕۆحی و مەعنەوی و سۆزداریەکان بەتاڵی کردەوە ، سەرئەنجامیش زانست گەشەی کرد بەڵام لەبەرامبەردا مرۆڤ شکستی هێنا . مژدەکانی زانست بۆ ئازاد کردنی مرۆڤ و دروستکردنی مرۆڤێکی سەربەخۆو کامڵ هەڵگەڕانەوە بۆ ڕووخاندنی مرۆڤ و کۆیلەکردنی مرۆڤ بۆ باڵا دەستیەکانی زانست و عەقڵ ، بەم پێیە مرۆڤی مۆدێرنی خۆرئاوایی بووە مرۆڤێکی تاکڕەهەند ، کە تەنها لە ڕوانگەی زانست و عەقڵەوە سەیری خۆیی و ژیان و مرۆڤایەتی دەکرد ، بەمەش مرۆڤ لە ڕەهەندێکی گرنگی ژیان بێبەری بوو کە ڕەهەندی سۆزداری بوو ، ئەمەش هاوشان بوو لەگەڵ ڕەوتی بێهوودە بوونی مرۆڤ و گەشتنی بە لوتکەی پوچگەرایی و ڕەشبینی . لە سنوور دەرچوونی ئەم ڕەوتە عەقڵانیەش دووچاری پەرچەکرداری توندو کەمەرشکێن بووەوە لە سەردەمی نوێدا ، سەرهەڵدانی ڕەوت و هزرە ڕۆمانسیەکان لەسەدەی نۆزدە بەرئەنجامی حەتمی ئەو دۆخە نالەبارە بوون. ڕۆمانسیزم هەست و سۆزەکانی دەکردە بنەماو بە گژ عەقڵ و لۆجیک بنەماو بەرهەمەکانی عەقڵانیەتدا دەچووەوە ، ڕۆمانسیەکان بە گرنگی یەوە لە سۆزو هەستە جوانیناسیەکانی مرۆڤیان دەڕوانی و عەقڵ و لۆژیکی ماتماتیکی و زانستی یان وەکو ئامرازی بچوککردنەوەو بێ ئەهمیەت کردنی مرۆڤ سەیر دەکرد . لە دیدی ئەمانەوە مرۆڤ بوونەوەرێکی هەستەوەرەو لە ڕێگای شیعرو هونەرو ئەدەبەوە زیاتر گوزارشتی لێدەکرێت نەک عەقڵ و لۆژیک .
لەسەرەتای سەدەی بیستەمیشداو لە دەرئەنجامی ئەو نەهامەتی و ماڵوێرانەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هات بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەمەوە ، چەندەها ڕەوت و بزاڤی فەلسەفی و فیکری و ئەدەبی سەریان هەڵدا کە سەرجەمیان زاست و عەقڵیان بەسەرچاوەی سەرەکی کیشەو کارەساتەکان دەزانی . دادایزم و سوریالیزم وەکو ڕەوتێکی ئەدەبی و هونەری بەتوندی بەگژ ئەدەب و هونەری سەردەمی ڕۆشەنگەریدا دەچوونەوە . ڕەوتە فەلسەفی و فیکریەکانی پۆست مۆدێرنەکانیش وەکو دژە کردەوەیەکی فیکری و فەلسەفی لەهەمبەر فیکرو فەلسەفەی ڕۆشنگەری سەریان هەڵدا ، لە ڕوانگەی پۆستمۆدێرنەکانەوە زانست و عەقڵ مرۆڤی دووچاری نەهامەتی و کارەساتی قووڵ کردوە ، ئەوان جارێکی تر گەڕانەوەیان بۆ لای هەست و سۆز و ئێستاتیکا بە گرنگ و چارەسەر دەزانی ، تا لە ڕێیەوە بتوانرێت مرۆڤ سیفەتی ڕەسەنی خۆی بۆ بگەڕێتەوە .
پێناسەکردنی مرۆڤ لە ژێر ناوی ” بوونەری عاقڵ” یان “بوونەوەری خاوەن هەست و سۆز ” بە تەنها کارێکی نەشیاوە، سەیر کردنی مرۆڤ تەنها وەکو بوونەوەرێکی خاوەن عەقڵ، کە لەسەر بنەمای بیرکردنەوەو زانست و عەقڵانیەت ژیانی خۆی ڕێکدەخات و پەیوەندیەکانی دادەڕێژێت ڕووبەڕووی هەڵەی گەورەمان دەکاتەوە ، چونکە ئەم ڕوانینە مرۆڤ لە ڕەهەندە ڕۆحانی و هەستەکیەکانی بەتاڵ دەکاتەوەو ، مرۆڤ بۆ ئامێرێک دەگۆڕێت کە تەنها لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و قازانجەوە سەیری ژیان و مرۆڤ دەکات . بەهەمان شێوەش بەستنەوەی مرۆڤ بە تەواوی بەهەست و سۆزەکانەوە و دابڕینی لە ڕەهەندە عەقڵانی و لۆژیکیەکانی پێناسەکردنی مرۆڤ دووچاری هەڵەو کەموکوڕی دەکاتەوە ، بەتاڵکردنەوەی مرۆڤ لە عەقڵ و بیرکردنەوە ، قودرەتی ڕێکخستنی ژیان و سیستەماتیزەکردنی کار و چالاکیەکانی مرۆڤ نەشیاو دەکات .
تێڕامان لە سروشت و حەقیقەتی مرۆڤ و ڕەفتارو هەڵسوکەوتی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ هاوڕەگەزەکانی ، بەهەمان شێوە وورد بوونەوە لە شێوازو دۆخی ژیانی و پەیوەندی بە ژینگەکەی ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە مرۆڤ سەر بە دوو دونیای جیاواز و دوو دیدگای تا ڕادەیەک دژ بەیەکە ، کە ئەمەش لە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤدا جێگیرەو لە ڕەفتارو مامەڵەکانیدا ڕەنگدەداتەوە . مرۆڤ خەسڵەتیکی تاکانەی هەیە و ئارەزووی ڕەهابوون و ئازادی دەکات ، خەیاڵ بەشێکی فراوانی ژیانی دەگریتەوە و دەیەوێت لە نێو خەیاڵەکانیدا گوزارشت لە خودی ڕاستەقینەی خۆی بکات ، بیگومان ئەم دیدگایەش مرۆڤ یەکسانی هەست و سۆزەکان دەکات و جوانیناسی و ئیستاتیکا دەبێتە بنەماو حەقیقەتی ئەم مرۆڤە . گرفتی ئەم مرۆڤە لە هەمان کاتدا ئەوەیە ژیانی تاکایەتی تێدەپەڕێنێت و لەگەڵ هاوڕەگەزەکانی ئاوێزانی ژیانێکی گەورەتر دەبێت ، سروشتی فیزیکی مرۆڤ و دابەش بوونی بەسەر ڕەگەزی “نێر” و “مێ” ژیانی تەنیایی زۆر ئەستەم و نەشیاوو نامومکین دەکات . بەهەمان شێوە مەیلی مرۆڤ بۆ ژیانی نێو کۆمەڵ و ژیان لەگەڵ ئەوانی تر ، گەرچی مەیلێکی خۆڕسک بێت وەکو ئەرستۆ دەڵێت “مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی یە” یاخود دۆخێکی ناچاری دەرئەنجامی کارتیکەرو پاڵنەرە سێکسیەکانی بێت “پیویستی بە ڕەگەزی بەرامبەر” ، لەهەردوو حاڵەتەکەدا مرۆڤ ژیانی تەنیایی جێدێڵێت و دەچێتە نێو ژیانێکی گەورەتر و گشتگیر تر (خێزان، خێڵ، کۆمەڵگا، شار، دەوڵەت، کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی)، ئەم ژیانەش لەسەر بنەمای ڕێکخستن و ڕێک و پێکی دادەمەزریت، بنەمای سەرەکی ئەم ڕیکخستن و ڕێکو پێکیەش عەقڵ و بیرکردەنەوەی عەقڵانیانە دەبێت. مرۆڤ دۆخی ژیانی خۆی لەگەڵ ئەوانی تر (هاوڕەگەزەکانی، کۆمەڵگا، دەوڵەت، ژینگەکەی) لەسەر بنەمای عەقڵ و لۆژیک ڕێکدەخات ، ئامرازی عەقڵ مرۆڤ بەرەو هەڵبژاردنی باشترین شێوازەکانی ژیان و شیاوترین دۆخەکانی ژیانکردنی بە کۆمەڵ ڕێنوێنی دەکات، عەقڵ هاوکاری مرۆڤ دەبێت لە کارکردن بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستیە مرۆیەکانی و گەشتن بە دۆخێکی ئارام و ئاسوودە .
گریمانەی سەرەکی من لەم ووتارەدا، جەخت کردنەوەیە لەو ڕاستیەی کە مرۆڤ هەردوو خەسڵەتی “سۆز و هەست” و “عەقڵ ولۆژیک”ی لە خۆیدا هەڵگرتوە، ناکرێت بە تەنها لە ڕوانگەی یەکێکیانەوە پێناسە بکرێت ، ئەمەش لای من دەرئەنجامی دابەشبوونی مرۆڤە بەسەر هەردوو دۆخی “تاک بوون” و “کۆمەڵایەتی بوون” . مرۆڤ لە یەک کاتدا بوونەوەرێکی تاک و کۆمەڵایەتی یە، لە هەمان کاتدا ئارەزووی جیاوازی و تاک بوون دەکات ، مەیلی کۆمەڵایەتی بوون و لە نێو ئەوانی تردا بوونیش ختوکەی دەدات . من دەگەمە ئەو دەرئەنجامەی کە مەیلی تاک بوون و جودا بوون لە نێو خەون و خەیاڵەکانی مرۆڤدا جێگیرەو هاوبەندی هەست و سۆزەکانی مرۆڤە ، لێرەشەوە خەیاڵی مرۆڤ سنوورەکانی واقیع جیدەهێڵێت و چوارچێوەی کات و شوێن فەرامۆش دەکات ، ئەم مەیلی تاک بوون و ڕەها بوونەش بەتوندی گرێدراوی سۆز و هەستەکانی مرۆڤەو لە ڕۆحیانەتی مرۆڤدا شوێنی خۆی گرتووە . بە پێچەوانەش مەیلی کۆمەڵایەتی بوون ژیان لە نێو کۆمەڵگاو لەگەڵ ئەوانی تر ، هەڵبژاردنیکە لەسەر بنەمای عەقڵ و لۆژیکی عەقڵانیانە دەستەبەر دەبێت ، عەقڵ مامەڵە لەگەڵ واقێع دەکات و مرۆڤ بۆ نێو ژیانی سیستەماتیک و ڕێکخراو ئامادە دەکات . ژیانی واقیعی لەسەر بنەمای سۆز دانامەزرێت ، بەڵکو عەقڵ دەبێتە بنەماو دامەزرێنەری ئەم ژیانە ، هەروەک چۆن ناکرێت ژیانی تاکانەی مرۆڤ لە ڕوانگەی عەقڵ و لۆژیکەوە لێکبدەینەوە . مرۆڤ لەو کاتەی بەتەنیایە ئارەزووی ژیانی نێو کۆمەڵ دەکات و کاتێکیش لەکۆمەڵگادایە مەیلی تاکایەتی و ئازادی ڕای دەوەشێنێت ، لەم ڕوانگەیەشەوە مرۆڤ هەم بە سۆزو هەستەکانی چوارچێوەی ژیانی خۆی دەکێشێت و خەیاڵ بەشێکی گرنگی ژیانی داگیر دەکات ، هەم بە عەقڵ و لۆژیک پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئەوانی تر بونیاد دەنێت و ژیانی گشتی فەراهەم دەکات . بێ ئەهمیەت کردن و بەسووک سەیرکردنی یەکێکیان لەسەر حسابی ئەوی تریان مرۆڤ لە یەکێک لە مەیل و ئارەزووە ڕەسەنەکەی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە ، سەیرکردنی مرۆڤ تەنها لە ڕوانگەی “عەقڵ”ەوە مرۆڤ لە مەیلی تاک بوون و ئازادی بێبەش دەکات و مرۆڤ بۆ ئاژەڵێکی بێ خەیاڵ دەگۆڕێت . بەهەمان شێوەش وێناکردنی مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی سۆزاوی کە تەنها سۆزو هەستەکانی بەڕێوەی دەبەن ، مرۆڤ لە ڕەهەندی عەقڵ بەتاڵدەکاتەوەو مەیلی کۆمەڵایەتی بۆ ئاستێکی نزم و قێزەون دادەبەزێنێت .