جەمال حسێن : گرێی رەش و گرێ سپی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئازادكردنی گرێ سپی لە سەرسنوری توركیا لەدەست چەكدارانی داعش ، كەماوەی زیاتر لەساڵێكە لەژێر قەڵەمڕەوی خەلافەتدایە ، جارێكی تر ئەردۆگان دەنگی نارەزایی و هاتو هاواری ناسیۆنالیزمی فاشی توركی بەرزكردەوە . ئەم جارە لەژێر ناوی بەرگریكردن لە توكمان و عەرەبەكانی ئەو شارۆچكەیە لە سیاسەتی پاكتاوی یەپەگە و بیانوی رێگرتن لەدروستبونی دەوڵەتێكی كوردی ، سەرباری ئەوەی زیاد لە ناوەندێكی مەدەنی و سیاسی لەناوخۆی سوریا وجیهانیش ئەم هەواڵانەیان بەدرۆخستۆتەوە .
ئەوەی ڕونە كە ئەردۆگان و پارتەكەی هیچ كات داعش و لایەنگرانی بەمەترسی نەزانیوە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی توركی ، بەڵام شكست و پاشەكشەی ئەم هێزە بەدەست جەنگاوەرانی یەپەگەو یەپەژە بە پشتیوانی بە هێزی هاوپەیمانان ، لەروانگەی ئەردۆگانەوە مەترسییەكی راستەقینەیە .
پەلاماری چەكدارانی داعش بۆسەر كوبانی و هەڵوێستی نامەردانەی ئەردۆگان كاتێك لەژێر سێبەری لولەی تۆپ و تانكەكانی ئەو داعش بەدڕندانەترین شێوە پەلاماری ئەو شارەی داو بۆنزیكەی ماوەی یەكساڵ نەك هەر رێگەی نەدا فرۆكەكانی هاوپەیمانان لەوڵاتی ئەوەوە پەلاماری داعش بدەن ، بگرە چەندین جار بەبیانوی ئەوەی یەپەگە و داعش هەردوكیان تیرۆریستن ، خۆی لەو بەبرپرسیاریە سیاسی و ئەخلاقی و مێژوییە دەشاردەوە ، دەیان راپۆرت و ناوەندی جیهانیش ئەوەیان ساغكردەوە كە ئاكپارتی بێ شەرمانە هاوكارو پشتیوانی داعشی كردوەو دەكات ، كەدوایینیان ئەو قەسابخانەیە بوو كە تیرۆریستان لەكوبانی ئەنجامیاندا .
بەكورتی ئێستا وێنەكە ئەوەیە ، مادام داعش نەیتوانی پاشەكشە بەیەپەگەو هێزە كوردیەكابكات لە كوبانی و گرێ سپی، ئیدی دەبێ سوپای توركیا راستەوخۆ ئەم كارەبكات . زیاد لەجارێك ئەردۆگان وتویەتی كەئەو قبوڵێ نیە كوردانی سوریای هاوسنور لەگەڵ توركیا كانتۆن و دەوڵەت و دەسەڵاتیان هەبێت ، بیریشمانە ئەوكاتەی پەلاماری داعش بەدرندەترین شێوە كرایە سەركوبانی ، ساڵح موسلیم بانگكرا بۆ ئەنكەرەو بەئاشكرا پێیان وت هاوكاری توركیا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی كانتۆنەكوردیەكان و رادەسكردنی ئەو ناوچانە بە سوپای بەناو ئازادی سوریا وەستاوە ، هەرئەوكاتەش وەڵامی موسلیم ئەوەبو مردنمان پێباشترە لە جاشایەتی بۆ توركیا ، سەرەنجام كوبانی بە پشتیوانی خۆرئاواو هێزی پێشمەرگە سەركەوت و توركیاش هیچی پێنەبرا شەرمەزاری نەبێت . كە بێگومان ئەو سیاسەتە هەڵانەی ئەردۆگان لە سوریا و ناوچەكە كاریگەری راستەوخۆی هەبو بۆ ئەوەی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا بەپێچەوانەی حەزو خولیا سەرۆكایەتیەكانی ئەم زاتە بێت .
لە ماوەی رابردودا دبلۆماسیەتی توركی هەوڵێكی مەزنی خەرجكرد لەوەی بتوانێ ئەمریكاو ناتۆ رازیبكات بە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوری و سوپای بەناو ئازاد ، بەڵام پاش شكست هێنانی لەو ئامانجە ، ئێستا زۆر ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی توركیا بەتەنها ئەم كارە بكات، كەلەناوەرۆكدا بریتیە لە هەوڵی نەهێشتنی دەسەڵاتی یەپەگە لەناوچەكەو زاڵكردنی دەسەڵاتی هاوپەیمانی نیشتیمانی سوری و سوپای بەناو ئازادەكەی، كەراستەوخۆ پەیوەندی بە میتی توركیەوە هەیە . ئەم خەیاڵە كارتۆنیە ئەردۆگانیە ، چەند مەترسیدارە ، زۆر لەوە زیاتر نامومكین و بەرای من هەڵەیەكی تری ستراتیژیشە . چونكە سەرباری ئەوەی ئەم هەنگاوە لەسەر ئەرز روبەروی بەرەنگاری سەربازی و مەدەنی قورس دەبێتەوە ، هاوكات هیچ پشتیوانیەكی نێودەوڵەتی و ناتۆشی لەپشتەوە نیە ، ئەوە جیا لەوەی بەرەی ناوخۆی توركی دوای هەڵبژرادنەكان ، بەرەیەكی پەرت و بڵاوە ، هەڵوێستی توندی پەكەكەش و هەرەشەكانی بۆ پەلاماردانی سوپاو بەرژەوەندیە توركیەكان لەناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە، كێشەیەكی تری راستەقینەیە بۆ ئاكپارتی ، لەهەموشی زیاتر هەنگاوێكی لەم جۆرە خەرجیەكی یەكجار گەورەی پێویستە كە ئەمە قوری حیزبەكەی ئەردۆگان لەئاستی ناوخۆ تۆختر دەكاتەوە. بەكورتی دەمەوێ بڵێم هەرەشەو جوڵاندانی سوپا لەلایەن ئەردۆگانەوە ، تا ئەندازەیەكی زۆر ئاماژەیە بۆ ئەو گرێ رەشەی ئەو كاسەیەتیە هەڵیگرتوە بەرامبەر سەركەوتنەكانی یەپەگە ، بۆیە دورنیە سەرەنجام لەدەرەوەی وردەكاری سەربازی و سیاسی ئەم هەنگاوە بنێ ، كەبێگومان ئەم كارە شەری ناوخۆی سوریا دەباتە ئاستێكی مەترسیدارترو كاریگەرەكانیشی بەسەر ناوچەكە قورستردەبنەوە. راستەوخۆش كاریگەری دەنێتەوە بەسەر دۆخی سیاسی و ئابوری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەوپێیەی بەشەنەوتی هەرێم لەوێوە گوزەردەكاو دورنیە توركیا ئەمە وەك كارتێك بەكاربێنێ بۆ فشارخستنە سەرهەڵوێستی سیاسی . رەنگیشە توركیا لەرێی كۆمەڵێگ گروپ و دەستەی لایەنگری خۆیەوە ، بەتایبەت سوپای ئازاد و چەند تاقمێكی ترەوە لەژێر بیانوی پاراستنی عەرەب و توركمانەكان و فشارخستنە سەر رژێمە فاشیەكەی بەشار بەم هەنگاوە هەڵبستێ، سوپای توركیا زیاتر رۆڵی پشتیوان و هاوكاری لۆجستی ببینێ ، بەڵام ئەم ئەگەرەش هەمو ئەو مەترسیانەی وتمان بۆسەر ئەردۆگان و توركیاو ناوچەكە بەگشتی كەمناكاتەوە .
لەهەمو حاڵەتێكدا ، پەلامارە دڕندانەكەی داعش بۆسەر كوبانی و حەسەكەو هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ بەرگرتن بە پێشرەویەكانی یەپەگە ، كەتاقە هێزی راستەقینەیە تائێستا لەسەر ئەرز توانیبی لە سوریا پاشەكشە بە داعش بكاو نزیك بێتەوە لە پایتەختی خەلافەتەكەی، لەگەڵ بوختانەكانی هاوپەیمانی نیشتیمانی سوریا لە هوتێلە پێنج ئەستێرەكانی توركیاوە بۆ جەنگاوەرانی كورد كە گوایە توركمان و عەرەبەكان ئاوارەدەكەن ، هەمو ئەوانە و هەرەشەكانی ئەردۆگان ، دەربرێكی راستەقینەن بۆ ئەوەی دوای شكستی پلانی ( یەك ) ، كاتی دەسپێكردنی پلانی ( دوو ) هاتوە لەلایەن دوژمنانەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت