Gil-Dulus

ئەبوبەکر جاف : ئـەکتوێل / ڤێرتوێل لای دولوز .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە پێناو ژیانێکی ئـیماناس و ئـیماناسی ژیاندا 

بەشی یەکەم .
کۆمەڵێک کاتیگۆری ئـۆنتۆلۆژین ، ئـەکتوێل دۆخی شتە ماتریالییەکان و ئـامادەبوونیانە ، ھەرچی ڤێرتوێلە ڕووداوی نا ماتریالی و مەجازی و نا بەرجەستەبووە ، ڕابوردوو ، ئـیدیالی . ئـاڵووێرو ئـاڵوگۆریان تەرجومەکردنی دینامیکی ئـەوەیە ، کە دێت و بەڕێوەیە ، دینامیکی ئـایندە وەک تەفازولی و داھێنان و خولقاندن .
ڤێرتوێلی بنەمای بوونی شتەکانە ، دابەش نابێت بەسەرخۆیدا ، بوون دووجارو چەندجار ناکات بەڵکو یەکانەیی / فرەیی بوون لەمس دەکات بێئـەوەی پەنابەرێتە ھیچ جۆرێک لە ترانسێندێنتالی و موتەعالیبوون بەھەر ڕوەیەک لە ڕووەکان . ڤێرتوێل لە ھەناوی خۆیدا پارێزگاری لە ئـیماناسی خۆی دەکات . ڤێرتوێلی ئـەکتویلیزەبوونە بێئـەوەی لە جوڵەی بە ئـەکتوێلبوونی داببڕێت و تووشی ترازان بێت ئـەمەش لە میانەو لە ڕێگەی خولقاندنی جیاوازییەکان و تایبەتمەندییەکان .
کۆمەڵێک جیاوازی وەھا کە ھێنری برگسۆن وای دەبینێت لە ئـیدیادا ، لە ئـەکتویلدا بوونی ھەیەو دامەزراوە . ڤێرتوێل ڕیالبوون و واقعیبوونی خۆی لە ڕەگەزە پێکھێنەرەکانی ئـیدیا یان واقعەوە وەردەگرێت ، وەک چۆن لە ڕێگەی پەیوەندییە تەفازولی و ئـەو دابەشبوون و دابەشکارییەی کە لە گەڵ پنتەکاندا وێک دێتەوە وەردەگرێت .
دولوز ئـاگادارمان دەکاتەوە لە مەترسی تێکەڵکردن و تێکەڵبوونی مومکین و ڤێرتوێل . لەو کاتەی مومکین لەگەڵ واقع دژ دەکەوێتەوە ، ئـەمە لە کاتێکدا ڤێرتوێل دژ بەواقع نیە بەڵکو تەحقیقبوونێتی . کاتێک شتێک مومکینە ، ئـەمە واتای ئـەوەی ئـێمە جیابوونەوەو دابڕانێک لە نێوان وێناکردنی ئـەو شتەو تەحقیقبوونی دروست دەکەین . کاتێک دەڵێین بوون دوو ماناو ئـاستی ھەیە : بوونێکی مومکین و بوونێکی واقعی ، ئـەو کات لە یەکانەیی بوون دەردەچین ” L’univocacité de l’être “. چەمکی مومکین دەمانخاتە ناو جیھان و دونیای ئـەسڵ و نوسخەوە ، جیھانی ئـۆریجن و کۆپییەکانەوە ، دونیای ئـاوێنە تیشکدەرەوەکان و ئـاوێنە پێچەوانەکەرەوەکان ، دونیای سیمیلاکر ، بەمشێوەیە چەمکی : مومکین / واقع چ ، چەمکێکی ئـەفلاتونییە . چونکە ئـەفلاتوون بنەمای وێناکردنی خۆی لە سور نوسخەو کۆپی ئـیدیاکان بیناکردبوو . بەڵام چەمکی ڤێرتوێل بە پێچەوانەی ئـەمەوە ئـەکتویالیزەبوونە لەناو ئـەوەی ، کە ھەیە و دەبێت ، وەک تواناو ھێزو کارامەیی و لێھاتوویی ئـیماناس دەردەکەوێت دوور لە ھەر وێکچواندنێک بە ئـەسڵ و وێناکردنێکی پێشوەختە .
ڤێرتوێل ھەمیشە لە ڕێگەی جیاوازی و فرەییەوە ، لە ڕێگەی خولقاندنەوە ئـەکتویالیزە دەبێت . کاتێک ئـەکتوێلیزە دەبێت ھەموو ئـینتیماو لایەنگیریی و ھۆگریی و پەیوەستبوونێک بۆ شوناسی یەکەمین و بنەماو بنچینەی یەکەمین لە خۆی دوور دەخاتەوە . ڤێرتویلبوون بڵاوبوونەوەو فراوانبوون و واڵابوونی بوونە لە ھەناوی ئـیماناسدا . بە شێوەیەک بوون جیاوازی خودی بەرھەم دێنێت و دەریدەخات . لەسور سەتح و ڕووتەخت بە مەبەستی پێدانی مانا ، ئـەمەش بە واتای ئـەکتوییالیزەکردن و خولقاندن وەک پرۆسەیەکی خولقاندنی ڕاستەقینەو حەقیقی .
ڤێرتوێل دوچێتە ناو چ کایەیەکەوە ؟ چۆن دولوز ڤئـرتوێل لە ھەرکەمووکورتی و نوقستانییەک ڕزگار دەکات ؟ دەتوانین بڵێین کە ، کایەی ڤێرتوێل و گریمانەیی جۆراوجۆریی و فرەیی نیشان دەدات ، فرەیی و جۆراوجۆرییەک کە ، تایبەتمەندی بوون دەردەخات و کەشفی دەکات ، تایبەتمەندی : جیاوازی . ڤێرتوێل لە ناو فەزای ئـیمانانسدا . چونکە ئـیماناس لێرەدا وەک وەک جۆراوجۆری لێی تێدەگەین و فەھم دەکرێت . فرەییەکی گەڕاوە ، یان بلێین فرەییەک کە ، دەگەڕێتەوە . ئـەوەی کە بە ھەمیشەیی و بەردەوامی دەگەڕێتەوە جیاوازی و فرەیی و جۆراوجۆرییە . بۆ تێگەیشتن لە ڤێرتوێل ، دەبێت وەک مەسار و ڕەوەندێک تەماشای بکەین .
ڤێرتوێل پرۆسیسیوسێکی بە ئـەکتوێیالیزەکردنە ، لێرەشەوە دەبێت ئـاگامان لەوە بێت خەیاڵمان بۆ ئـەوە نەچێت کە پەیوەندی نێوان ڤێرتوێل و پرۆشەی ئـەکتوالیزاسیۆن پەیوەندییەکی دژبەیەک و دژایەتی و بەرھەڵستکاری بێت ، ھەردوکیان واقعی و ڕیالین . لە لایەکەوە دەبێت ئـاکاداری ئـەوە بین کە بوون لە پرۆسیسوسی خۆیداو لە تەحقیقکردنی بۆ ئـەکتوێل ڕووبەڕووی چ دەبێتەوە ، لە لایەکی دیکەوە ، ئـەم مەسارو پرۆسیسیوس و ڕێچکەیە داننان و ئـیعترافکردن نییە بە سروشتی مومکینبوون و ئـیمکانی دیارینەکراو و سنوربەندنەبوو . پێویستە بەوشێوەیە بیر لە ڤێرتوێل بکەینەوە کە ، شتێکی دیاریکراوە بە ڕەھایی . بۆ نمونەی ئـەمەش دولوز پرسە ماتماتیکییەکانی بە نمونە وەرگرتووە . کێشە ماتماتیکییەکانی بە نموونە وەرگرتووە . ڤئـرتوێل لە سروشتی کێشەیەو ئـەکتوێل لە سروشتی چارەسەرو وەڵام . دولوز نمونەیەکی دیکەی وەرگرتووە ئـەویش ژیانی ئـۆرگانییە . ھێلکەدان لە پاش پیتاندن و پیتانی دەبێتە دووبەش و لە ڕێگەی ئـەم بەشبوونەوە فەاوان و گەورەو زۆر دەبێت ، بەرھەمھاتووی ھاوسەنگی ھەردووبەشکە . لە ناو ئـەم پرۆسیسیوسەشدا ژیان بەرھەم دێت وەک پێکھاتن و شئـڕبوونەوەو گەشەکردن لە ناو کرۆمۆسۆمات و ژینەکاندا ، وەک چۆن پانتایی ئـازادو چینبەندی و لادانی لۆکاڵی و ئـاراستەگەری لە ناو گروپەکانی ژینات و کرۆمۆسمۆکاندا ڕوودەدات .
ھەموو ئـەمانە گوزارشتن لە پرۆسیسوسی ئـەکتوێلیزەبوون لە ھەناوی کات و شوێنی تایبەت بەم ئـەکتوێلبوونە . ئـەم پرۆسیسیوسە ھەڵدەسێت بە ڕێکخستنی گەورەو بەرھەمھێنانی تایبەتمەندی ئـۆرگانی و جۆرێکی تایبەت لە ژیان کە ، ژیانی جۆرو ڕەگەزەکانن . لە ڕێکەی پرۆسیسیوسی خولقاندنەوە ڤێرتوێل دەگۆڕێت بۆ ئـەکتوێل . بەمشێوەیە لای دولوز ھەمووی ھێلکەدانێکە . بەمشێوەیە لە گەڕانەوە یان دووبارەبوونەوە تێدەگەین لە ناو ئـەم پرۆسیسیوسەدا ، ئـامادەیی لە جۆراوجۆری و فرەیی و ھەمەجۆری ڕەگەزەکان و جیاوازییەکان و یەکتربڕینەکان و بەرکەوتنەکان . زنجیربەندی ئـەکتویالیزاسیۆن یەکتر دەبڕن وەک گوزارشتێک لە یەکتربڕینی کێشەو مەسەلە فکری و فەلسەفییەکان ، واتە کێشە واقعییەکان .
لە لایەکی دیکەوە و بە تایبەت لە سەر ئـاستی ئـەو شتەی ڤێرتوێل پێکی دێنێت و دایدەمەزرێنێت ، وێنەی یەکتربڕینەکان و ئـەو پرۆسێسیوسەی پێدا دەڕوات وای لێدەکات لەناو ئـەڵقە یان خولاوێدا بێت ، ھەر ئـەمەشە وامان لێدەکات بتوانین وێنای جوڵەی ڤێرتوێلی بکەین لەسەر ڕوتەختێک کە شوێنکەوتەی ئـەکتوێلە .
ڤێرتوێل بنەماو بنچینەیە بۆ شتەکان بەڵام لە دەرەوەی خودی خۆی نییە . لێرەوە ئـەگەر بگەین بەو دەرئـەنجامەی : ئـەگەر بوونی ئـەکتوێل بریتییە لە ئـەکتوالیزاسیۆن ، ئـەگەر بە ئـەکتوێلبوون و ئـەکتوالیزاسیۆن پرۆسێسیوسێکی ڤێرتوێلییە ، ئـەو دولوز دەگات بەوەی کە : ڤێرتوێلی پێویستە وەک بەشێکی جیانەکراوە لە شتە واقعییەکان دیاری بکرێت و ببینرێت ، وەک ئـەوەی شتەکان یەکێک لە پارچەو بەشەکانی لە ڤئـرتوێلدا بێت . دولوز لەو بڕوایەدایە ھەموو شتێک لە بوونیدا دوو ئـاست و دووجایە ، دووبەش کە لێک ناچن : یەکەمیان وێنەیەکی ڤێرتوێلی و دووەمیان وێنەیەکی ئـەکتوێلی . ئـەوەی وامان لێدەکات بە باشی لە دولوز تێبگەین ، ئـەوەیە کە ، ھەموو بوونێک ، ھەموو شتێک ، سیمیولاکرە ، ھەموو بوون نوسخەیە .

* سەرچاوەکان
1-Cinéma 2.L’image-temps,1985
2-Dialogue,1996
3-Différence et répétition,1968
4-Le bergsonisme,1966
5-Logique du sens,1969
6-Qu’est-ce que la Philosophie,1991

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت