هانا عەلی : سیاسەتی خۆ ڕووت کردنەوە ، وەک درۆیەکی ئاسان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گرێ کوێرەی خۆ ڕووت کردنەوەی ژنان ، لە کۆتایدا کرایەوەو هەموویان خۆیان حازر کردووە خۆیان ڕووت بکەنەوە . لە کۆتاییدا ژنە چالاک و فێمێمینستەکان تاقەتی پەلامار دانی سەر ئازادیەکانی ژنانیان نەماو بە کۆمەڵ خۆیان ڕووت ئەکەنەوە . هیچ سەیر نیە و ئەم دێڕانە و زۆر بە شێوەیەکی ورد تر و ڕوون تریش باسی لێوەکراوە .
باسی ئەوە ئەکرێت ، کە ژنە چالاکەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان ، هەموو عەقڵیان لە دەست داوەو ، بە جێی ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری و هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگا ، بە پاشهاتە خراپەکانی دەست بردن بۆ ئازادیە فەردیەکان ، هەموویان خۆیان ڕووت ئەکەنەوە . هەموویان مان لە جل لە بەر کردن ئەگرن و بە جارێک ، جادەکانی سلێمانی ئەکەن بە کەنار دەریاکانی مەکسیک و کەنەدا ، ئەگەر چی لەو ووڵاتانەش شتی وا نیە ، بەڵام دوایی دێمە سەری .
یانی خۆی جارێ ، ئەوانەی باسی ئازادی ئەکەن و لە سەر ئەنووسن ، ئەبێت لانی کەم لە مانای چەمکی ئازادی تێبگەن . لانی کەم ئەبێت ، بزانن و بە دەلیل و فاکت ، بیسەلمێنن ، کە ئازادی چی جۆرە مانەیەکی هەیە لای ئەوان . خۆ داعشیش کاتێک مرۆڤی غەیرە داعش سەرئەبڕێت ، خۆی بە کەسێکی ئازاد ئەزانێت و پێی وایە ، بۆ بەرگری لە بڕیاڕ و پەیامەکانی خودای خۆی ئەکات و خەریکە رۆحی ئەو مرۆڤانە ، لە تاوان و گوناحی ئەم دونیا ئازاد ئەکات و ڕزگاریان ئەکات لە تاوانی ، دوور گرتنیان لە خودا و پێغەمبەر .
من وا بیر ئەکەمەوە ، ئێمە هەڵەین پێمان وابێت ، داعش گروپێکی تازە هەڵتۆقیوە. بەلکو داعش لە کلتووری ئێمەی کورددا ، جێگەیەکی کۆن و مێژوویەکی دێرێنی هەیە . هیچ کەس جورئەتی بەیان کردنی جۆرێک لە ئایدیا و فکری نوێی نیە ، بێ پەلاماردان و بە جنۆکە کردنی .
هیچ ژنێک نیە و نەبووە ، وشەی ئازادی لە دەمی هاتبێتە خوارەوەو ، پێی نەوترابێت بەڕەڵا . هیج ژنە چالاکێکی کورد نیە ، دەیان تۆمەت و درۆی بۆ هەڵنەبسترابێت ، بە تایبەت تر ئەو ژنانەی کە بە جۆریک لە جۆرەکان ئازادن لە کۆت و بەندی حیزبایەتی و ڕەخنەی سیاسی لە حیزبەکان و دەسەڵاتی کوردستان ئەگرن . لە هیچ پێشهاتێکی دۆزی ژندا نیە لەو نیشتمانەدا ، کە سەرباری کەیسیکی ڕوون و دیار ، کە ژنیکی تێدا بووە بە قوربانی، یەک کۆمەڵ ژنی تریش ، پەلامار نەدرێن و بە دەیان شێوەی جۆراو جۆر، ئازاری رۆحی نەدرابن و پەلاماری کەسایەتی ژنەکان نەدرابێت .
لە هوهای ئەمجارەی شاری سلێمانیدا کە من لە سەر واڵی خۆم لە فەیسبووک نوسسیم و وتم ئەمە دووەم جارە ئەمە ڕوو بدات و لە ساڵی ٢٠٠٠ لە بەرامبەر خۆم کراوە، لە نزیکی مزگەوتی گەورەی سلێمانی . بە جیا لەوەش ، کە هوهاکەی ئەمجارە ، بە بڕوای من ، دوور و نزیک پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیایی دینی و کلتووری دینەیەوە نیە ، هاوکات پێم وانیە، کارێكی عشوائی بووبێت و وەک هەندێک ئەڵێن دەستی دەرەکی بووبێت !! بەڵکو زۆر بە ڕوونی پێم وایە ، کۆمەلێک گەنجی سلێمانی کە سەر بە دەزگای پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستانن ، هۆکاری درووست کردنی ئەو فەزا خراپە بوون .
من لێرەدا نامەوێت جارێکی تر بچمەوە سەر باسی هوهاکە ، بەڵام پاشهاتەکانی دوای ئەو ڕووداوە ، ئەبێت بە وردی خوێندنەوەی بۆ بکەین و تێبگەین لەوەی فکری خۆ ڕووت کردنەوەی ژنانی چالاک و فێمێست ، بۆچی و ئەم درۆ درووست کردنانە بۆیان لە کوێوە سەرچاوە ئەگرێت؟
بۆچی ئازادی جل و بەرگ پۆشی ، هەندێک لە نەفامیەوەو هەندێکی تریش زۆر بە ئەنقەست ، یەکسانی ئەکەن ، بە خۆ ڕووت کردنەوە؟
جارێ با بزانین ڕووتی چیە؟
ڕووتی ، یانی جەستەیەکی ئەپستراکت ، یانی موجەرەد لە پۆشاک ، یانی ئەوەی نە ستیان و نە دەرپێ کورتت لەبەر نیە .
ڕووتی یانی کەسێک تاقەت ، یان حەزی لە پۆشاک نیە و پێی خۆشە بێ جل بسوڕێتەوە . ئایە ئەمە لۆژیکە نەک بۆ ژن بەڵکو بۆ پیاوو منداڵێکی یەک ساڵەش لە کوردستان؟
نەک لە کوردستان ، بەڵکو ڕووتی لە هیچ کوێی دونیا نابینرێت ، تەنیا لە فیلم و پرۆگرامی پۆرنۆ نەبێت ، کە فێمێنیزم و کەسە فێمێنستەکان ، لە هەموو کەس و گروپێکی تر زیاتر، دژایەتی بە پۆرنۆ کردنی جەستەیی ژنن . هەروەها لە چەند شوێن و کاتێکی جیاوازیشدا ڕووتی جەستە ئەبینرێت ، هەندێک جار بە تاک و هەندیک جار بە گروپ و پیاویشی تێدا بەشدارە ، وەک ناڕەزایی لە بەرامبەر کردەیەکی دیاری کراو . بەڵام ئەمە بۆ کوردستان ، لە درۆەیەکی ناشیرین زیاتر ، شتێکی دیکە نیە .
ئایە بە عەقڵی کێێدا ئەچێت ، ژنانێک بۆ بەرپەرچدانەوەی هوها کردن لە ژنێک یەک کۆمەڵ ژنی تر بڕیاری خۆ سووتاندن بدەن ؟ ئاخر خۆ ڕووت کردنەوەی جەستە لە کۆمەڵگای ئیمەدا ، یەکسانە بە خۆ سووتاندن . نەک بەرگری کردن لە ژیان و ئازادی .
من چوار ساڵە لە کەنەدا ئەژیم و تا ئەم ساتەش ، نە ژنێک و نە پیاوێکی ڕووتم نەدیوە ، لە سەر دەریاکانیش ! سەر دەریا و مەلە کردنیش لە مەلەوانگەکان ، جلی تایبەتی خۆی هەیە و هەموو کەس شۆرت و بەکینی لە بەرە هەروەک مەلەوانگەکانی کوردستان .
ئەم درۆیەیی بۆ ژنانی چالاکی ئەکرێت ، هیچی کەمتر نیە لە سەربرینەکانی داعش ، هیچی کەمتر نیە لە فتوای ئەو مەلایانەی هاوار ئەکەن و ئەڵین ژنی سفوور ، گوناح بارە و ڕقایەتی لە گەڵ خودادا ئەکات . تۆمەتێکی گەورەی واهی بۆ ئازادی جل و بەرگ پۆشی ، جگە لە هەوڵێکی داعشیانە بەولاوە شتێکی تر نیە . کێشەکە لەوەدایە هەندێک نووسەر و رۆژنامە نووسییش کە هەندێکیشیان ژنن ئەم فتوا پڕ درۆیەیان بەیان کرد ! کە کەمترین هۆشیاریان بە چەمکی ئازادی جەستەو ئازادی پۆشاک لە بەرکردن نیە ، هەموو خۆیان کردە ، مەلای ڕۆشنبیر و بە جێی ئەڵاهو ئەکبەر و ئەمانە مەحکومن بە کوشتن ، هاتن و وتیان ، ئەم ژنە چالاکانە بارن بە سەر دۆزی ژنەوەو ئەبێت هەموو بچنە ماڵەوە باشە ئازادی جل و بەرگ پۆشی چیە؟
جل و بەرگ هیچ مانایەکی تری نیە ، جگە لەوەی کۆمەلێک پارچەو دۆگمەو زنجیر و لاستێک ، بە کار هاتووە بۆ درووست کردنی و لە بەری ئەکەین. واتا من کە باسی ئازادی جلەکانم ئەکەم ، کەوایە جلم لە بەردایە نەک ڕووت بم . واتا جلێکم لە بەرە و ، ئەمەوێت بەو شێوەو ستایڵەی خۆم پێم خۆشە ، بیپۆشم ، ئیتر تەسکە یان پان ، تەنکە یان ئەستوور، کورتە یان درێژ ، گرنگ نیە ، گرنگ ئەوەیە من ئەمەمم ئەوێت .
کەسانیک کە دێن ئەم دوو شتە تێکهەڵكێش ئەکەن و فتوای کوشتن و ریسوا کردنی ژنانی پێ ئەدەن ، یان نەخوێنداورو نائاگاهن بەو دوو شتە زۆر لە یەکتر جیاوازە ، یان بە ئەنقەست و بۆ چەواشە کردنی خەڵکە نائاگاهەکە بەو چەماکانە ، گێل ئەکەن . خۆی لە ڕاستیدا ، لە نیشتمانی سمیڵی شێرکۆ بیکەسدا نەبێت ، لە هیج زمانیکی تری دونیا ، بە جل و بەرگێک کە بە دڵی ئەوانی تر نەبیت ناوترێت ڕووتی . لە زمانی ئینگلیزیدا ، ڕووتی هەیە و نیمچە ڕووتی . ڕووتی ئەوەیە وەک باسم کرد ، بێ پۆشاک ، موجەڕەد لە پۆشاک . نیمچە ڕووتیش یانی دەرپێ کورت و ستیان بۆ ژن ، دەرپێ کورتیش بۆ پیاو . بەڵام لە نیشتمانی هەر کەس بۆخۆیی ئیمەدا ، هەر جلێک بە دڵی مەلاو ڕۆژنامە نووسە بێ ئاگاکانمان نەبێت ، پێی ئەوترێت ڕووتی !!
لە ڕاستیدا ، باسی خۆ ڕووت کردنەوەی ژنان ، سیاسەتێکی زۆر درۆزنانەی ئەو گرووپە لە خەڵکە ، کە یان نەفامن ، یان هەموو هەوڵێکی بەرەوەپێش چوونی دۆزی ژن ، بە هەوڵی مەرگی خۆیان ئەزانن ، بۆیە هاتوون لە ڕێگەی ئەم درۆو دەلەسانە ، هەموو چالاکیەکانی ژنان بخەنە ژێر پرسیارەوەو کۆمەڵگای پێ بگەوجێنن . ئەوانە باش ئەزانن، کۆمەڵگای کوردستان ، سەدان ژن بکوژرێت ، باکی نیە ، بەڵام درۆی خۆ ڕووت کردنەوە بۆ ژنێک درووست بکرێت ، هەزاران گەمژە ، بەر ڕێژنەی جنیوی ئەدەن و ئەیکەن بە شۆڕشی گەمژەکان بە سەر ڕاستیدا . وەک لە دژی من و چەندین ژنی تری چالاک و نووسەر و سیاسی کرا .
ژنانی چالاک و فێمێمینستەکان ، نە لە کودستان و نە لە دەرەوەی کوردستان ، نە باوەڕیان بە خۆ ڕووت کردنەوە هەیە ، نە باسی شتی وایان کردوو ە. کاتی ئەوە هاتووە ، زۆر بە ڕوونی بڵێین ، گەمژەکان قەیناکە چی ئەلێن با بڵێن ، بەڵام کەسانیک کە لەمەفهومی ئازادی جل و بەرگ پۆشی تێنەگەشتوون ، دەست لە درۆ کردن هەڵبگرن . باشتر وایە برۆن لێێ تێبگەن ئینجا لە سەری بنووسن ، چونکە ژنان خۆیان کەم باریان قورس نیە ، ئێوەش مەبنە ، شەریکە مەلا و فتوای سووتاندنیان مەدەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت