111.2899 Barzani 7

نەبەز گۆران : مانگی شكانی هەیبەتی پارتی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەم مانگە ، مانگێكی بەدبەخت بوو بۆ پارتی . ئەو حیزبەی هەمیشە پێی وایە ، حیكمەت بەرهەم دەهێنێت و خۆی بە بكەری گشت جوڵە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێم دەزانیت ، ئەم ماوەیە ، بە هۆی خراپ خوێندنەوەی بۆ رووداوەكان و بە هۆی هەڵە رامانكردنی جوڵەكان ، كەوتە ناو كۆمەڵێك گورزی كوشندەوە ، كە گورزەكان لە دوو لاوە بە شێوەیەكی سەخت هیبەتەكەیان تێكشاند . ئەم تێكشكاندنانە روو لە زیاد بووندەكات . هۆكەشی ئەوەیە ، دیدی ئەم حیزبە هێشتا لە سەدە كۆنەكاندا خۆی بینا دەكات و ناتوانێت ببێتە حیزبێكی ئێستایی . با لەوە گەرێین ئەو دیدە جەهەنەمیەی لەم حیزبەدایە چۆن مرۆڤ دەكاتە مرۆڤێكی گوێڕایەڵی بێ‌ ئیرادەی سەركز بۆ ژیانێكی بچكۆلانە . لەوەش گەرێین ، ئەم حیزبە چەند مەترسیە بۆ سەر ئازادییەكانی خەڵك و بۆ سەر ئایندەی كۆمەڵگەی كراوە ، چونكە زۆرینەی مرۆڤە هوشیارەكان ئەم شتانە دەبینن . 

راستەوخۆ دەچینە سەر شكاندنەكانی لەم مانگەدا .

یەكەم :
كاتی هەڵبژاردنەكانی توركیا ، ئەم حیزبە خۆی خستە بەرەی توركیا و بە شێوەیەكی زۆر سەرنج راكێش ، دژی ویستی كوردەكان وەستایەوە و چاوەروان بوو ، لەبەر بەرژەوەندییەكانی خۆی ، كوردانی باكور تێكبشكێن و لەگەڵ بەرەی ( ئۆردوغان ) سەركەوتن بەدەست بهێنێت ! ئاستی خوێندنەوەیان بۆ كوردانی باكور هێندە لاواز بوو، بە شێوەیەكی رژد بروایان وابوو، كورد لە باكور دەنگ بەدەست ناهێنێت و ئاراستە سیاسیەكان لە بەرژەوەندی ئەواندا نابێت . كاتێك خوێندنەوەكەیان بە هەڵە دەرچوو، توشی تێكشكانێك هاتن، ناچار بوون ، بەیاننامەی شەرمنانە دەربكەن بۆ ئەوەی چیتر لەوە زیاتر ، تێكشكاندنەكە ئازاریان پێنەگەیەنێت !

دووهەم :
دژ بوونی ئەم حیزبە بەرامبەر چەمكی ئازادی و دیموكراسی و بروابوونیان بە تاك پەرستی، گەیشتوەتە رادەیەك هەموو مرۆڤێكی ئەم وڵاتە دەركی پێدەكات . هەوڵێكی زۆریاندا كە یاساكان و دەستوورەكە ، بەو جۆرە بنووسرێتەوە لە خزمەتی یەك كەس بێت ، پێیان نەكرا .
پاشان دەستیانكرد بە هەرەشەكردن لە خەڵك و لە هەموو هێزەكانی دیكە ، تاكو ئەو پرۆژانەی لایەنەكان ئامادەیانكردوون ، خوێندنەوەیان بۆ نەكرێت . بەڵام ، لایەنەكان لەم هەرەشەیە نەترسان و یاسایان پێگرنگتربوو لە راگرتنی دڵی حیزبێك ، كە دژی یاسا و ئازادییەكانە . تا گەیشتە ئەوەی وەك هێزێكی نارازی هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشتوو و شكستێك بەسەر هەرەشە و خۆنواندنەكانیدا هات .
ئەم دوو ‌ شكستە لە ماوەی یەك مانگدا ، كە بۆچونی بەشێكی زۆری شەقامی كوردی گۆڕی . دەریدەخات كە ئەم حیزبە ئاستی تێگەیشتنی بۆ دونیای نوێ‌ و بۆ ئازادی و یاساكان و جوڵە گەورەكان ، هێندە لاوازە ، تەنها خۆی دەبینێت و توانای بینینی هیچی دیكەی نیە . ئەگەرچی بارزانی خۆی و حیزبەكەی شەرێكی زۆر دەكەن ، تا بە هەر شێوەیەك بێت لایەنەكان خێری پێبكەن لەسەر كورسیەكەی دانیشێتەوە . لێ‌ وا پێدەچێت ئیدی هێزە خاوەن دەنگەكانی ناو پەرلەمان، گەیشتبنە ئەو بروایەی ئازادی و سەروەری یاسا گرنگترە لە تاكە كەسێك، كە بیمار بووە بە كورسییەكەوە .
حزبێك ئاستی تێگەیشتنی بەم شێوە لاوازەبێت بۆ رووداوەكان و ئاستی بینینی بۆ یاسا و دیموكراسی هێندە جەهەنەمی بێت ، دەبێت چاوەرێی شكستی دیكەی لێبكرێت . هەرچۆن ئەم مانگە مانگی شكستەكانی بوو ، گەر بەم ئاستە بینینەوە بچێتە پێشەوە ، بێگومان شكستی گەورەتر دێتە بەردەمی . لەبەر هیچ نا ، لەبەر ئەوەی حیزبی سەدە كۆنەكانە و حیزبی ئەم قۆناغەی ژیان نیە . تەنها ئەوانە دەتوانن پارتی قبوڵ بكەن ، دەستیان لە بیركردنەوە هەڵگرتبێت و خەریكی تێركردنی غەریزەكانیان بن و ، باكیان بە سەربەرزكردنەوە نیە . یان بۆیان گرنگ نەبێت ئایندەی وڵات بەرەو كوێ‌ دەچێت . ڤەلێ‌ كاتێك دەبینین كۆدەنگیەكی زۆر هەیە بۆ كوشتنی ئەو ویستە خێڵیەی ناو دەسەڵات و تاك پەرستیە ، ئومێدێك بەدیدەكرێت بۆ ئایندەی هەرێم .

س – ف ن