ئاراس فەتاح : سەرۆک‌ و خودئەڤینیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ھیچ سەرۆکێک نییە وێنەی لەچوارچێوە نەگیرابێت . سەرۆک ھەیە بۆ ماوەیەکی سیاسیی کورت وێنەکانی لەچوارچێوەدا دادەنرێت‌و سەرۆکیش ھەیە تەنانەت دوای مردنیش چوارچێوەکان بەجێناھێڵێت . بڵاوکردنەوەی وێنەو پەیکەری سەرۆکەکان لەناو روبەری گشتییدا ، لەلایەک ئاماژە بەئیدمانێکی قوڵی دەسەڵات لای سەرکردەکان دەکات‌و لەلایەکی ترەوە بەدمەستییەکی مەترسیداری ھێزیش لای حیزب‌و لایەنگرانی بەرجەستەدەکات . ھیچ سەرۆکێک نییە ئەو حەزە گەورەیەی تێدا نەبێت کە لای خەڵک خۆشەویست بێت‌و ڕەزامەندی زۆرینەی خەڵک وەدەستبھێنێت . ئەم حەزە لای سەرۆکە دیکتاتۆرەکان رەھەندی خودئەڤینییەکی Narcissism نەخۆشانە لەخۆی دەگرێت . ئەوان مەستن بەوێنەی خۆیان ، بەردەوامیی ماناوەیان لەیادەوەریی خەڵکدا وابەستەی پڕکردنی روبەری گشتییە لەوێنەکانیان‌و ھەڵبژاردنەوەی بەردەوامیان لەپرۆسەی سیاسییدا . ئەوان وای نیشاندەدەن کە ئاگاداری ئەوە نین وڵات پڕ بوە لەوێنەیان ، چونکە لەو وەھمەدا دەژین کە ئەمە خۆشەویستیی خەڵکەو لەڕێگای حیزبەوە خۆی بەرجەستەدەکات . ئەم فەنتازیای دەسەڵاتە دەگاتە ئاستێک کە ئەوان خۆیان بێبەریی دەکەن لەخواستی ئەبەدییبونی سەرۆکایەتییان‌و وای نماییشدەکەن کە ئەوە خەڵکە داوای مانەوەیان دەکات؛ ئەوە زەرورەتی مێژوییە کە ئەم واقیعە سیاسییەی سەپاندوە ، نەک ئیدمانبونیان بەدەسەڵات .

سەرۆکی خودئەڤین ھێندەی خۆی خۆشدەوێت ئەوەندە خەڵکی خۆشناوێت . ئەو خودئەڤینیی خۆی لێ بوە بەخۆشەویستیی خەڵک بۆی . من وایدەبینم کە مێژوی سیاسیی لەدونیای ئێمەدا بەبێ مێژوی خودئەڤینیی سەرۆکەکان ناخوێنرێتەوەو بەبێ ئامادەبونی لەشکرێکیش لەخوێنەوار کە پیشەیان ستایشی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی سەرۆکە ، لێکنادرێتەوە .
یەکێک لەسایکۆلۆژیستە بەناوبانگەکانی ئەڵمانیا بەناوی ( ھانز – یورگن ڤیرت ) ، لەساڵی 2002دا ، کتێبێکی سەرنجڕاکێشی بەناوی ” دەسەڵات‌و خودئەڤینی ” Narcissism and Power بەزمانی ئەڵمانی بڵاوکردەوە . ئەوەی بۆ من لەم کتێبەدا جێگای سەرنج بو ، تەنھا لێکدانەوەی ئەو رەھەندە گرنگانەی پەیوەندی نێوان سەرۆک‌و خودئەڤینیی نەبو ، بەڵکو ئەو حەسرەتەشە بۆ سەرۆک – باوک کە لەدوتوێی پرۆسەی سەرۆکپەرستیدا بەرھەمدەھێنرێت . نوسەر قسەیەکی ( جۆن ئەکتن ) دەھێنێنتەوە کە دەڵێت :” دەسەڵات گەندەڵ دەکات ، دەسەڵاتی رەھاش بەشێوه‌ی رەھا گەندەڵ دەکات .” ڤیرت رای وایە کە دەسەڵات بۆ خودی خۆی مەترسیدار نییە ، ھەروەکو چۆن جورعەیەک لەخودئەڤینیش مانای ئەوە نییە کە کەسەکە توشی نەخۆشییەکی ترسناک بوە . گرفتەکە لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە خودئەڤینیی تێکەڵ بەدەسەڵات دەبێت ، خۆبەکەمزانیی لەرێگای دەسەڵاتەوە ھاوسەنگبکرێتەوەو ببێت بەزەمینەیەک بۆ فەنتازیای وەچنگخستنی دەسەڵاتی ڕەھا . ئەو رای وایە کە خودئەڤینیی‌و دەسەڵات‌و دوژمنکارێتیی Aggression پەیوەندییەکی قوڵیان بەیەکەوە ھەیە . کەسی خودئەڤین ، کەسێکە کە بەردەوام پێویستی بەدانپێدانان ھەیە ، تەنھا ئەوانەی خۆشدەوێت کە ئەم ئارەزوەی تێردەکەن . ئەو ڕای وایە کە سەرۆکە خودئەڤینەکان ئەوکاتە پەیوەندییان لەگەڵ واقیعدا لەدەستدەدەن کە نەتوانن بەبێ دەسەڵات وێنایەکی تریان بۆ ژیان‌و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی ھەبێت . سەرۆکی خودئەڤین وێنای لەسەر خۆی لەسەروی واقیعەوەیە ، بەڕادەیەک کە دەگاتە ئاستی دێوانەیی بۆ دەسەڵات . ئەو وادەزانێت کە خۆشەویستە ، ئەم خۆشەویستییەش ھێندەی بەرھەمی دێوانەیی خۆیەتی بۆ دەسەڵات ، ھێندە بەرھەمی ئەڤینی خەڵک نییە بۆ ئەو .
زۆرینەی سەرۆکەکان جورعەی جیاوازیان لەخودئەڤینی ھەیە ، بەڵام ئەم خودئەڤینییە کاتێک دەبێت بەھێزێکی تێکشکێنەر کە سەرۆکەکان سەرکەوتنەکانی خۆیان لەسیاسەت بەدەستکەوتی تاک‌و تەنھای خۆیان دەبینن‌و وادەزانن گەر ئەوان نەبن ، وڵات وێران دەبێت‌و گەلەکەشی لەمێژودا بێکەس دەمێنێتەوە . یەکێک لەخەسڵەتە سەرەکییەکانی سەرۆکی خودئەڤین ئەوەیە کەسانگەلێک لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە کە دژایەتی نەکەن‌و ھەمیشە دەست بەلاملی خۆیاندا بکێشن‌و راستیی قسەکانی بسەلمێنن . سەرۆکی خودئەڤین ئەو کەسانەی خۆشدەوێت کە قسە لەقسەیدا ناکەن‌و بەرامبەری ناوەستن . ئەم فەزایە تەنھا فو بەو خودە نەخۆشەی سەرۆکدا ناکات کە دەسەڵات بۆی دروستکردوە ، بەڵکو جەغد لەسەر گرنگیی بونی مێژویی‌و سیاسیی ئەو دەکاتەوە .
حیزبە دیکتاتۆرەکان ستراتیژیان قوڵکردنەوەو گەورەکردنی کولتوری باوکایەتییە لەکۆمەڵگادا . کولتورێکی سیاسیی ڕەنگڕێژ دەکەن کە تیایدا پەیوەندی سەرۆک‌و کۆمەڵگا لەسەر بناغەو مۆدێلی پەیوەندی منداڵ‌و باوک دابڕێژێت . کورتەی ئەم کولتورە پێمان دەڵێت باوکێکی خراپ باشترە لەھەتیویی . کولتوری شەخسپەرستیی کە بەشێکی دانەبڕاوی خودئەڤینیی سەرۆکە لەدەسەڵات ، لەدونیای ئێمەدا بەستراتیژێکی تر خۆی بەرھەمدەھێنێتەوەو ھەوڵدەدات قەناعەت بەخەڵک بھێنێت کە دروستکردنی دەوڵەتێکی دیکتاتۆر باشترە لەبێدەوڵەتیی . ئەم گفتوگۆیە لەکوردستاندا گەیشتۆتە بەدئاستییەکی ئەکادیمییانە کە وەزیفەی بوە بەرۆمانسیکردنی وێنەی سەرۆک لەکایەی سیاسەتدا . بەفۆرمێکی سەفسەتەئاسا کەوتۆتە وێزەی دیموکراسییەت‌و پێمان دەڵێت پرنسیپەکانی دیموکراسییەتیش دەتوانێت دیکتاتۆرانە بێت‌و فۆرمێک لەدیکتاتۆرییەتی پەرلەمانتاریزم بەرھەمبھێنێت . ئەم مەترسییەش لەوێدا وەدەردەکەوێت کاتێک بەیاسا سنور بۆ دەسەڵاتی باوکی سیاسیی دابنرێت‌و تەمەنی سیاسیی بۆ دیاریبکرێت‌و بەو شێوەیەش باوکە میھرەبانە بەھێزە تاقانەکەیان لێبسەنێتەوە .
ھەرکەسێک یەک کتێبی زانستیی لەسەر دیموکراسییەت خوێندبێتەوە ئەو راستییە سانایە باش دەزانێت کە دیموکراسییەت پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵات‌و کۆمەڵگا لەسەر بناغەی مۆدێلی منداڵ‌و باوک رێکناخات ، بەڵکو وەکو ھانس یورگن ڤیرت دەڵێت لەسەر بناغەی پەیوەندیی ھاوسەنگی نێوان گەورە لەگەڵ گەورەدا . دەستاودەستکردنی دەسەڵات‌و بەشداربون لەھەڵبژاردن لەتەمەنی ھەژدە ساڵییەوە ھێمایەکە بۆ ئەو راستییە کە مرۆڤ لەم تەمەنەدا سەربەخۆیەو دەتوانێت بڕیاری سەربەخۆیانەی خۆی بدات . گومانی تێدا نییە کە ھەروەکو چۆن باوک‌و دایک لەسروشتەوە بونەوەرێک نین بەرامبەر منداڵەکانیان میھرەبان بن ، دەشێت باوک یان دایکی زۆر دڕەندەشمان ھەبێت‌و بەفۆرم‌و کەرەسەی جیاواز ئەشکەنجەی منداڵەکانیان بدەن ، ئاوھاش لەسیاسەتدا باوکی مێژویی میھرەبانی ئەبەدیی نییە . راستە باوک لای منداڵ ھەڵبژاردن نییە ، بەڵکو قەدەرێکی بیۆلۆگییە ، بەڵام باوکی سیاسیی گەر لەباوکێکی بیۆلۆگیی قەدەرییەوە بو بەباوکێکی سیاسیی ھەمیشەیی ، دەتوانێت ببێت بەوەحشێک کە سەری منداڵەکانی خۆی بخوات .
ھەروەکو چۆن دەسەڵات لەجەوھەردا بەد نییە ، ئاوھاش سەرۆکەکان لەجەوھەردا بەد نین ، بەڵکو دەتوانن سەرۆکی باش بن‌و پاش تەواوکردنی دەورەی سیاسیی خۆیان بڕۆنە سەر کاری پێشو یان ماڵی خۆیان‌و بەم شێوەیەش مێژویەکی باش‌و جوان بۆ خۆیان‌و حیزبەکانیان بنوسنەوە . بەپێچەوانەشەوە سەرۆکی خودئەڤین کەسێکە دێوانەی ئەو دەسەڵاتەیە کە ھەیەتی ، نەک تەنھا لەبەرئەوەی حوکم دەکات ، بەڵکو لەبەرئەوەی گەیشتۆتە قۆناغێک کە چێژ لەدەسەڵاتەکەی خۆی وەردەگرێت . ھەمو ھەوڵێک دەدات فێڵی سیاسیی‌و یاسایی بدۆزێتەوە بۆئەوەی کورسی دەسەڵات بەجێنەھێڵێت . میدیایەکی گەورەش دەخاتە گەڕ بۆئەوەی پاساو بۆ دانسقەیی‌و زەرورەتی مێژویی ئەو بدۆزنەوەو مەترسییەکانی دیموکراسییەتی پەرلەمانتاریزم نیشانبدەن ، چونکە کۆتایی بەتەمەنی دەسەڵاتی باوکێتیی سیاسییانەی دەھێنێت .

س – ئاوێنە