Gil-Dulus

ئەبوبەکر جاف : ڕوداو لای ژیل دولوز .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پەیوەندی ڕوداو و مانا .

” Dans tous mes livres,J’ai cherché la nature de l’événment” P1990,p.1994.
” لەناو ھەموو کتێبەکانمدا ، گەڕاوم بە دوی سروشتی ڕووداودا “.

” Tout ce que j’ai écrit […..] constituait une théorie des signes et de l’événement ” (ibid.,p.196 )
” ھەموو ئـەوانەی نوسیومە [….] تیۆرێکی نیشانەکان و ڕووداو پێک دێنن “

” J’ai passé Mon temps à écrire sur cette notion, d’événement” (ibid.,p.218)
” کاتی خۆمم بە نوسین لەبارەی ئـەم تێگەوە بەسەر بردووە ، ڕوداو “

بەشی یەکەم
ئـێستای ڕوداو ، ڕوداو لە ئـێستادا .
ڕووداو پەیوەندی بە ماناوە ھەیە ، ئـەوە ڕووداوەکانن مانا بەرھەم دێنن . دەرکەوتن و ھەڵھاتن و شکان و زەبروزەنگ ، ھەموو ئـەمانە دەرکەوتەی ڕووداون ، ئـەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی فکر . با ئـێمە نمونەیەک وەرگرین کە ، دولوز لە زنجیرەی بیست و یەکەمینی کتێبی ” لۆژیکی مانا ” دا دەیھێنێتەوە ، کاتێک باس لە برین و ئـازارو ژان دەکات ، قسەیەکی (ژاک بوسکێ ) دێنێتەوە : ” برینەکانم پێش لە دایکبوونم ھەن ، لە دایکبوونم بەرجەستەکردنی ژان و ئـازارەکانمن “. ئـەم بەرجەستەکردن و تەحقیقکردنە ڕوداوەکەیە . ڕووداو ململانێی مرۆڤی ئـازادە ، ململانێی و دەستەویەخەیە لە گەڵ شەڕو خراپەداو سەرکەوتن بە سەریدا ، ھێزی سڕینەوەو لابردنێتی .
بەمشێوەیە ڕوداو مانایەکی دەبێت ، تەنانەت خودی مانایە . لێرەدا ئـەوە ڕوون دەبێتەوە کە ، ڕوداو ئـەوە نییە کە ڕوودەدات ، ئـەوە نییە کە دەردەکەوێت و ڕایدەگەیەنین کە ، ئـەمە ڕووداوە ، بەڵکو لە ناو یان لە ھەناوی ئـەوەدایە کە ڕوودەدات یان بەڕێوەیە ، ئـەمەش گوزارشتێکی پەتی و پوختە لە بارەیەوە . لە گواستنەوە کشان و ھەڵھاتن و دەرچوون دەچێت ، بەڵام ئـەوە نییە کە لە شوێنێک ڕوودەدات . بەڵکو لە فکردا ڕودەدات ، لە ڕەوەندی بیرکردنەوەدا دێتەبوون . وەک ھەواگۆڕکێیەک کە بەسەر پشتی فکردا دەڕوات .
ڕووداو لە دایکبوونی فکرو ھزرە ، گەڕانەوەیەتی بۆ مناڵی بە پێی گوزارشت و دەربڕینی نیتچە ، خولقاندنی و داھێنان و دروستکردنی چەمکەکانە بە ئـامانج و مەبەستی خولقاندنی فەزاو پانتاییەک بۆ فکرو بیروھزر لە پێناو ڕزگارکردن و ئـازدکردنی لەو شتانە دیل و زیندانی کردوون . بەمشێوەیە دولوز وای دادەنێت کە ، ڕوداو نیشانەیەکی ڕۆشنکردنەوە لە شەودا دەبەخشێت . ئـەوەیە کە ” دەبێت فەھمی بکەین و لێی تێبگەین ” لە گەڵ ئـەوەی کە ” دەبێت و پێویستە بمانەوێت “، لە گەڵ ئـەوەی کە پێویستە وێنای بکەین لە ھەناوی ئـەوەی کە دێت و بەڕێوەیە .
ڕووداو بەوشێوەی بانگەشەکاری فکرە پێویستە تاک ڕۆڵەو مناڵی ڕوداوەکەی بێت و پاشان سەرلەنوێ لە دایک بێتەوە ، خۆی بە دەستی خۆی لە دایکبوونی تایبەتی خۆی بەرھەم بێنێت ، تەواو بە دابڕاوی لە گەڵ لە دایکبوونی گۆشتیانەی خۆی . بەشێوەیەک دەبێتە ڕۆڵەی ڕوداووکانی نەک ڕۆڵەی کاروکردەوەو کاریگەری و بەرھەمە فکرییەکان .
چەمکی ڕووداو ، قەیران و کێشمەکێشمێک دروست دەکات بە دابڕانی لە ھێڵی زەمەنی نەریتی و عادەتی . وێنەکەمان لا تێکەڵ و پێکەڵ دەکات ، بڕواو قەناعاتەکانمان توشی نیگەرانی و دڕدۆنگی دەکات ئـەمەش سەبارەت بە مێژووی فەلسەفەش ھەروا دەبێت .
ڕووداو کۆتایی و پاتانی ڕژیم و سیستەمە ، کۆتایی ئـەو ڕێکخستنانەیە کە پۆزەتیڤیزم و خوێندنەوەی تیولۆژیانەی ھیگڵ بۆ مێژوو ڕەسمی کردووە ، وە ھەرووھا کۆتایی ئـەوانی دیکە . لێرەدا رووداو ناگەڕێتەوە بۆ چەمکی قوڵایی وەک ئـەوەی میتافیزیکیای ئـەفلاتون وێنای کردبوو ، چونکە نە دەگەڕێتەوە بۆ ڕابوردو وە سەربە ئـایندەش نییە .
ڕووداو سەربە ئـێستایە وەک چرکەساتی گوشین و پوختەی سەرجەم زەمەن . ڕووداو دەچێتە سەر ئـێستاو ، ئێستاو ھەنوکەیە ، ئـێستای بوونت کردەیە . چونکە ئـەوە ئـێستایە کە بە ھەمیشەیی دەگەڕێتەوە و ئـازادی دیاریکردنی جوڵەو وێناکردن و فۆرمەکانی ڕووبەڕووبوونەوە مومکینەکانمان دەداتێ لە گەڵ ئـەوەی دەبێتە بەربەست لە بەردەم و لە ئـاست تەحقیقکردنی ئـەم ئـێستایی و بە ئـێستاییکردنەدا . ئـەوەی کە دامەزراوە دەگەڕێتەوە سەر ئـایون L’Aiôn . بەڵام دەکرێت ئـێمە ئـەوە قەبوڵ بکەین و وەری بگرین کە ، ڕوداو جگە لە برین و ژان و ئـازار ھیچی دیکە نییە ؟ جگە لە ڕووداوە دڵتەزێن و کارەساتاوییەکان ھیچی دیکە نییە ؟ بەڵێ ، لە ھەموو ڕوداوێکدا کردە ھەیە ، ئـەوەی کردەو کارێک بەرھەم دێنێت بانگەشە بۆ ئـەوە دەکات و ئـەوە ڕادەگەیەنێت کە ، چرکەساتەکە گەیشت و کاتێتی بۆ ئـاوێزانکردن و تێکەڵکردنی ڕابوردوو ئـایندە و با ئـەم چرکەساتە درێژبێتەوەو واڵا بێت بەسەر تەواوی زەمەندا ، چرکەسات ئـێستای ڕووت و چاوگییە .
ئـەوەی ڕووداو بەرھەم دێنێت و بە ناوییەوە قسە دەکات ، تاکایەتییەکە ، تاکایەتییەک کە بەرجەستەکراو وێناکراو نییە لە کەسێکدا، لە گروپێکدا ، یان لە ناسنامەو شوناسێکی گشتیدا ، یان لە جڤات و تایبەتیدا . دولوز وای دەبینێت کە ، ڕوشاوێکی وەک جەنگ ، تاکێکی تایبەتی بەلاوە گرنگ نییە ، بەڵکو ھەموو تاکایەتی بەلاوە گرنگە چونکە جەنگ ئـەمە نییە . تەنیا بۆ ئـەوکەسانەی بەکاری دەخەن و ئـەوکەسەی بەکاری دێنێت ، بوونە پاسێڤەکان . مادامەکی جەنگ ، دەربڕین و گوزارشتە لە صەیرورەیەک ، یان بڵێین جوڵەکەیەتی ، ئـەوا تەنیا مرۆڤی ئـازد ڕوداو ڕوون بکاتەوە و ڕۆشنی بکاتەوە . بەمشێوەیە فەلسەفەی ڕوداو کەفیلی دابڕانە لە گەڵ نێگەتیڤ و ھاوکارە بۆ وەڵامدانەوەی ئـەو پرس و مەسەلانەی کە بیرمەندە جیاوازەکەن بە ھەندیان گرتووە لە کایە جۆراوجۆرو جیاوازەکاندا بە مەبستی بەشداریکردن لە بەرھەمھێنانی فرەیی و داھێنان و خولقاندنی چەمکی تایبەت بە خۆیان وەک وەڵام دەرەوەو وەڵام دانەوەیەک بۆ جولەو بزاوتی بیرکردنەوەویان ، تا ئـاستێک بتوانن ئـاسۆی ئـیماناسیان بۆ دەرکەوێت و ھەموو موفاریق و تەعالی و ترانسێندێنتاڵێک وەدەرنێ . فکرو ھزر دەکرێتەوەو واڵا دەبێت بەو پێیەی ڕوداوێکە بەسور فرەییدا ، بەسور ڕێکەوتدا ، بەسور کردەدا .
دولوز ھەمیشە پێداگری ئـەوە بوو، جەختی لەوە دەکردەوە کە ڕوداو لە ئـێستادا تەحقیق دەبێت ، بەڵام بە کورتھێنانی ئـەم ئـێستایە ، لە ئـێستای داھاتوو بەشوێنھاتوودا بەرجەستە دەبێت .، لەم ئـێستایەی کە ھەمیشە دەگەڕێتەوە . بە ڕوویەکدا جگە لە ئـێستا ھیچی دیکە بوونی نییە ، بە ڕوویەکی دیکەدا ھیچ ئـێستایەک بوونی نییە ئـەگەر بێتو ئـێمە شوێنکەوتەو شوێن پێ ھەڵگری بەردەوام و ھەمیشەیی ئـایندە بین کە جێگەی ئـێستا بگرێتەوە . ھێڵی سەیرورەیە ، ئـەمەش بۆ ئـەوەی ڕووداو گوڕانیکی تەواو پەتی بێت .