barzani-1

عیماد عەلی : با مەسعود بارزانی هەڵوێستی خوازرا و راگەیەنێت .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وەک دوو سێ رۆژە وەفدی پارتی سەر و بنی زمانیان ئەوەیە کە هەوڵەکانیان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکالیەتی هەرێم بۆ کەسێکی دیاریکراو واتە مەسعود بارزانی نیە بەقەد ئەوەی ئەو مسەلەیە پەیوەندی بە رەهەندی نیشتمانی و دوا رۆژی میلەتەکەمان و سیستمی سیساسی و بەرژەوەندیە گشتیەکانەوە هەیە ، بۆ ئەو مەبەستە داوا دەکەن ماوەی سەرۆکی هەرێم بۆ دوو ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە و سازان لەسەر مەسەلەکە بکرێت .
لە بەرامبەردا لایەنەکان پێیان وایە بە گۆرینی سەرۆکی هە رێم و هاتنی یەکێکی تر هیچ لەمەسەلەکە ناگۆرێت ، واتە زەرەر لە بارودۆخی کوردستان نادات ، بەڵکو پرنسیپی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەسەر ئەرزی واقیع و فیعلی جێبەجێ دەکرێت و هیچ کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر رەوتی ژیانی سیاسی خەڵکی کوردستان نابێت و ، ئەگەر ئەم هەنگاوە قازانج بە سیستماتیک کردنی سیستمی سیاسی کوردستان نەگەیەنێت زیانی نابێت . لەهەمان کاتدا ، لایەنەکان لە ناخی خۆیاندا ئەگەر بە ئاشکرا راشینەگەیەنن و بیرکردنەوەی پارتی و وەزعی کرودستان لەبەرچاو بگرن ، بە هەڵسەنگاندنی ئەم هەموو ساڵە حوکمەی مەسعود بارزانی و چەقبەستنی رێرەوی حوکم بەم جۆرەی بێ هیچ گۆرانێکی ئەرێنی دەخەنە ئەستۆی شێوەی بەرێوەچونی دەسەڵات و قۆرخکردنی و چەقبەستنی دەسەڵاتی کوردستان بەدەست ئەڵقەیەکی تەسکی بنەماڵەیی کە جگە لە بەرژەوەندی تەسکی حزبی هیچ ئاسۆیەک لە دوارۆژی ئەم میلەتەدا نابینێت و بەرهەمی دەستی کەس بەدی ناکرێت . بە هەمان شێوە لە رووی یاساییەوە ئەگەر درێژکردنەوەکەی 30 ی حوزەیرانی 2013 رێگەی بدایە مەسعود بارزانی هەڵبژێرێتەوە ئەوانیش لاریان نەدەبوو ، بەڵام دەبێت بە یاسایەک ئەو یاسایە رەت بکرێتەوە، ئەوەش دژ بە هەموو یاسا و عورف و نەریتێکە و دەچێتە چوغزیپەراوە کردن و درواندنی بەرگێکی یاسایی بۆ کەسێک کە هیچ یاسیەک رێگەی مانەوەی نادات لەسەر کورسی دەسەڵات .
لەم مەسەلەی ئەمرۆدا کە بۆتە رۆژەڤی هەرێم، چەندین بابەتی گرنگ بە یاسای هەرێمی کوردستانەوە بەستراوە بەدەر لە هەلومەرجی سیاسی و ئابووری کوردستان ، وەک شەری داعش و پەیوەندی لەگەڵ عیراق و داواکاری و سیاسەتی دوو تەوەرەکەی ناوچەکە و وابەستەیی لایەنەکانی کوردستان بە هەردوو میحوەری ئیران و تورکیا و ، لە ناوەخنی کارەکانیش بیرزبۆچونی جیاواز لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم کە هەر کەسێک بێت ، لەگەڵ جۆری سیستمی سیاسی کوردستان کە خۆی لە یاسای سەرۆکایەتی یان پەرلەمانیدا دەبینێتەوە .
بۆ دەرچون لەم تونیڵە تاریکە ، دەکرێت بە قسەیەکی مەسعود بارزانی هەموو هەنگاوەکان ئاسانتر بن :
با سەرۆکی هەرێم لەسەر ئامرازەکانی راگەیاندن بە دوو رستە روونی بکاتەوە کە ئەم داوایەی درێژکردنەوە تەنها لە پێناو وەزعی کورد و دوارۆژەکەیتی و هەموو مەسەلەکانی دوارۆژی پێوە بەندە و بۆ دوو ساڵی تر زۆر شت روون دەبنەوە و بەمانەوەی ئەو جیاوازیەکانی لەگەڵ یەکێکی تر هەیە و هیچ لاری نیە لە دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی پێگەی سەرۆکی هەرێم و بە سیستمی پەرلەمانی رازیە کە لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت و ، با تەنها ئەو تاکە کاندید بێت بۆ ئەم دوو ساڵە و بەس . ئەوسا بە شێوەیەکی یاسایی و بە دەروزازەیەک رێگەی مانەوەی تاوەکو دوو ساڵی تر بۆ یەکلابونەوەی ئەو پرسانەی پەیوەندیدارە بە کەسایەتی ئەو و حزبەکەی و پەیوەندیەکان و دارایی کوردستان و شێوازی حوکم و سیستمی کوردستان فەراهەم دەبێت بە مەرجی تەنها بۆ ئەم دوو ساڵە و بەس . ئەو کاتەدەکرێت لایەنەکانی تر قەناعەتیان هەبێت کە مانەوەی بارزانی بۆ ئەم دوو ساڵە زەرەر لە راستگۆیی و رێزگرتن لە یاسا و سیستمی سیاسی کوردستان و دەستاودەست کردنی دەسەلات ناگرێت و هەمووان بە پێشنیاری درێژکردنەوە بەمەرجی دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی لەگەڵ چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی رازیبن .
واتە ئەم هەموو بێنە و بەردە لەسەر پەیمان و وتەی بارزانی و نیازەکانیەتی بۆ دوو ساڵی تری دوای ئەم قۆناغە و ، دەکرێت بە خودی بارزانی ئەم ئاڵۆزیە چارەسەر بکرێت و سازان بە یاسا بکرێت و کاری لیژنە دەستوریەکەش ئاسان بکرێتەوە و خودی بارزانی بەروو سوری لەم ئاڵۆزیە سیاسیە دەربچێت و حزبەکەشی لە بەربەستێکی گەورە رزگار بکات . بەڵام دەیکات ؟