Nuri-said

کامەران وریا قانع : نورى سه‌عید و كه‌بابچیيه‌كه‌ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

كاتێك هه‌موو به‌یانیه‌ك نورى سه‌عید سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوی عێراق ، له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك ئه‌چو بۆ ده‌وامى فه‌رمى به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ى خۆیی ( هیچ ئۆتۆمبێلێکى ترى له‌گه‌ڵ نه‌بوو ) . له‌ ڕێگاى چوونه‌كه‌ى كابرایه‌كى كه‌بابچى هه‌بوو  ,  هه‌موو به‌یانیه‌ك ئه‌چووه‌ پێش ئۆتۆمبیله‌كه‌ى قسه‌ى ناشرینى پێده‌وت و  هێرشى ئه‌كرده‌ سه‌ر حكومه‌ت . رۆژێك نورى سه‌عید له‌ سه‌یاره‌كه‌ى دائه‌به‌زێت و به‌ كابرا ئه‌ڵێت : بۆچى هه‌موو رۆژێك رێگام لێ ده‌گریت و قسه‌ى ناشرینم پێ ده‌ڵێت : من تۆ ناناسم .

كابراى كه‌بابچیش پێی ده‌ڵێت : گه‌وره‌م من رۆژانه‌كه‌م ته‌نها 250 فلسه‌ به‌شى ژیانم ناكات و ناتوانم پاره‌ پاشه‌كه‌وت بكه‌م بۆ دروستكردنى خێزان ,  بیستومه‌ زیندانه‌ سیاسیه‌كان رۆژانه‌ 400 فلسیان بۆ خه‌رج ئه‌كرێت و خواردنیشیان به‌ خۆراییه‌ , ئه‌مه‌وێت زیندانم كه‌یت له‌به‌ر ئه‌وه‌ جنێوت پێده‌ده‌م .
نورى سه‌عید پێده‌كه‌نێـت و له‌ گیرفانى خۆیی 5 دنیارى ئه‌داتێ و پێده‌ڵێت : ناتوانم زیندانت بكه‌م .

بۆ رۆژى دواتر كاتێك نورى سه‌عید به‌پێش دوكانى كه‌بابچه‌یه‌كه‌دا تێ ئه‌په‌رێت , سه‌رى له‌ په‌نجه‌ره‌ى سه‌یاره‌كه‌ ده‌رئه‌هێنێت و له‌ دووره‌وه‌و به‌ ده‌نگى به‌رز به‌ كه‌بابچیه‌کە ده‌ڵێت : ئه‌گه‌ر رۆحیشت ده‌رچێت زیندانیت ناكه‌م .

گێرانه‌وه‌ى ئه‌م چیرۆكانه‌ زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاكو بزانین رۆژانێك له‌م عێراقه‌ى ئه‌مرۆدا به‌ سه‌رده‌مێك تێپه‌ریووه‌ رێزى ژیان گیراوه‌ , سیاسیه‌كان هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكیان نه‌بووه‌ , یاسا سه‌نگى خۆیی هه‌بوه‌ , ڕه‌نگه‌ كه‌مو كورتیشى زۆر هه‌بوبێت , به‌ڵام هه‌رگیز به‌رارود ناكرێت به‌ عێراقی ئه‌مرۆ .