عەتا قەرەداخی : خەڵکی کوردستان ژیان و سەربەخۆیی دەوێت نەک چەلەحانێی سیاسی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەى بیست و چوار ساڵە کورد خۆى فەرمانڕەواى بەشێکی فراوانی باشوورى کوردستانە . لە ماوەى هەشت ساڵی یەکەمی ئەم فەرمانڕەواییەدا زیاترین خوێنی رۆڵەکانی کورد بەدەستی براکانی خۆیان رژاوە ئەویش لە ئەنجامی ئەو شەڕە ناوخۆییانەى کە نوخبەى سەرکردایەتی سیاسی رق لە دڵی کوردستان لە نێو خۆیاندا درووستیان کردووە . شەڕی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەى ئیسلامی ، شەڕی نێوان پێکەکەو یەکێتی و پارتی ، شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی شەڕی نێوان یەکێتی و جوندی ئیسلامی ئەوسا کە دواتر زۆریان بوونە کۆمەڵی ئیسلامی شەڕى نێوان یەکێتی و شیوعی و …. تاد ، ئەمە بێجگە لە بە فیرۆدانی سامانی کوردستان و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریەکەى لە ئاودیوکردنی ئەو سامانە نەتەوەییەدا ، هەروەها ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیە زۆرینەى خەڵکی کوردستانی کرد بە مشەخۆرو کۆمەڵگەى کرد بە کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرى ناکارا ، ئەوەشی لە پێناوی درووستکردنی وەلائدا کرد واتە حیزبی کوردی لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا بە عەقڵی زیمەکڕین کاریان کردووەو لەو پێناوەشدا ژێرخانی وڵاتیان وێرانکردووەو کەسیەتی مرۆڤی کوردیان زیاتر تێکشکاندووەو عیزەتی مرۆڤی کوردیان رووخاندووە .
ئەم حیزبانە بەردەوام لە ململانێی ناشارستانیانەدا بوون و تاکو ئێستاش بەردەوامن . لەو رووەشەوە هەریەکە بە جۆرێک باس لە سەروەرى و گەورەیی خۆی دەکات . یەکێک خۆیی پێ باشترین نموونەى دیموکراسی و فەراهەمکەرى ئازادییەکانە . یەکێکی تر خۆیی پێباشترین نموونەى ناسیونالیست و داکۆکیکەرى مافەکانی کوردەو خۆى بە هەڵگری جێبەجێکردنی پرۆژەى دەوڵەت دادەنێت ، یەکێکی تر مێژووى درووستبوونی زۆر نیە بەڵام سەرکردەکانی ئەمیش بارگاویکراون بە هەموو کێشەکانی کوردستان و بەشدایشن لە کەموکورتیەکاندا خۆى وەکو فریشتەى پەیامی چاکسازى پێشکەش دەکات ، ئیسلامیەکانیش کە دەورێکی ئەوتۆیان نەبووە لە ململانێکانی پێشترى کوردستاندا ئێستا ئەوانیش بەشدارن لە گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سامانی وڵاتدا چونکە بەشداری دەسەڵاتن . هەموو ئەم حیزبانەش پێکەوە هەریەکە بە قەوارەى خۆی بەشدارن لە کەموکورتی و گەندەڵی و قەیرانەکانی کوردستانداو هیچیشیان نە بەرنامەى چارەسەرى کێشەکانیان هەیە نە بە تەنگ ئێش و ئازارەکانی میللەتەکەیانەوەن بەڵکو بە دوای دووشتەوەن :
یەکەم ـ بەرژەوەندییە کەسی و حیزبیەکانیان .
دووەم ـ بەشوێن شکستپێهێنانی نەیارەکانیانەوەن چونکە بزوێنەرى کارو هەڵوێستەکانیان رق و کینەى خێلەکی و عەشائیرانە و پەیوەندى و وابەستەیی هەریەکەیانە بۆ داگیرکەرە جۆراوجۆرەکانی کوردستان .
دیارە لە ئاستی قوڵیشیدا دەشێ وەها سەیر بکرێت کە نوخبەى سەرکردایەتی کوردى ئەگەر راستەخۆش نەبێت ئەوا ناڕاستەخۆ کۆک و هاوڕابن لەسەرئەوەى کە بەردەوام کوردستان لە ئاژاوەو پەشێویدا بێت بۆ ئەوەى جەماوەر هەمیشە سەرقاڵ بێت و نەیپەرژێتە سەر بیرکردنەوەو هەڵوێست وەرگرتن لەسەر کۆى کارە نادرووست و بێ سەروبەرەکانی ئەوان واتە کۆى کارە نادرووستەکانی سەرکردایەتی سەرجەم ئەم حیزبانەى کوردستان . واتە واپێدەچێت ئەم سەرکردایەتیە لەسەر ئەوە رێکبن کە بەهەموو شێوەیەک جەماوەر سەرقاڵ بکەن بۆ ئەوەى ئەگەرى درووستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی سرووشتی دووربخەنەوەو خۆیان بە کەماڵی ئیسراحەت چۆنیان دەوێت یاری بە سامان و داهات و تەنانەت چارەنووسی ئەم وڵاتە بکەن .
هەروەک چۆن لەو یارییەى پێشترى درووستبوونی گۆڕاندا ئەگەرى درووستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی سرووشتی لە هەناوى کۆمەڵگەى کوردیدا لەبار برا ، بۆیە پێدەچێت ئەم ژاوەژاو و کۆبوونەوەو بەگژیەکداچوونەى ئێستاى ئەو پێنج لایەنە کە هەموویان بەشدارن لە هەموو نەهامەتیەکانی ئەم بەشەى کوردستاندا تەنیا یاری بێت و بۆ فریودانی جەماوەر بێت. لە کاتێکدا بۆ جەماوەر هیچ گرنگ نیە کە کێ سەرۆکەو کێ وەزیرەو کێ گزیرە ، کێ ئاغایەو کێ سەرکارە ، بەڵکو ئەوەى بۆ جەماوەر گرنگە ئەوەیە چۆن بەڕێوەى دەبەن و چۆن بتوانێت بە کەرامەتەوە بژى و بواری کارو ژیانی بۆ فەراهەم بکرێت . لە مەترسی کوشتن و بڕین بەدوور بێت .
جەماوەر خەون بەو سەربەخۆییەوە دەبینێت کە لە سایەیدا ژیان و ئازادییەکانی بۆ جێبەجێ بکرێت . کە ئەو خەونە مێژووییەى جەماوەر هەیەتی لە سەربەخۆیی و دەوڵەت بۆى جێبەجێ بکرێت کە ئەویش بە دەوڵەتی سەربەخۆ دەبێت ، کە بێگومان ئەگەر ئەو دەوڵەتە درووستبوو ئەوا مەترسی دەرەوەو داگیرکەران لەسەر کوردستان کەم دەبێتەوەو دیارە لەو کاتەشدا چیتر جەماوەر لەم نوخبە سیاسیەى ئێستاى قبوڵ ناکات بەم شێوەیە یارى بە ژیان و بەکەرامەت و بە سامان و بە بوونی بکات . هەر لەبەرئەوەشە ئەم نوخبە سیاسیە دەیەوێـت جەماوەرى خەڵکی کوردستان بە ناهوشیاری بمێنێتەوەو بەردەوامیش سەرقاڵ بێت بە کێشە ناوخۆییەکانەوەو بەردەوامیش ترسی ئەوە دایبگرێت کە دەشێ لە هەر چرکە ساتێکدا سەرکردایەتی ئەم حیزبانە ، کوردستان لەشەڕێکی ترى ترسناکی ناوخۆوە بئاڵێنن ، یان جارێکی تر دوو ئیدارەیی درووست بکەنەوە .
بەڵێ جەماوەر ژیان و ئازادى و کەرامەتی دەوێت ، ئیتر کێ وڵات بەڕێوەدەبات بۆ ئەو هیچ گرنگیەکی نابێت . دیارە ئاشکراشە هیچ کام لەو حیزبانەى ئێستا چاوەڕوانی ئەوەى لێناکرێت لەوەى تا ئێستا کردوویەتی باشتر بکات . بۆیە هەڵچنینی هەر هیوایەک بۆ ئایندە لە سایەى ئەم حیزبانەى ئێستادا جگە لە خەونێکی بزڕکاو هیچی تر نیە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت