سیروان عەبدول : سوڵحی ڕۆژهەڵاتیی دژە دیموکراتییانە ، بەناوی دیموکراتییەتی سازانەوە

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و چەند هێزێکی تر لەبەرامبەر ویستی خۆفەرزکەرانەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا و ، پێداگرییان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆک لە سیستەمی سیاسیی کوردستاندا ، کارێکی گرنگە . ئەمە چونکە لەئێستادا غرور و خۆ بە لەسەر حەقزانیی مەسعود بارزانیی و نائامادەیی ئەو بۆ ڕادەستکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم ، لەپاڵ خەتەری « شەڕی براکوژیی » لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا و هێرشی ساڵی پاری داعش بۆ سەر کوردستاندا ، یەکێکە لەو ڕێگرییە هەرە خەتەرناکانەی کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئەزمونی بونیادنانی دیموکراتییەت بۆتەوە لەو هەرێمەدا .

بەڵام ئەگەر بڕیار بێت ئەو سەنگەرگرتنە هاوبەشە بتوانێت کارکردێکی ڕاستەقینەی هەبێت بۆ دەرکردنی پرۆسەی دیموکراتیی لە هەرێمی کوردستان لەو گۆشە بەرتەسکەی کە لەئێستادا بەهۆی تەماحکاریی بارزانییەوە لە دەسەڵاتدارێتییدا تێیکەوتووە ، ئەوا گرنگە کە بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو هێزانەی تر ، هەم ئەو داوا و پێداگرییەی خۆیان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هاوشان بکەن بە داوا و پێداگریی لەسەر ئەوەی کە شەخسی بارزانیی بەهیچ شێوەیەک مافی خۆکاندیدکردنەوە یان مانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتییدا نەبێت و ، هەمیش ئەو هێزانە ، تەنها بۆ یەک جاریش بێت ، پێداگرییەکی هاوبەشیان لەسەر لانەدان لە ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی بگەیەننە سەر .

بەڵام بەداخەوە ، بەهەر هۆیەکەوە بێت ، پێناچێت هیچکام لەو هێزانە ئامادە بن ، یان لە ئەولەوییاتی کاریان بێت ، ئەو پێداگرییەی خۆیان لەسەر ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی بگەیەننە سەر . ئەمە کەسێک دەتوانێت لەو کۆکییەی هێزەکاندا بیبینێت لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە لەڕێگەی ئەو کۆنسێپتەوە کە ئەوان ناوی دەنێن «سازانی نیشتیمانیی ».

*        *        *

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە هەموو تەرەفەکان «سازانی نیشتیمانیی » وەک مامەڵەیەکی دیموکراتیی لەگەڵ دۆزەکەدا چاو لێدەکەن و وای پیشان دەدەن کە ئەوە مومارەسەکردنێکی کردەکیی مۆدێلی دیموکراتییەتی سازان یان تەوافوقیی ( Consensus democracy ) بێت . دیارە ئەوە لێکدانەوەیەکی تەواو هەڵەیە بۆ دیموکراتییەتی سازان و تێنەگەیشتنە لەو بیرۆکە جەوهەرییەی کە لەپشت سیستەمی حوکمی دیموکراتییەوەیە .

مۆدێلی دیموکراتییەتی سازان مانای دانوستان نییە لەنێوان حیزبە سیاسییەکاندا بۆ ڕێککەوتن لەسەر پلەی لادان لە گەمەی دیموکراتیی. بیرۆکەی دیموکراتییەتی سازان ڕێک بەپێچەوانەوە ، لەو پێناوەدا هاتووە کە پلەی دیموکراتییەتی بڕیارەکان و پلەی دیموکراتییەتی ئیدارەی دەوڵەتیی بەرێتە سەرەوە . دیموکراتییەتی سازان لە حاڵەتی ناکۆکیی بەهۆی جیاوازیی نەتەوەیی ، ئاینیی ، کولتوریی یان زمانەوانییەوە پەنای بۆ دەبڕیت و ، ئامانج لێی ئەوەیە کە بەرژەوەندیی و مافی دیموکراتییانە و مافەکانی مرۆڤی هیچ کەمایەتییەکی نەتەوەیی ، کولتوریی یان زمانەوانیی ، بەهۆی مۆدێلی دیموکراتییەتی زۆرینەوە (Majoritarian democracy) ، نەکەوێتە ژێرەوە .

ئەو نەسازیی و گرژییەی بە دەوری ڕادەستنەکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی و بە دەوری جۆری سیستەمی حوکم و ڕێگرییدروستکردنەکان لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە هەرێمی کوردستاندا کەوتۆتەوە ، نەسازییەک نییە سەبارەت بە بەرژەوەندیی و مافی گروپی نەتەوەیی یان کولتوریی یان ئاینیی جیاواز لە کوردستاندا ، بەڵکو نەسازییە لەسەر دۆزێکی سیاسیی کە سەبارەت بە ڕەوایی یان ناڕەوایی تەماحەکانی حیزبێکی سیاسییە لە دەسەڵاتدارێتییدا . بە داڕشتنەوەیەکی تر: دۆزەکە سەبارەت بە بەرژەوەندیی گروپی حیزبییە و پرسیارەکە پرسیارێکی سیاسییە ، نەک بەرژەوەندیی گروپی جیاواز لەناو گەلی کوردستان و پرسیارێکی حقوقیی. بۆیە من تێناگەم چۆنە هەموو تەرەفەکان ئەو تێگەیشتنەیان لە مەسەلەکە قبوڵ کردووە کە گوایە ئەو دۆزە دۆزێکە سەبارەت بە دیموکراتییەتی تەوافوقیی و ، کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو ناکۆکییە دەکرێت لەڕێگای سازانی تەرەفەکانەوە چارەسەر بکرێت .

*   *   *

بۆ من وا دێتە بەرچاو کە بەشێک لە حیزبەکان تەواو بێئاگا بن لەوەی کە ئەوەی ئەوان باسی دەکەن دیموکراتییەتی سازان نییە و ، ئەوە نەبینن کە ئەوەی وەک سازانی دیموکراتیی بەسەریاندا تێپەڕێندراوە ، خۆی لەئەسڵدا کولتوری دژەدیموکراتییانەی سوڵحی ڕۆژهەلاتییە و ، دانوستانە بۆ سازان و پێکهاتنی هەمەلایەنەی نێوان هەموو هێزە سیاسییەکانی ناو هەرێم لەسەر پشتگوێخستنی پرەنسیپ و ڕێساکانی سیستەمی حوکمڕانیی دیموکراتیی لە هەرێمدا . ئەوە سازانە لەسەر ملکەچکردن بۆ واقیعێکی تاڵی وا لە کوردستاندا کە هێزی زۆر بەهێز هەیە کە داوا دەکات ئیتر بەس بێت و لەمەودوا لەئاست بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەی ئەودا کار بە ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی نەکرێت . ئەو کولتوری سوڵحەی لە ڕۆژهەڵاتدا باوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ، خۆپاراستنە لە چارەسەری ناکۆکییەکان و دواخستنیانە تا ئەو کاتەی سەر لە سەرکوتگەریی و شەڕی دەستەویەخەوە دەردەهێنێت .

لەبەرامبەردا ، دروست نابێت ئەو ئیحتیمالە دوور بخەینەوە کە هەندێک لەو هێزانە دەزانن ئەو سازانەی ئەوان ئامادەن پێوەی بچن ، مامەڵەکردنە لەسەر تەنازولکردن لە پرەنسیپەکانی دیموکراتییەت ، لەبەرامبەر دەستکەوتی حیزبییدا بۆ خۆیان . لەم ساتوسەودایەدا بێگومان هەم هەلپەرستیی حیزبەکان و ناگرنگیی پرۆسەی بەدیموکراتییکردنی هەرێم بەلایانەوە و ، هەمیش بەندوبەستە ژێربەژێرەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و گوشاری ئەو وڵاتانە لەسەریان کە بەندوبەست و قازانجی ژێربەژێریان لەگەڵ بارزانیدا هەیە و چەندین فاکتەری تر ، ڕۆڵ دەبینێت لەوەدا کە ئامادەی سازان بن لەسەر پرسیارێکی وا پرەنسیپییانە و ڕوون کە ئایا ڕێگە بدرێت بارزانیی لەسەرووی یاسا و لەسەرووی عورفی دیموکراتییەوە بێت یان نا .

*   *   *

من پێموایە تەنازولی هەر تەرەفێک لەم پرسەدا و ڕازیبوونی لەسەر ئەو خۆفەرزکردنەی بارزانیی بەسەر پرۆسەی سیاسییدا ، بەشدارییەکی نامەسئولانە – یان ڕاستتر –  خیانەتکارانە و کوشندە دەبێت لە بردنی ڕژیمی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا بەرەو ئۆتۆریتارییەت و سەرکوتگەرییەک کە هەموو ئەو خەونانە پوچەڵ دەکاتەوە کە خەڵکی ئەو ناوچەیە نزیک بە سەدەیەکە قوربانیی بۆ دەدەن .

پێداگریی هێزە سیاسییەکان لەسەر ڕێگەگرتن لە تەماحکارییەکانی بارزانیی ، کەمترین چاوەڕوانییەکە کە هاوڵاتییانی کوردستان دەبێت لە هەر هێزێک هەیانبێت کە ئیدیعای دیموکراتخوازیی دەکات . تەنازولکردنی هەر هێزێک لەو پرسەدا ، مومکین نییە وەک سیاسەتی ڕیاڵیستیی (  Realpolitik) پاکانە بکرێت ، چونکە :

یەکەم ـ  دیارە کە سازشێکی لەو جۆرە سازشکردنە لەسەر پرەنسیپێک کە هێزێک ناتوانێت سازشی لەسەر بکات بەبێئەوەی ناسنامەی دیموکراتخوازیی بکەوێتە ژێر پرسیارەوە .

دووەم ـ من پێموایە ئەو حیزب و هێزە سیاسییانە ، ئەگەر کەمترین سەڕاستیی لە ئیدیعاکانیاندا هەبێت کە حیزبی داکۆکیکار لە دیموکراتییەتن ، دەتوانن موقاوەمەتێکی زۆر لەوەی ئێستا زیاتر بکەن لەبەردەم تەماحکارییکەکانی بارزانییدا . بیرمان نەچێت ئەوەی بارزانیی لە دۆزی سەرۆکایەتیی هەرێمدا دەیکات ، پڕڕووییەکی ئەوەندە گەورەیە کە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا ، سەرباری ئەوەی کە دیکتاتۆرەکان جێگەیان دەبێتەوە تیایدا ، بەبێ ئیحراجیی بۆ خۆی و بۆ ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا تێناپەڕێت کە قازانجیان لە مانەوەی بارزانییدا هەیە و پاڵپشتیی مانەوەی دەکەن . من پێموایە ناوەندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی هەرچییەک بێت هێشتا بە جۆرێک نییە کە بارزانیی هیچ باکی بەوە نەبێت و هیچ زەرەرێکی نەبێت ئەگەر تیایدا ئیمەیجی دیموکراتخواز و سەرۆکێکی خاوەن شەرعییەت لەدەست بدات و ببێتە ناوێکی تر لەناو ناوی دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا .

*   *   *

بەڵی موقاوەمەت و پێداگریی لەسەر گۆڕینی سیستەمی حوکم لە هەرێمدا لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانتاریزم و ، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک و ، ڕێگەگرتن لەوەی شەخسی بارزانیی مافی خۆکاندیدکردنەوە یان مانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتییدا هەبێت ، ئەمانە بۆی هەیە کەشێکی پڕ لە گرژیی تا ئاستی دووئیدارەیی لە هەرێمدا دروست بکات، بەڵام هەرچییەک بێت :

یەکەم : ئیمکانی کەوتنەوەی شەڕی ناوخۆ لە کوردستاندا بەشێکە لەو ڕێتۆریکی موبالەغە و هەوڵی چاوترساندنە کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ستراتیجییەتێک بۆ تێپەڕاندنی خواستە ناڕەواکانی خۆی بەکاری دێنێت.

دووەم : کەوتنەوەی هەر گرژییەک لەئاکامی پێداگریی ئەو هێزانە لەسەر شەرعییەت و وەستانەوەیان لەبەردەم تەماحکارییەکانی بارزانییدا، ئەو هێزانە سەبەبکاری نین . ئەمە وادەکات بەو ئەندازەیەی کە ئەو گرژییانە زیاد دەکەن ، بەو ئەندازەیە ئیمەیجی تەماحکارانە و بێشەرمانەی بارزانیی لەناوەندی نێودەوڵەتییدا زیاتر سەرئاو دەکەوێت و دەبێتە گوشار بەسەریەوە .

سێیەم : خۆپارێزیی لە گرژیی لەمڕۆدا ، گرژیی و شەڕی ناوخۆ و سەرکوتگەریی گەورە لە دواڕۆژی هەرێمدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت .

چوارەم: بەجیاواز لە مێژووی هەموو ئەو دووبەرەیی و سەنگەرگیریی و نەسازییانەی کە لە نیو سەدەی ڕابردوودا لەنێوان حیزب و هێزە سیاسییە جیاوازەکانی کوردستاندا دروست بوون ، ئەمە یەکەمجارە جەمسەرگیرییەک دروست بێت کە هەر تەنها پێکداتەقانی بەرژەوەندیی گروپە ڕکابەرەکان نەبێت ، بەڵکو سەرکەوتنی تەرەفێکیان و ژێرکەوتنی ئەویتریان مانای بۆ پرەنسیپێکی سیاسیی گرنگیش هەبێت . بە داڕشتنەوەیەکی تر : ئەوە جەمسەرگیرییەکە کە دەبێت هیوا بخوازین سازان لەسەر نەهێنشتنی نەکرێت .