شێرزاد شێخانی : بۆچی لەهەڕەشەکانی پارتی بترسین ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەسەروبەندی درێژکردنەوەی ویلایەتە کۆتاهاتوەکەی مەسعود بارزانی لەلایەن پەرلەمانەوە لە 30 حوزەیرانی 2013 دا ، لەگەڵ یەکێک لەئەندازیارانی پیلانەکە گفتوگۆمکردو لێمپرسی ” بۆچی یەکێتی ئەم دیاریە ئەبەخشیتە پارتیەوە لەکاتیکدا زۆرباش ئەزانیت کەوا ئەمە پێشێلکردنێکی رونی یاسایە ، لەپای چیش خۆی شەرمەزرای دونیاو قیامەت ئەکات ؟. وەلامی بەرێزیان ئەوەبو ” ئەتەوێ شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێتەوە “؟.

ئەوسا قەناعەتم بەم وەڵامە نەبو ، بەڵام لەراستیشدا ئەم وەهمە لەدوای خیانەتەکەی مەسعود بارزانی بەهێنانی سۆپای سەدام حوسێن بۆ سەر پەرلەمان لە 31 ئابی 1996دا رێی تیدەچوو،لەلای سیاسیەکانی یەکێتی وبگرە بەشێک لەخەڵکە سادەکەی کوردستانیش وەکو هەقیقەتێک چەسپابو ، بۆیە بەدرێژایی ساڵانی دوای شەڕی ناوخۆ زۆربەی حزبەکان بەحەزەرەوە مامەڵەیان لەگەڵ پارتیدا ئەکرد . ئەندامێکی دامەزرێنەری یەکگرتوی ئیسلامی کەئێستا لەناوچەی بادینانە زۆر بەراشکاوی دانی بەوەدانا کەوا لەژێر فشاری پارتیدا هەڵوێستی دژی لابردنی مەسعود بارزانیە دەربڕیوە ، پاساویشی ئەوەبو کەوا بارەگاکانیان دوجار لەبادینان سوتێنراوەو کادیرانیان کوژراونو ، لەسلێمانی کەس شەقیشی بەرنەکەوتوە .
سەرۆکی فراکسیۆنەکەشیان لەپەرلەمانی کوردستاندا داوای یاسایی تۆمارکردوە دژی ئەو کەسانەی هەرەشەی کوشتنیان لێکردوە بەسیمکارتی کۆرەک تیلیکۆمەوە .
بەشێکیتری ئەم حزبانە نەوەک لەترسنۆکی و بێغییرەتی بەرامبەر بەپارتی ، بەڵکو لەبەر هەستکردنیان بەمەسئولیەت و بۆ ئەوەی لەگەل حزبێکی سەرشێتی خیانەتکاردا نەگەنە ناکۆکیەک بەفرکانێک سوپای تورکیامان بەسەرا بکات ، بەتایبەتیش کەوا پارتی لە 1997 دا دەبابەو فرۆکەی تورکیشی هێنایە سەر کوردستان ، ئێستاش هەلبەت بەرژەوەندیەکی زۆرو رێککەوتنی ژێربەژێریشی لەگەڵ تورکیای ئەردوگاندا هەیەو دور نیە بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانە تورکیا بەرگری لەمانەوەی پارتی و سەرۆکەکشی لەترۆپکی دەسەڵاتدا بکات .
جگە لەمانەوش هەندێ لەحزبە کوردستانیەکانیش هەن کەچاویان لەپشکە پشیلانەکەی سەرمێزی گەندەڵی و دزینی سەروەتو سامانی میللەتە ، لەم قەیرانەی دواییەدا هەندێ لەوانە هەقیقەتەکانیان ئاشکرابو کاتێک هەندێکیان داوای درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی ئەکەن یا بایکۆتی دانشیتنی پەرلەمان ئەکەن ، یاخود لەدژی کەمگردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم ئەوەستنەوە وەک ئەوەی جێگری سەرۆکی هەرێم لەپشکی ئەوان بێت .
ئەو وەهمەی ترساندنی میللەت باکگراواندیشی هەیە ، لەزۆر کەسم بیستوە کەوا یەکێک لەسەرکردەکانی پارتی بەئاشکرا وتبوی ” ئەگەر شۆرشمان پێنەکرێت ، ئەتوانین تێکی بدەین “!!.
تورکمانیش مەسەلەکەیان ئەڵێ ” یان ئۆینەرەم یا زیفلەرەم ” ئەمەش رێک واتای ئەوەیە بەشداریم پێنەکەن تێکی ئەدەم .
بۆیە پارتی وسەرانی بە هەڵە لەوە گەشتون کەوا حزبەکانیتری کوردستان کەهەندێجار سازش لەسەر تەنانەت مافی خۆشیان ئەکەن لەپێناو میللەتەکەیان لەترسەوەیە نەوەک لەبەر پاراستنی ئارامی وئەمنی نەتەوەیی و ئاسایشی هەرێمەکەمان ، ئەگینا هێزەکانی پارتی هیچکات ئەوەنە ئازاو قارەمان نەبونەو ناشبن بەرامبەر لایەنەکانی تر بوەستن بەدەلیل لەهەمو شەڕەکانی پارتیدا هەمیشە هانایان بۆ سوپای بێگانە بردوە .
ئەم وەهمە وای لەپارتی کردوە لەم قەیرانەی دواییەدا دەیانجار هەڕەشەو گوڕەشە لە حزبو لایەنەکانو لەکەسانی نوسەرو رۆژنامەنوسو رۆشنبیریش بکات .
پارتی و سەرانی کاتێک دەسخۆشی لەدو شەقاوەکانیان ناو پەرلەماندا کرد لەسەر ئەو هێرشەی کردیانە سەر عەلی حەمەێالحی پەرلەمانتاری گۆران ، بیریان چو کەباجی ئەو دو بۆکس وەشاندنە زۆر گران ئەکەوێت بەسەریانا ، چونکە بۆکسی شەقاوەکانیان لەناو پەرلەمادا پەیامێک بو بۆ گشت حزبەکانیتری کوردستان جگە لەگۆران کەوا ئەمە ماهییەتی پارتیو زمانە راستەقینەکەیەتی ، یا ئەبێت ملکەچی بۆ بکەیت یا ئەبێت رسوابیت ، بۆیەش هەڵویستەکەی گۆران پەرچەکرداریک بو بۆ سیاسەتەکانی پارتی نەک بەمەفهومی تۆڵەسەندنەوە ، بەڵکو لەدژی سیاسەتە هەڕەشەئامیزەکانی پارتی .
لەمەولاش پارتی هەر هەڕەشەیەک بکاتە سەر هەر هێزێکی سیاسی یاخود نوسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەنوسانەوە باجەکەی زۆر قورستر ئەبێت .
پارتی ئێستا هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە حکومەت ئەکات .. جارێ لەپێشدا ئەڵێم من هیچ کاتێک ئەم حکومەتەی پارتیم بەحکومەتی خۆم نەزانیوەو ناشیزانم ، رەنگە خەڵکێکی زۆریش لەمیللەتەکەی منیش هەمان دیدیان هەبێت بۆ ئەو حکومەتە گەندەڵەی 23 ساڵە بەسەرکردایەتی پارتی ئەو ولاتەی وێرانکردوەو نەیتوانیوە سادەترین پێداویستەکانی هاوڵاتی دابینبکات ، هەر لەسەرەتاشەوە رام وابوە کەوا هێزەکانی ئۆپۆسزیۆن بەشداری حکومەتی گەندەڵی پارتی نەکەن ، ئەم رایەشم بەبەرێز رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆرانیش راگەیاند ، چونکە پێموابو بزوتنەوەی گۆرانو هاوپەیمانەکانی زۆر جوانتر دەرئەکەوتن لەسەر کورسی ئۆپۆسزیۆنداو شوینی سروشتی خۆیان ئەوێیەو هەر لەوێش ئەیانتوانی خزمەتی باشتری میللەتەکەیان بکەن نەوەک تێوەگلان لەئیدارەیەکی گەندەڵی دزو خوێنخۆری میللەت .
ماوەیەک پێش ئێستاش لەوتارێکمدا داوام لەهێزەکانی ئۆپۆسزیۆن کردبو لەو حکومەتە بکشێنەوەو ماڵی قەڵپ بکەن بەسەری ساحیبیەوە ، ئێستاش ئەگەر ئەو حکومەتە گەندەڵە هەڵوەشایەوە ، ئەبی پارتی دڵنیا بێت لەوەی کەوا شینو شەپۆری بۆ ناکەین ، بەڵکو ئەبێت شاییو لۆغانی بۆ ببەستین ، چونکە میللەتەکەمان نەجاتی ئەبێت لەحوکمێکی دیکتاتۆرو گەندەڵی رزیوی پارتیو سەرکردەکانی .
خۆ ئەگەر ئەوان بتوانن دوای ئەوەش هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیش ساز بکەن یاخوا موبارەکیان بیت ، هیچ پێویست ناکات لایەنەکانیتر فرمێسکی بۆ برێژن ، ئەتوانن بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە تەزویرکارییەش بکەن کەپارتی بەتەمایە لەرێگەی ناونوسکردنی یەک ملیۆن ئاوارەی عەرەبەوە رێکیبخات .
با چاوەڕێ بین بزانین پارتی چۆن چۆنی ئەتوانێت حکومەتو پەرلەمانێکی یەکڕەنگ بەرێوە ببات . خۆ ئەگەر ئەم حیزبە جورئەتی ئەوەشی کرد مەسعود بارزانی بەسەر میللەتەوە بسەپێنێتو سیستەمی سیاسیش نەگۆرێت و دەسەڵاتەکانیشی کەمنەکاتەوەو بمانخاتەوە چوارگۆشەی یەکەمەوە ، ئەوسا ئێمەش قسەی خۆمان ئەبێت .