شێرزاد شێخانی : نەخشە رێگای دەرچون لەقەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسیە قوڵەی ئەمڕۆ روبەروی هەرێمی کوردستان بۆتەوە لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێم و ، بەهۆی پێداگری پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر مانەوەی بەرێز مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ دوساڵی تر ، لەبەرامبەریشدا جەختکردنی چوار لایەنی سەرەکی سیاسی ( یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، بزوتنەوەی گۆران ، یەکگرتوی ئیسلامی ، کۆمەڵی ئیسلامی ) لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و گۆرینی سیستەمی سیاسی لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانی ..
بەلەبەرچاوگرتنی رەوەشی ناهەمواری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەڕەشەپڕ لەمەترسیەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و بونی چەندین تەحەددیتر ، بۆ ئەوەی وەزعی سیاسی و ئەمنی وئابوری هەرێم لەوە زیاتر تێکنەچێت ..
ئەم نەخشە رێگایە ئەخەمە بەردەم هێزە سیاسیەکانی کوردستان بەهیوای ئەوەی ببێتە دەرەچەیەک لەم قەیرانە سیاسیە بەشێوەیەک هیچ لایەک زەرەرمەند نەبێت و، هەمو لایەنەکان براوەبن و پەرۆشی خۆشیان بۆ میللەتەکەیان دوپاتبکەنەوەو، بۆ دوساڵی ئاییندەش ئارامی کوردستان بپارێزرێت و بەهەمو لایەکەوە هەوڵی تێپەراندنی ئەم رەوشە هەستیارو نالەبارە بدەین ..

نەخشە رێگای چارەسەری قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم
یەکەم: سازدانی کۆبونەوەی پێنج قۆڵی هێزە سەرەکییەکان بەبەشداریکردنی هەر چوار سەرۆکایەتی ( سەرۆکی هەرێم ، سەرۆکی پەرلەمان ، سەرۆکی حکومەت ، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ) . لەم کۆبونوەیەدا گشت لایەنە بەشداربوەکان رێککەوتننامەیەک ئیمزا بکەن لەسەر بەستنی دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ بریاردان لەسەر (3) سێ برگەی بەرنامەیکاری دانیشتنەکە بەم شێوەیە :
برگەی یەکەم : گۆرینی سیستەمی سیاسی کوردستان لەنیمچە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانی تەواو .. پەسندکردنی بەکۆی دەنگی ئەندامان (111) ئەندام .
برگەی دوەم : درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بەڕێز مەسعود بارزانی تاهەڵبژاردنی داهاتو لەساڵی 2017 بەدەسەڵاتەکانی ئێستاوە . پەسندکردنی ئەم برگوەش بەکۆی دەنگ (111) ئەندام .
برگەی سێیەم : هەڵوەشاندنەوەی لێژنەی 21 کەسیەکەی دەستورو فراوانکردنی بۆ 50 – 100 ئەندامی پسپۆرو شارەزای ناوخۆو دەرەوەی کوردستان بۆ نوسینەوەی دەستورێکی مۆدێرن ، کە تیاییدا سیستەمی پەرلەمانی بچەسپێت تیایدا ، لەگەڵ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک وگۆرینی پۆستەکە بۆ پروتۆکۆڵی ، لەدەقیکی وازحیشدا بنوسرێت ( هەر هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستان بۆی هەیە تەنها دو خول خۆی کاندید بکات بۆ هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی ( هەرێم و حکومەت و پەرلەمان ) .. پەسندکردنی ئەم برگیەش بەکۆی دەنک (111) ئەندام .

دوەم : دەکرێ بۆ هەردو کۆبونەوەی پێنجقۆڵی و کۆبونەوەی پەرلەمانیش نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان و کونسل و نوێنەری سەرجەم کونسلگەرییەکان وەکو چاودێر بەشداری بکەن ..
بەمشێوەیە هەم داواکاری پارتی دیموکراتی کوردستان دێتەدی بە درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی ئێستای هەرێم،هەم حزبە سیاسیەکانیش ناچار ناکرین سازش بکەون و دواتریش باجی ئەو سازشە بدەن چونکە دەنگدان لەسەر هەمو ئەو بریارانە بەکۆی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان ئەبێت ..