Stare

  ستاره‌ عارف : ده‌ستور بۆ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ پێشنیاره‌م ده‌رهه‌ق به‌پرس و دۆزی نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌که‌م و له‌داهاتودا بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان پێموایه‌ سودیان هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر لیژنه‌که‌ به‌هه‌ندی وه‌ربگرن ، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رکه‌وتنی هه‌ده‌په‌ له‌باکوردی کوردستان پێده‌چێت گۆڕانکاری ئه‌رێنی به‌قازانجی دۆزی کورد له‌باشوری کوردستانیش به‌کردار بکات و زۆرێک له‌و دۆسێ و دۆزانه‌ی وه‌ک ته‌نیا پارچه‌یه‌ک بیری لێده‌که‌ینه‌وه‌ .

له‌مانایه‌کی فراوانترو به‌رینتری کوردستانی گه‌وره‌دا شوێن بگرن و بکه‌ونه‌ خانه‌ی سروشتی خۆیانه‌وه‌و ئه‌وکاته‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر پێکه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی ته‌واوی پێگه‌ یاسایی و رامیاریه‌کانی گه‌لی کورد بکه‌ین ، به‌ڵام هه‌نوکه‌ ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان ده‌نوسرێته‌وه‌و ناکرێت به‌بیانوی رودانی ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ ، که‌هێشتا کات و ماوه‌که‌یان دیاری نیه‌ ، سه‌رله‌به‌ری کاری لیژنه‌ ده‌ستوریه‌که‌ی باشور هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌و رابگیرێت ، بۆیه‌ پێشنیاری یه‌که‌مم به‌م جۆره‌یه‌ :

له‌مادده‌ی »2» به‌شی یه‌که‌م : باسی سنوری کوردستان و پێگه‌ی جوگرافی و مێژوه‌که‌ی کراوه‌ ، سنوری باشور ته‌واو دیاری نه‌کراوه‌ ، هه‌ندێک له‌ناوچه‌کانی مادده‌ی 140 به‌سنوری کارگێڕی پێش ساڵی 1968 ناویان هێنراوه‌ و ئه‌وانیتر به‌که‌رکوکیشه‌وه‌ له‌به‌شی دوه‌مدا، به‌سنوری سیاسی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌و ناوی هێنراوه‌و به‌جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستوری عێراقیه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه‌ .

* به‌بۆچونی من پێویسته‌ له‌هه‌مواری نوێی ده‌ستوردا لیژنه‌که‌ به‌جه‌ساره‌ته‌وه‌ ، سنوری باشوری کوردستان بێ ئه‌ندێشه‌ یه‌کلایی بکه‌نه‌وه‌و دیاریی بکه‌ن ، بێ ئه‌وه‌ی ناوی ماده‌ی 140 بهێنرێت ، چونکه‌ ئێستا ئیدی دوای شه‌ڕی داعش، ره‌وشی سیاسی و جوگرافی و کارگێڕی باشوری کوردستان گۆڕانکاری به‌سه‌رداهاتوه‌و ناکرێت مادده‌که‌ وه‌ک پێشتر تێپه‌ڕێنرێت .

* له‌نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوردا کوردستان ، به‌ناوه‌ کوردی و نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی به‌باشوری کوردستان ناوبهێنرێت و له‌ده‌ستوردا بچه‌سپێنرێت ، ده‌ست له‌ده‌سته‌واژه‌ی کوردستانی عێراق هه‌ڵبگیرێت ، هه‌روه‌ک ئاماده‌کاریه‌کیش بۆئه‌وه‌ی بڕیاره‌ باشور له‌داهاتودا سه‌ربه‌خۆیی یان ده‌وڵه‌ت ، یان هه‌ر ستاتۆیه‌کی تر راده‌گه‌یه‌نێت و له‌عێراق جیاده‌بێته‌وه‌ .

* هه‌موو ماده‌و بڕگه‌کانی ده‌ستوریش بێ ئه‌ندێشه‌ی ئه‌وه‌ هه‌مواربکرێنه‌وه‌ ، که‌کوردستان له‌داهاتودا سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌وه‌ نه‌کرێته‌ گرفت ، که‌ تائێستا وتراوه‌ ، نابێت هیچ ماده‌و بڕگه‌یه‌کی ده‌ستوره‌که‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراق ناکۆک بێت ، به‌مانا دوربینی لیژنه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی کورد دواڕۆژ له‌عێراق جیاده‌بێته‌وه‌ ، ده‌بێت ئیدی ئه‌م ئه‌ندێشه‌یەیان له‌لا هه‌ڵبگرێت و گرفت نه‌بێت ، که‌ هه‌ر ماده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراق ناکۆک بێت .

* له‌مادده‌ی «11 »ی پڕۆژه‌ ده‌ستوره‌که‌دا هاتوه‌ .

یه‌که‌م : هه‌رێمی کوردستان_ عێراق ئاڵایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌ ، که‌ له‌ته‌ک ئاڵای فیدراڵیدا هه‌ڵده‌درێت .

* به‌هیوام ئه‌م بڕگه‌یه‌ به‌مجۆره‌ بگۆڕێت ، باشوری کوردستان ئاڵایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌و له‌کوردستان هه‌ڵده‌درێت ، پێموایه‌ ئیتر پێویست ناکات ، کوردستان دوای ئه‌و هه‌موو گرفت و قه‌یرانه‌ قوڵه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌تی و دنیایه‌ک سوکایه‌تی به‌کوردو پێشمه‌رگه‌و ئاڵای کوردستان له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه‌و به‌مه‌به‌ستی زه‌مینه‌خۆشکردنیش بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جیابونه‌وه‌ی کورد له‌و عێراقه‌ی به‌زه‌بر کوردی پێوه‌لکێنراوه‌ ، کورد مه‌ردانه‌و بێ ئه‌ندێشه‌ ، بڕوا به‌خۆی بهێنێت و شکۆ بۆ ناسنامه‌که‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و ئاڵای عێراق به‌هه‌موو جۆرێک له‌کوردستان دابگیرێت ، هه‌تا ئاستی قه‌ده‌غه‌کردن .

* له‌ماده‌ی »14»دا له‌باره‌ی زمانی فه‌رمی کوردستانه‌وه‌ ، له‌بڕگه‌ی یه‌که‌مدا : که‌زمانی کوردی و عه‌ره‌بی وه‌ک دوو زمانی فه‌رمی ده‌ستنیشانکردوه‌ ، له‌داموده‌زگا فێرکاریه‌کانی حکومه‌تدا مافی به‌کارهێنانیان هه‌یه‌ .
* ئه‌گه‌ر ته‌نیا زمانی کوری به‌فه‌رمی بناسێنرێت و عه‌ره‌بیش وه‌ک چۆن ئاماژه‌ به‌تورکمانی و سریانی کراوه‌ ، هه‌روا ئاماژه‌ی پێبکرێت و به‌و جۆره‌ بچه‌سپێنرێت ، که‌ له‌بڕگه‌ی دوه‌می مادده‌که‌دا هاتوه‌و به‌مجۆره‌ی لێبکرێت .

* زمانی تورکمانی و سریانی و عه‌ره‌بی زمانی فه‌رمین ، له‌ته‌ک زمانی کوردی ، له‌و یه‌که‌ کارگێڕیانه‌دا، ئه‌وانه‌ی به‌و زمانانه‌ ده‌دوێن ، زۆرینه‌ی دانیشتوان پێکدێنن ، ئه‌مه‌ش به‌یاسایه‌ک رێکده‌خرێت ، چونکه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زمانی کوردی به‌پێی ده‌ستوری عێراق دوه‌م زمانی فه‌رمیه‌ ، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێک کار به‌و مادده‌یه‌ ناکرێت ، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێکی سه‌ره‌کی ئه‌و گرفته‌ بۆ به‌که‌م زانینی زمانی کوردی و خۆ به‌بچوک زانینی به‌رپرسانی کورد له‌به‌غدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .

* له‌ماوه‌ی رابردودا یاسای ژماره‌ «6» ی ساڵی 2014 ، یاسای زمانه‌ فه‌رمیه‌کان له‌هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌ ده‌رچوێنرا ، به‌ڵام کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی یاساکه‌ ئه‌وه‌یه‌ ، که‌هیچ زاراوه‌یه‌کی کوردی دیارینه‌کرد ، ببێته‌ زمانی فه‌رمی و په‌روه‌رده‌و خوێندن له‌سه‌رتاسه‌ری باشوری کوردستان ، هه‌رچه‌نده‌ پێویستبوو زۆر بوێرو خه‌مخۆرانه‌ ، زمانی فه‌رمیشیان له‌گه‌ڵ ده‌رچواندنی یاساکه‌دا ده‌ستنیشانبکردایه‌و له‌و دڵه‌ڕاوکێ و نه‌بونی زمانی فه‌رمیه‌ رزگاریان بکردینایه‌ ، که‌بێگومان ته‌نیا لۆبیه‌کی ناو لیسته‌ جیاکانی ناو په‌رله‌مان و ئیراده‌و بوێری ده‌ویست .

* که‌په‌رله‌مان ئه‌مه‌ی نه‌کرد ، خۆ ناکرێت ده‌ستوریش ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ خه‌مساردانه‌ پشتگوێبخات و زمانی فه‌رمی باشوری کوردستان ، که‌ئاسانکاریه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له‌ده‌ستوردا نه‌چه‌سپێنێت ، ئه‌گه‌رچی ئه‌و زاراوه‌یه‌ی بۆ زمانی فه‌رمی دیاریده‌کرێت ، ته‌واو ئاماده‌و سازه‌ ، لێ ته‌نیا بڕیاری بوێرانه‌ی سیاسی بۆ چه‌سپاندن ده‌وێت ، پێشنیارم ئه‌وه‌یه‌ لیژنه‌که‌ ئه‌م پرسه‌ پشتگوێنه‌خه‌ن .