Newshirwan-Barzani

عەتا قەرەداخی : گۆڕینی سەرۆکی هەرێم یان فشاردرووستکردن بۆ مەکسەبی زیاتری حیزبی و کەسی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمرۆ 18ى تەموزە ، پاشی یەک مانگی تر کۆتایی بە ولایەتی سەرۆکی هەرێم دیت . تاکو ئێستاش هیچ سازان یان بڕیارێکی هەڵبژاردن نەدراوە . ئایا هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بۆشاییەکی یاساییەوە ؟ ئایا بەراستی ئەو چوار حیزبەى کە لە 23ى حوزەیران کۆبوونەوەى پەرلەمانیان کرد بۆ هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ، سەرکەوتوو دەبن لەو کارەیاندا ؟ ئایا ئەگەر ئەمان توانیان ئەو یاسایە هەموار بکەنەوەو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بگۆڕن ، پارتی هەڵوێستی چی دەبێت ؟ ئایا ئەگەر ئەمان شکستیان خواردو نەیانتوانی لە ناو پەرلەمان ئەوە بکەن ، دواى ئەوە چی دەکەن ؟ ئایا ئەم چوار حیزبە بە جیدی دەیانەوێت ئاڵوگۆر لە لوتکەى دەسەڵاتی هەرێمدا بکرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی مەسعود بارزانی بێت ، یان دەیانەوێت دەسەڵاتەکانی سنووردار بکرێت و هەر ئەو سەرۆک بێت و خۆیشیان هەندێ پۆست و مەکسەبی زیاتر وەربگرن ؟
گریمان ئەم چوار حیزبە دەیانەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتی مەسعود بارزانی بهێنن ، باشە بۆ ئەم مەبەستە دەبێت بە لایەنی کەمەوە پاڵێوراوێکی ئەوتۆیان هەبێت کە ئەهلیەتی ئەوەى هەبێت ببێتە سەرۆکی هەرێم ، مەبەست ئەوە نیە کە مەسعود بارزانی بەدیلی نیە ، بەڵام ئەگەر بەدیلی هەیە لە نێو ئەم چوار لایەنەدا ئەى بۆ بە هەموویان رێناکەون ئەو بەدیلە بکەنە پاڵێوراوی هەموویان و هەوڵبدەن لەرێگاى دەنگی خەڵکەوە هەڵبژێرێت و بەدەنگی جەماوەر دەسەڵات لە مەسعود بارزانی وەربگرنەوە ، نەک لە رێگاى پەرلەمانێکی کارتۆنی حیزبیەوە کە ئەهلیەتی ئەوەى نیە . باشە مەسعود بارزانی داوا دەکات ئەو دەیەوێت لە ناو خەڵکەوە هەڵبژێرێت . چوار حیزبەکەش دەیانەوێت سەرۆک لە ناو ئەو پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت کە خۆیان چاک دەزانن کێیان ناردۆتە ناو پەرلەمان ، کەواتە لێرەدا ئەوە ئاشکرا دەبێت کە مەسعود بارزانی متمانەى بە خەڵک و دەنگی خەڵکەو چوار حیزبەکەش لە برى خەڵک کە رووبەرێکی فراوانترە متمانەیان بە پەرلەمانە حیزبیەکەى خۆیان هەیەو متمانەیان بە خەڵک نیە . با وایدابنێین ئەم لێکدانەوەى ئێمە نادرووستەو لە جێگاى خۆیدا نیە. بەڵام بە پێی ئەو راپرسیەى کە ئێن ئاڕ تی کردویەتی و گوایە دەنگەکانی نەوشیروان مستەفا زۆر لە دەنگەکانی مەسعود بارزانی زیاترە . کەواتە با لە بەڕێز نەوشیروان مستەفا بپرسین ئەگەر ئەو راپرسیە راستە ئەى کەواتە ئەو بەڕێزە بۆچی خۆی ناپاڵێوێت بۆ ئەوەى مەسعودبارزانی و بنەماڵەى بارزانی پاسیڤ بکات و فڕێیان بداتە دەرەوەى دەسەڵات .
دیارە کاتێک کە نەوشیروان مستەفا خۆى ناپاڵیوێت تەنیا دوو لێکدانەوەى هەیە . یەکەم یان دڵنیایە ئەو راپرسیە درۆیەو ئەو ناتوانێت لە دەنگدانی خەڵکدا مەسعود بارزانی بۆڕ بدات . یان متمانەى بە خۆی نیە کە بتوانێت سەرۆکایەتی هەرێم بکات . هەروەک چۆن لە پێکهێنانی یەکەم حکومەتی هەرێمدا ئامادەنەبوو ببێتە سەرۆکی حکومەت ، تۆبڵێ نەوشیروان مستەفا خۆی لەوە بە گەورەتر بزانێت کە ببێتە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم یان سەرۆکی هەرێم و پێی وابێت ئەو پۆستانە بۆ ئەو کەمن ؟ ئەى ئەگەر وایە ئەم هەموو ململانێیە بۆ دەکات . ئەمە ئەو دێڕە شیعرەى ت . س . ئیللیەتی شاعیری بە ناوبانگی ئەدەبی ئینگلیزمان بیر دەخاتەوە کە دەڵێت : ئەگەر منداڵتان ناوێت ، ژن و مێردایەتی بۆ چ مەبەستە ؟ بێگومان ئەوەى کەمێک رۆشنبیری سیاسی هەبێت ، ئەوە چاک دەزانێـت کە هیچ سیاسییەک نیە ویست و تموحی دەسەڵاتی نەبێت ، دیارە هەر لەو پێناوەشدایە کە سیاسی و حیزبیەکان بە نەشیروان مستەفاشەوە چەندین کەسیان کردووەتە پلیکانەو بەسەر لاشەو خوێن و ژیانی ئەواندا سەرکەوتوون . لەبەرئەوە ئاشکرایە ئەوە قسەى گێل و کاڵفامەکانە کە پێیان وابێت کەسی سیاسی کە ململانێی دنیای کردبێت تموحی دەسەڵاتی نیە . بۆیە تەنیا لەبارێکی وەهادا کە کەسێک دڵنیا بێت خەڵک دەنگی دەدەنێ بۆ ئەوەى ببێـە سەرۆکی هەرێم و کش مەلیک لە مەسعود بارزانی بکات ، ئەگەر نەیکات یان متمانەى بە خۆى نیە کە ئەو کارەى پێبکرێت ، یان ئەم هەموو ململانێیە فشەو فیشاڵەو بۆ فریودانی جەماوەرەو لە پێناوی وەرگرتنی مەکسەبی زیاتردایە لە مەسعود بارزانی و دەسەڵاتی باڵادەستبووى حیزبەکەى ئەو لە هەرێمدا .
گریمان بەڕێز نەوشیروان مستەفا تەمەنی چووەتە سەرەوەو ئەو کەسێتیە نێو دەوڵەتیەشی بۆ درووست نەبووە کە بتوانێت ببێتە دەنگی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەو خۆیشی لەوە تێگەیشتبێت کە تازەش بەو تەمەنەوە ناتوانێت ببێتە کەسێتیەکی لەو جۆرە . بەڵام دەکرا بە بزووتنەوەى گۆڕان و یەکێتی و بە لایەنە ئیسلامیەکان و خەڵکی سەربەخۆش بۆ ململانێکردنی بەدەستهێنانی سەرۆکی هەرێم لە رێگاى دەنگى خەڵکەوە، بە هەمووان کەسێکی وەکو دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵحیان بکردایەتە پاڵێوراوی هەموویان ، بەڵام دەنگیان پێبدایە نەک وەکو سەرۆکایەتی کۆمار پەرلەمانتارە کوردەکانیان راسپارد دەنگیان دا بە بەسەزمانێکی وەکو فوئادی مەلا مەعسوم . ئەگەر ئەم چوار لایەنە بە جیدیان بوایە کە دەیانەوێت سەرۆکایەتی هەرێم لە مەسعود بارزانی وەربگرنەوە ، دەبوا یەکێک لەم دوانەیان بکردایەتە پاڵێوراوی هەموویان ، یان نەوشیروان مستەفا یان بەرهەم ساڵح . وەکو گوتمان گریمان یەکەمیان نە تاقەتی ئەو کارەى هەیەو نە ئەهلیەتی تەواوەتی ئەو کارەشی هەیە ، بەڵام دووەمیان زۆرینەى ئەو بنەمایانەى هەیە کە بۆ سەرۆکی هەرێم لە ئێستادا پێویستن .
یەکەم ، بەرهەم ساڵح پیاوی دەوڵتدارییە و ئەزموونی جێگرى سەرۆک وەزیرانی عێراق و شێوازى کارکردنی ، تەنانەت عەرەبەکان شایەتی ئەوەى بۆ دەدەن ، هەروەک بریمەریش دەڵێت : بەرهەم ساڵح گونجاوترین کەسە بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق . هەروەها ئەم کەسێتیە لە رووى تەمەنەوە گەنجەو لە رووى دیپلۆماسیەت و ئامادەبوونیەوە بە کەسێکی دیارو لێهاتوو ناسراوە نەک هەر لە کوردستان و عێراقدا بەڵکو لە ناوچەکەو رووبەرێکی فراوانی جیهانی بڕیار بەدەستدا ، هەروەک پێدەچێت تۆڕێکی فراوانی لە پەیوەندی لەگەڵ پنت و دامەزراوەى جۆراوجۆرى جیهانیدا تەندبێت کە ئەوانەش بنەمان بۆ ئەوەى ئاسانتر لە کەسانی تر دەنگی هەرێم بێت بە رووی دەرەوەدا . لەسەر ئاستی ناوخۆش بە تایبەتی لە دەرەوەى حیزب پێگەیەکی جەماوەری هەیەو هەروەها ئەم نەوەى دواى ململانێی جەلالی و مەلاییەو بە ئاشکراش دیارە ئەو کێشانەى نەوەى پێش ئەم لە جەلالیەکان بە نەوشیروان مستەفاشەوە لەگەڵ بنەماڵەى بارزانی هەیانە ئەم نیەتی .. کە هەموو ئەمانە خاڵی بەهێزن بۆ ئەم کەسێتیەو ئەگەر یەکێتی و گۆڕان بەراستی مەبەستیان بوایە پاڵێوراوێکیان هەبێت هەم بنەمای پێویستی بوون بە سەرۆکی هەرێمی تێدا بێت ، هەم ئەهلیەتی ئەوەى هەبێت بچێتە کێبڕکێیەکی لەوجۆرەوە ئەوە بەرهەم ساڵح بوو ، بەڵام بە مەرجێک زۆرێک لە یەکێتی و سەرکردایەتی گۆڕانیش کە پێشتر یەکێتی بوون لەم دەساڵەى رابردوودا بەمجۆرە دژایەتیان نەکردایە ، بەڵکو بەو عەقڵیەت و ستراتیژە کاریان بکردایە ئەگەر پشتگیرى تەواوى ئەم کەسێتە بکرێت ئەوا دەتوانێت باشترین بەدیلی مەسعود بارزانی بێت بۆ سەرۆکایەتی هەرێم . دیارە ئێستا بە گۆڕانیش و یەکێتیش و ئیسلامیەکانیشەوە دەزانن بە هەموویان نەیانتوانیووە بەدیلێکی وەها بۆ مەسعود بارزانی درووست بکەن ، بۆیە تاکە شتێک بە دەستیانەوەیە ئەوەیە کە یاساى سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکرێتەوەو مەسعود بارزانی با خۆى سەرۆک بێت بەڵام لە ناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت ، لە پاڵ ئەوەشدا ئەمانیش هەندێ مەکسەبی زیاتر لە پۆست و لە داهاتی نەوت و شتی تر وەربگرن . ئەگینا پێناچێت هیچ کام لەم چوار لایەنە بیەوێت مەسعود بارزانی لابچێت . بەڵگەش ئەوەیە کە هیچ جێگرەوەیەکی ئەویان تاکو ئێستا دیاری نەکردووە . لەملاو ئەولاش گوێمان لێ دەبێت هەندێ فشە سیاسی کە ناتاوانن ماڵی خۆیان بەڕێوەببەن باسی ئەوە دەکەن خۆیان بۆ سەرۆکایەتی هەرێم دەپاڵێون . بەڵام دیارە کەس هین بە کڵاوى ئەوان ناپێوێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت