جیهاد موحەمەد : گەلی کوردی باشور ، چۆن لە قەیران و  نەهامەتییەکان رزگاریان دەبێت ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خەڵکی کوردستان ، لە گێژاوێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و کولتوورییدا خول دەخوات . دەریچەکانی رزگاربوون لەم خولگە و گێژاوە بکوژەدا لە لایەن کۆمەڵە حێزبێکی حوکمڕانی گەندەڵ و سازشکارەوە داگیرکراوە و قفڵدراوە ، کە زۆر جار بە ناوی کردنەوەی دەریچەکان سازش و سازان لەگەڵ یەکتریدا لە پێناوی مانەوەی دەسەڵاتگەرێتی خۆیاندا دەکەن ، نەک لە پێناوی کردنەوەی دەریچەی رزگاربوون لە قەیران و نەهامەتییەکان . شەڕ و ئاژەوە دەنێنەوە لەنێوان یەکتریدا و شەڕی ڕاگەیاندن دەگەیەننە چڵەپۆپە و خەڵکی بەش بەشکراویش ، ناحاڵیانە ، دوایان دەکەون و هەر بەشە و چەپڵە بۆ موزایەدەی حیزبێک لێدەدەن .

ئەم حیزبانە لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا ، لەگەڵ شەڕ و ئاژاوەنانەوەیان لە نێوان خەڵکدا لە ژێر ناوی مافی دیموکراتیانەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ، کە زۆر جار چەندین کەسی تێدا دەکوژرێت و چەندین کەس کەرامەت و شکۆمەندی دەشکێنرێت ، دەتوانم بڵیم هیچ شەو و رۆژێکی هەڵمەت و پڕۆسەی بانگهێشتکردن نییە، کە بێحورمەتی و شکۆ شکاندنی خەڵکی تێدا نەبێت ، لەگەڵ ئەمەشدا هەموو ئەم حیزبانە بە جۆرێک دەبن بە بانگخوازی دیموکراتیی و مافی مرۆڤ و یەکسانیی و رزگاری و ئازادی کێشە میللیی و کۆمەڵایەتیی و نەتەوەییەکان ، کە هەموو ئەو کوشتن و بێحورمەتیکردنەی خەڵک بە ئاسایی وەردەگیرێت و لە پێناوی ئەو ئامانجە گەورانەدا لە لایەن خەڵکی فریوخواردووەوە ، قبوڵدەکرێت .

کێشەی خەڵکی کوردستان ، تەنها ئەوە نییە ، کە ئەم حیزبە گەندەڵە حوکمڕانانەی کوردستان دەریچەی رزگار بوون و ئازادییەکانیان داخستووە ، بەڵکو زۆر زیاتر لەوە، زۆر ترسناکتر لەوە فریوخواردنی حیزبییەکانن ، فریوخواردنی ئەو حەشامات و جەماوەرە کۆیلەکراوە زۆرەیە ، کە بە دەوری ئەو حیزبانەوەن وسەرسام و شەیدای دەروێشانەی حیزب و سەرکردە حیزبییەکانن، ئەمانە هێزێکی گەورەن بۆ درێژەدان بە موزایەدەی سیاسیی ناو ئەو حیزبانە ، ئاوێکن لیخن و بۆگەن ، کە حیزبە گەندەڵەکان بە ئاسانی دەتوانن مەلەی تێدا بکەن و هەر رۆژەی بە شەڕێکی نەگریسی درۆزنانەوە خەڵکی سەرقاڵ بکەن و ئەسپی حوکمڕانیی و دەسەڵاتگەرێتی خۆیانیان تێدا تاو بدەن . ئەم ئاوە لیخن و پیسەی جەماوەری حیزبەکان بووە بە ئاوێکی پەنگخواردووی ژەهراوی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان . ئەوانەی لە دەرەوی حیزبن و حیزبیی نین و ئەوانەشی ئەندام و لاینگر و هەوادارانی حیزبن ، وەک ماسی گێژ بەو ژەهرە لەم ئاوە بۆگەنەدا خول دەخۆن . ئەوەتا بە بەرچاوی هەمووانەوە ، ئەم حیزبانە هەر ڕۆژەی شەرێک دەکەن لە سەر گۆڕینی سیستمی حوکموڕانی ، یان لەسەر گۆڕین و دەستاودەستکردنی دەسەڵات ، یان لەسەر هەموارکردنەوەی ئەم یاسا و ئەو یاسا ، یان لەسەر یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەیی و یەکگرتنەوەی ‌هێزی پێشمەرگە ، یان تۆمەتبارکردنی یەکتری بە جاش و دەڵاڵی بۆ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی ئقلیمیی ، یان تۆمەتبارکردنی یەکتری بە سەرچاوەی دزی و گەندەڵییەکان، بە سەرچاوەی قەیرانەکان، بە هەوڵدان بۆ لەتکردنی کوردستان و دەیان جار تەخوینی یەکتری دەکەن ، لە کاتێکدا کە هەموویان هاوبەشن و بە هاوبەشی حکومەتیان پێکهێناوە و هەموویان بەرپسن لە ژیانی ناهەمواری خەڵکی کوردستان .

تەنها کلیلێک بۆ رزگار بوونی هەموو خەڵکی کوردستان بە حیزبیی و ناحیزبییەوە ، بە دینیی و نادینییەوە ، خۆ رزگارکردنە لەدەست ئەم حکومڕانە گەندەڵانە ، سوود وەرگرتنە لە ئەزموونی ژیانی تاڵی بیست و چوار ساڵی رەبەق لە ژێر دەستی ئەم حکومڕانە نادیمکوراتە نادادپەروەرە نا یەکسان و ستەمکارانە ، ئەم ئەزموونە پێماندەڵێت : تەنها رزگاربوون ، خۆ رزگارکردنە لە دەست ئەم حیزبانە . بەڵام گەلێکی نەخوێندەوار ، گەلێکی بریندار و ئەنفالکرا و کیمیابارانکرا و ، گەلێکی خێر لەخۆ نەدیوی ژێر دەستەی نەتەوەپرستیی و شۆڤێنزمی عەرەبیی و بەعسیە دڕندەکان و سەدام حسەینی خوێنڕێژ ، گەلێک کە سەد ساڵ زیاترە بە ناوی “ کوردایەتیەوە  “  هەڵدەخەڵتێنرێت ، گەلێک ، کە بیست و چوارساڵە نەعەقڵانیەت و نادیموکراتییەت لە سایەیی حکومڕانی کۆمەڵێک حیزبی بە ناو دیموکرات و سۆسیالدیموکرات و ئیسلامی سیاسییەوە کراوە بە کولتووری ، گەلێک ، کە دەیان شەری حیزبیی پێکراوە و لەم شەڕانەشدا تووندوتیژیی بووە بە کلوتووری ، گەلێک ، کە بیست و چوار ساڵە ژن کوشتن و نایەکسانی ژن و پیاو لە ساییەی حیزبگەلێکی ئیسلامییەوە وا خریکە ببێت بە کولتووری ، گەلێک ، کە بیست و چوار سالە منداڵەکانی لە سایەیی پەروەردەیەکی نادیموکراتەوە پەروەردە دەکرێن ، گەلێک ، کە تەندرووستییەکی ناشایستە بە مرۆڤ ، کە نزمترین ئاستی ستنداری جیهانی تێدا نییە بووە بە ژیانی ، چۆن دەتوانێت سوود لە ئەزموونی خۆی وەربگرێت !، لە کاتێکد ، کە خەسەڵتی گەلی ئێمە و هەموو ئەو گەلانەی لە شێوەی گەلی کورددا بوون و ژیاون ، لاوازی یادەوەری  و ئەزموونیانە ، کۆڵی بیرکردنەوەیانە ، نەخۆشی بیرچوونەوە و فریوخواردنیانە ، ئیتر چۆن بتوانن سوود لە ئەزموونی ژیانی تاڵیان وەربگرن و خۆیان خۆیان رزگار بکەن و دوای ئەم حیزب و ئەو حیزبی جامبازی سیاسیی و بێویژدان ودرۆزن نەکەون !.

بە بڕوای من رزگاربوون لەم قەیران و نەهامەتییانەی ، کە گەلی کوردی تێکەوتووە ، بە هۆشیاربوونەوەی  کۆمەڵایەتی و سیاسییانە دەکرێت ، کە حەتمەن بۆ گەلێکی نەخوێندەوار و بریندار و پەککەوتە بە دەست ئەفسانە و غیابی عەقڵەوە ، گەڕانەوەی عەقڵ و هۆشمەندی و هۆشیاری دەبێت لەسەر دەستی کەسانی رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووس و پیاو و ژنە ئازاکاندا بێتە ئاراوە ، کە هەموویان خۆیان لە سەنگەری ئازادیخوازیی و یەکسانیخوازیی و دادپەروەرییدا دەبیننەوە لەگەڵ جیاوازی بیر و جیهانبینیشیاندا بۆ ژیان . کەواتە دەور، دەوری خەڵکە ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەند و پیاو و ژنە ئازاکانە ، دەور دەوری کەسە بە ئاگا و بە ویژدانەکانە ، دەور دەوری عەقڵ و عەقڵگەرایی و گەڕانەوەی عەقڵە بۆ میللەت ، دەور دەوری کەسانی شۆرشگێر و خۆنەویست و خۆبەختکەر و خەباتکارانی سیاسیی و مەدەنییە ، دەور دەوری کۆمەڵ و ناوەند و ریکخراوە مەدەنییەکانە بۆ برەودان بەو هۆشیاریی و هۆشمەندییە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە .

هەڵبەت کاتێک کە ناوی حیزبە حکومڕانەکان دەبەم ، ئەوە باش دەزانم ، کە هەر حیزبە بە گوێرەی قورسایی خۆی هاوبەشیکردووە لە هێنانە ئارای ئەو خولگە داخراوەی ژیانی خەڵکی کوردستان ، دیسان ، کە ناوی جەماوەر و حەشاماتی دەوروبەری حیزبەکان دەبەم بە گشتگیری تۆمەتباریان ناکەم و دەزانم ، کە زۆریان دژی ئەو خوڵگە داخراوە دروستکراوەی دەستی حیزبەکانیانن ، سەرەڕای ئەمانەش ئەوەش باش دەزانم ، کە تا هەنووکە لە هەموو حیزبە گەندەڵە حوکمڕانەکاندا کادری سەرکردە و پێشکەوتووی زۆر هەن ، کە خوازیاری ئەم حاڵەتە ناهەموارەی کوردستان نین و کەی بۆیان رێکەوێت دژی حیزبە گەندەڵەکانی خۆیان دەوەستنەوە . بۆیە هەموو ئەو خەڵکە بە ویژدانانە ئەگەر ئازابن و بوێرانە لەگەڵ ویژدانی زیندوی خۆیاندا مامەڵە بکەن و ، نەترسن لە ئازادی، دەتوانن لە یەک سەنگەردا کۆببنەوە و کلیلی دەریچەی رزگاری گەلی کورد لەم حیزبە داگیرکەرانە وەرگرنەوە .

دەفەرموون ئەی خەڵکی ئازادیخواز ، حیزبییت یان لە دەرەوەی حیزبیت ، دینییت یان لە دەروەی دینیت ، خوێندەواریت ، یان نەخوێندەوار ، ژنیت یان پیاو، لاویت یان کامڵ ، با پێکەوە هەڵوێستی ئەم حیزبە حکومرانە گەندەڵانە ئیحراجکەین و پێکەوە دەست لە ناو دەست جیاوازییەکانمان قبوڵکەین و خۆمان رزگار کەین و خۆمان رێکبخەین لە بنکەوە بۆ لوتکە ، لە ژێرەڕا بۆ سەرەڕا ، هەرکەسە و لای خۆیەوە خۆی بە سەرکردەی مەیدانی و بە بەرپس بزانێت بۆ رزگار بوون لە دەست تاوان و کارەساتێک کە یەخەی بە کۆمەڵگا و میللەتەکەمان گرتوووە .