Smellzil

 ئاکۆ برایم : پێش کەمپین با هووها و پیاو سالارى ناخمان بکوژین .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى کەلەسلێمانى رویدا ، جا هەر کەس و لایەن و گروپێک بووبێت ، کارێکى تابڵێى شەرم ئامێز ونەفرین و قێزەون بوو ، زۆر ناخۆش و خەفەتاویى یە و ، هەموومان ئەخاتە ژێر پرسیارەوە . بوارى ئەوەش نى یە , کە کەس خۆى لێ بێبەرى بکات و . پاساو و هەنجەت بهێنێتەوە بڵێت é ئەوە کارى فڵان لایەنە ، یان کەسانى نارۆشنبیرن ، یان خەڵکانێکن هیچ پەیوەندیان بەسلێمانى یەوە نى یە ، نەخێر هەموومان لێى بەرپرسیارین و ، ئەو کارە ناشیرین و دزێوە سەرو سیماى هەموومان دەگرێتەوە ، کە پێویستە هەڵوەستەى لەسەر بکەین :

یەکەم ـ لایەنى دەسەڵات بەرپرسیارن لەبەرئەوەى لەکاتى ئەو رووداوەدا چەندین پۆلیس و کارمەندى ناوخۆ لەو ناوە حزوریان هەبوو ، هەروەها سەلامەتى گیانى هاوڵاتیان وپارێزگارى کردنیان لەهەر پەلامارو دەستدرێژى و ناهەقیەک ، ئەرک و واجیبى ئەوانە ، بەدەر لەوەش ، ئەوە بۆخۆى زەنگێکى وریاکەرەوەیە بۆیان ، تا بزانن کە داعش و ئوسوڵی و شانە خەوتوەکان خەریکە دەجوڵێن ، دەبێت ئەوشتە بەهەند وەربگیرێت ، نەڵێن مادام هێرش و هوها و گردبونەوەکە بۆسەر بارەگاى حزبى و حکومەت نەبووە و ، تایبەت بووە بەکەسێکى هاوڵاتى سادە ، هیچ خەتەر و مەترسى نى یە ، نا بەپێچەوانەوە ، پێویستە سەرەداوەکان بدۆزرێنەوە ، لانە و شوێنى کڕکەوتنى ئەو مامۆستاو کەسانە ئاشکرابکرێن ، کە لەژێر پەردەى ئیسلامى و ریش شەڕواڵى کورتدا ، بەناوى دین و شەریعەت ، لاوانى کەم ئەزموون نابەڵەد بە ئاین لەخشتە دەبەن .
دووەم ـ بۆ سلێمانى و نازناوى پایتەختى رۆشنبیرى و روناکبیرانى قورس دەکەوێت ، کە تا هەنوکە نەیانتوانیوە ، کۆمەڵگا و نەوەیەکى رۆشنبیر و کراوە و پڕ لە مەعریفە بەرهەم بهێنن ، کە ژنانیش وەک مرۆڤ تەماشا بکەن ، لەکاتى بینینى لەش و لارى ژنان بەلایانەوە شتێکى سروشتى ئاسایى بێت ، لەگەڵ ئەو هەموو بنکەى رۆشنبیرى و ، گۆڤار و رۆژنامە و سەندیکا وکەلتور خانە و زانکۆ وپەیمانگاى جۆراوجۆر و ، خانەى رۆشنبیرى یانەدا ، لەبرى ئەوەى بەرەو پێش بڕۆین ، ئاوات بۆ ساڵانى حەفتاو هەشتاکان دەخوازین .
گەربیرمان بێت ساڵانى پێشوو بە بەردەوامى کۆڕ و سیمینار و ئەڵقەى رۆشنبیرى وخولى پێگەیاندن بۆ گەنجان و لاوان دەکرایەوە ، تاڕاِدەیەکى باش کاریگەرى دەبوو ، بەجۆرێک کە خەڵک وەها پێشکەوتوبوو ،کە هۆڵەکان جمەیان دەهات ، ئەو دەمە نرخى کتێب لاى خەڵک لە نان و ئاو بەقیمەت تربوو . لەلایەکى دیکەوە بۆشایى دەسەڵات و قۆستنەوەى بارودۆخى ئێستاى سلێمانى بەتایبەتى و، کوردستان بەگشتى و ، بەخۆدا هاتنەوەى بەناو ئیسلامییەکان ، بەدانانى مزگەوتى تایبەت بەخۆیان و ، پێگەیاندنى بەچکە داعش و ئوسامەکان و زاخاودانى مێشکیان بەبیرى توندڕەوەى و ، کردنەوەى کەناڵى تەلەفزیۆنى و ، لەرێگەیەوە هەموو ئامانج و مەبەست و سیاسەتى خۆیان بەسانایى وبێ هیچ رێگرو بەربەرستێک دەگەیەنن ،کە بە ئاشکراو بێ پەردە تەکفیرى میللەت دەکەن و ، خەڵک بەلادەرو گومڕاو کافر ناو دەبەن ، بەناراستەوخۆش خزمەتێکى باش بەداعش و وەهابی و توندڕەوەکان دەگەیەنێت .
ئەمانە بوونەتە پاڵپشت وهۆکارى ئەو هوهایە . ئەمەش سەرەتاى دەرکەوتن و بزوتنى شەڕواڵ کورتەکانە کە بەنهێنى و لەژێر پەردەدا خۆیان رێک دەخەنەوە ، ئەوەى کە دەیکەن وەک راهێنان و تێستە تا بۆ سبەى سازو تەیاربن بۆ کاتى دیاریکراو و ، لە چاوەڕوانى سەعاتى سفردابن ،، کەئەمەش بۆخۆى مەترسیەکى زۆرگەورە و بۆمێکى تەوقیت کراوە و لەئان وساتدا زرمەیان دێت .
لەگەڵ رێزم بۆ هەمولایەک ، بەڵام بەبڕواى من کەمپین و لەبەرکردنى جل وبەرگى هاوشێوەى ئەو ژنەى کە دوچارى ئەو کارەساتە شەرمنانەیە هات ، هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت و ، کاریگەرى ئەوتۆى نابێت . چونکە ئەوەى دەکرێت و ئەنجام دەدرێت کاتى یەو ، بۆچەند سەعات و ماوەیەکى دیاریکراوە و کۆتایى دێت ، ئەوەى کە گرنگە و پێویستە کارى لەسەر بکەین ، کاریگەریمانە لەسەر گەنجان و کەسێتى کورد ، لە ناو خێزان، لەدەرەوە ، لەقوتابخانەو خوێندنگاکان ، بەپلەى یەکەم ئەوەیە کە وا لەکۆمەڵ بکەین ،کە ژن وەک مەخلوق وپلە دوو سەیر نەکرێت ، کە بەداخەوە بەدرێژایى چارەکە سەدەیەک نەمانتوانیوە لامان ئاسایى بێت کە هاوڕێ یەتى کچ وکور،ِ بەسروشتى وەربگرین ، خۆگۆڕین وپۆشینى جلى ژنان بەو شێوەیەى خۆیان بەدڵیانە کە سەرەتاترین ماف و هەقى خۆیانە لامان قبوڵکراو بێت .
تۆ دیققەت بە ، بەخۆشمەوە هەموان لەکاتى روداوێکى وادا گشتمان زمانمان درێژە و ، داکۆکى لە ژنان دەکەین، لەبەرامبەر بکەراندا هەڵوێستى توند دەنوێنین و ، شانامەو پەخشان بەباڵاى ژناندا دەهۆنینەوە . بەڵام کەهاتە سەر ئەمرى واقیع و ئەوشتە روبەروى خۆمان بوەوە ، بۆخۆمان رێگە نادەین کە کچ یان خوشک و دایکمان ، ئەو جۆرە جلانە لەبەر بکەن . پێمان قبوڵ نى یە کە کوڕێک هاوڕێیەتى کچەکانمان بکات ، لامان تاوان و بفەیە کە خوشکەکانمان بەمۆبایل قسە لەگەڵ کوڕاندا بکەن ، تەنانەت رێگا نادەین کچان و خوشکانمان بەویستى خۆیان بژین ، بخوێنن ، شوو بکەن ، لەگەڵ دەستە خوشکەکانیاندا بچنە بازاڕ و کافتریا و سەیرانگا و گەشتەکان . بەکورتى و بەکوردى هەریەک بۆخۆمان دیکتاتۆر و کەڵەگا و ئاغایەکین بەسەر کچان و ژنانەوە ، لەولاشەوە بۆ ئەوەى بیسەلمێنین کە لایەنگرى ئازادى ژنانین ولەگەڵ ماف و سەربەستى رەهاداین ،
فرمێسکى تیمساحى ئەڕێژین و،شین و واوەیلا بۆ ژنانى بەش مەینەت ئەکەین . بۆچەند ساتێک برۆفایل و پەیجەکانمان بە دروشمى بێ ناوەرۆک و ، قسەى
بێ کردارو ، وێنەى جۆراوجۆر ئەڕازێنیەوە ، بۆ رۆژى دواتریش فەرامۆشى ئەکەین وەک نەبامان دیبێت نەباران .
بەبڕواى من پێش کەمپین و ناڕەزایى و هەڵوێست وەرگرتن ، ئەوەى گرنگە و لەسەر هەریەکێک لەئێمە ئەرک و فەرزە ، ئەوەیە کە لەپێشدا شەڕى ناخى خۆمان بکەین ، دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن و پیاو سالارى ، لەهزرو بیرى خۆماندا بسڕینەوە ، ئەو هوها گەورەیەى ناو سینەمان خەفە بکەین بۆ ئەبەد بیسڕینەوەو کپى بکەین ، پاشان دەرگاى زیندانەکان لەکچان و ژنان بکەینەوە ، چۆن لامان ئاسایى و سانایە کە خۆمان خۆشەویستى دەکەین و سەیرى لەش ولارى کچان دەکەین ، هاوڕێ یەتى ، یان خۆشەویستى کچان دەکەین ، ئەبێت ئەوەش قبوڵ بکەین کە کچان و خوشکانى خۆمان گەر هەمان کاریان کرد ئاسایى و سادەبێت و ، بەرۆحى ریازى وەریبگرین ، خولاسەى کەلام ئەوەیە کە چى بۆمن رەوا و ماف و حەڵال بێت ، بۆ رەگەزى بەرامبەریش حەڵاڵ و رێپێدراوە ، بەدەر لەوە هەرچیەک دەیڵێن و دەینوسین پولێک ناهێنێت بەئەندازەى پوشێک بارى سەرشانى ژنان و مەینەتیەکانیان سووک ناکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت