26-07-2017 Meriwan-Wrya-Qnie

جیهاد موحەمەد : منیش لەگەڵ قسەکانی دکتۆر مەریوانی وریا قانع – دام  .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سێکۆلاریزمیی و باوەردارییی و دیندارییی بە دەنگە دەنگ و قڕە قڕ ناکرێت .

سێکۆلاریزمیی و باوەڕداریی و دینداریی بە هێرشکردنە سەر خودا و پەیامبەر و قورئان و عەلمانیەت و لیبراڵ و چەپ و مارکیسییەکان ناکرێت .

پشتیوانیکردن لە نووسینەوەی دەستورێکی سێکۆلار، بە هێرش و جنێودان بە خوداو پەیامبەر و قورئان و تەماشاکردنی هەموو موسڵمانان وەک یەک ناکرێت .

پشتیوانیکردنیش لە نووسینەوەی دەستورێکی ئیسلامیی ، بە جنێودان بە عەلمانیەکان و لیبراڵەکان و چەپەکان و مارکسییەکان ناکرێت .

هەموو ئەم جۆرە هێرش و جنێودانانە لە هەرچ لایەکەوە بێت ، لە دەستدانی دیالۆگ و وتووێژێکی مەدەننیانە بە دوای خۆیدا دەهێنێت .

بە بڕوای من ئەوەی کە زۆر زیاتر زیانی لێدەکەوێت لەم جۆرە هێرش و جنێۆدانانەدا بەرەی سێکۆلارە ، بەرەی گەلە ، ئەو بەرەیەیە کە دەیەوێت کۆمەڵگا بکات بە کۆمەگایەکی عەقڵانی و کولتووری دیمکوراتی فەراهەم بکات . هەڵبەت دینیش وەک دین وەک باوەڕداریی زیانی لێدەکات . بەلام هیچ کات جامبازە دینییە سیاسییەکان و ئەو ئاتیستانەی Atheist کە ئاتیستییەکەیان دەکەن بە دین  زیان ناکەن .

لەگەڵ ئەوەی بە تەواوەتی لەگەڵ نووسینەوەی دەستورێکدام لە سەر شێواز و بنەمای سیکۆلاریزم ، زۆر لایەندارێتی ناوەندی سێکۆلاریزمیشم کردووە و دەیکەم ، بەڵام لەگەڵ ئەو دۆست و هاورێ و کەسانەدا نییم ، کە بە ناوی سێکۆلاریزمەوە بە هەمان شێوە و شێوازی ئیسلامییە سیاسییەکان قسە دەکەن و لێدوان دەدەن و دەنووسن و هاتوهاواریانە و دژایەتی دین دەکەن ، بە جۆرێک دەنگی خۆیان بەرز کردۆتەوە بەرامبەر بە دین ئەگەر بە دەستیان بێت و دەسەڵاتیان بێت هەموو مزگەوتەکان دادەخەن ، ئەم جۆرە کەسانە بیانەوێت یان نا ، بە مەبەست ئەوە بکەن یان نا ، خەنجەرێکی ژەهراوی دەدەن لە بڕبڕەی پشتی سێکۆلاریزم . ئاخر سێکۆلاریزم دین نییە ، سێکۆلاریزم ئایدۆلۆژیەت نییە ، سێکۆلاریزم بە زۆر و بە ستەمکردن و دژایەتی جێبەجێناکرێت ، سیکۆلاریزم سیستمێکی عەقڵانی بەڕێوەبردنە ، سیستمێکی زانستی فەلسەفی و دیدگایەکی جیهانبینی قوڵ و فراوانی دیمکوراتیزەکردنە و ، لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادیەکان هەڵنراوە ، چۆن من و تۆی سێکۆلار سوود لەو سیستمە وەردەگرین بە هەمان شێوە و بە هەمان پشک دینیەکیش سوودی لێوەردەگرێت بۆ دینداریەکەی خۆی ، چۆن دیندارێک سوودی لێوەردەگرێت ئاتیستێکیش سوودی لێوەردەگرێت و هەردوو لایان ئازد دەبن لە دینداریی و بێدینیی خۆیاندا .

هەندێک لە ئاتیستەکانAtheist ئاتیستیی خۆیان کردووە بە دین! دینییانە بیردەکەنەوە و دینییانە دەیانەوێت هەموو کۆمەڵگا داگیربکەن و هەموو کۆمەڵگا بکەن بە بێدین، خراپی ئەمانە هەر لەوەدا نییە کە ئەمە بیر و بۆچوونیانە ، بەڵکو زیاتر  خراپییان لەوەدایە ، کە بە ناوی سیستمی سێکۆلاریزمەوە ئەو دژایەتییەی دین دەکەن ، گەرەکیانە سێکۆلاریزم بکەن بە دین ، کە دین نییە ، لێرەشەوە دەیانەوێت ئەم بێدینییەی خۆیان بکەن بە بەری هەموو کۆمەڵگادا لە رێگەی سێکۆلاریزمەوە . ئەمانە دوو جار هەڵەن ، جارێک لەوەدا هەڵەن کە بێدینی ، دینداریی نییە و ئەگەر بە دینیشی دادەنێن بۆیان نییە ئەم دینە بسەپێنن بەسەر هەموو کۆمەڵگادا ، جارێکی تر بە ناوی سێکۆلاریزمەوە ئەم رەفتارە دەکەن کە ئەمە شێواندنی سێکۆلاریزمە ، نەک پشتویانیکردن لێی .

جیاوازی دین و سێکۆلار ، یان دەستوری دینی و سێکۆلار لەوەدایە ، کە دین یەک کتێب و یەک ئایدۆلۆژیەت و یەک دیدگا و یەک یاسا و رێسای خودی خۆی دەسەپێنێت بەسەر هەموو کۆمەڵگادا، لەم سیستمی بەرێوەبردنەدا تاک دەتوێتەوە ، بیر و بۆچوونە جیاوازەکان دەتوێنیەوە و هیچ بایەخ و سوودێکیان نامێنێت . واتە کۆمەڵگا دەبێت بە یەک رەنگ، بە یەک دەنگ ، بە یەک ریز و بە یەک دیدگا و بە یەک سیاسەت و بە یەک پەروەردە و بە یەک فەلسەفە .

بەڵام سیستمی سێکۆلاریزم، یان دەستوری سێکۆلاریزم ، گۆرەپانێکی فراوان و قوڵ فەراهەم دەکات لەبەردەم هەموو بیر و بۆچوونە جیاوازەکاندا ، دەرگایەکی گەوەرە دەخاتە سەر پشت بۆ دیالۆگێکی یەکسانانە ، هیچ بیر و باوەڕ و هیچ دیدگایەک و هیچ فەلەسەفەیەک ناتوانێت خۆی بسەپێنیت . بە تەواوەتی دەرگا و دەروازەی بە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا دەخاتە سەرپشت ، ئازادیەکان فەراهمدەکات، دین لەم سیستمەدا بە تەواوی مانا ئازادە ، بە تەواوی مانا دینیەکان و باوەردارەکان بۆیان هەیە تەعبیر لە دینی خۆیان بکەن و سروتی دینی و پیرۆزی دینی خۆیان بپارێزن ، بەڵام بۆیان نییە بیکەن بە ئەخلاق و کلوتووری هەموو کۆمەڵگا و بیسەپێنن بەسەر هەموو کۆمەڵگادا .

سیکۆلاریزم تەنها خۆی لە جیاکردنەوەی دین و دەوڵەتدا، دین و پەروەدەدا نابینێتەوە وەک هەندێک وا تەعبیری لێدەکەن، چەندین وڵات و دەوڵەت هەن ئەم کارەشیان کردووە و نەیانتوانیوە کولتووری دیموکراتی بە تەواوەتی فەراهامبکەن بۆ کۆمەڵگاکەیان، نموونەی نزیکیمان تورکیای کەمالیستەکانە، لەگەڵ ئەوەی بۆ خۆیان بۆ نەتەوەی تورک و لە ناوچە تورکیەکاندا تا ئاستێک کولتووری دیموکراتی و ئازادیان فەراهامکرد، بەڵام لەسەر حسابی جینۆسایدی گەلی کورد و ئەرمەنەکان و چەرکەسەکان، نەک هەر دیموکراتی نەبوون بەرامبەر بە نەتەوە و گەلانی تری ناو وڵاتی تورکیا بەڵکو جینۆسایدیشیان کردن ، کەواتە ئەو سێکۆلاریزمییەی تورکیا رەگەزپەرستیی بەرهەمهێنا نەک پێکەو ژیان و کولتووری دیمکراتی بۆ هەمووان وەک یەک، ئەوەتا ئۆرۆغان و حیزبەکەی دەیانەوێت هەموو تورکیا و کۆمەلگاکانی ناوچەکە بگێڕنەوە بۆ سەردەمی خەلافەتی عوسمانییەکان. کەواتە سێکۆلاریزم دەبێت عەقڵ و عەقڵگەرایی لە پشتەوە بێت، دەبێت یەکسانیی و ئازادییەکی تەواوی لە پشتەوە بێت، دەبێت دیموکراتیەت تیاییدا چەترێک بیت بەسەر هەمووانەوە .

لە سیستمی سێکۆلاریزمدا، چونکە لەسەر بنەمای دەستوری سێکۆلاریزمانە هەڵنراوە ، ئەگەر زانایەکی ئیسلامیش سەرۆکی وڵات بێت و بە هەڵبژاردن چ لە رێگەی پەرلەمانەوە یان لە رێگەی هەڵبژاردنەوەی خەڵکەوە بێت ، بۆی هەیە سەرۆک بێت و هیچ کەس و لایەنێک بە ناوی سێکۆلاریزمەوە بۆی نییە دژایەتی بکات. نموونە، لە وڵاتی هیندیی دیموکراتدا سیخێک بوو بە سەرۆکی وڵات .

بە داخێکی زۆرەوە زۆرێک لەوانەی پشتیوانی لە سێکۆلاریزم دەکەن ، هێرشی زۆر تووند دەکەنە سەر باوەڕدارە دینییەکان ، قسەی ناشیرین بە بەهەشتەکەیان و پێغمەرەکەیان و خواکەیان دەڵێن . ئەم رەفتارانە پێش ئەوەی دژایەتی دین بکات دژایەتی سێکۆلاریزم دەکات و خەنجەرێکی ژەهراویە دەدرێت لە بڕبڕەی پشتی سێکۆلاریزم .

پشتیوانیکردن لە سیستمی سێکۆلاریزم ، جیاوازە لە وتووێژی نێوان دیندارەکان و بێدینەکان ، جیاوازە لەوەی قسە لەسەر بوون و نەبوونی خودا بکرێت ، جیاوازە لەوەی رەخنە لە دین بگیرێت ، جیاوازە لەوەی رەخنە لە حیزبە سیاسییە ئیسلامییکان بگیرێت، ئەمانە جێگە و رێگەی خۆیان هەیە و تیاییدا هەردوو لا وەک یەک ئازادن بیر و رای خۆیان بگۆڕنەوە و بەرگری لە خۆیان بکەن .

ئێستا وتووێژەکە لە نێوان بەرەی بە سێکۆلارکردنی دەستور لە لایەک و بەرەی بە ئیسلامییکردنی دەستورە لە لایەکی ترەوە ، ئەگەر لێروە رەخەکانی هەردوو لایەنەکە لەیەکتری هاتە ئاراوە کە حەتمەن دێت ، زۆر ئاسایی و شییاوە ، بەڵام بە ئەنقەست لەم وتووێژکردنەدا باسی بوون و نەبوونی خودا بکرێت ، جنیۆ بە بەهەشتی موسڵمانن بدرێت، یان هێرشی نابەجێ و بێ ڕەوشتی بدرێتە پال عەلمانیەکان ئەمانە هەمووی شێواندنی وتوووێژەکەیە و هیچ لایەنێک سوودی لێوەرناگریت .

لە سیستمی سێکۆلاریزمیدا ، پێکەوە ژیان هەیە ، ئازادی تاک هەیە ، ئازدی دەربڕین هەیە، ئازدی دین هەیە، هەموو دینەکان وەک یەک، هیچ دینێک بۆی نییە سەرانە و جزیە لە دیندارەکانی تر وەربگرێت . لە سێکۆلاریزمدا دەرگای گفتوگۆکردن و هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەی جێندەر زۆر بە فروانی دەکرێتەوە. هەموو مەسەلەیەکی هەستیار چ ژن بگرێتەوە چ پیاو بگرێتەوە چ منداڵ بگرێتەوە چ هەموو کۆمەڵگا و بواری ئابووری و سیاسی بگرێتەوە هەموویان دەخرێنە بەر باس و لێکۆكۆڵینەوە و و لێتوێژینەوە و دیالۆگکێی یەکسانیانە بە شێوازێکی عەقڵانی لەسەریان دەکرێت ، هیچ مەسەلەیەک نییە بە خەیاڵ و ئەفسانە چارەسەر بکرێت ، بەڵکو بە هەموو شتێک دەخرێتە بەردەمی عەقڵ و عەقڵگەرایی و ئەنجامەکەشی بە یاسا رێکدەخرێت .