Zimnako

زمناکۆ ئیسماعیل : رۆژی کچانی پاکیزەیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نزیک بە دە رۆژ ماوە بۆ تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر داگیرکردنی شەنگال و ناوچەی قەیرەوان لەلایەن داعش ، کە لە رۆژی ٣ ئابی ٢٠١٤ و لەپاش ٧٢ جار لە ئەنفالکردنی ئێزێدییەکان لەنێو خاکی باوباپیرانیان ، جارێکی دیکە شەنگال و سنونێ و تەلعزێرو کۆچۆو ناوچەی قەیرەوانی باکوری رۆژئاوای موصڵ ، لەلایەن دەوڵەتەکەی داعشەوە داگیرکراو، ئەنفالی حەفتاو سێهەمینی بەسەردا سەپێنرا ، کە لەو ئەنفالەدا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ئێزێدی بەزەبری چەک لەخاکی خۆیاندا هەڵکەندرانو بەرەو شارەکانی هەرێمی کوردوستان راونران ، نزیک بە ١٠٠ هەزار کەسیش لەنێو چیای شەنگال بۆ ماوەی ١٢ رۆژ بەبێ ئاو خۆراک گەمارۆدران ، بەڵام دواتر لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و هێزی پاراستنی گەل هەپەگە، بەهاوکاری پێشمەرگە رزگار کران .

چیرۆکی کارەساتەکان لەپاش رزگارکردن و هێنانەخوارەوەی خەڵکانی سەر چیای شەنگال و شکاندنی ئەو گەمارۆیەی سەریان دەستپێدەکات ، بەر لەوەی کە ئێمە وەک رۆژنامەنوسێکی شاهیدحاڵی ئەو دۆخە ، بچینە نزیک چیای شەنگال ، دەیان کەسمان لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان و کانتۆنی جزیرێی رۆژئاوای کوردستان بینی ، کە چاوەڕوانی ئەوەبون ، کچ یان بوک یان خوشکو دایکیان ، یاخود کوڕو باوک و براو یەکێک لەمنداڵەکانیان ، لە نێو ئەو هەزاران کەسەدابن کە لەنێو ئەو چیایەدا گەمارۆ دراون ، هەموان بەئاواتی بینینەوەی نەوەو کەسوکارەکانیان لەبەر گەرمای مانگی ئابداو ، لەسەر رۆخی روباری دیجلەو لە نزیک فیشخابوری دەروازەی سنوری هەرێم و رۆژئاوای کوردستان دانیشتبون ، چاوەڕێی بیستنی هەواڵی ئەندامی خێزانەکەیان بون ، کەبەجۆرێک لەجۆرەکان لێیان وونببوو، هەواڵ هاتو گوتیان  ” شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و هێزی پاراستنی گەل هەپەگە ، بەهاوکاری پێشمەرگە ، نزیکبونەتەوە لە شکاندنی تەوقی سەر چیای شەنگا و دەیانەوێت دەروازەیەکی ئەمان بکەنەوە بۆ ئەوەی کە ئەو خەڵکە گیرۆدەبوەی سەر چیایی شەنگال بهێننە خوارەوە ” .  سەرەتا کەس نەیدەزانی ئەو خەڵکە گیرۆدەبوە چەند کەسن ،  بەڵام دەزانرا کە بەهەزارانن، نەدەزانرا کە چیرۆکی هەڵهاتنی ئەوان چۆنبوە ، بەڵام دەزانرا کە گشتیان ئێزیدین و لەدەست زوڵم و زۆری داعش هەڵهاتون ، نەدەزانرا کە چەند پاش ئەوان کەوتۆتە دەست داعش ، بەڵام دەزانرا کە لەکاتی بەرگری لەخاکی کوردستاندا بەدەیان ئێزیدی شەهید بوە ، نەدەزانرا کە کچانی پاکیزەی ئێزیدی ئەنفالکراون، بەڵام دەزانرا کە خەڵکێکی ئێزێدی بەدیلی کەوتونەتە دەست داعش .

پاش ئەوەی گەمارۆی سەرچیاکە شکێندراو لەماوەی ٧ رۆژدا و بەپێی پلانێکی تۆکمەو ، بەسەرپەرشتی ئیدارەی کانتۆنی جزێرێ لەرۆژئاوای کوردستان، ئێزیدییەکان برانە کەمپی نەورۆز و کاروان بەکاروان لەسەر خواستی خۆیان دەنێردرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان ، ئەوکات ئەوان بەخەڵکانی ئێزیدیی سەر روباری دیجلە  شاد بونەوە ، ئالێرەوە چیرۆکە جەرکبڕەکان کەوتنە بەرگوێمان ، دوبارە بونەوەی ئەنفال و بردنی کچانی پاکیزەیی ئێزیدییەکان .

لەوکاتانەداو بەپێی ئامارێکی سەرەتایی بۆمان دەرکەوت ، نزیک بە ٣ هەزار ئێزیدی قەتڵوعام و رەشەکوژی کراوە ، نزیک بە ٥ هەزار هاونیشتیمانی دیکە بێسەرو شوێنکراوە ، کە لەنێویاندا نزیک بە ٢هەزار کچ و ژنی ئێزیدی تەمەن ١٥ بۆ ٣٥ ساڵی تیادابوە ، لەهەمانکاتدا نزیک بە ٧٠٠ ژن و کچی سەرو ئەوتەمەنە لەنێو وونبوەکاندا بون .

ئالێرەوە ئەوە زانرا کەکوردانی ئێزێدی توشی جینۆسایدێکی گەورە بونەتەوە ،  لەنێو خاکی خۆیان بەزەبری چەک دەرپەڕێندراون ، رەگەزی نێر لەمێنەکانیان جیاکراونەتەوە ، پیاوو کورەکانیان قەتڵ و عام کراون و ژن و کچەکانیان براونەتە بازاڕەکانی رەقەو موسڵو تەلەعفەرو حەویجەو تکریتو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و بازرگانییان پێوەکراوە .

هەر لەپاش بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ئێزدییەکان لەلایەن چەند بانگخواز و موفتییەکی دەوڵەتەکەی داعشەوە هەواڵی جیهادی نیکاح بڵاوبویەوە ، کەئەوەش زیاتر بۆ  بەشەرعییەتکردنی دەستدرێژی سێکسی بو بۆ سەر کچانی ئێزیدی .

هەرچەندە لەورۆژە بەداوە کچانی پاکیزەیی ئێزیدی ، کەم تازۆرو بەهاوکاری تیمە تایبەتەکانی رزگارکردنی ئێزیدییەکان لەدەست داعش هەڵدێن و دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان ، رەنگە ئەوە بەتەنها هەوڵێک بێت بۆ ئەوەی کە ژیانی چەند مرۆڤێک رزگاربکرێت ، بەڵام هەوڵە گەورەکە لەپێشی هەموانە و دەبێت کاری بۆ بکەین، ئەویش رزگار کردنی میللەتێکە کە ٧٣جار ئەنفالکراوە ، بەبۆچونی ئێمە دەبێت رۆشنبیران و حکومەتی هەرێم و پەڕلەمان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و لۆبی کورد لەدەرەوەی وڵات هەوڵی ئەوە بدەن کە قەتڵ و عام و ئەنفال و دەرپەڕاندنی ئێزیدییەکان لە دونیادا بەجینۆساید بناسێنن ، بۆ ئەوەش کات و دەستپێک و کاری زۆری دەوێت ، رەنگە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو کارەش بە دیاریکردنی رۆژی پاکیزەیی کچانی ئێزیدی دەستپێبکەین باشترینە ، کە ئەو رۆژە هاوتا بکەین لەگەڵ رۆژی داگیرکردنی شەنگال و سنونێ و قەیرەوان و ناوچەی ئێزیدییەکانی دەوری چیای شەنگال ، وەک چۆن لەرابردودا رۆژێک دیاری کرا بەناوی رۆژی کۆبانێ ، یاخود رۆژێکمان بۆ ئەنفال و بۆ هەڵەبجە دیاریکردوە ، لەهەمانکاتدا دەبێت ئەو رۆژەش کە ٣ ئابە بکەینە رۆژی کچانی پاکیزەیی ئێزیدی ، کە رەنگە ئەوەش کلیلی کردنەوەی بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال و نەهامەتی ئێزیدییەکان بێت لەسەرتاسەری دونیا .