دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : پێتەختی رۆشنبیری ، دڵمت تەزاند .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر پیاو ئاگاداری رۆڵی مێژوویی ئافرەت بێت لە پێکهێنانی ئەم شارستێنەی ئێستا هەمانە ، دەبێ هەمیشە پێڵاوکانی بخاتە سەر سەری . ئەمڕۆ هوها ، سبەی تێزاب : رووداوەکەی شازدەی مانگ ، دڵی تەزاندم ، بەتایبەتیش لەبەر ئەوەی لە شاری سلێمانی روویدا ، ئەوەش لەبەر ئەوە نییە کە بۆخۆم خەڵکی سلێمانیم ، بەڵکو زیاتر لەبەر ئەوەیە کە سلێمانی وەک پێتەختی رۆشنبیریی کوردستان ناوزەد کراوە . ئەوجا کە لە پێتەختی رۆشنبیریی وڵاتێکدا کارەساتی ئاوەها دڵتەزێن روو بدات ئەوا ئاستی مرۆڤپارێزیی دەسەڵاتی وڵاتەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە ..

 لەیەکەم ساتدا کە لە میدیاکاندا ، لەسەر شێوەی پۆشاک پۆشین ، سووکاێتی پێکردنی ئافرەتێکم بینی لەلایەن چەند مێشک پووتێکەوە ، دڵم تەزی و یەکاو یەک ئەوەم بە هزردا هات کە ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر شێوەی پۆشاک هوها لە ئافرەت بکێشن ، سبەی وەک ئەفگانستان و داعشستان ، تێزابیشیان پێ هەڵدەپڕژێنن و لە بازارەکانیشدا هەڕاجیان دەکەن . بە هەڵەش نەچووم، هەر زوو دوای ئەوە هێرش و هەڕەشە کرایە سەر چالاکوان خاتوو ”  گۆنا سەعید ” و هاندانی لاوی لەخشتەبراو و مێشک پووتکراو بۆ تێزاب پێهەڵپڕژاندنی – دیارە ئاگادارین لە سەرەتای نەوەتەکانی سەتەی پێشووودا  تێزاب هەڵپڕژاندن لەسڵێمانی باو بوو .

ئەوەی ئەو رۆژە روویدا ، رووداوێکە نە ئاسییە و نە رێکەوتە . رووداوێکی پلان بۆ داڕێژراوە و لەسەردەمی داڕشتنەوەی دەسستووری باشووری کوردستاندایە ، ململانێی نێوان دوو بەرەی جیاواز. بەرەی عەلمانی و رۆشنبیران بەرامبەر بە بەرەی ئیسلامی کە دەیەوێت دەستوور لەسنووری سەوابیتەکانی ئیسلامدا بێت ، بەڵام کام سەوابیتی ئیسلامی ؟ ئیسلامییەکان بەو هووهایە دەیانەوێ بە میری بڵێن ، جەماوەر لەگەڵ سەوابیتەکانی ئیسلامدایە. ئەمەیان لە لایەک ، لەلایەکی دیکەشەوە ئەمە تاقیکردنەوەی دەسەڵاتیشە لە لایەن ئیسلامییەکانەوە بۆ ئەوەی بزانن دەسەڵات ” میری ”  چ کاردانەوەیەکی دەبێت بەرامبەر کاراکردنی شانە داعشە نووستووەکانیان .

 لەگەڵ هەبوونی ، میری و پاڕلەمانیشدا ” کە ئێستا بووەتە مزگەوتلەمان ”، بەڵام بەهۆی ناتەبایی پارتەکانی کوردستان – باشوور ، بەتایبەتیش یەکێتی، پارتی و گۆڕان ، زەلکاوێک بۆ ئیسلامییەکان رەخساوەتەوە مەلەی تێدا بکەن ئەوەتا بۆ بەدەستهێنانی چەند کورسییەک و دەستکەوتی حیزبیی تەسک، هەرلایەنەیان پشی پشی و مامە حەمەیی بۆ رەوتە ئیسلامییەکان دەکات ، بەتایبەتیش ئەوانەی کە هەتا دوێنێ لافی چەپڕەوی و ماوییێتییان لێدەدا ، دەیانەوێ دەستوور ئیسلامی ببێت . کارەساتەکە ئالێرەدایە ، بەهۆی شەرەپەڕۆ و ململانێی حیزبی لەناو خودی حیزبەکانیشدا ، ئاگا لە ئاسایشی نەتەوەەیی نەماوە، لغاو شلبووە بۆ ئیسلامییەکان بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن لە وڵاتەکەدا بکەن .  

سلێمانی : ئەگەر تۆ پێتەختی رۆشنبیریت چۆن ئەم سووکاێتیە بە دایکانی وڵات هەرس دەکەی ؟  ئەرێ بەڕاست ئەمەیە پێتەختی رۆشنبیری ؟ پێتەختێک رێگە بدات بە پیاو ، سمێڵی بتاشێ ، ریشێکی پان بهێڵێتەوە ، شەڕواڵێکی قارسکراو لەبەرکات ، چوار ژن بهێنێت و لەناو چواردیواری ماڵدا بەندیان بکات و لە هەموو دابونەریتێکی کوردەوەاری لابدات و بچێتە سەر دابوونەریتێک کە هەمووی لە نەریتی بیابانەوە سەرچاوی گرتووە ، بەڵام رێگە نەدات بە ئافرەت بە نەریتی سەردەمیانە و باوکو باپیرانی خۆی بپۆشێ ؟

رۆڵی سەرەکی لەبەرهەمهێنانی ئەو شارستینەی ئەوڕۆ لە جیهاندا هەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئافرەت . لەکاتیکدا ئافرت منداڵی بەخێو دەکرد و خواردەمەنی بۆ هەموو خێزانەکەی دەچنییەوە ، پیاو ئاگای لەقوونی خۆیشی نەبوو، نەیدەزانی کە ئەویش بەشێکە لە بەرهەمهێنانی منداڵ ، پاڵی لێدابووەوە و لەسەر رەنجی شانی ئافرت دەزەلایەوە . کاتێکیش زانی کە بەشداری وەبەرهەمهێنانەوەی نەویە، بە زۆرەملێ خۆی کردە خاوەنی منداڵ و ئافرەتی کردە کۆیلەی خۆی . لە راستیدا گرفتەکە لەودا نییەکە ئەم ئاین و ئەو ئاین چیان دەوێ و جۆن لە ئافرەت دەڕوانن . گرفتەکە لەوەدایەکە پیاو چی دەوێ .

ئاین دەستکردی مرۆڤە و خودا ” ئەگەر هەبێت ” هیچ ئاینێکی بۆ مرۆڤ نەنادووە . ئاخر چۆن خودا ئەگەر هەبێت دژی خۆی دەوەستێتەوە و هەر رۆژەو ئاینێک بۆ مرۆڤە دەستکردەکانی خۆی دەنێرێ؟ رۆژێک ئیبڕاهیم ، رۆژێکە مووسا، رۆژێك عیسا و رۆژێ محەممەد و پێویست نییە باسی ئەوانی دیکە    بکەین . ئەرێ بەڕاستی ئەمە ئەگەر جەهالەت نەبێت کێ بڕوا بەو خورافاتانە دەکات کە خودا هەر رۆژەو ئاینێک پیادە بکات؟ بۆ ئافرەتێک درووست دەکات و دەیکاتە کۆیلە و ژێردەستەی پیاو . باشە ئەو ئافرەتە کە دایکی پیاوە ، بۆ دەبێ نیوە مرۆڤ و کەم ئاوەز بێت ؟ با لە مەلاکانمان بپرسین ، ئەرێ مەلا ئەگەر دایکانمان کەم ئاوەز و نیوەمەۆڤ و ” عەورەن ” دەبێ ئێمەی پیاو چ بین ؟

ئالێرەدا دەڵێم ئەگەر خودایەک هەبێت و ئەوڕۆ بێتە خوارێ و هەموو رابا و قەشە ومەلای دنیا کۆبکاتەوە و پێیان بڵێت ( من ئیبڕاهیم ناناسم ، مووساشم نەناردووە بۆ رزگارکردنی جوولەکە لە میسر ، عیساش کورێ من نییە ، محەممەدیش راست ناکات و قوڕئان وتەی من نییە ،  هەموو راباو قەشەو مەلاکان ، دەمی لێدەکەنەوە، پپێیدەڵین ، خۆمان لەوە باشتر دەزانین بڕۆ لەکوێوە هاتووی بگەڕێوە بۆ ئەوێ .)

هەموو پارتەکانی کوردستان – جگە لە ئیسلامییەکان ، بەرپرسن لەوەی ئەو رۆژە روویدا . — دەڵێم جگە لە ئیسلامییەکان چونکە ئەوە بەرنامەی ئیسلامە ئییدی لۆمەی ئەوان ناکرێت . دوای چارەکە سەتەیەک لە بەڕێوەبەراێتی خۆجێیی( نیمچە سەربەخۆیی ) نەیانتوانیوە کۆمەڵگەەیەکی سەردەمیانە بنیات بنێن . کۆمەڵگەیەک کە ماف و ئازادی تاکەکەسی تێدا پارێزراوبێت . ئێستاش هاتوهاوار و مانگرتنی جەند کەسێک جارەسەری دیاردەکە ناکات ، من دەڵێم دیاردە ، چوونکە ئەمە رووداو نییە و لە نوەتەکانەوە سەری هەڵداوە .

ئەی چارەسەر چییە؟

لە راستیدا چارەسەر هێرشبردن و دژاێتی ئاین نییە . خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزاییش سوودێکی ئەوتۆیان نییە . چارەسەر پڕۆسەیەکی درێژخایەنە کە بریتییە لە کردنەوەی هۆشی کۆمەڵگە . ئەویش بەدوو هەنگاو دەکرێت . هەنگاوێکی کاتی؛ کە بریتیبێت لە سنووردارکردنی وتاربێژی مزگەوتەکان و رێگەنەدان بە هێرش بردنە سەر ماف و ئازادی تاکەکەس ، مزگەوتەکان لەژێر چاودێریدابن و لێپێچانەوە لە سنووربەزێنان بکرێت . هەنگاوی دووهەم وەک هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکان ئاین لە بەرنامەی فێرگەکاندا لاببرێت . ئەمەش دەکاتە ئەوەی پاڕلەمان، پاڕلەمان بێت ، نەک مزگەوتلەمان و دەستوورێکی عەلمانی بسەپێنێت . مەلا و بڕوادار با لەناو ماڵی خۆیان و مزگەوتدا خودای خۆیان بپەرستن و لێگەڕین دەوڵەتمەدار میری بەڕێوەبەرن .