bama-Erdogan

بەختیار شارەزوری : ووڵاتانی سەر هێڵی ئەمریكا  و هێنانەوەی توركیا وەك كارتی هاوسەنگی  .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دوای دەركەوتنی شۆڕشی ڕەنگاڵەیی ( ڕەنگاو ڕەنگ ) و دەركەوتنی داعش بە پێ‌ ی ئەو سیناریۆیەی ئەمریكا دایڕشتبوو , دوا 100 ساڵ جارێكی تر ئەگەری گۆڕینی نەخشەی سیاسی هاتوتە ئاراوە , وە گۆڕینی دەسەڵاتەكانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە ڕوودەدات , ئەگەر چی ئەمریكا بە پێ‌ ی ئەو پلانەی كە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا بە هاوكاری جۆرج وسوب دایڕشتبوو , نەیتوانیبێت سەركەوتنەكان بۆ خۆی مسۆگەر بكات , بەڵام دوای شكستەكانیشی كار لەسەر بەكار هێنانی جارێكی تر دەكاتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی  .

ئەگەر لە ئێستادا ئێران توانیبێتی ببێتە هاوكاری ناتۆ …. ناتۆ بە ناچاری مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزەدا بكات , كە پێ‌ ی وا بوو وڵاتێكی ترسناكە بۆ جیهان , بە تایبەت ئەگەر ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی , ئەوا ڕێككەوتنی نێوان وڵاتانی (5+1) و ئێران و ڕۆشتن بەرەو ڕێككەوتنی ئێران و ئەمریكا , بەردەوام هەر لایەكیان دەیانەوێ‌ پێش ئەوەی بچنە سەر مێزی گفتوگۆ كارتی یەكتر لاواز بكەن , دوای گرتنی ڕومادی و بەكار نەهێنانی هێزی ئاسمانی لە لایەن ناتۆوە كارتی دەستی ئێران كە پێ‌ ی وا بوو عێراق و حوكمڕانیەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئێراندایە , بە تەواوەتی لاواز بوو , ئەمریكا دەیەوێت هەموو كارتەكانی دەستی ئێران لاواز بكات یان بیسوتێنێ‌ , ئەمەش بەو مەبەستە دێت كە ئێران وەك مۆدیلی خلیجی بچێتە سەر سفرەی ناتۆ و ئەمریكا , بە واتایەكی تر دەیەوێت وەك وڵاتانی خلیجی لێبكات , كە ئەم جۆرە مۆدێلە بۆ وڵاتانی دەریای قەزوینیش هەر ڕاستە , با بپرسین چۆن دەیەوێت ئەم سیناریۆیە جێبەجێبكات ..؟                                     

كاتێك ئێران لە یەمەن خەریك بو بگاتە گەروی عەدەن و ترس لەسەر دەریای سپی و گەروی جەبەل تاریق دروست بوو , سعودیەی بەكار هێنا بۆ ئەوەی ئەو كارتە بسوتێنێ‌  و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە , كاتێك ڕومادی گیرا , ئەمریكا داعشی بەكار هێنا بۆ ئەوەی كارتی عێراقی ناو گیرفانی ئێرانی بسوتێنێ‌ , لە ئێستاشدا توركیای خستوەتە ژێر فشارەوە تا ئەمریكا لە ناوچەكەدا بۆ ڕوو بە ڕوو بونەوەی داعش تەنها پشت بە درێژكراوەكانی ئێران نەبەستێت و قۆڵی هاوپەیمانیەتیەكانی فراوان هەمە جۆر بكات , خۆ ئەگەر تەنها پشت بە ئێران ببەستێت ئەوا ئێران كارتی بەهێزتر دەبێت و پێداگیری زیاتر دەكات .

گەر ئەمریكا بیەوێت توركیا بهێنێتەوە , ئەوا دەبێت كۆمەڵێك گڵۆپی سەوز بۆ داخوازییەكانی توركیا هەڵبكات , ئەگەر چی پەكەكە سەر بە درێژكراوە ئێرانیە , بەڵام بوە بە بەشێك لە ستراتیژی سەربازی ئەمریكا , ئەمریكا دەیەوێت هێزیكی تری دژی پەكەكە بهێنێتە ناو گۆڕەپانی شەڕەكەوە , تا هەردوكیان بۆ لاوازكردنی یەكتر بەكار بهێنێ‌ و هیچ هێزێك پێ‌ ی وا نەبێت شەیركە شەڕی ئەمریكایە , لەم ڕێگەیەوە كاتێك توركیا هەڕەشەی دەركردنی لێدەكرێت لە لایەن ناتۆوە , ئەمریكا كاتێك هەڕەشەی سەربازی لە ئێران دەكات و كاتێك دەیەوێت ناوچەی دژەفڕین دروست بكات و بێدەنگ دەبێت لە بەرامبەر بەشار ئەسددا, هەمووی لە چوارچێوە كارتی هەڕەشەدا دێت , تا هەموو هێزەكان بە زەلیلی بباتەوە سەر سفرەی خۆی .

دوای ئەوەی پەكەكە و پەیەدە دەبنە هێزێكی گلوبال لەبەرامبەر داعش و دەبنە تەواوكاری هێزی وشكانی ناتۆ و ئەمریكا , ئەمریكا ئەو ڕاستیە دەزانێت كە بە تەنها هێزێك نابێت ببێتە ئەم تەواكاریە , بە درێژای مێژوو ئەمریكا هەر بەرەیەكی دروست كردبێت , یان هەر شەڕێكی كردبێت , بە تەنها هێزێكی نەكردوەتە شەریكی خۆی , بەردەوام چەند هێزێك دەكاتە شەریكی خۆی بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ لاوازكردنی یەكتر بەكاریان بهێنێ‌ , خۆ ئەگەر لە ڕوبەڕوبونەوەی داعشدا , پەكەكە لە ڕێ‌ ی پەیەدەوە توانیبێتی یاریەكی زۆر سەركەوتوانە بكات و ببێتە هێزێكی گلوبال بۆ شەڕی تیرۆر , ئەوا ئەمریكا چەندین هێزی نوستوی تری هەیە كە بیهێنێتە ناو شەڕەكەوە , كارتی دەستی هاوپەیمانەكانی لەم شەڕەدا یەكسان بكاتەوە و بەرامبەر یەكتر بەكاری بهێنێ‌ , لەم نێوەندەدا توركیا دەبێتە ئەو كارتەی بەرامبەر پەكەكە و پەیەدە بهێنێتە ناو شەڕەكەوە و پەكەكە خۆشی ئەو ڕاستیە دەزانێت بەشداری پێ‌ كردنی توركیا ئەو چاوپۆشیەشی لەگەڵدایە كە هێزی پەكەكە لاوازتر بكات .

توركیا لەو ڕاستیە گەشتبوو كە بە دەركردنی لە ناتۆ و گەیشتنی كورد بە دەریای سپی , جۆرێك لە مەرگی توركیا , بۆیە توركیا بە هەموو داواكارییەكانی ناتۆ ڕازی دەبێت , لە ژێرەوەش لەگەڵ داعش ڕێك دەبێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی ناتۆ دا , كەواتە ئەمریكا هەم دەیەوێت بەندەری جیهان هی خۆی بێت و بشگاتە دەریای سپی , وە دەیەوێت لەگەڵ ئێران ڕیكبكەوێت و هێزەكان دژی یەكتر ناو بە ناو بەكار بهێنێت , وە دەیەوێت لە چواچێوەی پلانیكی داڕێژراوادا لەگەڵ دۆستە تازەكەی (ئێران ) ناو بە ناو هەڕەشەی ڕاگەیاندن لەیەك بكەن , بەو مانایە ئەو هێڵەی كە ئەمریكا دایڕشتوە بۆ هەموو هێزەكان و بۆ هەموو وڵاتەكان , دەبێت هەمویانی تێدا بێت و هەموشیان بەرامبەر یەكتر بەكار دەهێنێت , بە جۆرێك هەمویان لە چوارچێوەی بازنەیەكدان و لەسەر یەك هێڵن و دەبێت هەمویان ببنە مۆدێلی خلیجی وەك سعودیە و ئوردن و كوەیت و قەتەر و بەحرین و ئیمارات , هەمویان لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەمریكا بن , ( ئەڵبەت ئەم هێڵەش دەولەی خەلافەتیشی تێدایە ) .

ئەوەی لە توركیا دەگوزەرێ‌ بە لێدانی پەكەكە و هێرشكردنە سەر داعش , گڵۆپی سەوزی ئێرانی و ئەمریكی تێدایە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردولایاندا , بە تایبەت كە توركیا بە تەواوەتی دوای پەراوێزخستنی لە لایەن ئەمریكاوە , بەو نەخشەی ئەمریكا ڕازی بو , وازی لە كەوتنی بەشار ئەسەد هێناو ڕازی بوە بەوەی كە سوریا ببێتە سێ‌ هەرێم و لە نێوان وڵاتاندا دابەش بكرێت و پاشان توركیا بگەڕێتەوە ناو عێراق و هەرێمی سونە بدرێتەوە دەست توركیا , دوا گرتنەوەی ڕومادی و موسڵ , بەڵام هەر ناتوانێت ئەو یاریانە بكات كە لە مێژوەوە بەرامبەر ئێران كردویەتی  .

دەبێت كوردیش ڕازی بێت بەوەی توركیا بهێنرێتەوە ناو یاری شەڕەكانەوە , پەكەكەش خۆی لەو ڕاستیە گەیشتوە كە ئاراستەی یارییەكان بەرە و كۆی دەڕاوات و لە چوارچێوەی ئەم سیناریۆ و تاكیتیكانەدا ئەم وردە شەڕانە ڕوو دەدەن , ئەوەش دەزانی كاتێك توركیا لە داعش دەدات گڵوپی سەوزی لێدانی پەكەكەشیان پێیە , ئەوەش دەزانی كە ئەمریكا نایەوێت لەم كاتەدا داعش لەناو بەرێت , بەڵكو دەیەوێت بیخاتەوە ناو بازنەی بەرژەوندیەكانی خۆیەوە , ئەوەش دەزانی كە توركیا دوای نەكەوتنی كۆبانی , هەمو هەوڵی خۆی دەدات و بۆ ئەوەی بێتەوە ناو گۆڕەپانەكە .

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەگەر داعش بكەوێتە شەڕ لەگەڵ توركیا , ئەوا بوشاییەكی سیاسی تر دروست دەبێت بە قازانی كارتەكانی ئێرانی , بە تایبەت پەكەكە , ئەو كات دەكەوینە بەردەم كۆمەڵێك ئەگەرەوە كە دەبێت كورد خۆی بۆ ئامادەكردبێت :توركیا و داعش كار لە سەر سیناریۆیەك بكەن , بۆ ئەوەی بچنەوە سەرخەتی ئەمریكا .

1 – ئێران و توركیا ڕیككەوتبێتن بیانەوێ‌ سیناریۆیەك جێبەجێبكەن , وەك لە مێژودا كردویانە .

2 – ئەمریكا و ئێران ڕازی بوبێتن , كە توركیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هەردوو وڵاتەكەدا بێننەوە مەیدان , ئەو كات ئێران كارتی پەیەدە بەشێكی دەفرۆشێ‌ , وە بەشار ئەسەدیش پارێزراو دەبێت , واتا كارتی لاوازكردنی پەكەكە و پەیەدە لەبەرامبەر مانەوەی بەشار ئەسەددا .

3 – ئەمریكا و ئێران كارتی یەمەن و سوریا ئاڵوگۆڕ پێبكەن , واتا ئەمریكا سعودیە بوەستێنی و حوسییەكان تۆزێك فراوانتر بكات و گوشارەكانی كەمتربكاتەوە , لێرەشەوە ئێران ڕازی بێت بە پلانی هاوسەنگی هێزەكان لەسەر هێڵی ئەمریكا .

4 – لە دوای گرتنی ڕومادی ئێران ڕازی بو بێت بە هاتنە ناوەوەی توركیا بۆ عێراق .

5 – یان هەموی سیناریۆ بێت لە نێوان توركیا و ئێران و ئەمریكادا , بۆ گرتنەوەی موسڵ و ڕومادی .

دوای ئەم ڕووداوانە ئەوكات یارییەكان وێنەیەكی تر وەردەگرێت و خوێندنەوەی تری دەوێت .