عیماد عەلی : پەیوەندی ستراتیجی کورد لەگەڵ کێدایە ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دیبلۆماسیەت بە واتا گشتیەکەی بە وەرەقەتۆماری رەسمی دیاریدەکرێت و دەبینرێت و هیچ کارێک بێ کۆنوس و رێکەوتنی رەسمی ناچێتە بواری دیبلۆماسیەوە ، کەچی تا ئێستا بۆ هیچ لایەک روون نیە کە پەیوەندیەکانی کورد لەگەڵ کێدایە و لە سەر کام بنەمایە و چون بەرێوە دەچێت و کێ بەرێوەی دەبات و ، بۆ حزب پیادەی دەکات بریاردەرە و بەم شێوە شکستیخواردووە و ، بەناوی حکومەتەوە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی چی دەکات و بۆ چی کارەکان شەفەویانە بەرێوەدەچن و هیچ شتێک تۆمار ناکرێت کە سەرەتاییترین مەرجەکانی کاری دیبلۆماسیە و ، کێ بە عەقڵ و رەفتار زۆر دیبلۆماسیە لە نێو کورددا .
وەک دەزانین خەڵکی دیبلۆماسی بە واتا لاتینیەکەی بە پیاوی دوو روو دادەنرێت ، لەناو کورددا کێ دوفاقیانە و دوو رووە بۆ قازانجی گەلی کورد ، ئەگینا لە نێوخۆ ولە دژ یەکتر و بۆ زەرەری ئەزمونەکە سەرکردەی دوورومان گەلێک زۆرە .
گەورەترین کێشەو وبەربەست لە رووی پەیوەدیەکانی کورد هەر وەک سەرجەم پرسەکانی تر ، رۆڵ و زاڵبونی حزب و قۆرخکردنی سەرجەم کایەکانی هەرێمی کوردستانە ، سەرەرای بونی بەناو حکومەتێک کە ئەویش حزب زاڵە بەسەریدا و تا ئێستا شەلەلە و هەر نوێنەر و سەرانی حزبە دەسترۆیشتوەکانە بەناو پەیوەندیەکان بەرێوە دەبەن . پەیوەندی دبلۆماسی ئەو کارە هەستیار و گرنگەی کە پێویستی بە عەقڵ و توانا و لێزانین و بیرکردنەوەی زانستی هەیە ، تا ئێستا هەرێمی کوردستان لێی بێ بەشە .
کێ بەرپرسیارە جگە لە حزبە قۆرخکارەکان و سەرکردە نەرجسی و لەخۆبایی و هیچ لەبارانەبووەکان و ، وەزعی تێکچووی نێوخۆی خودی گەلی کوردستان و ، نەزانین و بێ مەعریفەتی و بێ سەلیقەیی و ناشارەزایی و بێ ئەزمونی و ، لەئارا نەبونی عەقڵی لێهاتوو و لێزان و مێژووناس و بلیمەت و پرزانیاری و تایبەتمەند بە پەیوەندی نێودەوڵەتیەوە .
بە لێکدانەوەی ئەم واقعەی کوردستان کە لە سەرجەم بوارەکاندا ، لە ژوورە داخراوەکانی حزبەکانەوە هەنگاوی بۆ دەنرێت ، چاورەێی لەمە زیاتری لێ ناکرێت . وەزیری پەروەردە حزبیەکی نیمچە خوێندەوارە ، بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوە حزبیەکی ئینگلیزیزانە ، وەزیری خوێنی باڵا حزبیەکی خاوەن دوکتۆرای فەلی کوردیە ، وەزیری دارایی حزبیەکی سەرمایەدارە، هەر ئاوها بۆ سەرجەم وەزارەتەکان و لەو نێوەندەدا فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە سەرووی هەموویانەوە کاریگەری سەلبی لەسەر کۆی گشتی پرسی کورد هەیە، ئەوەی دەبینرێت جگە لە پەیوەندی شەخسی و حزبی و خێڵەکی هیچ پەیوەندیەکی بە کاری دیبلۆماسی و زانستی پەیوەندیەکانەوە نیە .
پەیوەندی ستراتیجی کورد رێگە پێدراوە یان ئەمەش چالاکی حزبی و ئیجتهادی تاکەکانی حزبە . دەکرێت پەیوەندیەکان لەسەر بنەمای زانستی مۆدرێن رێکبخرێن، یان وەک سەرجەم پرسە نێوخۆیی و دەرەکیەکانی تر گیرۆدەی دەستی حزب و بەرژەوەندیە تەسکەکان بن . تا ئێستا هیچ وێنەیەکی پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان لا ی هیچ کەسێک روون نیە و تەنها وەک پەیوەندی گەورە و بچوک و ئاغا و شێخ و مسکێن رەنگیداوەتەوە وەک چۆن لە نێوخۆی حزب و گەلی کوردستانیشدا وا دەروات ، خەڵک لەسەری راهاتووە و لەسەریان فەرز کراوە . ملکەچ بون بۆ ئەم وڵات و ئەو هیچ دادی کوردستان نادات ،، لە کاتی تەنگانەدا بەقەدەر ئەوەی بە رێکۆپێکی و زانستیانە و دروستی بەرژەوەندی و پێویستیەکانی بەرامبەر بخوێنیتەوە ، ئەمەش وەک کورد زۆر دوورە لەم لایەنەوە ، ئەوەی پەیرەو دەکرێت بەخێوکردنە لە لایەن وڵاتە زلهێزەکان و پێزانینە وەک چاکە دانەوەیەک لە عورفی کۆمەڵایەتیدا نەک کاری دیلۆماسیدا ، ئەمەش دەرئەنجامی ملکەچ بونە بۆ ئەویتر بە شێوەیەکی عاتفی و بە پشتخانی خێڵەکی دوور لە هەموو پێویستیەکی کاری پەیوەندی دیبلۆماسی .
وەک دەبینرێت پەیوەندیەکانی سەرجەم وڵاتانی جیهان بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە گۆرانێکی بەردەوامدایە و بە پێی پێویستی قۆناغ کێرڤی پەیوەندیەکان هەڵبەز ودابەز دەکات و تا رادەیەک هیچ لایەک بە جێگیری لەسەر یەک ریتم پەیوەندی خۆی نابەستێتەوە و تەکتیک و مانۆر و ستراتیج بونی هەیە و ، بە موو لانادرێت لە رێنمایە گرنگەکانی ناوەندەکانی ژووری توێژینەوەی ستراتیجی دیبلۆماسی ، کەچی لای ئێمە مەکتەب سیاسیەکان بە پێی روانینی خۆیان ئەم پرسە بەرێوەدەبەن و بەرژەوەندیە تەسکەکان هەنگاوەکان دیاری دەکەن . لەمەشدا ئەگەر کارەکان بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن مێژوو تا رادەیەک سروشتی و ئاسان بێت دەدرانەکانی کەم بن بۆ هەرێمی نیمچە سەربەخۆی وەک کوردستان زۆر سەختە و پێویستی بە عەقڵی داهێنەر و بە توانا و دڵسۆز و گەل پەرست هەیە نەک شەخس و حزب پەرست .
لەو رۆژەوە کە هەرێمی کوردستان چۆتە نێو ململانێی ناوچەکە وە تا رادەیەک بۆتە رەقەمێکی دیار ، کەچی کەس نازانێت لەژووری پەیوەندیە حزبیەکان کە جێگەی پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانی هەرێمی کرودستانی گرتۆتەوە چی دەگوزەرێت . کەس نەیبینیوە، لەکاتی سەردانیکردنی بەرپرسێکی باڵای کاریگەری نێودەوڵەتی لەگەل کۆمەڵێک خەڵکی پر مەعریفەت و زانین و خاوەن پشتخانی زانیاری دەوڵەمەند کۆببێتەوە و راوبۆچونیان وەربگرێت و حسابیان بۆ بکات ، تەنها بۆ ماوەیەکی کورت لەگەڵ تاکە کەس و بەشێوەیەکی هەرەمەکی کۆ دەبێتەوە و کەس نازانێت چ وەعد و قسەیەک دەکرێت و تەنانەت بەشێوەیەکی دیبلۆماسی تۆمار ناکرێت و بۆی هەیە پاش نیو سەعات لای هەر لایەکیانەوە بێت پاشگەز ببنەوە و کەسیش نەزانێت ، لەلایەکی ترەوە دەکرێت لایەنە دەرەکیەکان کاری خۆیان رایی بکەن و لەسەر حسابی کورد سەرجەم ئامانجەکانیان بپێکن و دواتر وەک بەرزکی بانان لێوەی دەربچن و کەسیش نەتوانێت لە نەبردنەسەری پەیمانەکانیان گلەییان لێبکات ، هەر ئەوانیش دەتوانن کورد بۆ مەرامی خۆیان بەکاربێنن و هەر کاتێک بیانەوێت پشتگوێی بخەن و بۆ هیچ کەسیش نەبێت رەخنەشیان لێ بگرێت ، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەوان فەرمان دەکەن و خەڵکی خۆ ویست و حزب پەرست ملکەچە بۆ سەرجەم داواکاریەکانیان کە لەبەرژەوەندی حزبی زیاتر هیچ قازانجێکی بۆ باری گشتی پی نیە ، بۆیە ئەگەری ئاشبەتاڵ هەمیشە زاڵە بەسەر پەیوەندیەکان و کاری سیاسی کوردستانەوە .
تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان پەیوەندیە نێوخۆییەکان لەسەر ئەو هێڵە بەندە کە رکابەریان لەسەر ئەوەیە کێ زاڵبێت لەسەرجەم بوارەکاندا و لەو رێرەوەشدا پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان زەرەرمەندن .
ئەوەی زۆر گرنگە لە بواری سیاسەت و بەتایبەتی کاری دیبلۆماسی وڵاتاندا کە هاوکاریەکی تەواو لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارە دبلۆماسیەکان و راگەیانداندا هەیە و هیچ ئامرازێکی راگەیاندنی گرنگی وڵاتان نابینرێت لەخەتی سوری بەرژەوەندی گشتی وڵاتەکەیان لابدات و تەنانەت یارمەتیدەری راستەوخۆیە بۆ خستنە بازاری هەندێک راوبۆچون و مەبەستی دیارکیراوی لایەنی پێویست بە سەرکەوتنی وڵاتان لە کاری دیبلۆماسیدا ، لە سەرجەم گفتوگۆکان بە ئاماژەدانی راگەیاندن بۆ بابەتێک چەندین قازانجیان بە گفتوگۆکارانی وڵاتانیان گەیاندووە ، بێ ئەوەی لایەنی بەرامبەر بزانێت و ئەوەی پێویست بووە بخرێتە بازارەوە و لە ژوورە تاریکەکانی گفتوگۆ پێداگریان لەسەر کردووە و رای بەرامبەریان لێ هەلهێنجاوە . تا ئێستا حکومەتی هەرێم لە هیچ کاتێکدا و بەهیچ شێوەیەک کاری لەم سەر ئەم بابەتە نەکردووە و تەنانەت لە تا هاتنی کەسانی دیبلۆماسی لە ساتەوەخت و کاتی گفتوگۆکانندا نەبێت ، کەس نازانێت چی لە هەگبەی میواناندایە و تا ئەو ساتەوەختەش هیچ دراسەتێکیان بۆ پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانیان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی جیهاندا نەکردووە و رۆڵی راگەیاندنیان بەهیچ شێوەیەک لەبەرچاو نەگرتووە و ، تەنانەت لە هەوڵی بەردەوامی ئەوەدان کە ئەم حزب بەخۆی بەتاق و تەنهایی کارەکان بەرێوە ببات و چەند زەرەری هەبێت بۆ کۆی گشتی پرسی کورد لای ئەو هیچ مەسەلەیک نیە . دابەشبونی پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان هەمیشە کارە باشەکانیش سفردەکاتەوە . لێرەدا دەپرسم ، وڵات هەیە لە جیهاندا پەیوەندیەکانی لەسەر دوو تەوەر رێکبخات و هیچ لایەک بەوی تر نەزانێت کە لە پەیوەندیەکانیدا چی دەگوزەرێت . یا لە ململانێی نێودەوڵەتی حساب بۆ ئەگەرە نەخوازراوەکان نەکەیت و ، تەنها لەسەر یەک رێچکە برۆیت و دوارۆژ بخەیتە دەستی قەدەر و قەجەر ئاسا تەنها ملی رێگە بگریتەبەر و بەتەمای دۆزینەوەی لەوەرگایەکی لەناکاو بکەیت .
دەکرێت تۆ لە وەزعی ناوخۆدا شکستت هێنابێت و حسابت بۆ هیچ شتێک و ئەگەرێکی پاشەرۆژ نەکردبێت ، لە کارید دیبلۆماسیشدا هەمان رەفتار بکەیت و جەختیش لەسەر مانەوە لەسەر کورسی بکەیتەوە . ئەگەر خەڵکی کوردستان لەسەر نائارامی و نەبونی دڵنیایی نێوخۆ ئارامیان گرتبێت لە ئاستی پەیوەندی پرسەکە پەیوەستە بە سەرکردایەتیەوە و هیچ پەیوەندیەکی بە خەڵکەوە نیە، بۆیە شکستی پەیوەندیەکان و بێ ئەنجامبونی بە شێوەیکی رەها لەسەر سەرکردایەتی کورد دەژمێدرێت نەک بارودۆخە خودی و بابەتیەکەی کوردستان .