Qandil.-Bordwman

هەورامان عەلی : لەودیو هێرشەکەی قەندیلەوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەرەنجام دوای زیاتر لە دوساڵ حکومەتە ئیسلامیەکەی ئاکەپە ئاگربەسە یەك لایەنەکەی بەشێوەیەکی فراوان ، پێشێلکرد . هەر لە ڕۆژانی یەکەمەوە هەلسوکەوتەکانی ئاکەپە گومانی گەورەی لەسەر پرۆسەی ئاشتی دروستکردبوو . بەلام جێگەی خۆیەتی بپرسین بۆچی لەم کاتەدا دەوڵەتی فاشیستی تورکیا جارێکی تر بەم شێوە فراوانە لە هەوڵی هەڵگیرسانەوەی جەنگ و کوشتاردایە ؟!

لەڕاستیدا گەلێك هۆکار هەن دەولەتی فاشت و حکومەتە ئیسلامیەکەی ئاکەپەی ناچارکرد ، ئەم پەلامارانە دەست پێبکات ، گرینگترینیان ئەمانەن :

یەکەم : لە بنەرەتەوە دەولەتی تورکیا و حکومەتە ئیسلامیەکەی ئاکەپە ، نە بڕوای بە ئاشتیە و نە پرۆژەیەکی پێیە بۆ چارەسەری گرێکوێرەکانی تورکیا ، لەوانەش دۆزی کورد . ئامانجی دەولەتی تورکیا لە پرۆسەی ئاشتیدا ئەوەبوو بتوانێ بە هەندێك کرانەوە و وردە ڕیفۆرم دۆزی کورد و بزوتنەوە شۆرشگێرانەکەی بەتەواوەتی لە نێو بەرێت . بەلام وشیاری تێکۆشەرانی باکور پرۆژەکەیان سەرەوبن هەڵگەراندەوە . سەرکەوتنە سەربازیەکانی شۆرشی خۆر ئاوا . سەرکەوتنە سیاسیەکانی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەی تورکیادا ، پەرەسەندنی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە نێوخۆدا . سەرکەوتنی دبلۆماسی سیاسەتی کوردی لە نێو سیاسەتی جیهانیدا و دروستبونی پشتیوانی و هاوپشتیەکی جیهانی بۆ دۆزی کورد بە تایبەتی لە نێو شەقام و میدیایی جیهانیدا ، فاشستەکانی توشی هێستریا کردن و نەیانتوانی بەرگەی ئەو سەرکەوتنانە بگرن .

تەقینەوەکەی ئامەد ، پەلاماردانی کۆبانی بە ئاشکرا لە نێو جوگرافیای تورکیاوە ، کوشتارەکەی پرسوس و هێرشەکەی دوێنێ لە زنجیرە کاردانەوەکانی دەولەتی فاشیست و ئیسلامی ئۆردۆگان بوون . ئەوان بە ملیۆن دۆلاریان خەرجی ئۆپۆزسیۆنی گوێلەمستی خۆیان لە سوریادا کرد ، بە شێوازی جۆراوجۆ پشتیوانی چەتەکانی داعشیانکرد ، تا هەلومەرجێك بخولقێنێت خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕابەرایەتیەکەی جێپێیەك لە ئایندەی سوریادا نەگرن ! ئەم هەوڵەیان بە تەواوەتی شکستی هێنا . زۆر هەولیاندا یەپەگە و یەپەژە بە ترۆریست بناسێنن و زەمینە بۆ گەمارۆدان و کوشتاری ڕاستەوخۆیان سازبکەن ، لەمەشدا شکستی گەورەیان خواد . زۆر هەولیاندا لە باکور هەدەپە تەریک کەنەوە ، لە هەلبژادنەکاندا دیمان چ شکستێکی گەورەیان خواد . زۆر هەولیادا و چەندین پیلانیان دارشت تا قەندیل و هێزەکانی پاراستنی گەل تەریک بکەنەوە و هێزە کوردیەکانی تر بکەن بە گژیاندا و شەرێکی ناوخۆیی تریش هەڵگرسێنن ، لەمەشیاندا دیسان شکستیان هێنا .

دووەم : لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی سوریان و پەیدابونی داعش و خولقاندنی تاوانەکانی لە عێراق و سوریادا ، هێزە خۆرئاوایەکان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا هاوپەیماننیتێکی دژی داعش پێك هینا کە دەبوو تورکیاش وەك ئەندامێکی ناتۆ چالاکترین ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتیە بوایە . بەڵام چونکە ئەو هاوپەیمانێتیە وەلامی نیاز و بەرژەوەندیە شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستیەکانی ئاکەپە نەدایەوە ، نەچوە ئەو هاوپەیمانیەو بەکردەوە لە جیاتی دژایەتی کۆمەکی جۆراوجۆری پێشکەشی ئەو چەتە ئیسلامیانە کرد . بە ڕێکەوتنی ئێران و کۆمەڵی ٥+١ هەلومەرجێکی تازە هاتە ئاراوە کە ئەگەری ئەوە هەیە لە ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکەدا ، خۆرئاوا پشتیوانی هەژمونی ئێران بکەن لەسەر حسابی تورکیا . هەربۆیە بە پەلە خۆی هاویشتە هاوپەیمانەتیەکە و دەرگای فرۆکەخانەکانی خستە سەر گازەرای پشت بۆ بۆردومانی داعش .

سێیەم : دوای شکستەکەی ئاك پارتی لە هەلبژاردنەکانی ئەم دوایانەدا و پەرەگرتنی دەنگی ناڕەزایەتی و قەیرانی حکومەتی . هەلگیرسانەوەی جەنگ فرسەتی سەرکوت و سەرنج گواستنەوەی شەقامی تورکی لەسەر قەیرانەکان ، فرسەتێکی زیاتر بە ئاك پارتی دەدات بۆ مناوەرە .

گرنگە لەم شەڕە سەرتاپاگیرەدا کە حکومەتە فاشست و ئیسلامیەکەی ئۆردۆگان بەسەر تورکیا و ئێمەشدا دەیسەپێنێت ، لەو ڕاستیانە تێبگەین کە ئەمە تەنیا ڕاگەیاندنی شەر نیە دژی پەکەکە ، تەنانەت ڕاگەیاندنی شەریش نیە دژی بزوتنەوەی دیموکراسی و ئازادیخوازی کوردانی باکور ، بەلکە ئەمە شەرە دژی ماف و ئازادیەکانی خەلکی کوردستان لە هەرچوارپارچەی کوردستاندا . خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستانەی ئاڵوگۆرێکی سیاسی گەورەدایە ، شەری تورکیا بۆ ئەوەیە لە دیزاینی نوێ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد وەك نەتەوەیەك بە مافە ئاسایی و سروشتیەکانی نەگات . بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش شەری هەلگیرساندوەتەوە . گرنگر هێز و حزبە سیاسیەکانی کوردستان لەم حەقیقەتە تێبگەن و بە کردەوە نەخشەی تۆرانیەکان تێك بشکێنن . سەرکەوتنی ئێمە لەم ساتەوەختە مێژوویەدا تەنیا بە یەکگرتویی و هاوپشتی و یەکریزیمان مسۆگەر دەبێت ، هەرجۆرە کەم تەرخەمی و بی هەلوێستی و خۆدزینەوەیەك لە ژێر ناوی بەرژەوەندی حیزبی و ئایدیۆلۆژیدا ، ئاوکردنە بە ئاشی داگیرکەران و دوژمنانی ئێستاو ئایندەی خەڵکی کوردستاندا ، وەك دەڵێن مێژووش دڵی وەك بەرد وایە و ڕەحم بە هیچ خائینێك ناکات !