Hasan-Husain

حسن حسين : دەستووری مەدەنی چاوڕاوێکی تری ئیسلامیزم * لە خەڵکی .  

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هێشتا دەوڵەتی عێراق بە رەسمی هەڵنەوەشاوەتەوە ، هەرێمی کوردستان دەستوورەکەیی وەک میراتییەک برد بۆ خۆی. رەنگە حیکمەتی بردنی ئەم دەستوورە پڕ ناکۆکی و دژیەکییەی ئەو وڵاتە فاشیلە ، کە سەرکردەکانی هەرێم بە نەنگی دەزانن لەگەڵیدا بەراوردی بکەن ، لەوەدا بێت کە ئەم دەستوورە هەر لەم هەرێمە قەیراناوییە جوان بێت و لێی بێت ، ئاخر ئەگەر وا نەبێت ئەی چۆن ئەو پەندە کوردییەی بەسەردا جێبەجێ ببێت کە دەڵێت ماڵ لە خۆیدا نەبوو میوانیش رووی تێ کرد ؟

سەرباری ئەو قەیران و کێشە سیاسی ، ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کە لە هەرێمدا سنگیان داکوتاوە ، قسە و باس و مشتومڕێکی زۆریش لەسەر پرسی دەستوور دروست بووە بە تایبەت لەسەر ناوەڕۆکی دەستوورەکە کە داخۆ عەلمانی بێت یا ئیسلامی .

لە بەرامبەردا ئەندامانی لیژنە دەستوورییەکە و ئیسلامیستەکان ، چەمکی دەستووری مەدەنییان هێناوەتە ئاراوە . ئەمەش ئەگەر لە رواڵەتدا بۆ نیشاندانی نیازی سازانچێتی بێت لە نێوان ئاراستە جیاوازەکاندا . بەڵام لە ناوەڕۆکدا مەبەستی شاردنەوەی نیازێکی شمولییە کە دەیەوێت شوناسێکی ئیسلامیی بەسەر کۆمەڵگە و پێکهاتەکانیدا بسەپێنێت .

واتە چەمکی دەستووری مەدەنی بە مەبەستی چاوبەستەکی لە هاوڵاتییان بەکار دەهێنن. چونکە لە لایەکەوە ئەم چەمکە زیاتر لە لایەن گروپە ئیسلامییەکانی وڵاتانی ( بەهاری عەرەبییەوە ) بەکارهێنران ، بە تایبەت تونس و میسر، کە تا دوا ساتەکانی رووخانی رژێمەکان بێهەڵوێست بوون و پاشان بە پارە و پولی قەتەر و وڵاتانی کەنداو سواری ملی شۆڕش بوون .

بۆیە هێنانە ئارای چەمکی دەستووری مەدەنی لەلایەن ئەم گروپانەوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و هێزە عەلمانی و پێکهاتە ئاینییەکانی دیکە بوون .

لە لایەکی تریشەوە چەمکی دەستووری مەدەنی ئەوەندە نا روون و لێڵە کە زیاتر لە مەتەڵێك دەچێت وەک لە چەمکێکی کۆنکرێتی ناو دەستوور.

بۆ نموونە ناکرێت مەبەست لە ( مەدەنی ) شاریبوون بێت ، چونکە بەم مانایە لادێ و شوێنەکانی دیکەی دەرەوەی شار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەستوور دەبن . خۆ ئەگەر مەبەستیش لە دەستووری مەدەنی ، دەستوورێکی پێشکەوتووە،وەک عەدنان عوسمان لە وتارێکیدا ئاماژەی پێ دەکات، ئەوا دەکرێت بپرسین پێشکەوتن لە بەرامبەر چ دواکەوتنێکدا ؟ پاشان پێوەرەکانی پێشکەوتن و دواکەوتن بەپێی ئەم تێڕوانینە چین ؟ یا تۆ بڵێ مەبەست لە دەستووری مەدەنی دەستووری ( مەدینە ) یە ، بەڵام بە هەندێک دەستکارییەوە . چونکە ناکرێت مەبەستی ئیسلامییەکان لەم چەمکە تێگەیشتنە گرامشییەکەی بێت .

بەپێی هەندێک پێناسە کە لە دوای شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ چەمکی دەوڵەتی مەدەنی کراوە ئەوەیە کە : ” کۆمەڵێک خواست و ئامانجی پەیوەندیدار بە مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان، دیموکراسی ، ئازادییەکان و مافی مرۆڤ و خواستگەلی تر بەدی دەهێنێت کە بۆ پێشکەوتن و پەرەپێدانی گەلانی عەرەبی پێوستن ، یاساکانیشی لە شەریعەتی ئیسلامەوە دەردەکێشرێت .” (١)  هەر بۆیە ئەم دەستوورە مەدەنییە هێندەی لە دەستووری دەوڵەتە ئیسلامییە تەقلیدییەکانەوە نزیکە ، ئەوەندە لە دەوڵەتێکی مۆدێرنەوە نزیک نییە .

پاساوەکەی چییە ؟

پاساوی ئیسلامیستەکان و تیۆریسێنەکانیان بۆ ئەم دەستوورە ئیسلامییە ئەوەیە کە دەستووری مەدەنی رێز لە ئایینی زۆرینەی کۆمەڵگە دەگرێت . عەدنان عوسمان ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور لە وتارێکیدا لە ژێر ناونیشانی ”  ئەم دەستورە دان بە هەموو مافە یەکسانخوازەکان دەنێت ، هیچ جیاکاریەک لە نێوان رەگەزی نێر و مێ ناهێڵێت لە هیچ پرس و بابەتێکدا ، جیاکاری بە ناوی ئاین و مەزهەب و رەگەز و نەتەوەو … . ناهێڵێت . مافە مەدەنیەکانی هاوڵاتیان دابین دەکات . واتە بناغە بۆ دەستورێکی مەدەنی پێشکەوتوو دادەنێت. مافی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەیەکانی تر بە تەواوی دابین دەکات و ، رێگە بەهیچ جیاکاریەک لە نێوانیاندا نادات . ” (2) ئەرێ هەر بەڕاست ئەوە ئەو دەستوورە مەدەنییەیە کە جیاکاری نێوان ئایینەکان ناهێڵێت یا دەستوورێکی عەلمانییە ؟ دیارە کاک عەدنان وەک هاوڵاتییەکی سەر بە پێکهاتەی زۆرینەی موسڵمانان بیر دەکاتەوە ، بۆیە سەپاندنی بە پیرۆزراگرتنی مانگی رەمەزان بەسەر پێکهاتەی کەمینەی نا موسڵمانان لە مەسیحی ، کاکەیی ، یەزیدی ، بەهائی ، بێدینەکان و  خوێندنی وانەی ئایینی ئیسلام لە پەروەردەدا بە مافێکی سروشتی و ئیمتازێکی ئایینی خۆیی دەزانێت نەک جیاکاری ، بۆیە ئەوە بە جیاکاری نازانێت. دەنا هەر بە پێی ئەو دەستوورە مەدەنییە پێشکەوتووەی کە ئەو باسی دەکات و ئایینی ئیسلام و سەوابیتەکانی یەکێک دەبن لە سەرچاوەکانی یاساکانی ، چەندین جیاکاری و پێشێلکاری دەرهەق بە ماف و ئازادیی ئەو گروپانە دروست دەبێت کە پێشتر ناوم بردن . پاشان ئەم دەستوورە چۆن جیاکاری نێوان نێر و مێ ناهێڵێت ؟ ئایا دەکرێت یاسایەکی باری کەسێتی دەربکرێت کە یەکسانیی دابین بکات و لە هەمان کاتیشدا ناکۆک نەبێت لەگەڵ نەگۆڕەکانی ئیسلام لە پەیوەند بە پێگەی ژنانەوە ؟ 

( ئەبوبەکر عەلی ) ش کادری یەکگرتووی ئیسلامی ، بەرقەراربوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبەستێتەوە بە هێشتنەوەی ئایین لە دەستووردا لە پەیجەکەی خۆیدا بە زمانێکی هەڕەشەئامێزەوە دەنووسێت دەستووری عەلمانی : ” به‌ زیانی دیموكراسی و سازان و به‌ یه‌كه‌وه‌ ژیانی ئاشتیخوازانه‌ ته‌واو ده‌بێت ” . تەنانەت بەرگری ئەو لە مانەوەی ئیسلام بە خاتری دینەکە خۆی نییە ، بەڵکو بە خاتری مانەوەی هێزە ئیسلامییەکانە لە ناو کایەی سیاسەتدا ، هەر بۆیە دەیەوێت دەستووری عەلمانی بە جەماوەر و لایەنگرانی ئەو گروپانە بترسێنێت ” گوێ نه‌دان به‌ بوونی ته‌وژمێكی ئیسلامی كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌دا ئاماده‌یی هه‌یه‌ . ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ كاردانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری توندا ڕوبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه ‌” . لەبەرئەوەی ئەو پێیوایە دەستووری عەلمانی ئیسلام دەکاتە دەرەوە و دەیسڕێتەوە ” بیر مه‌كه‌نه‌وه‌ ، ئیسلام بكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌زای گشتی ، چونكه‌ پێش ئێوه‌ زۆر كه‌س وای كردوو ، له‌ جیاتی دیموكراسی دكتاتۆریه‌ت و خوێن و گه‌نده‌ڵیان له‌گه‌ڵ خۆیان هێنا ” . پاشان دیموکراسییەت و ئامادە بوونی ئایدۆلۆژی ئیسلام و ئیسلامییەکان لەگەڵ یەکدا تێکەڵ دەکات و دیموکراسییەت لە جمکەکەی خۆی ، واتە عەلمانییەت ، دادەبڕێت ” هه‌وڵبده‌ن ئاماده‌بوونی ئیسلام و ئایدۆلۆژیا و ته‌وژمی ئیسلامی نوێ له‌ فه‌زای گشتیدا ئاماده‌ییه‌كی دیموكراسیانه‌ و ئاشتیخوازانه‌ بێت .  به‌ده‌ر له‌وه‌ پاساو ده‌ده‌ن به‌هێز گه‌لێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌وایه‌تی ده‌وڵه‌ت و سیستمه‌وه‌ خاوه‌ندارێتی سیاسی له‌ ئیسلام بكه‌ن و ئیسلامێكی ناسنامه‌ گه‌رای جه‌نگاوه‌ریشمان بۆ په‌ره‌ پێ ده‌ده‌ن . ده‌ستپێكردن له‌ عه‌لمانیه‌تی و ئیسلام بوونه‌وه‌ ، ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیموكراسی ده‌خاته‌ مه‌ترسی یه‌وه‌ ” . ئەگەر تۆقاندن پاساوێک بێت بۆ دانانی شەریعەت و سەوابیتەکانی ئیسلام لە دەستووردا، ئەوا بە دیوەکەی تردا دەتوانین بڵێین هەوڵەکانی ئیسلامییەکان بۆ چەسپاندنی شەریعەت لە دەستوردا دەربڕی تۆقینیانە لە عەلمانییەت ، بەو مانایەی یەکەمین دەستکەوتی عەلمانییەت کۆتاییهێنان دەبێت بە بەم بازرگانانەی سیاسەت بە ناوی ئایینەوە . کپکردنی دەنگی ئەو بانگخوزانە دەبێت کە لە لایەکەوە هانی توندوتیژیی ئایینی دەدەن و لە لایەکی تریشەوە هێزی مرۆیی بۆ گروپە ئیسلامییەکان بەرهەم دەهێنن . ئازادکردنی عەقڵی تاک و بیری رەخنەگرانە دەبێت و … هتد .

بە کورتییەکەی لایەنگرانی دەستووری مەدەنی پێیانوایە کە دەستووری عەلمانی ، ئیسلام دەکاتە دەرەوە ، بۆیە پێویستی بە سازانە . ئەمەش فێڵێکی تر و چەواشەکردنێکی تری رای گشتییە ، چونکە :

یەکەم : لە هیچ دەستوورێکی عێراقیدا لە یەکەم دەستووری ساڵی ١٩٢٥ ەوە هەتا دەستووری کۆماریی دووەم، واتە ساڵی ١٩٦٤ لەسەردەمی عەبدولسەلام عارفدا ، ئاماژە بەسەرچاوەی یاسادانان ناکات . واتە ئایینی ئیسلامی نەکردووەتە سەرچاوەی یاسادانان . لەگەڵ ئەوەشدا نە ئیسلام کرایە دەرەوەی کۆمەڵگە و نەخەڵکیش بێ دین بوون (٣)  .

دووەم: لە بنەڕەتدا دەستوور بۆ رێکخستنی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتییان ، پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکان ، رێکخستنی ماف و ئەرکەکانە ، نەک تێ ترنجاندنی سەوابتی ئایینی و شەریعەت . خۆ ئەگەر دەستوورە عەلمانییەکانی وڵاتانی ئەوروپا مەسیحییەتی کردبایە دەرەوە ، ئەوا دەبوو مەسیحییەکان کیشوەرێک ئەولاتر رۆیشتبان . لە کاتێکدا ئەمە رێک پێچەوانەکەی راستە ، ئەوە دەستووری مەسیحییەت بوو کە لەگەڵ نەیارەکانیدا لە زانایان ، هونەرمەندان، فەیلەسوفان و تەنانە ریفۆرمیستە مەسیحییەکاندا هەڵی نەدەکرد و پاشان شەڕێکی سی ساڵەی لە نێوان کاسۆلیک و پرۆتستانتدا هەڵگیرساند . ئەوە لە دەستووری وڵاتانی ئیسلامیدایە کە مەزهەبی ئیسلامیی باڵادەست پاکتاوی مەزهەبەکەی تر دەکات . ئەوە لە سایەی زاڵبوونی شەریعەتدایە کە مەسیحی و یەزیدییەکان راوەدوو دەنرێن و لە وڵاتی خۆیاندا جێیان نابێتەوە . ئەوە دەستگرتنە بە سەوابتەکانی ئیسلامەوە کە نەسر حامید ئەبو زێد ، تەسلیمە نەسرین و مەریوان هەڵەبجەیی و رائیف بەدەوی دەکاتە دەرەوەی کۆمەڵگە و مافی هاوڵاتیبوونیان لێ دەسەنێتەوە . لێرەدا لەگەڵ ئەبو عەلای مەعەڕیدا دەڵێین :

جلوا صارما وتلوا باطلا وقالوا : صدقنا فقلنا نعم

واتە : توندوتیژانە دەرکەوتن ، قسەی پوچیان خوێندەوە ، وتیشیان : راستمان کرد؟ گوتمان ئەرێ !

لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین دەستوورێکی مەدەنی کە ئاینی ئیسلام سەرچاوەیەکی یاسادانانەکەی بێت و سەوابیتی ئاینی ئیسلامی لە خۆیدا جێ کردبێتەوە ، نەک هەر جیاکاریی ئاینی لەناو نابات . بەڵکو ئەو جیاکارییە لە دەستووردا دەچەسپێنێت . موسڵمانان دەکاتە پلە یەک و ئایینەکانی تر بە پلە دوو و بێباوەڕەکانیش بە پلەکانی خوارەوە . ئایینی ئیسلام لە ناو فەزای گشتیدا تۆختر دەکاتەوە . واتە هیچ دابڕانێکی ریشەیی لەگەڵ سیستمی یاسایی ، سیستمی پەروەردەیی و فەلسەفەی مافەکاندا بەدی ناهینێت و بگرە وەک خۆی دەیانهێڵێتەوە . کاتێک ئیسلام سەرچاوەیەکی یاسادانان دەبێت ، واتە ئامادەبوونێکی بەردەوامی سیستمی فەتوا لە نێو کایەکانی زانست ، ئەدەب و هونەر، ئازادییەکانی تاک و … هتد . دیموکراسییەت و عەلمانییەت ، نەک دەستووری مەدەنی ، تەواوکەری یەکترن . ئەم دەستوورە مەدەنییە نەک پەرە بە کەلتووری دیموکراسی و چەسپاندنی نادات ، بەڵکو دواجار سیستمێکی سیاسی هاوشێوەی سیستمە سیاسییە ستەمکارەکانی وڵاتانی ناوچەکەمان بۆ دروست دەکات .

سەرچاوە و پەراوێز :

  • مەبەست لە بەکارهێنانی وشەی ئیسلامیزم و ئیسلامیست بە تەنها گروپە ئیسلامییەکان نییە بەڵکو ئەم چەمکە بزووتنەوەی گۆڕان و ئاراستە ئیسلامییەکانی ناو پارتی و یەکێتی و تەنانەت هەندێک لەو رۆشنبیر و نووسەر و ئەکادیمییانەیش دەگرێتەوە کە پشی پشی بۆ ئیسلامییەکان دەکەن .
  • ما الفرق بين الدولة العلمانية والدولة المدنية؟ بقلم أ. د. حبيب عبد الرب سروري http://www.vb.alrakoba.net/zbnjzs-zbzg-21/gz-zbesu-ind-zbpjbi-zbbgzdni-jzbpjbi-zbgpdni-144956/
  • عەدنان عوسمان” ئێمە و پرسی ئایین لە دستووری کوردساندا”  http://skurd.net/index.php/2014-07-26-14-58-58/2651-2015-07-12-08-41-01
  • الدين والدولة في الصراع على دستور العراق فالح عبد الجبار http://almadapaper.net/sub/08-471/p18.htm