Kameran-wrya

ئه‌وه‌ى زۆرترین گاڵته‌ به‌ علمانى ده‌کات سه‌له‌فیه‌کانن ، ئه‌وانیش هه‌ر سه‌ر به‌ پارتى و یه‌کیه‌تین .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کامەران وریا قانع : خوێندنه‌وه‌ى کورت بۆ هیزە ئیسلامیەکانى کوردستان .

ئه‌وه‌ى سه‌رنجی هێزه‌ ئیسلامیه‌ سه‌ره‌کیه‌کانى کوردستان بدات ، تێده‌گات که‌ ئه‌م هێزانه‌ رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕۆن گه‌مه‌کانى سیاسه‌ت به‌ شێوه‌یه‌کى باشتر بکه‌ن دوور له‌ توندره‌وى . ئه‌م هێزه‌ ئیسلامیانه‌ توانایه‌کى باشیان هه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌کانى سه‌رده‌م هه‌نگاو بنێنن و ببنه‌ به‌شێکى کاریگه‌ر له‌ پرۆسه‌ى سیاسى . هه‌ر بۆ نموونه‌ ئه‌وه‌ى تێبینى حزبێکى وه‌ک کۆمه‌ڵى ئیسلامى بکات بۆی ئاشکرا ئه‌بێت ، ئه‌م حزبه‌ له‌ هێزێکى چه‌کداری جیهادى قبولى کردوه‌ بێته‌ ناو پرۆسه‌ى دیموکراسى و وه‌کو هه‌ر حزبێکى ترى نا دینى هه‌موو یاساکانى هه‌ڵبژاردنى قبوڵ بێت و دان به‌ ئه‌نجامه‌کانى بنێت و کادره‌کانى له‌ په‌رله‌مانى شه‌ڕى به‌ گژاچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى بکه‌ن ، کاراترین ئه‌ندامیان بکات به‌ سه‌رۆکى لیژنه‌ی مافى مرۆڤ ئه‌گه‌ر به‌ تێگه‌یشتنى چه‌ندین ساڵەى خۆیان بوایه‌ هه‌ر باوه‌ڕیان به‌ مافى مرۆڤ نه‌بوو ، به‌لاًم ئه‌مه‌ به‌ره‌و پێشچونێکه‌ ڕه‌نگه‌ هێزه‌ نا دینیه‌کانى تر هه‌ستى پێ ناکه‌ن .
هه‌روه‌ها یه‌کگرتوویی ئیسلامیش هێزێکه‌ زیاتر بڕواى به‌ ده‌ست و ده‌ست کردنى ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌و به‌رده‌وام له‌ خوێندنه‌وه‌ى تازه‌ن بۆ ئایین به‌ جۆرێک که‌ زیاتر بگونجێت له‌گه‌ڵ روحی سه‌رده‌مدا ، ئه‌وان مۆدێلێکیان له‌ناو هێزى سیاسیه‌کانى کوردستان دا هێنا که‌ ده‌کرێت که‌سى یه‌که‌مى حزب بڕوات و دنیاش وێران نه‌بێت .
له‌ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوریش ئه‌م دوو هێزه‌ ئیسلامیه‌ تا ڕاده‌یه‌کى باش نه‌رمیان نواندوه‌ له‌ بڕگه‌کانى په‌یوه‌ست به‌ رۆلى ئاین له‌ کۆمه‌ڵگا .
که‌واته‌ کێشه‌که‌ له‌ کوێیه‌؟
ئه‌وه‌ى ئه‌مرۆ ئه‌م هێزه‌ ئیسلامیانه‌ گیریان خواردوه‌ به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ، ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ مه‌لا و سه‌لفیانه‌ن که‌ زیاتر له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ( به‌ تایبه‌تى پارتى و یه‌کیه‌تى ) پشتگیرى ئه‌کرێن ، ئه‌مرۆ گه‌وره‌ کردنى کێشه‌کانى رۆڵى ئاین له‌ ده‌ستور و هێرشى به‌رده‌وام بۆ سه‌ر رۆشنبیران و به‌ سووک ته‌ماشا کردنى ئه‌وانه‌ى له‌ خۆیان ناچن . زۆر که‌متر ئه‌و ‌ هێزه‌ ئیسلامیانه‌ن که‌ له‌ پرۆسه‌ى دروست کردنى حکومه‌ت و به‌رێوه‌بردنى به‌شدارن ( مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ نیه‌ ئه‌م هێزانه‌ ره‌وتى توند ره‌وییان تیا نیه ‌، به‌ڵکو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ره‌وته‌ توند ره‌وانه‌ دواجار کار ناکه‌نه‌ سه‌ر کۆى گشتى دنیا بینى هێزه‌کان ) به‌ڵکو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ گروپه‌ ئاینیانه‌ن که‌ به‌ ئاشکرا حزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌کان پشتگیریان ئه‌که‌ن ، به‌ پێشکه‌ش کردنى ده‌یان مینبه‌رى مزگه‌وته‌کان و ده‌یان رادیۆ و که‌ناڵى ئاسمانى له‌ لایه‌ن دوو حزبه‌که‌وه‌ ، ئه‌م پشتگیرى کردنه‌ش چه‌ندین ئامانجی هه‌یه‌ که‌ به‌ بۆچونى من دوو له‌و ئامانجانه‌ زۆر سه‌ره‌کین :
یه‌که‌م : لێسه‌ندنه‌وه‌ى شه‌قام له‌ حزبه‌ ئیسلامیه‌کان و به‌ گژداچوونه‌وه‌ى حزبه‌ ئیسلامیه‌کانه‌ له‌ لێکدانه‌وه‌ى ئایینى بۆ رووداوه‌کان ( من خۆم گوێم له‌ کادرێکى پێشکه‌وتوى یه‌کگرتوو بوو ، دکتۆر له‌تیفی سه‌له‌فی به‌ کافرى کردبوو ! ) .
دووه‌م : بۆ ئه‌و ئه‌رکانه‌ى ئه‌م حزبانه‌ ناتوانن پێ هه‌ستن ( چونکه‌ حزبێکى ئاینی نین ) به‌م گروپانه‌ى ده‌سپێرن . ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکى ورد بده‌ین ئه‌وانه‌ى به‌رده‌وام هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر رۆشنبیره‌کان و چه‌په‌کان و مرۆڤه‌کانى کۆمه‌ڵگاى کوردى ، زۆترینیان ئه‌و مه‌لایه‌نه‌ن که‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ڕاسته‌خۆ له‌ژێر فه‌رمانره‌وایی پارتى کار ئه‌که‌ن . ئه‌وه‌ى زۆرترین گاڵته‌ به‌ علمانى ده‌کات سه‌له‌فیه‌کانن ، ئه‌وانیش هه‌ر سه‌ر به‌ پارتى و یه‌کیه‌تین .
له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ و چه‌ندانى تر هێزه‌ ئیسلامیه‌کانى ناو حکومه‌ت ناتوانن ده‌ست کراوه‌ بن بۆ ریفۆرمى گه‌وره‌ له‌ رۆلى ئاین له‌ ده‌ستور وکۆمه‌ڵگا ، ‌‌‌ هه‌رچه‌نده‌ بڕواشیان پێی هه‌یه‌، له‌ترسى ئه‌وه‌ى لایه‌نگرو جه‌ماوه‌ریان لێ که‌م بێـته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ ئاست سه‌رکردایه‌تى ئه‌م هێزه‌ سیاسیانه‌ مادام ئاماده‌ن سیاسه‌ت بکه‌ن ، که‌واته‌ بروایان به‌ به‌خشین و وه‌رگرتن هه‌یه‌ له‌ هه‌ر کارێکى سیاسى .
یه‌ک هه‌ڵه‌ى زۆر گه‌وره‌ هه‌یه‌ که‌ دوو حزبى ده‌سه‌لاتدار به‌ تایبه‌تى پارتى تێکه‌وتونن ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ وا بزانن ئه‌م مه‌لا و هێزه‌ سه‌لفیانه‌ کۆنترۆل کراون ، چونکه‌ مێژوو پێمان ئه‌ڵێن له‌ نێوان سه‌له‌فیه‌کان و ده‌سه‌لات تالێکى باریک هه‌یه‌ که‌ زۆر ئاساییه‌ به‌ ئاسانى بپچرێت ، هه‌ر وه‌کو له‌ میسر روویدا . سه‌له‌فیه‌کان که‌ بینیان حوسنى موبارک به‌ره‌و روخان ئه‌روات ، هه‌ر زوو هێزێکى سیاسیان دروست کردو پشتیان له‌ موبارک و کوره‌کانى کردو روویان کرده‌ مه‌یدانى ته‌حریر . رۆژانێک ئه‌نور سادات زۆر پشتگیرى هێزه‌ ئیسلامیه‌کانى کرد شه‌قام و زانکۆکانى ته‌سلیم کردن له‌ دژى شوعیه‌کان و ناسریه‌کان . بۆ رازى کردنى هێزه‌ ئیسلامییه‌کان ده‌وڵه‌ته‌که‌ى ناو نابوو ده‌وڵه‌تى ( زانست و باوه‌ر ) ناوى خۆشى نابوو ( سه‌رۆکیًکى باوه‌ر دار ) . به‌ڵام دواجار سادات له‌سه‌ر ده‌ستى ئیسلامیه‌ک کوژرا !.