Abubakir-Caf-2

ئەبوبەکر جاف : فاشیزمی شاخ و تارماییەکانی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شاخاوییە فاشیستەکانمان و ماسکەکانیان .

کۆمەڵێک مناڵ و ھەرزە بە ئـاگا بێت یان بێ ئـاگا ، درێژەدەرو پردی گواستنەوەی کۆنەقین و شەڕی ناوچەگەری و قەبەلین ، شەڕ و کەڵکەڵەو غەریزەی شەڕ قودرەتی خۆگۆڕین و فۆرمگۆڕینی فریودەرانەی خۆی ھەیە ، جەوھەرێکی نەگۆڕو فۆرمی گۆڕاویی بەردەوام . دەبێت موراعاتی ئـەو ھەلومەرجە بکرێت تا سێ ” نەوە ” تێدەپەڕن و ئـاوا دەبن . نەوەیەک خۆی لە شاخ بووە ، نەوەیەک ڕاستەوخۆ بەر شاخاوییەکان کەوتووە ، نەوەیەکیش کە جەبری حیکایەت و مۆراڵی شاخ و شۆڕشی بەسەرەوە ماوە .
ئـێستای ئـێمە ، لەسەروبەندی دوا ھەناسەو دوا نەفەسەکانی ڕۆحکێشان و مەرگ و ئـاوابوونی شاخاوییەکان و کەڵکەڵەی شاخاوییەکاندایە ، واتە چرکەساتی گیان دەرچوونی نەوەی یەکەم و دووەم ، کە پەلەقاژەو ترسی ئـاوابوونی یەکجارییان ھەیەو کاڵبوونەتەوە . واتە دەبێت بە ھەر نرخێک بێت بە یەئـس و نائـومێدییەکی گەورەوە نەمرن ، بۆیە دەستیان گرتووە بە پشتێنی نەوەی دووەم و ھێڵێکی لاوازو تەنکی ئـەو حیکایەتەوە کە ھێشتا پاشماوەو جەبری بەسەر نەوەی سێیەمەوە ماوە . بە ھەر نرخێک ھەبێت دەبێت بە کەمترین زیان لە پەلەقاژەو دەوربوونی نەوەی شاخاوییەکان دەربچین .
ھێزە سیاسییەکانی ئـێمە لە ڕیگەی دەیان میکانیزمی شاراوەو نەشاراوەوە تونیویانە ئـیدامە بە حیکایەتە پڕ زەبروزەنگ و بەربەرییەکانی خۆیان بدەن . نەوەی دووەم و سێیەمیش تاوانبارە لە فریوخواردن و چاوبەستراوییان لەوەی ئـەکتەرو جەستەو ڕۆحێکی لەبار بن بۆ بەردەوامی جەستەی گوتاری شاخاویی و شۆڕشگێڕی . مێژووی شاخ و شاری نەوەی یەکەم بەرھەڵستکارێکی ڕەق و زبرو توند بووە لەوەی فکر بە کاری خۆی ھەڵسێت لە کاڵکردنەوەو بەتاڵکردنەوەی وەھم و درۆو ئـەفسانەی شاخاوییەکان .
فکرو سۆسیلۆژیا غەیب بووە بە حوکم و جەبری ستەمکاری و فاشیزمی شاخ و فاشیزمی شۆڕشگێڕی ، شاخاوییەکان لە ڕێگەی چەند دیسپلینێکی ئـەکادیمی وەک ” یاسا و زانستە سیاسییەکانەوە ” بەردەوام حزوریان ھەیە . وا کەڵکەڵەو غەریزەو ئـەقڵی شاخ تا ئـەو ئـاستە تواناو قودرەتی جۆری درێژکردنەوەی ھەیە بێتە ناو دیسپلینە مۆدێرنەکان و ماسکەکانی شارەوە . ئێستە پڕ کینەو بوغزەکانی ناو دەزگا مەدەنی و دیموکراسییەکانی دونیای ئـێمە لە حزب و حکومەت و پەرلەمان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا … ماسکی سەر جەستەی شاراوەی گوتاری شاخ و شۆڕشگێڕانەی ئـێمەیە . لێرەوە حەماقەت و کاڵفامی و سادەلەوحی و فریودراویی نەوەیەکمان بۆ دەردەکەوێت کە بڕواو ئـیمانی ھێناوە بەوەی کە ، ئـەوەی دەگوزەرێت گەمەو گەمەکەری مەدەنین . چەند ھەرزەو کاڵفامێک لەوە تێناگەن ، کە پردو ھێڵێ گواستنەوەو بە یەک گەیاندنی غەریزەی شاخ و کۆنە قینەکانی شاخن لە ناو کۆمەڵێک دەزگای ساختەی مەدەنیدا . ئـەمەش بۆ تەواوی ھێزە سیاسییەکانی ئـیمە ڕاستە بە بێ ھەڵاوێردن و تایبەتمەندیی .
دیسانەوەو بۆ ھەمیشەیی پرسیارەکە ئـەوەیە : بۆچی جەماوەرو ماسکبەسەرەکان دەستبەرداری ئـەم شاخاوییانە نابن و دەیانکەن بە پاڵەوان و ڕزگارکەر ؟ واتە ئـەوە مێگەلە ئـارەزووی فاشیزم دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت