Serizar

دکتۆر کەمال میراودەلی : جیاوازی نێوان سیاسەت و گەوادیی سیاسیی

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نموونەی سێیەم : یۆنان و سێریزاو یەکێتی ئەوروپا

کێشەو قەیرانی ئابووریی یۆنان بۆم 5 ساڵ بەردەوام بوو ، [ هێشتاش بەردەوامە ] تا گەلی یۆنان لە 2014  دا حکومەتێکی شۆڕشگێری چەپی هەڵبژارد کە دژی سیاسەتی ئۆستێرێتی / زگگووشینی یەکیتی ئەوروپا بوو .

سیاسەت تەنیا بە ئەنجام حوکم نادرێت پرۆسەش بەشێکی گرنگە بەڵکو پرۆسەی کارەکە بڕیاردەرەو لە ئەنجامەکە گرنگترە .

پرۆسەش بە بێ پرینسیپ نابێت .

پرینسیپی دیمۆکراتیی ، دەستووریی ، ئەخلاقیی کە رێبەرایەتی پرۆسەکە بکات .

سەرکردەکانی پارتی چەپی سیریزا و هاوپەیمانەکانی لە شەقامەوە ، لە ناو ئازارو ئاواتی خەڵکەوە سەریان ‌هەڵدا .

ئەوان دارگۆچانی سیحرییان پی نەبوو . نەشییان دەتوانیی موعجیزە دروست کەن ،  بەلام خەڵکی یۆنان خۆشیان دەویستن ، گەشبین و هیوایان بۆ زیندوکردنەوە بوون  ، چونکە دەموچاوێکی نوێ بوون ، ڕاستگۆ بوون ، خەڵکخوازبوون ،  بە رلە هەموو شتێک  ئیرادەی ئازادو کەرامەتی نەتەوەییان بۆ خەڵکی یۆنان گێرایەوە .

 لە هیچ هەنگاوێکیاندا گەورەترین  تا بچووکترین لەگەڵ خەڵکی یۆنان و دەنگدەرانیان درۆ و ساختەجێتییان نەکرد : ڕاستگۆ وەک دەمی گوێزان . ڕەوان وەک ئاوی ڕوون ، ڕوون وەک ڕوونترین ئاوینە ، ئاوا لەگەڵ خەڵکەکەی خۆیان ڕاستگۆ بوون .

بەڵام لە سیاسەتدا ڕاستگۆیی و پاکیی و چاکیی تایبەمەندیی کەسیی نین ، شتێک نییە لە هەلومەرجێکدا هەبێت و لە هەلومەرجێکی تردا پێچەوانەوە بێتەوە وەک لای هەمبانەبۆشە ساختەچییەکانی خۆمان باوە .

 بەڵكو پرۆسەیەکی دەزگایی کراون : بە مانایەکی تر راستگۆیی ، ساختەیی نەکردن ، خیانەتکردن ، لە ڕیزگرتن و بەکارخستن و پەنا بردن بۆ پرینسیپەکان و پرۆسەکانی دەزگاکانی دیمۆکراتی و یاسایی و دەستووریدا خۆی دەنوێنێت نەک بە پێچەوانەوە .

 بۆیە هەزاران کەسی چاک و پاک و ئازات هەبن ، کە دەستوورت نەبوو . پرینسیپ و پرۆسەی دەستووریی وئەخلاقیی و یاساییت نەبوو ، چاودێریی و موحاسەبەی یاساییت نەبوو ، کاریگەرییان سفر دەبێت .

سەرکردە کاریزماییە مەزن و خاوەنباوەڕەکانی سیریزا چییان کرد ؟

سەرۆک و وەزیری دارایی سیریزا کەسانی هەرە رووناکبیر ، خاوەن پرینسیپ و کەسیتیی بەهێزی چەپی یۆنان بوون .

پێوەندی شەخسیی و پێشوازیی و باوەشپیداکردنی گەرموگوڕ و وێنەگرتن بەدەم زەردەخەنەوە ، لە لایەن سەرکردە گەورەکانی ئەڵمانیا و فەرەنساو یەکێتیی ئەوروپا ، هەرگیز ئەوانی سەدی سفریش هەڵنەخەڵەتاند .

ئەوان خاوەن پەیام بوون ، خاوەن کەرامەت و کەیسی گەلەکەیان بوون ، هەروەها خاوەن زانست و رؤشنبیریی گەورەو کەسێتیی مەزن بوون . وەزیری دارایی – پێشوو- ئەکادیمییەکی مارکسی گەورەو پرۆفیسۆری ئابوورییە .

دەیانزانی لە رووی دارایی یەوە یۆنان شکستەو دەسەلاتیان کەمە ، تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتیشیان پێ نادرێت ، بەلام ئەمەیان نەگۆڕی بە ڕەشبینیی ، خۆبەدەستەوەدان ، ماستاوکردن .

وەزیری دارایی پێشوو ، ئازایانە ، یەکێتیی ئەوروپیی و بانکی نێوەندیی ئەوروپیی و ئای ئێم ئێف ، واتە هەرە بەدەسەلاتترین دەزگاکانی سەرمایەداری جیهانیی یان بە [ تێرۆریستی دارایی و ئابووریی ] ناو برد .

لەکاتێکدا کەوتنە ژێر گوشارێکی گەورە بۆ قبوڵکردنی بەرنامەی قەرزی سێکوچکەکە ، ئەوان   گەرچی نوێنەری  هەڵبژێردراوی خەلک بوون ، وەک تاکەکەس و سەرۆک حکومەت و وەزیری دارایی هەڵسوکەوتیان نەکرد و  لە جیاتی گەلەکەیان لە کێشەیەکی سەخت و چارەنووسسازدا بڕیاریان نەدا ، بەڵکو ئەم هەنگاوە پرینسیپیی و پرۆسە دیمۆکراتییانەیان ڕەچاو کرد :

1 – بەرنامەکەی یەکێتی ئەوروپایان خستە بەردەم گەلەکەیان و داوای رێفراندۆمیان کرد .

2 –  پەرلەمانیان کۆکردەوەو بەزۆربەی دەنگ بڕیاری سازدانی ڕێفراندۆمیان لە ماوەی کەمتر لە حەفتەیەکدا دا .

3 – حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سەربە سەرمایەداران ، تانەیان لە یاساییبوونی ڕەوایی ڕێکخستنی ڕێفراندۆمەکەداو بە نادەستووریی لە قەلەمیان دا .

4 – لە بەر ئەوەی یۆنان دەوڵەتێکی دیمۆکراتییەو دەزگای دەستوریی هەیە ، دادگای دەستووریی بالای یۆنان ، کە سەربەخۆیەو بڕیاری دوایی لە مەسەلە دەستوورییەکان دەدات ، لە سکالای ئۆپۆزیسیۆن کۆڵییەوەو ڕەتی کردەوەو بریاری دەستورییبوون و یاساییبوونی پرۆژەی ڕێفرامدۆمەکەی دا .

5 – لە ماوەی چوار ڕۆژدا سەرکردەکانی سێریزا ،  رێفراندۆمێكی سەرانسەریی رێکوپێکیان ڕێکخست . داوایان لە گەلەکەیان کرد بەرنامەی ئۆستێریتی رەت بکەنەوە . گەرچی هەموو میدیای سەرمایەداریی دژی ڕیفراندۆمەکە بوون و سەرکردەکانی سێریزایان بە  توندڕەو و شێت و کەسانی پەراویزیی ناودەبردو بە ئاشکرا داوای [ رژێم گۆڕین ] واتە نەمانی سێریزایان دەکرد ، خەڵکی یۆنان بە زۆربەی ٪٦١ بەرنامەکەی ڕەتکردەوەو سێریزاو سەرکرەدکانی گەورەترین سەرکەوتنی میژوویی یان بۆ خۆیان تۆمار کرد و ئەوورپا بە سەرکەوتنی دیمۆکراسییەتی نەتەوەیی بە سەر بیرۆکراسییەتی ئەوروپییدا ، تووشی شۆکێکی گەورە بوو .

6 – حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوەی زیاتر ڕیسوا نەبن ئەوانیش هاتنە پاڵ سێریزاو پەرلەمانی یۆنانی ئەمجارە بە کۆی دەنگ پشتگیری ئەنجامەکانی ڕێفراندۆمەکەیان کردو سەرۆکی سێریزا بە نوێنەری هەموو گەلی یۆنان لە لایەن پەرلەمانەوە دەسەلاتدار کرا تا دانوستان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپاو ئای ئێم ئێف بکات . بەم جۆرە سێریزا نەک هەر پەراوێز نەکرا ، بەڵکو بۆ یەکەم جار بە هۆی هەڵوێستە پرینسیپدار و دیمۆکراتییە ڕاستەقینەکانییەوە ، توانی هەموو ‌هێزە سیاسییەکانی یۆنان یەکخات و درزێک بۆ خیانەت و گەوادیی سیاسیی نەمێنێت . بەم جۆرە گەرچی سەرۆکی سێریزا ئەلێکسس سیپراس تەنیا لە 26  کانوونی دووەمی ئەمساڵ  22-01-2015   بوو بە سەرۆکوەزیران ، لە ماوەی شەش مانگدا گۆرانێكی ڕادیکالی مێژوویی گرنگی لە سیاسەت و کۆمەڵگای یۆنان و رای گشتیی و دەزگاکانی ئەوروپاشدا ئەنجام دا .

7 –  وەزیری دارایی پێشوو بۆ ئەوەی هەڵوێستی شەخسی ئەو نەبێتە بەرهەڵست لە ڕێگای دانوستانێکی سەرکەوتووی سەرۆک وەزیرانەکەی ، دەستی لە کارکێشایەوەو ئەکادیمییەکی تر کە ئەویش پرۆفیسۆرەو لە کامبریج دەرچووە ، کرا بە وەزیری دارایی .

8 –  پەرلەمان جێگای گفتۆگۆو ئاخاوتنی ڕاستەقینەبوو .. بە دەیان سەعات موناقەشەی گەرم و توند لە ناو پەرلەماندا کرا و هەموو بریارەکان لە وێوە پەسند کران .

سایسەتی جیهانیی چۆن کار دەکات ؟

جا ئێستا تکایە سەرنج بدەن سیاسەتی جیهانیی چۆن کار دەکات ؟

9 – گروپی یۆرۆزۆن – واتە ئەو 18 دەوڵەتەی ئەوروپا کە ئەندامی یۆرۆن ، نەخشەی دەرکردنی یۆنانیان کێشا بوو . بەلام لە ئاست ئیرادەی یەکگرتووی گەلی یۆنان و سەرکردە بەهێزەکەی سەریان شۆڕ کرد . وتارە مێژوویی یە بەهێزەکەی سیپراس بۆ پەرلەمانی ئەوروپیی هەموو سەرکردەکانی ئەوروپای تووشی شۆک کرد : نموونەی وتاری سیاسیی هەرە بەهێزو ڕاستگۆیانەی مێژوو دروستکەر بوو . بە دەیان پەرلەمانتار لە بەری هەڵسان و پیرۆزباییان لێکرد . ىروانە وێنەکە .

Serizar.1

10 – لە هەلومەرجی دانوستانێكی سەختدا سەرۆکی یۆنان بە بەرنامەی تازەی ترۆیکا رازی بوو . 11 – گەرچی سیپراس وەک وتم ئەم جارە وەک نوێنەری هەموو گەلی یۆنان دانوستانی کرد ،  بەڵام ئەم جارە ترۆیکا – کۆمەلی یۆرۆزۆن ، بانکی نێوەندیی ئەوروپا و ئای ئێم ئێف – کردیان بە مەرج لە سەر یۆنان کە هەموو بەرنامەو خاڵەکانی ڕێککەوتن یەک بە یەک بچنە بەردەم پەرلەمانی یۆنان و پەرلەمان بە فەرمی پەسندیان بکات ، تەنیا ئەو کاتە ڕێکەوتنەکان دەبنە ڕێکەوتنی یاسایی .

12 – دیارە سەرۆکوەزیران سیپراس پشتگیری زۆربەی هەرەزۆریی لە پەرلەمان هەبوو تا ئەم مەرجانە تێپەڕێنێت و پەرلەمانی یۆنان تەواوی ڕێکەوتنەکەی پەسند کردن .

13 – هەروەها هەر 18 پەرلەمانی یۆرۆزۆن دەبوو کۆببێتەوەو ڕێکەوتنەکە پەسند بکات .. کە هەموویان کردیان .

واتە بە پێی یاسای نێونەتەوەیی تەنیا ئەو کاتە ڕێکەوتن بە فەرمیی و بە یاسایی دروست دەبێت کە پەرلەمانەکانی نوێنەری وڵاتەکە موناقەشەی دەکات و پەسندی دەکات . چونکە ڕێکەوتن لە نێوان کەسان ، سەرکردەکان هەرچەند کاریزمایی و مەزن بن ، ناکرێت ، رێکەوتن لەگەڵ تاکەکەس ناکرێت ، ڕیکەوتن لە نێوان وڵاتاندا دەکرێت نەک سەرۆک و مەرۆک . ولاتانیش بە پێی یاسا تەنیا پەرلەمانەکەیان قسەی دوایی هەیە .. ئەمەیان یاسایی یەو لەگەڵ یاسای جیهانیی دەگونجێت .

سەردان لە سەرۆک و مەرۆک وەک تاکەکەس و ڕێکەوتن لە ژوورەتاریکەکاندا گەر بە ئاگاداریی و رازیبوونی پەرلەمان نەبێت ،  لە سیاسەتیی جیهانییدا بە گەندەڵیی و گەوادیی سیاسیی و ئیستیخباراتی دادەندرێت . حەزدەکەم خوێنەرانی بەڕێز بزانن زاراوەی گەوادیی سیاسیی لە سەدەی نۆزدەوە هەیەو من دام نەهێناوە . ڕاستیی لە ئینگلیزیدا زاراوەکە مانای قورستری هەیە پێی دەوترێت : پۆلیتیکەل پرۆستیتیوشن

 political prostitution M ـ واتە قاحبەیەتی یان لەشفرۆشیی سیاسیی .