Newshirwan-Barzani

ڕێبوار سیوەیلی : نامه‌یه‌ك بۆ ئازیزان مه‌سعودبارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

براكانم سڵاو

1 – به‌ هه‌ردووكتان ده‌گوترێ ڕابه‌ر ، به‌ كه‌مێ جیاوازییه‌وه ‌: یه‌كێكتان سه‌رۆك و ئه‌ویترتان ڕێكخه‌ر . ئه‌م دوانه‌ش هه‌ر یه‌كتر ته‌واوكه‌رن : هیچ سه‌رۆكێك بێ ڕێكخه‌رێك نابێت و هیچ ڕێكخه‌رێكیش نیه‌ له‌ هه‌مان كاتدا سه‌رۆك نه‌بێت .
2 – به‌ هه‌ردووكتان ده‌گوترێ دیكتاتۆر، تاكڕه‌و ، كورسی ویست و … هتد . من ده‌زانم هیچتان وا نین . هیچیشتان ڕقتان له‌ یه‌كتر نیه‌ ، به‌ڵام ڕۆژگاره‌كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌وێ .. ئێوه‌ش جاروبار یه‌كتری ده‌بینن ، سه‌ردانی یه‌كتریش ده‌كه‌ن . وا بزانم پێكیشه‌وه‌ چا ده‌خۆنه‌وه‌ و پێشده‌كه‌نن ..
3 – هه‌ردووكتان قسه‌ له‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌تان ، حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌كه‌ن و پێشموایه‌ شتێك له‌ دڵتاندا كه‌ نایدركێنن : ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ..
4 – هه‌ردووكتان له‌ ته‌مه‌ندان و هه‌ریه‌كه‌شتان یه‌كی چه‌ند نه‌خۆشییه‌كتان له‌گه‌ڵه ‌. من حه‌ز به‌ شپرزه‌یی و نه‌خۆشیی كه‌ستان ناكه‌م ، هیواداریشم عومری نوحتان هه‌بێت.
5 – هاوڕێ و هاوپه‌یمان و هاوخه‌باتی هه‌ردووكتان پیاوێكه‌ به‌ناوی مام جه‌لال . ئێستا ئه‌و نه‌خۆشه‌ ، من ده‌زانم هه‌ردووكتان له‌ خه‌میدان و به‌ ته‌ندروستی ئه‌و ، وه‌ك من دڵخۆشن .. دڵی خۆشكه‌ن ..
6 – هه‌ردووكتان جه‌ماوه‌رێكی زۆرتان تووڕه‌ كردووه، كه‌ به‌ هه‌مان زمان قسه‌ش به‌یه‌كتر ده‌ڵێن و هه‌ردوولاشیان ( ئه‌حمه‌دی خانی ، جه‌زیری ، فه‌قێ ته‌یران ، مه‌وله‌وی ، نالی و مه‌حوی و … هتد ..) به‌ شاعیره‌ گه‌وره‌ و جێی شانازیه‌كانی كورد ده‌زانن ..
7 – هه‌ردووكتان خاتری ئه‌ملاولاتان لایه‌ . له‌و تێگه‌یشتوون ئه‌و گورگانه‌ هه‌ر په‌لامارێك ده‌ده‌ن و بۆیه‌ پێویسته‌ یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌كده‌نگ بن ..
8 – برا من هه‌ردووكتانم چه‌ند جارێك له‌ نزیكه‌وه‌ بینیوه‌ . خۆتان ناردووتانه‌ دوام و له‌سه‌ر كێشه‌كانیش بیروڕامان گۆڕیوه‌ته‌وه‌ ، شایه‌تی بۆ هه‌ردووكتان له‌به‌ر ده‌م دادگای گه‌ل و ئه‌م له‌شكره‌ له‌ جوێنفرشه‌كانیشتان ده‌ده‌م ، كه‌ حزبه‌كانتان په‌روه‌رده‌یان كردوون ، هه‌ردووكتان كوڕێ خاسن ..
9 – ده‌زانم كه‌ستان نه‌چوونه‌ته‌ عه‌مره‌ و كه‌سیشتان حه‌جتان نه‌كردووه‌ .
10 – ده‌شزانم هه‌ردووكتان حه‌زتان له‌ نوكته‌ و پێكه‌نین و قۆشمه‌ییه ‌.
11 – كوڕه‌ له‌وه‌ش خۆشتر : ئێوه‌ هه‌ردووكتان كوردیپۆشن ، هه‌ردووكیشتان به‌ دوو شێوه‌زاری ته‌واو جیاواز ده‌ئاخڤن ، هه‌ردووكیشتان یه‌كی یه‌ك ژنتان له‌ ژیانتاندا هێناوه‌ ..
12 – ئه‌رێ برا ، كه‌ ئێوه‌ ئه‌و هه‌موو خاڵه‌ هاوبه‌شه‌تان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌ر نایه‌ن تف له‌ شه‌یتانێ كه‌ن و هه‌ر به‌ ڕاستیی دیكتاتۆر ، كوسی په‌رست ، تاكڕه‌و و خۆسه‌پێن بن له‌ پێناو ئه‌م كورده‌ به‌دبه‌خته‌دا و دڵی ئه‌و گه‌له‌ خۆشكه‌ن ، كه‌ به‌ هه‌موو شتێكی ئێوه‌ ڕازین به‌ مه‌رجێ بیانكه‌ن به‌ شت .. كوڕه‌ بوونه‌ شت ، یه‌كگرتنی ده‌وێ .. یه‌كبوون ، پێكه‌وه‌بوون ..
13 – بۆیه‌ شكێكم لێتانه ‌: ئێوه‌ كه‌ نه‌توانن یه‌ك بن و پێكه‌وه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست هێز و لایه‌نگر و میلله‌تی خۆتان یه‌كبخه‌ن ، ئه‌ی چیتان پێده‌كرێ به‌و هه‌موو ئه‌زموون و ته‌مه‌نه‌وه ‌؟! چ ڕێزێكی ئه‌م میلله‌ته‌تان لایه‌ و كه‌ی ئاسووده‌یی ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌مان .. برا ئێمه‌ هاتین شتێ له‌ ئێوه‌ فێر بین , خۆ نامانه‌وێ به‌ده‌ستی به‌تاڵ وه‌ك نه‌وه‌ی باوك و باپیرمان بڕۆینه‌وه‌ ..

س – ف نوسەر