Daniz-Firat.1

زمناکۆ ئیسماعیل : رۆژێک بۆ کچانی رۆژنامەنوسی کورد .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هاوشانی ڕەگەزی بەرامبەریان ، هەمیشە کچانی رۆژنامەنوسی کورد دەبینین لەنێو کەناڵەکانی راگەیاندن کە بەکاری رۆژنامەنوسی هەڵدەستن ، چ وەک بێژەربێت یاخود وەک هەواڵسازو ئامادەکارو جێبەجێکاری بەرنامەی تەلەڤزیۆنی ، چ کە دەبینرێن وەک پەیامنێرو فۆتۆگرافی رۆژنامەوانی لەنێو چالاکییەکانی شەقام و خۆپیشاندان و ڕووداوە گەرمەکان پیشەییانە کار دەکەن ، یاخود لەنێو کۆنگرە رۆژنامەوانییەکاندا دەبینین هەواڵ و راپۆڕت دەگوازنەوەو زانیاری دەبەخشن بەبینەرو بیسەرو گوێگری ئەو کەناڵەی کاری بۆ دەکەن .

کچانی رۆژنامەوانی کورد چالاکانە بە ئەرکی پیشەیی رۆژنامەوانی هەڵدەستن و لەو پێناوەشدا قوربانی گەورەیان داوە ، لەپاش ئەوەشی کەهەرێمی کوردستان کەوتە نێو سەنگەری شەڕی دژ بە داعش ، چەندین جار لەنێو بەرەکانی شەڕدا ، پەیامنێرو رۆژنامەنوسی مێینەمان بینیوە ، کەشانبەشانی پێشمەرگە و شەڕڤان بەرامبەر بە دوژمن بەپیشەکەیان دەجەنگان و کاری رۆژنامەوانی خۆیان دەکرد ، لەو ساتە سەختانەدا دەمانبین کە چۆن دەتوانن هەواڵ و زانیاری بگوازنەوە بۆبینەرو بیسەرو خوێنەری کەناڵەکانیان ، بەڵام کەم هەیە لەو رۆژنامەنوسە کچانەی کە بتوانێت بچێتە نێو بەرەکانی جەنگ ، کەم مرۆڤ هەیە لەپێناوی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری ، توانای ئەوەی هەبێت رۆحی خۆی بخاتە مەترسییەوەو ژیانی لەلێواری مەرگدا بێت ، رۆح شیرینەو ژیان خۆشەویستە لەلای مرۆڤ ، کەجەنگ رویکردە هەرجێیەک ، هەمیشە مرۆڤەکان لەهەوڵی ئەوەدان کەخۆیان لەمەرگ دەرباز بکەن ، بەڵام ئەخلاق و بنەمای پەیامنێرو رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەرو کامێرەمانی جەنگ پێچەوانەی ئەو تێڕوانینەیە ، مرۆڤی رۆژنامەوان و کامێرەمانی جەنگ هەمیشە ژیانی خۆیان و رۆحی خۆیان دەخەنە نێو لەپی دەستیان و وەک چەپکێک گوڵ دەیبەخشن بەبەرامبەرەکەیان .

کچە رۆژنامەوانی شەهید دەنیز فیرات کە لەدایکبوی باکوری کوردستان بو لەو جۆرە کەسانەبو ، کەچالاکانە کاری رۆژنامەوانی دەکردو دەچوە بەرەکانی جەنگ ، ئەو چالاکانە هەم وێنەی ڤیدۆیی دەگرت و هەواڵ و زانیاری بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن دەگواستەوە ، هەم فۆتۆی کارەساتەکانی دەگرت و وێنای کوردی نیشانی دونیا ئەدا .

٨ ئاب ، رۆژی شەهید بونی کچە رۆژنامەنوس و کامێرەمان دەنیز فیراتە ، کەلەبەرەکانی جەنگی دژ بە داعش لەمەخمور شەهیدبو ، ئەو کە تەمەنە بەهارییەکەی ٣٢ چڵە نێرگزی تەواو نەکردبو ، چالاکانە هەواڵ و زانیاری دەگواستەوە بۆ بینەرو بیسەرو خوێنەرانی هەریەکە لە کەناڵەکانی ستێرک تی ڤی ، روناهی و مید نوچەو ئاژانسی هەواڵی فورات .

ئەوەش جگەلەوەی کە شەهید دەنیز هەم لەشۆڕشی شاخ و هەم لە زۆربەی چالاکییەکانی نێو شارەکان کوردستان کاری رۆژنامەوانی کردبو ، یەکێکبو لەو رۆژنامەنوس و کامێرەمانانەی کە لەشوێنە مەترسیدارەکان بەئەرکی رۆژنامەوانی خۆی هەڵدەستا .

بەپێی زانیارییەکانی ئێمە دەنیز فیرات یەکەم کچە رۆژنامەنوسی کوردە کە لەبەرەکانی جەنگدا شەهید بوبێت ، لەهەمانکاتدا یەکەم رۆژنامەنوسیشە کە ساڵی رابردو لەبەرەکانی جەنگی شەڕی دژ بەداعش رۆح خۆی بەخشی بەگەیاندنی راستییەکان و بەخاک و نیشتیمان ، رەنگە باشترین رێزگرتن و پاداشت لەخزمەتکردنی ئەو رۆژنامەوانە شەهیدەی قەڵەم ئەوەبێت ، کە رۆژی ٨ ئاب وەک رۆژی کچانی رۆژنامەوان و کامێرەمان و میدیا کاری کورد بناسێنرێت لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ، بۆ ئەوەش پێویستە کە دەزگاکانی راگەیاندن بەگشتی و پەڕلەمانی کودستان و سەندیکای رۆژنامەنوسان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەو کارە هەڵسن ، هەر هیچ نەبێت بەدیاریکردنی رۆژێکی تایبەت بە کچان و مێینەی میدیاکاری کورد ، رێز لەماندوبونی هاوڕەگەزەکانی دەنیز فیرات بگرن و لەو رێگایەشەوە ناوی بەرزی دەنیز بەرز دەنرخێنرێت و دەمێنێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت