26-07-2017 Meriwan-Wrya-Qnie

دکتۆر مەریوان وریا قانع : ئایا ” سەوابیتەکان ” ــی ئیسلام کامانەن ؟ .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ لەزیاد لەمینبەرێکەوە گوێمان لەچەندان دەنگی جیاوازە باس لەوەدەکەن نابێت دەستوری هه‌رێمی کوردستان لە ” سەوابیتەکانی ئیسلام ” لابدات ، بەڵام ھیچ یەکێک لەو دەنگانە تائێستا ئەزیەتی ئەوەیان نەکێشاوە پێمانبڵێت ئەم ” سەوابیت ” ـانە کامانەن ؟ دەستوری هه‌رێم دەبێت لەچ ” سەوابیت ” ێکی ئیسلام لانەدات ؟ کامانەن ئەو ” سەوابیت ” ـانەی دەبن بەسنور لەبەردەم بیرکردنەوەو بڕیارو یاسادانانی ئازاددا ؟

ئایا ئەم سەوابیتانە ئیجبارکردنی هه‌مو کۆمەڵگایە بەشایەتومان ھێنان‌و نوێژکردن‌و ڕۆژوگرتن‌و حەجکردن‌و زەکات بەخشین ؟ ئایا جیهادکردن بەشێکە لەم ” سەوابیت” ـانە ، وەک یەکێک لەجیهادیستە میسرییە بەناوبانگەکان دەڵێت : جیهاد ” فەریزەیەکی غائیب ” ـە . ئایا دەسبڕینی دزو سەربڕین‌و کوشتنی مورتەد بەشێکن لەم سەوابیتانە ؟ ئایا بەشێک لەم سەوابیتانە ھێشتنەوەی فرەژنییە تا بەئاستی هه‌بونی ٤ ژن دەگات ؟ بەشودانی مناڵانی خوار لە١٨ ساڵە ؟ پەچەپۆش‌و نیقابپۆشکردنی بەزۆری ئافرەتانە ؟ وەرگرتنی دوو ئافرەتە بەیەک شاھێد ؟ وەرگرتنی ئافرەتە بۆ نیوەی بەشی پیاو لەویرسدا ؟ ئایا ڕێگرتن لەوەی سەرۆکی وڵات ئافرەت بێت بەشێکە لەم سەوابیتانە ؟ ئەی جیاکردنەوەی منداڵان لەیەکتری لەسەر بنەمای ڕەگەز بەشێکن لەم سەوابیتانە ؟ ئایا تەوقەنەکردن لەگەڵ ژنانداو پێنەکەنین بەدەنگی بەرز بەشێکی ترە لەم سەوابیتانە ؟ ئەی ئاخۆ مەسەلەی داواکردنی ژنان بۆ تەڵاق دژ بەسەوابیتی ئیسلامە ، یان ئەم سەوابیتانە ته‌نها مافی تەڵاقدان بەپیاوان دەبەخشن ؟ ئەی ئەم سەوابیتانە چیمان پێدەڵێن لەسەر ئەو کتێبانەی کە دەبێت بیانخوێنینەوە ؟ ئایا کتێبێک دژ بەزەوقی دینی بێت ، یان دونیابینییەکەی لەگەڵ دونیابینی سەلەفییەکاندا نەگونجێت دەکەوێتە بەر ھێرشی سەوابیتەکان یان نا ؟ ئەو کتێبانە یاساغبکەین ؟ کۆیانبکەینەوەو بیانسوتێنین ؟ نوسەرەکانیان بگرین ؟ یان بەئاشکراو بەبەرچاوی کۆمەڵگاوە تۆبەیان پێبکەین ؟ ئایا سانسۆریی دینی بەشێکە لەم سەوابیتانەی ئیسلام یان نا ؟ ئایا یاساغکردنی مۆسیقاو گۆرانیی بەشێکە لەم سەوابیتانە ؟ داخستنی چاخانەکان‌و کۆگاکانی ڤیدیۆو فیلم‌و سینەماکان بەشێکن لەسەوابیتەکان ؟ حەرامکردنی شانۆو نمایش‌و سەماکردن ( بۆ نمونە ڕەشبەڵەک ) ڕێزگرتنی ئەم سەوابیتانەیە ؟ قەدەغەکردنی وەرزشی ژنان‌و داخستنی ئەو یانانەیە کە بەشی ژنانیان هه‌یە لەکوێی سەوابیتەکاندان ؟
ئایا ھێشتنەوەی ڕیش‌و تاشینی سمێڵ‌و لەبەرکردنی کراسی قۆڵدرێژ بۆ پیاوان لەسەوابیتەکانە ؟ ئەی باشە پاراستنی ئەم سەوابیتانە چ جۆرە مامەڵەیەک پێشنیار دەکەن لەگەڵ هه‌مو ئەوانەدا کە ئەم سەوابیتانەیان قبوڵ نییە ؟ ئایا تەکفیرکردنیان بەشێکە لەم سەوابیتانە ؟ کردنیان بەهاوڵاتی پلە دو‌و پلە سێ بەشێکە لەم سەوابیتانە ؟
من گومان دەکەم ئیسلامییەکانی کوردستان لەناو خۆیاندا لەسەر کۆمەڵێک ” سەوابیت ” ڕێککەوتبن یان ڕێکبکەون ، چ جای موسڵمانەکانی دەرەوەی ھێزە ئیسلامییەکان . لەمەش ئاسانتر نەبونی ھیچ جۆرە ڕێکەوتنێکە لەسەر خودی ئیسلام خۆشی : ئیسلامی ڕاستەقینە کامەیە ، ئیسلامی داعش یان ئیسلامی یەکگرتوی ئیسلامیی ؟ ئیسلامی دکتۆر عەبدولەتیف یان ئیسلامی سوفییەکانی کوردستان ؟ ئیسلامی مەلا سەلەفییەکان یان ئیسلامی دایک‌و باوکی ئێمە ؟ ئیسلامێک کە سەرۆکی هه‌رێم وەک ” وەلی ئەمر ” ێک دەبینێت کە تا نەمرێت کەس بۆی نەبێت باس لەلابردنی بکات ، یان ئیسلامی کۆمەڵەی ئیسلامی کە پێیوایە سەرۆکی هه‌رێم مافی خۆهه‌ڵبژاردنەوەی نییە ؟
ئەو خاڵەی من دەمەوێت باسیبکەم سەرەتایەکی زۆر سادەی زانستی کۆمەڵناسیی دینە کە باس لەوەدەکات دین ، هه‌مو دینێک، بەئیسلامیشەوە ، ته‌نها یەک شێوەو یەک ناوەرۆک‌و یەکجۆر دەرکەوتنی لەناو مێژودا نییە . ھیچ تێکستێکی دینیی نییە یەک خوێندنەوەی بۆ کرابێت‌و یەک تێگەیشتنی هه‌ڵھێنابێت . دین هه‌میشە فرەشێوەو فرەدەرکەوت‌و فرەتەفسیرە ، هه‌میشە ڕەنگوڕوی ساتەوەختە مێژوییە جیاوازەکان دەگرێتەخۆی . نە” ئیسلام ” وەک دین‌و نە “سەوابیت ” ـەکانیشی شتگەلێک نین ماناکانیان جێگیرو دیاریکراو‌و نەگۆڕ بن . هه‌ر گروپێکی کۆمەڵایەتیی‌و هه‌ر دونیابینییەک ڕوانینێک بۆ ئیسلام دروستدەکات جیاواز لەوەی گروپەکانی ترو ڕوانینەکانی تر دروستیدەکەن . دەقە دینییە بنەڕەتییەکان لەبەردەمی عەقڵێکی بچوکدا بچوکدەبنەوەو لەبەردەمی عەقڵێکی گەورەدا گەورەدەبن . بەداخەوە ئەمڕۆ ڕۆژی باڵادەستیی عەقڵە بچوکەکانە ، ڕۆژگای هه‌ڵتۆقینی ئەو مەلا گەنجانەی هه‌مو زانستەکەیان بەشی یەک دەقیقە ڕۆحانیەت ناکات . ئەمڕۆ ڕوانینێک بۆ ئیسلام باڵادەستە گەر دۆلاری زۆری نەوتی سعودیەو خەلیج نەبوایە سنوری بیابانەکانی نەجدو حیجازی تێنەدەپەڕاند . ئیسلامی جیهادیی سەلەفیی ئیسلامێکە ھیچ نایباتەوە سەر ئیسلامی سوفییە گەورەکان ، ئیسلامی مەلای جزیریی‌و مەحوی‌و مەولەوی ئەرزو ئاسمانی فەرقە لەگەڵ ئیسلامی دڵشاد گەرمیانیی‌و دکتۆر عەبدول لەتیفدا . ئیسلامی محەمەد عەبدەو ئیسلامی زەرقاویی ، ئیسلامی فارابیی‌و ئیبن عەرەبیی‌و ئیسلامی بنلادن‌و موقتەدای سەدر یەک ئیسلام نین .
وەکچۆن دەشێت ” سەوابیت ” ـەکانی ئیسلام سەرجەمی ئەو ڕوکارە خراپانە بێت کە من لەپرسیارەکانی سەرەودا کردم ، واتە دەشێت سەپاندنی کۆمەڵێک سزای قورس‌و تەکفیرکردن‌و کوشتنی مورتەدو کەسانی بێدین بێت ، وەکچۆن دەشێت بێماف كردنێکی تەواوی ژنان بێت ، سنوردارکردنێکی هه‌مەلایەنی ئازادییەکانی مرۆڤ بێت ، بەتایبەتی ئازادیی بیرکردنەوەو ئازادیی ویژدان و … ھتد .
دەڵێم دەشێت ئەمانە ئەو ” سەوابیت ” ـانە بن کە لەخەیاڵی دینیی هه‌ندێک لەوانەدا ئامادەیە کە باس لەپاراستنی ” سەوابیت ” ـەکان دەکەن ، بەڵام دەشێت کەسانێکی دیکە سەرجەمی ئەو ” سەوابیت ” ـانە وەک هه‌ڵە تێگەیشتن لەئیسلام ببینن‌و پێیانوابێت ئەوانە ” سەوابیت ” ـەکانی ئیسلام نین . دەشێت ئەمانە پێیانوابێت سەوابیتەکانی ئیسلام شتگەلێکن جیاواز لەو لێکدانەوە ” خراپ ” و ” ناڕاست ” و “نائینسانیانەی ” ئیسلام . دەکرێت بڵێن ” جەوهه‌ر ” ی ئیسلام لەکۆمەڵێک ڕوانین‌و بۆچونی تری ناو قورئاندایە کە ئەمانە هه‌ندێک لەنمونەکانیانە :” لا اکراە فی الدین ” دین بەزۆرەملە نییە .” انا خلقناکم من ذکر‌ و أنثی ‌‌و جعلناکم شعوبا‌ و قبائل لتعارفوا “، ئێمە وەکو نێرو مێ دروستمانکردون‌و کردومانن بەمیللەت‌و خێڵی جیاواز بۆئەوەی یەکتری بناسن . ” لو شا‌ء ربك لجعل الناس أمة‌ واحدة‌ ولا یزالون مختلفین “، ئەگەر خوداکەت بیویستایە هه‌موتانی دەکرد بەیەک ئومەت بەڵام ھێشتا جیاواز لەگەڵ یەکدا . ” لكم دینكم ولی دین ” ، دینی خۆتان بۆ خۆتان‌و دینی خۆم بۆ خۆم . یاخود ” وقل الحق من ربكم فمن شا‌ء فلیؤمن ومن شاء فلیكفر إنا أعتدنا للالمین نارا “، ” بڵێ هه‌ق لای خودایە ، ئەوەی دەیەوێت با باوەڕبھێنێت‌و ئەوەشی دەیەوێت با کوفربکات‌و بێباوەڕبێت ، ئێمە ئاگرمان بۆ زاڵمان داخستوە ” . هه‌مو ئەم ئایەتانە دەشێت بکرێنە بنەمایەک بۆ لێکدانەوەیەکی تری ” سەوابیت ” ـەکانی ئیسلام کە سەرقاڵی تەکفیرکردن‌و بێمافکردن‌و بێنرخکردنی مرۆڤ نەبێت‌و مەسەلەی دەستبڕین‌و بەردبارانکردن‌و سەربڕین بەسەوابیت نەزانێت .
ئەوەی کێشەی ژمارە یەکە ئەوەیە ھیچ یەکێک لەوانەی باس لە ” سەوابیت ” ی ئیسلام دەکەن ناڵێن مەبەستیان چییەو کامەیە ؟ ناڵێن چۆن ئەم ” سەوابیت ” ـانە بکرێن بەیاسا ؟ ناڵێن بەچ جۆرێک لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا کۆیاندەکانەوە ؟ ناڵێن چۆن ببن بەسنورو لەدەستوردا وەک سنور بچەسپێندرێن ؟
ئەوەی کە هه‌یە باسکردنی ” ئیسلام ” ێکە ناوەڕۆکەکەی نادیارە ، بەڵام ئەوەی بەکردەوە دەیبینین ڕوە هه‌رە ناشیرین‌و هه‌رە خراپ‌و هه‌رە نائینسانیەکەی ئیسلامە چ لای داعش ، چ لەئەزمونی ئیسلامی شیعە لەئێراندا ، چ لەئەزمونی ئیسلامی وەهابی سعودییدا ، چ لای ئەلقاعیدەو جەبهه‌ی نوسرەو تاڵەبان‌و بەشێکی زۆری سەلەفەییەکانی دونیاو زۆرانێکی تریش .
ئەوەی من بەرگریی لێدەکەم دەستورێکە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دابینبکات ، ژیان وەک مافێکی پیرۆز ببینێت ، سەلامەتی جەستەو نەشێواندنی بەتەواوی بپارێزێت ، مرۆڤ لەبەکارھێنانی توندوتیژیی بپارێزێت . دەستورێک بێت بتوانێت مافی خوێندن‌و پەروەردەو خزمەتگوزایی تەندروستیی‌و پزیشکیی بۆ هه‌موان دابینبکات . دەستورێک پێ لەسەر ئەوە دابگرێت هه‌مو مرۆڤێک مافی ئەوەی هه‌یه‌ کاری هه‌بێت ، هه‌مو کەسێک مافی ئەوەی هه‌یە ڕێزیبگیرێت‌و ئیهانە نەکرێت . مرۆڤ مافی ئەوەی هه‌یە بەشێوەیەکی پاک‌و یەکسان داوەریبکرێت ، مافی ئەوەی هه‌یە فەرق‌و جیاوازیی نەکرێت لەسەر ھیچ بنەمایەک ، لەبنەمای ڕەگەزو ڕەنگی پێستەوە بیگرە بۆ بنەمای بون یان نەبونی دین . لەدونیای ئێمەدا مافێک هه‌یە کە گرنگییەکی تایبەت‌و لەڕادەبەدەری هه‌یە ، ئەویش مافی تەکفیرنەکردنە . ئەمڕۆ لەشکرێک مەلاو خوێندەواری دینی دروستبون تەکفیکردنی مرۆڤیان بەلاوە لەهه‌مو شتێکی تر ئاسانترە . ئیسلامێک لەدونیای ئێمەدا دروستبوە کە نەک ته‌نها کەسانی خاوەن دینی ترو کەسانی بێدینی بەلاوە بێنرخ‌و بێئیمانەو پلەدوە ، بەڵکو هه‌ر ئیسلامێکی تر لەخۆشی نەچێت بەتێکدەری دین دەزانێت‌و سەلامکردن لێیان بەحەرام دادەنێت . ڕێگرتن لەم لەشکرە تەکفیرکارە یەکێکە لەئەرکە هه‌رە سەرەکیی‌و هه‌رە گرنگەکانی دەستوری هه‌رێم ، بەبۆچونی من دابینکردنی مافی تەکفیرنەکردن پێش دابینکردنی زۆرێک له‌مافەکانی تر دەکەوێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت