عیماد عەلی : نیازی بەرزانی چاوسورکردنەوەیە لە لایەنەکان ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دواجار بەرزانی پەیامێکی راشکاوانەی کتومت دەربری ناخی خۆی و بە پشتخانی راستەقینەی خۆیەوە بڵاوکردەوە و ، ئەوەی لە لایەنی سایکۆلۆجی و سیاسیەوە دەتوانرێت شیبکرێتەوە کە سەرجەم فاکتەرەکانی خستە بەردەست شیکاریکاران و سیاسەتمەدار و ئەکادیمیستەکانی بواری سایکۆلۆجی لە کوردستان بۆ خوێندنەوەی ناوەخن و دوورایی پەیامەکەی .
بە شێوەیەکی فراوان و گشتگیر ، باسی لە رەفتار و هەڵوێستی هەمەچەشنی خۆی لە ماوەی ئەم دوو دەیە و نیوەی پاش راپەرین کرد و بێ ئەوەی تاکە جارێکیش خۆی لە قەرەی ئاڵۆزی و دواکەوتنی وەزعی خەڵک و تەنگژەکانی دەیان ساڵەی نێوخۆی کوردستان و هۆکارە سەرەکیەکانی چەقبەستنی حوکم و گەندەڵی و شەری نێوخۆ بدات . ئەوەی زۆر بەزەقی دیار بوو کە پەیامەکەی بە سەخڵەتبون و نائارامیەوە نوسیوە و چەندین چەمک و وشەی نابەجێی تیدایە کە نەدەبو لە لایەن کەسێکەوە دەربچێت کە خۆی و حزبەکەشی بە سونبولی پیرۆز و ئاشتیپەرستی لەقەڵەم دەدەن و لە ماندیلا و غاندی بە کەمتری نازانن . دیارە رەمز لە قسەکردنیشدا خۆی دەردەخات کە جێگەی لە کوێیە و خۆی بە شێوەیەکی زۆر ئاشتیانە بە قسە و رەفتار و هەڵوێست و مامەڵە لە گەڵ پرسەکان بە هەموو دونیا دەناسێنێت نەک بە تۆپزی وچاو سورکردنەوە و هێز خۆی فەرز بکات . گریمان ئەو هەموو لەخۆبردویی و ئاشتیخوازی و کوردستان پەرستیەی راستە کە تا رێژەیەک خەڵک باوەری پێدەکەن ، ئەدی بۆ لەم کاتەدا بۆ پێگەی سەرۆکی هەرێم ئەم هەموو هەڵایە دەنێیتەوە، بۆ سونبولیەکەت ئەوە فەرز ناکات کە خەڵک داوات لێ بکەن لە بەرپرسیاریەکەت بمێنێتەوە و بە هەموو دونیا بیسەلمێنن و قەناعەتیان پێ بکات کە ئەو شوێنە بۆ جەنابت گونجاوە و کەسی ئەڵتەرناتیڤی جەنابت بۆ ئەو بەرپرسیارێتیە لە کوردستاندا نیە .
باس لە سازانێک دەکات لەگەڵ لایەنەکان کە تەنها رێگەیەک دەخاتە بەردەمیان ئەویش قبوڵکردنی مانەوەی بەرزانیە بەم شێوەیە ئێستا بە دەسەڵاتەکانیەوە بە بێ هیچ گۆرانێک و، دەبێت لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێرێت و هیچ ئەگەرێکی دیکە پێویست نابێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و کە چی بەخۆی باس لە خۆ سەپاندن و دەرچونی لایەنەکانی تر دەکات کە ئەوان لە دەرچون سازان ئەوەش قابیلی قبوڵکردن نیە . بۆچی داوا و راوبۆچون و هەڵوێستی چەندین لایەن قابیلی قبوڵ نەبێت بەڵام راو هەڵوێستی حزبەکەی سەرۆک و خودی خۆیشی هەرچۆن و شێوەیەک بێت بواری گفتوگۆی هەبێت و قابیلی قبوڵکردن بێت ، بۆچ موکڕ بیت لەسەر ئەوەی وتەی پێشینان دەڵێت ، هەر پێتی دەکەم یا بە ….. م یان کەمەرم .
بەکارهێنانی دەستەواژەی نەمانی مسداقیەت و قین و رق و خۆسەپاندن و کودەتا هیچ بوارێکی بۆ ئەوە نەهێشتەوە کە پەیامەکە بە ئاسایی لەقەڵەم بدرێت . بە راستی رۆژانی شەری نێوخۆی هێناوە بیری خەڵک و ئەوەی دەرخست کە خودی بەرزانی مەبەستی بووە جاوترسێنی لایەنەکان و خەڵک بکات و بەو چاوسورکردنەوەیە لایەنەکان لە هەڵوێست و بۆچونی خۆیان پاشگەز ببنەوە . ئەگینا دەکرا زۆر بەهێمنی دەیتوانی بە وشەی جوان و مەنتقی هاوشێوەی دەربرینی رەمزەکانی جیهان هەمان ئامانجی بپێکایە و مەترسی بارودۆخەکەی بۆ خەڵک دەربخستایە ، بە بێ تورەیی و وسەخڵەتبون . ئەم پەیامەی بارزانی وای لە لایەنەکان کرد کە نەتوانن لەوە زیاتر تەنازول بکەن و جەماوەری خۆیان زویر بکەن و لە حاڵەتی سازاندا بە روسوری لێی دەربچن ، ئەمەش پرسەکە ئاڵۆزتر دەکات . بەهیوام خەڵک رۆڵی خۆی بگێرێت و رۆشنبیران هەڵوێستی راستی خۆیان بنوێنن . با بارزانی و پارتی باش بزانن کە چاوسورکدنەوە و دەست بادان قابیلی قبوڵ نیە نەک راوبۆچی هەر لایەن و کەسێک و گفتوگۆ و گەیشتن بە سازانی راستەقینە .