drbarham_nawsherwan

دکتۆر بەرهەم ساڵح : بەرەو چارەسەرێکی نیشتمانی بۆ قەیرانی حوکمڕانی کوردستان .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەردەمی گۆڕانگاریەکانی ڕۆژھەڵات ، لە ساتی دەرفەت و ھەڕەشە بۆ کوردستان ، لەکاتی چاوەڕوانی ڕەوای خەڵک بۆ ژیانێکی ئاسوودە و ئازاد ، حوکمڕانی کوردستان دووچاری کێشەی بنەڕەتی بۆتەوە . لە دووای ٢٤ سال ، سەرەڕای دەسکەوت و پێشکەوتنی گەورە ، کۆمەڵێ کێشەی کەڵەکە بووی ساڵ دووای ساڵ ، و پاشماوەکانی شەڕی ناوخۆ ، بوونەتە ھۆکاری قەیرانێکی سیاسی ، قەیرانێکی ئابووری سەخت ، ھەڕەشەی سەربازی و ئەمنی قەومی چارەنوسساز کە بە کۆیان لە قەیرانی بنەڕەتی سیستەم و بڕیاڕی حوکمڕانی کوردستان چڕبۆتەوە .
باری سیاسی ئاڵۆز و ململانیی ژێر بە ژێری نێوان بەناو ھاوپەیمانەکانی حوکمڕان ، تێڕوانینی ناکۆک لەسەر پرسەکانی ئەمنی قەومی ، چ دەربارەی عیراق، چ دەربارەی کوردی باکور و ڕۆژئاوا ، چ پەیوەندیەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا ، پرسی مافی چارەنووس ، ھەڕەشەی لەتکردنەوەی حکومەتی کوردستان و بگرە ھەڕەشەی شەڕی ناوخۆش ، مشتێکن لە خەرواری دەرھاوێشتەکانی قەیرانی سیاسی کوردستان .
لە بەرنامە و ھیوای ئاوەدانی و گەشەسەندنی ئابووری کوردستان و دڵنایی وەبەرھینان ، وا ئێستا ھاوڵاتیانی کوردستان کەوتوونەتە گێژاوی دڵەڕاوکێی بوون و نەبوونی مووچە ، و تارمایی مایەپووجی کەرتی تایبەت و بانکەکان و ڕاوەستانی بازاڕ و کەسابەتی خەلک ئاماژەی قەیرانێکی ئابووری سەخت و مەترسیداری کوردستانە .
پێشمەرگە ، بە خۆبەختکردن و ئازایەتی ، و بە پشتیوانی ھاوپەیمانان و ئێران و تاڕادەیەک عێراق ، جوامێرانە و قارەمانانە بەرگری لە کوردستان دەکەن لە ڕووی ھێرشی دڕندانەی داعش . تا ئێستا پێشمەرگە یەکگرتوو نیە ، گیرۆدەی کێشەی شیرازەی فەرماندەییە . نەک نەبۆتە ھێزێکی نیشتمانی ، بەڵکە فرە فەرماندەیی و کێشەی لۆجیستی و مووچەی قوڵتر بۆتەوە . بێگومان ئەم کێشانە بوونەتە ڕێگر لەوەی پێشمەرگە سوودمەند بێت بە شێوەی گونجاوتر لە ھاوکاری نێودەوڵەتی .
ئەم قەیرانەی حوکمڕانی گشتگیر و بنەڕەتیە و بۆتە مایە کێشەی ڕۆژانەی خەڵک و مەترسی بۆ خزمەتگوزاری و بژێویان ، و تارماییشە لەسەر پرسە نەتەوەییەکان . کوردستان بەمجۆرە بەڕێوە ناچێت . بەردەوامبوونی وەزعی ئێستا بەرەو ھەڵدێرمان دەبات . بە ڕوونی ، بە کوردی بە کورتی ، بەردەوامبوونی وەزعی ئێستا ناکرێ ، بۆیە سیستەمی ئێستای حوکمڕانی کوردستان پێویستی بە پیاچوونەوە و ڕاستکردنەوە ھەیە بە تایبەتی لەم قۆناغە کە پرسەکانی دەستوور و سەرۆکایەتی ھەریم بوونەتە باس و پرسی ئیستا .
ناکرێ بە ( سەفقە ) ی ژێربەژێر ، و سەودا و معامەلە ، برابەشکردن و پیاچوونەوەی پشکەکان ، پرسەکانی ( سەرۆکایەتی ھەریم ) و سیستەمی حوکمڕانی بەڕێ بکرێت . پەردەپۆشکردن و ڕاییکردن تا سەر نابێت ، و دادی بژێوی و کەسابەتی ھاوڵاتیان و پاراستنی ئەمنی قەومی و زامن کردنی بەرنامەی ئازادی کوردستان نادات .
بەرپرسیاریەتی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە لە ئەستۆی پەرلەمان و ھێزە سیاسیەکانە . چارەسەر بە ڕێکەوتنی سیاسی و یاسایی دەبێت بۆ ڕەواندنەوەی قەیرانی بژێوی و ئابووری ھاوڵاتیان ، بۆ یەکخستنەوەی بەڕاستی حکومەتی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان ، بۆ چەسپاندنی حکومەتی ھاوڵاتی و ڕێزگرتن لە چەمکی دەستاودەستکردنی دەسەڵات . چارەسەر دەبێ نیشتمانی بێت ، دوور بێت لە ئاماژە و دەستەواژەکانی دووبەرەکی و تاڵاوەکانی شەڕی ناوخۆ و دەبێت ھەر لە سەر بنەمای پاراستنی یەکڕیزی گەل و یەکبوونی حوکمڕانی کوردستان بێت .
سەرۆک ، سەرۆکی نیشتمانە ، و ڕەمزی یەکبوونی گەلە . دەستوور چوارچێوەی پێکەوە ژیان و بەڕێوەبردنی جیاوازیەکان و حوکمڕانی وڵات و زامنکردنی مافی ھاوڵاتیە . ئەم پرسە بۆ تاکە کەس و حیزب و لایەنێک نیە ، بۆ زۆرینەیەکی ئاساییش دیاری ناکرێت . بۆیە پێویستە لەگەل ھەموو جیاوازیەکان ئەم قەیرانەی ئێستا بە ئاڕاستەی قەیرانێکی قوڵتر و مەترسیدارتر نەبەین . پێویستە بە پەرۆشی بۆ گەل ، بۆ ئایندەمان ، ئەم پرۆسەیە ، بەم جیاوازیانەوە ، بەرەو چارەسەرێکی نیشتمانی ئاڕاستە بکەین و لە سایەی پەرلەمانەکەی خۆمان و بە ڕێکەوتنی ھێزە سەرەکیەکان بسازێین لە سەر نەخشە ڕێگەی دەرباز بوون لە قەیرانی ئەمڕۆی حوکمڕانی کوردستان :

قۆناغی انتقالی ( ئێستا بۆ ٢٠١٧ کاتی ھەڵبژاردنی نوێی پەرلەمان )
لە ئێستاوە تا کاتی ھەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی کوردستان ( دوو ساڵ تێپەر نەکات ) ، ڕێکەوتن لە سەر شێوازی بەڕێوەبردن و ڕێکخستنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکیەکانی حوکمڕانی ئەمڕۆ ، بە تایبەتیش :
* پێشمەرگە و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە .
* ئەمنی قەومی و پەیوەندیەکان ، و بە تایبەتیش پەیوەندی نیوان ھەریم و بەغدا.
* چارەسەرکردنی باری ئابووری و بژێوی کۆمەلانی خەڵک .
* چاکسازی دەسەڵاتی دادوەری و پاراستنی سەربەخۆیی .
بۆ ئەم قۆناغە انتقالیە دەسەڵاتەکان ، لە نێوان سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت ، ڕێکبخرێتەوە بۆ بەدیھینانی ئامانجەکانی سەرەوە و زەمینە سازی و ئامادەکاری پێویست بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمی پەرلەمانی دیمکراتی لە دووای ھەڵبژاردنی ٢٠١٧.
١ – تخویلی دەسەڵات بە وەزیری پیشمەرکە و سەرۆکایەتی ئەرکان بۆ ریکخستنەوە ھیزی پیشمەرگە و یەکخستنی لە دامەزراوەی نیشتمانی ، و جێبەجیکردنی گۆڕانکاریە ئیداری و دارایی و عەسکەریە پێویستەکان بۆ ئەم مەبەستە .
٢ – تخویلی دەسەڵات بە وەزیری ناوخۆ بۆ یەکخستنەوەی دەزگاکانی ئاسایش لە دامەزراوەی نیشتمانی و جێبەجێکردنی گۆڕانکاریە پیویستەکان .
٣ – سەرۆکی ھەرێم ، سەرۆکی حکومەت ، جیگرەکانیان لەگەڵ نوینەری لایەنە سەرەکیەکانی بەشداری حکومەت ئەنجومەنیک پێک دێنن بۆ ئەم قۆناغە انتقالیە بو تاوتوێیکردن و بڕیاڕدان لە سەر پرسە گرنگەکانی ئەمنی قەومی ، بە تایبەتیش ھەڵویست سەبارەت مافی چارەنووس و پەیوەندیەکان لە گەل عێراق ، ھەروەھا پەیوەندیەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا ، و پارچەکانی تری کوردستان .
ئەم ئەنجومەنە ، بە ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری ، کار بکات بۆ پشتیوانی چاکسازی پێویست لە دەسەڵاتی دادوەری و چەسپاندن و پاراستنی سەربەخۆیی .
٤ – دامەزراندن و دەستبەکاربوونی سندوقی داھاتە نەوتیەکان ، دامەزراندنی کۆمپانیاکانی ( پشکنین و گەڕان ) و ( دۆزینەوە و بەرھەمھینان ) ، ( گواستنەوە و دابەشکردن ) و ( فروشتن و ھەناردەکردن ) بە پیی یاسای نەوت و گازی کوردستان … و کۆکردنەوەی گشت داھاتەکان بە پێی یاسا و کاراکردنی لیژنەی دەستەپاکی و پەیوەندیدارەکانی پەرلمان بۆ چاودیری کۆکردنەوە و سەرفکردنی داھااتی نەوت .
٥ – شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی ئیداری و دارایی بۆ پاریزگاکان و کاراکردنی لامرکزیەت .
٦ – تەعدیلی وەزاری و پیاچوونەوەی پێکھاتەی حکومەت ، و ھەروەھا پیاچوونەوەی دامەزراوەکانی دیوانی سەرۆکایەتی ھەریم و دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ، بۆ ھاوکاری جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرەوە ، و ھەروەھا پەیڕەوکردنی بەرنامەیەکی بەکردەوەی چاکسازی ھەمەلایەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و زامنکردنی بژێوی خەڵک ،
ئەم بەرنامەیە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت ، و پەرلەمان ئەرک و مافی بە دواداچوون و بەسەرکردنەوەی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی قۆناغی انتقالی ھەبێت .
بۆ ھەڵبژاردنی ئایندە ٢٠١٧
لە ئێستاوە ، ریکەوتن لەسەر پیاچوونەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و دەستوور چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی دیمکراتی و ھەموارکردنی دەسەڵاتەکان و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمان ، و بە یاسا پێش ٢٠\٨ لە پەرلەمان پەسەند بکرێت .

پرۆژەکە لە پەیجی تایبه‌تی دکتۆر بەرهەم ساڵح وەرگیراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت