شێرزاد شێخانی : دوو ئیدارەیی ئیسراحەتە نەک خیانەت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوساڵ لەمەوبەر کاک نەوشیروان زۆر بەراشکاوانە پێی وتم ” من بەهیچ شێوەیەک دژی پارتی نیم کە حزبەکەیان ئەکەن بەحزبی بنەماڵە ، ئەمە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە من کارم پێیانەوە نیە ، بەڵام من دژی بەبنەماڵەکردنی دەسەڵات و حوکمم لەکوردستاندا ، چونکە ئەمە پەیوەندی بە هەمو میللەتەوە هەیە “.
ئەگەر پارتی بە ئەندام و سەرکردەکانیەوە بریاریان دابێت ببنە کۆیلەی سەرۆکەکەیان و رۆژانە دەیانجار کرنوش بۆ بچوکترین ئەندامی بنەماڵەی بارزانی ببەن ، ئەوە مافی خۆیانە ، با مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەی لەکەعبەش پیرۆزتر بزانن ، بەڵام هیچ حەقێکیان نیە خۆیان فەرز بکەن بەسەر میللەتەوە کە خۆشیان چاک ئەزانن زۆرینەیان ئەو بنەماڵەیان ناوێت .
هێمن هەورامی باس لەکاک نەوشیروان ئەکات ئەڵێ خۆی بچوک کردۆتەوە لەسلێمانی و ئەگەر ئەو هەڵوێستانەی دژی پارتی نەبونایە ئەبو بەسەرکردەیەکی گەورە لەکوردستاندا . ئەمەش وەکو ئەوەوایە بون بەسەرکردە لەکوردستانداپێویستی بەشەهادەی تەخەروج بیت لەمەدرەسەکەی بارزانی ، یا وەکو ئەوەی کاک نەوشیروان فەرماندارێک بێت چاوەرێی پلە بەرزکردنەوە بیت بەئیمزای فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم کە هەر هێزەکانی حزبەکەی ئەو بون روبەرێکی فراوانی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستانیان تەسلیم بەدەستی داعش کرد وهەڵاتن .
کاک نەوشیروان لەداستانەکانی شۆرشی کورددا رۆلی سەرەکی لەبەرەکانی هەرەپێشەوەی شەڕدا گیراوە ، لە کاتێکدا مەسعودو بنەماڵەکەی لەکەرج لەبنباڵی ئێرانیەکاندا کاسبیان ئەکرد .. دوای ئەوەش کاک نەوشیروان زۆر لەسیاسەتدا لەسەرۆکی پارتی شارەزاترە لەخودی خۆشیان پارتی باشتر ئەناسێت ، بۆیە پارتیەک ئامادە نەبێت لەژێر فشاری یاساکانی کوردستان و پەرلەمان و داواکاری چوار حزبەکەو بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان سازش لە بەشێکی بچوکی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم بکات ، چۆن ئەم دەسەڵاتە بە کاملیەوە تەسلیمی بەرامبەرکەی ئەکات تەنانەت ئەگەر لەهەڵبژاردنیشدا بردیەوە .
کاک نەوشیروان زۆر لەوە گەورەترە بکەوێتە ئەو چاڵەی کە پارتی بەنیازە بۆی هەڵکەنێت ، ئەوانەی ئەویش داوایان لێئەکات خۆیان کاندید بکەن رەنگە پێگەی سیاسییان زۆر لەمەسعود بارزانی کەمتر نەبێت ..
من پێموایە کاک نەوشیروان و سەرکردەی تریش لەزۆنی سەوز گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەوە کەوا پارتی ئامادە نیە بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر پێگەی حۆی لەدەسەڵاتدا بکات ..
بارزانی وەکو سەرۆک ، نێجیر وەکو سەرۆک وەزیران ، مەسرور وەکو سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش ، ئەم سێکوچکەیە نابێت دەستگاریی بکرێت ئەوەی رازیش نیە بەسەر بدا لەبەردی ئەلحەد .
هەر خۆیشم بەراشکاوی بەکاک نەوشیروان وت کەوا من تەسەوری ئەوە ناکەم رۆژێک لەرۆژان پارتی وبنەماڵەی بارزانی ئامادەبن دەسەڵات رادەستی کەسانیتر بکەن ئەگەر 95% کورسی پەرلەمانیش بینن .. خۆ یەکێتی 49 کورسی هەبو کاتێک سوپای سەدامی بەسەراکردو لە هەولێر وەدەری ناو حکومەتەکەشی تێکداو پەرلمانەکەشی کردە کارتۆنی . ئەی ئەویان هەمان ئەو شەڕەی ئیستا نیە لەسەر دەسەڵات لای پارتی .
ئیستا من و هەزاران هەزار کەسیش گەیشتینە ئەو قەناعەتەوە کەوا ژیان و گوزەران لەگەل پارتیا تا سەر بەرێوە ناچن .. ئەوان کێشەی سەرۆک و بنەماڵەی بارزانیان هەیە ، ناتوانن لەم بنەماڵە بەولاوە کەسیتر ببینن ، ئەوە نیە تەنانەت تەزویر لەواژوکردنی بەیاننامەکانیش ئەکەن بۆ پیرۆزکردنی بارزانی ، ئەمانە ئامادەی تەزویرو کزی و فزی شەڕو ، تەنانەت خیانەتیش بن لەپێناو مانەوەی بنەماڵە بارزانی لەسەر تەختی شاهانەدا ، کەواتە بریاری خۆیانداوە ببنە کۆیلەی بنەماڵە ، ئێمە بۆچی و لەپای چی ببین بە کۆیلەو ژێردەستی بنەماڵەی بارزانی .
لێرەو لەوێ هەندێ نوسەر ورۆشنبیر جا بەهەر مەبەستێک بێت دیسانەوە کەوتونەتە لێدانی هەمان قەوانە سواوەکەی داکۆکیکردن لە یەک ئیدارەی یەکگرتو ، بەخیانەتکردنی دو ئیدارەییش ، ئەمەش لەلایەک پشتکردنە لە بینینی واقیع و نەعامە ئاسا خۆیان کوێر ئەکەن ، لەلایەکی تریش فێڵکردنە . چونکە دوای جەنگی جیهانی دوەم ، کە ئەلمانیا دابەشکرا هۆکاری سەرەکی جیابونەوەیان بونی دو کلتوری سیاسی ودیموکراسی بو ، لەبەشێکدا خەڵکی بە دیکتاتۆریەتی حزبێکی وەکو پارتی رازی بون ، بەشەکەی تریش لەناو وڵاتێکی دیموکراتدا گەشەیان کرد .. دوای ئەوەی بەشە دیکتاتۆرەکە شکستی هێنا ئینجا قەدرو قییمەتی دیموکراسییان زانیو گەرانەوە بۆ یەکبون .
بەنیسبەت کوریای باشورو باکوریش هەروا ، باکور لەبرسا ئەمرێت ، باشوریش بوە بەگەورەترین وڵاتی پیشەسازی لە جیهاندا رۆژیک دێ ئەوانیش بیر لە یەکگرتنەوە ئەکەنەوە .
ئیدارەی ئێمەش دوای نەمانی دەسەڵاتی ئەم بنەماڵەیە قابیلی یەکگرتنەوەیە ، بەڵام ئێستا بەم سیاسەتانەی پارتیەوە هیچ مانایەک نیە ناوچەیەکی گەورەتر لە زۆنی زەرد بخەینەوە ژێردەستی مناڵەکانی بنەماڵەی بارزانیەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت