111.2899 Barzani 7

دکتۆر کەمال میراودەلی : بارزانی و سێبەری کۆدیتا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کۆدیتا چییە؟ كی کۆدیتا دەکات ؟

[ ئەم نووسینە لە کاتی هەڕەشەی دووساڵ لە مەوبەریی بارزانی و تاوانبارکردنی یەکێتی و گۆران بە کۆدیتا نووسراوە و تا ئێستا ىڵاو نەکراوەتەوە . مێژووی باشوور دووبارەبوونەوە یان چەقبەستنی هەمیشەیی کێشە سەدان جار باسکراوەکانە ]
ئەمە یەکەم جار نییە بارزانی و پارتی وشەی کودیتا بۆ هەر هەولێک بۆ بە سیستمکردنی دەسەلاتی سیاسی و چەسپاندنی هەندێ میکانیزمی لێپرسینەوەو بەکارخستنی دەوری پەرلەمان وەک نوێنەری خەلک لەو سیستمەدا بەکار دەهێنن . چەندین جار بەرامبەر بە هەولەکانی یەکێتی و دوایی ئۆپۆزیسیۆنی هاوپەیمانی چوار حیزبەکەی پێشوو [ لیستی چاکسازی ] ئەوسا بەرامبەر گۆڕان و ئێستاش بەرامبەر هەموو ئۆپۆزیسیۆن [ پلاس + یەکێتی ] بەکاری دێنێت .
بەلام هەموو کۆدیتایەک ناشەرعی و خراپ نییە !
coup d’état / coup کۆدیتا چییە؟
کۆدیتا لە وشەی کۆدیتای فەرەنسی وەرگیراوە، کورتەی وشەکە [ کو – وز ] ە کە مانا ئەسڵییەکەی بریتییە لە زەبرێكی لە پرو چاوەرێنەکراو یان کارێکی خێراو زیرەکانە بەرامبەر بە رکابەر یان ناحەز .
بەلام وشەی کودیتا بۆتە زاراوەیەکی سیاسیی بە مانای :
[[ چالاکییەکی لە نەکاو یان یەکلاییکەرەوە کە بە شێوەی نایاسایی یان بە بەکارهێنانی هێز گۆڕانی سیاسی دروست دەکا ]].
کەوایە : کۆدیتا سێ تایبەتمەندی هەیە :
1 – زەبرێکی لە نەکاوە بەرامبەرەکە پێی نازانێت یان درەنگ پێی دەزانێت
2 – هیز یان یان نەخشەی زیرەکانەی نایاسایی تیدا بەکار دێت کە موفاجەئەی بەرامبەرەکەی دەکات
3 – دەبێتە هۆی گۆڕین واتە ئەنجامەکەی گۆڕین – ە [ کە ‌هێزی تێدا بەکار نەیەت ] یان هەڵگێڕانەوەیە کە هێزی تێدا بەکاربێت .

گۆڕین و هەڵگێڕانەوە
جیاوازی گۆرین و هەلگێڕانەوە ئەوەیە کە لە هی یەکەمدا سیستمەکە دەگۆردڕێت بەلام رەنگە بە شێوەیەکی رادیکالی نەبێت .
لە هی دووەمدا ، هەڵگێرانەوە : سسیتمەکە بە شێوەیەکی رادیکالی دەگۆڕدرێت و ‌هێزو رەمزەکانی دەسەلاتی باویش لە ناودەبردرێن وەک کۆدیتای ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨ ی عێراق کە سسیتمی مەلەکی نەهێشت و عائیلەی مالیکەشی لە ناو برد و سیستمی کۆماریی دروست کرد .

نایاسایی کۆدیتا
نایاسایی کۆدیتا لەوەوە دێت کە ئەوانەی کۆدیتا دەکەن بە گشتی دەستەیەکی کەمن کە بە هۆێ شوین و پلەو دەسەلاتیان لە ناو سیتمەکە خۆیدا ، بە تایبەتی لە ناو هێزی چەکداردا، دەتوانن دەرفەت بەکاربێنن و لە کات و شوێن و هەلومەرجی گونجاودا [ دەستی خۆیان بوەشێنن ] ( بەراستی دەستوەشاندن مانایەکی کوردیی تەواوە بۆ مانا ئەسلییەکەی کۆدیتا ، کە هەم کتوپڕی زەبروەشاندنەکەو هەم بەکارهینانی دژی ناحەز دەردەخات ) واتە ئەوانەی کۆدیتاکە دەکەن نوێنەری شەرعی یان دیمۆکراتی خەلک نین .

کۆدیتای نیشتمانپەروەرانە
بەلام زۆر جار لە سیستمی ستەمگەریدا هێزیكی پێشرەو لە ئەفسەران یان فەرماندەی سەربازی دلسۆز پێدەگەن کە هەست بە بێدادیی دەسەلات لە لایەکەوەو نارەزایی خەلک لە لایەکی ترەوە دەکەن و دەرفەتی بوونی بەهێزی خۆیان لە ناو سسیتمی دەسەلاتدا بۆ کۆدیتا بەکاردەهێنن . هەندێ جار ئەوانە تەنیا حکومەتێکی گواستنەوە دروست دەکەن و دوایی دەستوور دادەنێن و دەسەلات دەدەنە هێزی مەدەنی هەلبژێردراو . زۆر جاریش خۆیان دەبنە دیکتاتۆری خراپتر .

کۆدیتای خیانەتکارانە
بە پێچەوانەی ئەوەوە لایەنێکی تری تەواو نایاسایی و دەشێ خیانەتکارانەی کۆدیتاش هەبێت وەک ئەوانەی ئێستا کە بۆ گۆرینی رژێمی سیاسی بە پلان و نەخشەو یارمەتی و خۆتێگەیاندنی راستەوخۆی هیزی بێگانە بەتایبەتی هێزە سەهیۆنیی و ناتۆیی و ئیمپریالیستەکان ئەنجام دەدرێن وەک ئەوەی لە لیبیا روویداو ئێستاش هەوڵی دووبارەکردنەوەی لە سوریا شەرێکی ئەهلی جێنۆسایدانەی دروست کردووە .
هەروەها دەشێ ٣١ ی ئابیش کە بارزانی بە شێوەیەکی چاوەرێنەکراو بە یارمەتی سەددام و دەبابەو لەشکری هیزێکی دوژمن توانی پایتەختی هەرێم و پەرلەمانەکەی بگرێ و هێزی دژەکاری راو بنێت ، بە کودەتایەکی خیانەتکارانە وەسف بکرێت . ڕاستیی هەوڵ و هەڕەشە بەردەوامەکانی بارزانی لە هەر هێزو لایەنێک کە بیەوێت سەرۆکایەتی بارزانیی بخاتە بەر لێپرسینەوەو سنووریی دەستووریی و یاسایی بۆ دابنێت، هێشتنەوەی باری کۆدیتایی بەردەوامە بە یاریدەو پشتگیریی هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان بە تایبەتی تورکیا کە هێزی سەربازیی ئامادەی لە بادینان هەیە .

رەوایی کۆدیتا لە کوێدایە
گەر بە پێناسەکەدا بچینەوە دەبینین ئامانجی کۆدیتا کە گۆڕینە و تەنانەت هەلگێرانەوەی رادیکالیشە لە هەندێ هەلومەرجی مێژوویی و سیاسیدا پاکانەی خۆی هەیە بە تایبەتی کە دەسەلاتێکی دیکتاتۆری ستەمگەر بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوەو هیچ ئامرازو هۆکارومیکانیزمێکی دەستووریی و دیمۆکراتیی بۆ گۆڕینی نییە . لە هەموو حالەتێکدا ئامانجی گۆڕین بۆ باشترو دادپەرەورانەتر ودیمۆکراتیتر هەمیشە ئامانجیكی سیاسیی رەوایە و تایبەتمەندییەکی جەوهەری پرۆسەی ژیان و سیاسەتە .
گەر ناشەرعییەتەکە لە بە کارهێنانی هێزو گرتنەبەری رێبازی نایاساییدا بێت ، ئەوا دەکرێ ئامانجەکە: گۆرینی گورج و رادیکالی بۆ بەرژەوەندی خەلک و سسیتمی دیمۆکراتی باشتر لەگەڵ میتٶدو رێبازی خەباتی ئاشتییانەو دیمۆکراتییانە لێکبدرێت . واتە دەکرێ لە ڕێگەی پرۆسەی ئاشتی دیمۆکراتی پەرلەمانی یاسایی یەوە کۆدیتا بکرێت .

کودیتاو کوردستان
لە کوردستان کۆدیتا ناکرێت
لە کوردستان کۆدیتا ناکرێت چونکە دامودەزگای سەربازیی پرۆفیشینالی سەربەخۆی سەر بە سیستمی دیمۆکراتی واتە میللەت خۆی نییە . هێزی پێشمەرگە زیاتر وەک هێزی میلیشیایی و لە هەندی حالەتدا مافیایی ش [ هێزی تایبەتی کەسەکان ] ماوەتەوەو زیاتر بەرژەوەندییە بنەمالەیی و تایبەتییەکان دەپارێزن لەوەی لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان .

پێشمەرگە لە ناو بازنەی دەسەلاتی بنەمالەیی حیزبیدا گیری خواردووە
ئەمەش لە بەر ئەوە نییە کە پێشمەرگە خۆی وایە یان ئەو دەورە ناشیرینەی پێ خۆشە ، نا، لە بەر ئەوەیە کە پێشمەرگە لە ناو بازنەی دەسەلاتی بنەمالەیی حیزبیدا گیری خواردووە .
بە تایبەتیتر لە بەر ئەوەی ‌هێشتا حکومەت و دارایی حکومەت سەربەخۆ نەبووەو لە ژێر دەستی حیزب و بنەمالە دایە ئەو هێزانە گەر کەسی ئازاو نیشتمابپەروەریشیان تێدا ىێت ، کە گومانم نییە زۆریان تێدایە ، ناتوانن یەک بگرن، یان بیر لە کۆدیتا بکەنەوە چونکە
1 – بنەماڵە و حیزب دەتوانن مووچەیان ببڕن و منال وخێزانیان برسی و نەدار بکەن. بڕینی مـووچەی سەدان لایەنگری گۆڕان ئەم راستییەی دەرخست .
2 – جگە لەمەش دیسانەوە دامەزراندنی ئەفسەران لە شوێنی دەسەلاتدارو هەستیاردا بە پێی خزمەت و پەرێزی کارو دلسۆزیی و تواناو پرۆفێشنالی نییە ، بەلکو بە بەرژەوەندی وبڕیاری بنەمالەو حیزبە و کەسانی خۆیان لە شوینە گرنگ و هەستیارەکان دادەنێن و بڕیاری سەربازیی لە دەست ئەواندا دەمێنێتەوە . دروستکرنی چەندین جەنەرال و ئەستێرەداری فشە یان بەکارهێنانی خزمەتی شاخ بۆ دروستکردنی پلەی سەربازی خانەنشینیی بەلگەی ئەو ئاژاوە حیزبییە ناپرۆفێشناڵەیە . خانەنشینکردن و خەساندن لە باشووردا بوونە دوو ووشەی هاوتا .
3 – لە سەرووی ئەمەشەوە وەک سیستمی بەعس هەمیشە هێزی پاراستن و زانیاری بۆ زانیاری کۆکردنەوەو چاودیری پێشمەرگەکان لە کارادیە ، ناچار دەکرێن ببنە حزبیی و ئابوونەی حیزبیی بدەن . هەموو ئەمانە وا دەکەن هێزی پێشمەرگە لە ناو بازنایەکی تەسکی بەرژەوەندیی بنەمالەییدا گیر بخواو نەبێتە هێزێکی نیشتمانی نەتەوەیی پرۆفێشنال و بە تواناو متمانەدار .
4 – لە هەمووی خراپتر : مـێژوو – ی دوورودرێژو کەلتوور و بیرەوەری رەشی شەری براکوژیی و ناوچەگەریی ، کەلتوورو سایکۆلۆجییەتێکی وای دروستکردووە کە بتوانرێ ئەم مێژووە بە ئاسانی دووبارەبێتەوە بەتایبەتی کە لە ئاستی بیرکردنەوەو بەرژەوەندی و بەربەرکانی سیاسییدا ئەم کەلتوورە نەک هەر نەسڕدراوەتەوە بەلکو وەک ژیلەمۆی بنخۆڵەمیشی خیانەت ماوەتەوە .
5 – عە‌قلی خێلەکی و شەخسپەرستی و مێژووی بەرژەوەندی دەستەگەریی ( تەکەتتولی ) وا دەکەن هەندێ هێز ببنە ملکی شەخسی هەندێ کەس و کوتلە .

تەنیا پارتی دەتوانێت کۆدیتای بەراوەژوو ( سەلبی ) بکات
بۆیە راستییەکەی تەنیا پارتی و دروستتر بنەمالەی بارزانی یە بتوانن جۆرێک لە کودیتایی بەراوەژوو بکەن . ئەوان بەناوی حکومەتی هەرێم و بەپارەی حکومەتی هەرێم هێزێكی سەربازی بنەمالەیی نیمچە پرۆفێشنالیان دروست کردووە کە هەرنەبێ لە ناوچەی پارتیدا توانای کۆدیتاکردنی سەلبی هەیە . بەڵام ئەم کۆدیتایە تەنیا دەبێتە هۆی دابەشبوونی باشووری کوردستان چونکە پارتی بە یارمەتی سوپای تورکیاش ناتوانیت دەسەلاتی خۆی بە سەر هەموو باشووردا بسەپێنێت .

مەبەستم لە کودیتای بەراوەژوو :
سەرکوتکردنی هەر هەولیکی بەرامبەرە بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە گۆڕانیك یان دروستکرنی هەرەشە بۆ دەسەلات وبەرژەوەندی بنەماڵەیی. بەداخەوە دروستکردن و بەهێزکردن و بەکارهێنانی هێز بۆ ئەو ئامانجە ، بۆتە ئامانجێکی پێشینەی بنەماڵەی بارزانی و پارتی . بەڵگەی ئەوەشمان هەوڵی بەکارهێنانی هێزی زێرەڤانی بوو بۆ سەرکوتکردنی راپەرینی حەڤدەی شوبات و بۆ سەرکوتکردنی هەموو جۆرە خۆپیشاندانێک لە ناوچەی پارتییدا ، ئەوسا بەکارهێنانی هێز بۆ سووتاندنی بارەگاکانی گۆڕان و هێرشبردنە سەر بارەگاکانی یەکگرتوو . دیارە موساوەمەو ساختەچێتیی و بەرژەوەندییپەرستیی سەرانی یەکێتیی و ئەوسا گۆڕان و لادانیان لە پرۆسە دەستووریی و دیمۆکراتییەکان بە تایبەتی شەرعییەتی دەسەلاتی پەرلەمان، هۆکاری بەردەوامیی ئەم کەلەگاییەی بارزانی یە کە رۆژبە رؤژ خەتەرناکتر دەبێت .

کۆدیتای دیمۆکراتی رەوایە و پێویستەو کاتییەتی
سیستمی دەسەلات لە کوردستان لە کۆنیی و گەندەلیی و نەگٶڕییدا رزیوە . گۆرینی رادیکالی ئەم ناسیستمە ئامانج وداواو ئەرکێکی رەوایە بەتایبەتی کە بتوانرێ بە ئاشتی و دیمۆکراتیی و یاسایی و لە ڕیگای پەرلەمان یان خەباتی مەدەنیییەوە ئەنجام بدرێت .
بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەتی گۆران خیانەتکارانە راپەرینی شەقام و نارەزایی خەلکیان بۆ ئامانجی تەسکی گردخوازیی و حیزبیی کپ کردەوەو گەندەڵییان لە کەلتووری دەسەلاتەوە کرد بە دینی خەلک .
ئێستا دەرفەتە ئەو پرۆسە خۆپەرستییە بوەستێندرێ و بیرێک لە خەلک و خوا بکەنەوە .

حەقیقەتی دەسەلاتی سەرۆکایەتی و هەژموونی پارتی
بەلام بەر لەوەی بچمە سەر ئەوەی ئەمە چۆن دەشێت ئەنجام بدرێت چەند سەرنجێکی زۆر پێویست دەربارەی رەوشی ئێستاو حەقیقەتی سەرۆکایەتی دەردەبرم .
1 – سەرۆکایەتی هەرێم [ سەربەسەرە ] یە :
سەرۆکایەتی هەرێم کە هی بارزانی یە لە ئەنجامی [ تەوافوق ] لەگەڵ یەکیتی و تایبەتی تالەبانی بەدەستی هێناوەو بە پێی کۆنتراکتی [ سەربەسەرە ] ی نووسراو یان نەنووسراو مام جەلال بەوە رازی بووە : واتە سەرۆکایەتی کۆمار لە بەغدا بۆ مام جەلال [ کە دیارە گەر کاک مەسعود پشتگیری نەکردایە نەدەبوو ] و سەرۆکی هەرێم بۆ بارزانی [ کە مام جەلال پشتیوانی نەکردایە نەدەبوو ] . ئێستەش کە مام جەلال نەخۆشەو سەرۆکایەتی کۆمار کەم یان زۆر مەفعولی نەماوە ، بارزانی خۆی و یەکێتی و ئۆپزیسیۆن پێویستە رەچاوی ئەم حەقیقەتە نوێیەو چاوخشاندنەوە بە دابەشکردنی دەسەلات بکەن بە تایبەتی کە سەرۆک وەزیران و زۆربەی پۆستە گرنگەکان و بەرژەوەندییە دارایی و بازرگانییەکان لە دەست بنەمالەی بارزانیدان .
2 – سەرۆکی هەرێم هەلبژێردراوی دیمۆکراتی میللەت نییە :
دیارە ئامانجی بارزانی لە سەپاندنی سیستمی سەرۆکایەتی بە شێوەیەکی قەرەقوشی ئەوە بوو کە کەس مونافیسی نابێت و خەلک وەک حوسنی موبارەک بە سەدی نەوەد زیاتر هەلی دەبژێرن . ئەمەش ئەو دەسەلاتە میللییە دیمۆکراتییەی دەداتێ کە دیکتاتۆریانە لێخورێ و پارتەکانی تر پەراوێز بکات و سیستمی بنەمالەیی دوبەیی یان ئەماراتیی بسەپێنێت . بەلام هاتنی من بۆ مەیدانی بەربەرەکانی دیمۆکراتی هەلبژاردنی سەرۆکایەتی ئەم حیسابەی هەلگێرایەوە . خەلک ئەم هەلبژاردنە ی بە هەل زانی لە دەست بارزانی و سسیتمی بنەمالەیی رزگاریان بێت . ئەوە بوو لە هەموو ئەو ناوچانەی یەکێتی ، کە بەراستی هەلبژاردن بە هەموو ستانداردێک دیمۆکراتی بوو – و فیڵی تێدا نەکراو ، لەگەڵ ئەوەشدا کە من تاقە یەک چاودێری خۆم بۆ هەلبژاردنی سەرۆکایەتی نەبوو ، ئەوە بوو لە هەموو ئەو ناوچانەدا کە تەزویری تێدا نەکرا ، بە رێژەی ٥٧-%٦٠ دەرچووم لە هەندێ شوێندا وەک شارۆچکەی تەق تەق رێژەکە سەدی نەوەد بوو . لە هەولیریش تا سەعات چواری پاشنێوەرۆ من رکەبەرێکی بەهێزی بارزانی بووم لە هەموو بنکەکانی هەلبژاردندا تەنانەت لە سەلاحەددین یش . دوایی سەعاتیك ماوەی هەلبژاردنیان درێژکردەوە و گەورەتری شالاوی تەزویریان بەرپاکرد کە من کاتی خۆی بە کودیتای ٣١ ی ئابێکی تر بە سەر دیمۆکراتیەتدا وەسفم کرد . ئێستا ئاشسکرا بووە کە بارزانی ئەوەندەی تین بۆ هاتووە خۆی شەخسی تەلەفونی بۆ فەرەج حەیدەری کردووە وهەڕەشەی لێکردووە تا بە نایاسایی سەعاتیك ماوەی دەنگدانی پێ درێژکردەوە . کەچی سەیر ئەوەیە ئێستا تەنانەت وەک حەقیقەتێكی مێژوویی و جوگرافیی و ستاتیکیش و تەنانەت بۆ بەرژەوەندی خۆشیان وەک ئاخاوتنێک بەرامبەر پارتی ئۆپۆزیسیۆن بە گۆرانیشەوە قەت ئەوەیان بەسەر زاریدا نایە کە بارزانی دۆڕاوی دیمۆکراتیەت و براوەی تەزویرە .