Abubekr-caf

ئەبوبەکر جاف : ھەیمەنەی خێڵ و ماسکەکانی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

La Domination de tribu et ses masques

پییەر بۆردیۆ لە پەرلەمانی کوردستان

لێرەو لەوێ گوێبیستی تیۆریزەکردن و چەمکاندن دەبین سەبارەت بەوەی ڕوودەدات وەک شەڕو ململانێی نێوان دوو بەرەی جیاواز ، بەرەی دیموکراسی و دیموکراسیزاسیۆن لە گەڵ بەرەیەکی موحافیزکار بەرانبەر بە مانەوەو ھێشتنەوەی واقعی باو . بەرەی یاساو دژە یاسا ، بەرەی گۆڕانکاری و بەرەی بەرگریکار لە مانەوەی گوتارو ھێزی چەقبەستووی خۆی ، بەرەی یاساو لایەنگیرانی یاسا لە گەڵ بەرەی دژە یاساو . بەرەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە گەڵ بەرەی بە میراتیکردنی دەسەڵات .. ئـەم تێڕوانین و خوێندنەوەو تیۆریزەکردنە ھیچ سەروکارو پەیوەندی بە متیۆدێکی وردو بێلایەنەوە نییە .
ئـەم تێڕوانینە لە ناوەندەکانی توێژینەوەو ئـەکادیمیاکانەوە سەرچاوەی نەگرتووە . وەک چۆن دونیای ئـێمە لە ڕوی ئـیدۆلۆژی و سیاسی و ناوچەییەوە دابەشبووەو دابەشکراوە بە سەر ھێزەکانماندا ، بە ھەمان شێوەش ئـەم تەفسیرە ئـیدۆلۆژیانە لە ھەناوی دابەشبوون و دوالیزمە میتافیزیکی و مۆراڵییەکانی ناو ھێزەکانی ئـێمەوە سەرچاوە دەگرێت .
پرەنسیپێکی نیتچەیی بە ھەمیشەیی بۆ من وەک بەڵگە نەویستێک ماوەتەوە بۆ تەفسیرکردنی دونیاو ئـەوەی لە دونیادا ڕوودەدات و ڕویداوەو لە ئـایندەشدا ڕوو دەدات : پرسیارەکە ، مەسەلەکە ئـەوە نییە شتێک چێیە ، دیموکراسی و ئـازادی و حەقیقەتێک چییە ؟ پرس و مەسەلەکە ئـەوەیە کێ ئـەم پرسیارە دەکات و چ غەرەزو مەبەستێکی لەم پرسیارکردنە ھەیە ؟” واتە ئـەوەی دەپرسێت حەقیقەت چییە ، دەبێت بزانین کێ ئـەم پرسیارە دەکات و بۆچی ویست و ئـیرادەی حەقیقەت یان حەقیقەتێکی ھەیە ؟ . ئـا لێرەوە ھێزەکان و ململانێی ھێزەکان و ھاوسەنگی و پارسەنگی ھێزەکان و ئـیرادەو ویستی ھێزەکانمان بۆ ھەیمەنەکردن دەست دەکەوێت .
ئـەو تەفسیرە پوچ و سەتحی و ئـیدۆلۆژیانەی سەرەوە ، گەمەی ھێزەکانن بە کۆمەڵێک ئـەکتەر کە وەک ماریۆنێت و بوکەشوشە وان لە ناو تۆڕی ھێزو بەریەککەوتنی ھێزەکاندا . ئـەوەی ڕوودەدات بە بڕوای ئـێمە شەڕی ھێزەکانی دونیای ئـێمەیە لە پێناوی ھەیمەنەکردن و ستراتیژی بردنەوە و خۆسەپاندن و زاڵبوون . واتە لە دورو و نزیک لەسەر بنەماو بنچینەی ئـەو دوالیزمانە ناپێوریست کە لە ئـەسڵدا سەر بە میراتی ئـاینی و میتافیزیکی دونیای ئـێمەن .
گوتارەکان ، زۆر فێڵبازو فریودەرو ئـەفسوناوین ، ھێزەکان لە پێناو مانەوەو درێژبوونەوەو ھەیمەنەکردن و خۆ زاڵکردن و بردنەوەی گەمەکانیاندا دەست بۆ دەیان دروشمی بە ئـیدۆلۆژیکراو بارگاویکراو بە گوتار دەبەن . ” ھابیتیوس و مانێڤستبوونەکانی ” ئـەکتەرو ھێزەکانی ئـێمە زۆر لەوە شاراوەترە میدیا و دیدگای سادەلەوحییانە پەییان پێ بەرێت . دەستبردن و بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک پرەنسیپ کە لە ھیچ کاتێدا سەر بە دونیاو فەرھەنگ و کولتورو میراتی فکری و مەدەنی ئـێمە نین لە وێنەی ” یاسا ، زۆرینە ، دەسادەسکردنی دەسەڵات ، پەرلەمانتاری و شەڕی دەزگایی و …” ئـەمانە کۆمەڵێک ماسکن تەنیاو تەنیا بۆ ھەیمەنەکردن و بردنەوەی شەڕەکە .
ئـەو دروشمانە نە سەر بە میراتی قەبەلی و خێڵەکی ئـێمەن و نە حوزریان بنەمایەکی مەدەنیانەی ھەیە . با یەک نمونە وەرگرین :” تەنیا بنەمای نەھێشتنی سەرکردەو سەرۆک و ڕابەرو ئـەمیرو ئـەمینداریی و پێشەواییکردن ڕوبەڕوی خودی ھێزەکان بکرێتەوە ، بە ھیچ کلۆجێک قابیلی قبوڵکردن نییە ” . دیموکراسی و دەساودەسکردنی دەسەڵا تەنیا لە دەزگاکانی سەرەوەدا تاقی ناکرێتەوە ، دەبێت لە دونیای وردو میکرۆ فاکتی دونیای ئـێمەدا ئـەزموون بکرێت . فەرموون با بە ڕابەروی گشتی بزوتنەوەو ھێزێکی دونیای ئـێمە بڵێین : فەرموون بئـزەحمەت ئـێوە دانیشن و نۆبەی کەسێکی دیکەیە “، ئـەو کات چ قیامەتێک دەخولقێت ؟ ئـەوەی ڕوودەدات لە دونیای ئـێمەدا بە دیدگایەکی سۆسیۆ – ژینیالۆژی ” نەک بە تەفسیرێکی بازاڕیانەی ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران ” دەچێتەوە سەر شەڕێکی قەبەلیانەو ناوچەگەری دونیای ئـێمە . ئـێمە دەبێت لە تەواوی ھێزەکانی خۆمان بێ ھەڵاوێردەکردن نا ئـومێد بین .