Ezidi

هەورامان عەلی : 14 ی ئاب , ئەم مێژووی خوێنە لەیاد مەکەن !

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەوەی لە ناوچەی شەنگار رویدا و ڕودەدات ، درێژکراوەی رەشەکوژی و پاکتاوەکەی چواردە سەدە لەمەوبەری جەلەولایە ، کە لە گەل هاتنی سوپای خێلە عەرەبە بیابان نشینەکان لە مێژووی ئێمەدا تۆمارکراوە . بەدرێژایی ئەم چواردە سەدەی رابردوو کورد قوربانی سەرەکی ئەو چیرۆکە خوێناو و خەمبارەیە کە پێی دەوترێت بلاوبونەوەی ئاینی ئیسلام ! چواردە سەدەیە نیشتمان و بریاری کورد داگیر و دابەشکراوە ، چواردە سەدەیە مالمان تالاندەکرێت ، زەوی و لەوەرگا و باخ و باخاتمان دەسوتێنرێت ، چواردە سەدەیە زمانمان ، شارستانیەت و باونەریتمان ، کلتور و ئەدەب و هونەرمان ، خێر و بێری ولاتمان ئەنفال و تالاندەکرێت ، مندال و نێرینەکانمان بە کۆیلە دەکرێت و کچ و ژنەکانمان دەکرێنە کەنیزەك و جاریە ! بەدێژایی ئەم مێژوە خوێناویە ، هیچ خێڵ و ناوچەیەکی کوردەواری نەبوو ئەنفال نەکرابێت و دەیان تاوانی گەورە و بچوکی تێدا ئەنجام نەدرابێت. بەلام راستیەکی مێژوویی هەیە دەبێت بیزانین . ئەویش ئەوەیە کە هیچ ناوچە و خێل و بەشێکی کورد هێندەی ئەوانەی تەسلیمی ئاین و بیرکردنەوەی عەرەبە بیابان نشینەکان نەبوون ، باجی قورسیان لە مێژووی ئێمەدا نەداوە. ئەوانە بەدرێژایی ئەم ١٤٠٠ سالەی رابردوو هەمیشە پرۆژەیەکبون بۆ پاکتاو کوشتار و تالانی ، هەرجارەی لەلایەن دەسەلاتێکەوە هەر لە سوپاکەی فاروقەوە تا ئەمەوی و عەباسیەکان ، هەرلە سوپایی سەفەوی و قاجری و عوسمانیەکانەوە تا خومەینی و سەدام حسێنەکان .

داعش درێژەپێدەر و تەواوکەری پرۆژە تەواو نەکراوەکەی ئەوانە ! ئەوەی رێزی خۆی و مێژووی خۆیی بگرێت ، نابێت گومانی لەم راستیە مێژوویە هەبێت . .
لە ١٤ ئابی ٢٠٠٧ تاوانێکی گەورە لە ڕێگەی تەقینەوەیەکی خۆکوژیەوە لە ( گر عزیزی ) شەنگار ئەنجامدرا ، ئەو تاوانە ترۆریستیە گەورەترین تاوانی خوێناوی نێو خۆیی عێراق و لە ئاستی جیهانیشدا دوای تاوانەکەی ١١ سبتمبر بە پلەی دووەم دەژمێردرێت. لەو تاوانەدا زیاتر لە ١٠٠٠ کەس بونە قوربانی .
مایەی شەرمە ڕاگەیاندنی کوردی ئاگایانە هەموو ئەو تاوانە گەورانەی بەرامبەر ئێزیدیەکان لەم ساڵانەی دوایدا ئەنجامدرا ، بە فەرامۆشی سپاردووە …. ئەوەی لەو ڕۆژەدا ڕویدا هیچی کەمتر نیە لە تاوانەکەی قەلادزێ و هەڵەبجە . لەیادی هەشت ساڵەی ئەو تاوانە گەورەیەدا ، سلاو لە یادی قوربانیە بێشومارەکانی ئێزیدیەکان .