traumfabrik

ئەنوەر قادر رەشید : کارگەی خەون ( Traum Fabrik)

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

( پرۆژەیەکی کلتووری و وەرزشی و شانۆیی )

ئەم پرۆژەیە بۆچی ؟
ئەگەر هەر نووسین و لێکۆڵینەوەیەک و لە هەر بوارێکدا کەڵکی‌ خۆی‌ هەبێت ‌، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەو بابەتانەی‌ کەڵک بە زانست و هونەر و کلتووری‌ نەتەوەکەمان دەگەیەنن ، یان پەیوەندییان پێوەی‌ هەیە ، دەبنە پێویستییەک و ئەرکێک کە ناکرێت‌ خۆتی لێ‌ بدزیتەوە و پشتگوێی‌ بخەیت .
کارگەی‌ خەونیش وەک هەموو داهێنانێکی هونەریی ، بیرێکی تیوری پتەوی لەپشتەوەیە و پراکتیزەکردنیشی لەو چاوڕوونی و شیکردنەوە هەمەلایەنەوە سەرچاوەی گرتووە :
هەموو دەزانین هەر بەرهەمێکی هونەریی و هەر داهێنانێکی نوێ پەیوەستی بیرێکی قووڵ و داڕشتنی زانستییانەیە و هەر ئەزموونێکی هونەریش ، ئەگەر بنەمایەکی تیوری و بەرچاوڕوونیی لەپشتەوە نەبێت ، ئەوە بەدڵنیاییەوە دەبێتە پرۆژەیەکی بێ بنەما و لە چاکترین حاڵەتدا دەبێتە بەرهەمی لاساییکردنەوە و هەر زوو دەپووکێتەوە و ئاسەواری نامێنێت .
ئەگەر بە وردی دیقەتی کەڵەداهێنەرانی شانۆی جیهانیی بدەین ، دەبینین بەر لە هەموو کارێک لایەنی تیورییەکەیان لای خۆیان داڕشتووە و بیرۆکەی داهێنانیشیان لە خەیاڵی بەرینی بێ سنووری خودی خۆیان و بیر و هزری خۆیانەوە هێناوە، لە ئەنجامی ئەزموون و دیدی بەربڵاو و بەرچاوڕوونی و قووڵیی ڕۆشنبیرییان و لە میانەی ئەزموونە سەرکوتووە جیهانییەکانەوە ، مەیدانێکی داهێنەرانەی خۆیان دەستنیشانکردووە و بە خوێندنەوەیەکی نوێی مێژووی فیکری‌ و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هونەریی و لە قۆناغێکی‌ جیاواز و بە دیدێکی جیاواز لە داهێنەرانی تر ، میتودێکی نوێی دەربڕینیان هێناوەتە ئاراوە .
هەر یەکێک لەو داهێنەرە مەزنانە لەبری لاساییکردنەوەیەکی کوێرانەی هونەرمەندێکی تر ، هاتوون بە قووڵی لە ڕێباز و میتۆدە جیاوازەکان وردبوونەتەوە و پاش تێگەیشتن و تاو و توێکردن و شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەیان ، دەربارەی هەردوو لایەنەکەی مەعریفی و ئیستاتیکی توانیویانە بەپێی بیروبۆچوون و ڕادەی ڕۆشنبیریی و توانای داهێنان و دەربڕین و مەوقیعی کۆمەڵایەتی خۆیان ( بە کارتێکردنی قۆناغ و سەردەمەکەیان ) میتۆدێکی جیاوازی دەربڕین بهێننە کایەوە و پاش ئەوەی تەمومژ و دوودڵی لە لایەنە تیۆرییەکەدا دەڕەوێننەوە، ئینجا بە پراکتیک دەیخەنە بەردەست و بەهەمان وزە و تین و بۆچوونەوە کاری بۆ دەکەن و گەشەی پێ دەدەن .
ئەمانە نەهاتوون خۆیان چەواشە بکەن و هەر ڕۆژەی لەسەر ڕایەک بن و شێوازی دەربڕینیان لە هەر بەرهەمێکدا بەشێوەی جیاواز نمایش بکەن ، یان بەرهەمی دەرهێنانی تر بهێنن و چەند شێوازێکی جیاواز بە ساکاری بکەنە هەوێنی بەرهەمێک و ناوی نوێکاریی لێ بنێن ، بەڵکو ئەوەندە بەرچاویان ڕوون بووە کە توانیویانە لەسەر پلان و نەخشەیەکی دیاریکراو بەردەوام بن و جار لەدوای جار کەڵک لە ئەزموونی کارکردنیان وەرگرن و زیاتر لە کارەکەیاندا قووڵببنەوە و لەسەر هەمان نەخشە و بە هەمان وزەی کار و توانای هونەریی و زانستییەوە میتۆدەکەیان جێگیر بکەن و پەرەی پێ بدەن.
هەر ئەوەش وای‌ کردووە بتوانن دەربارەی‌ بیرۆکە و شێوازی‌ کارکردنیان بدوێن و بنووسن و کارێکی‌ وا بکەن هاوبیر و هاوشێوەکانیان پشتگیرییان لێ‌ بکەن و بەرهەم دوای‌ بەرهەم زیاتر لە داهێنانەکانیاندا قووڵ ببنەوە و داهێنانی‌ زیاتر و بە پێزتر پێشکەش بکەن . ئێمە دەزانین کە بیری‌ نوێ‌ و داهێنانی‌ نوێ ‌، زیاتر لە گۆڕانکارییەکانی‌ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت‌ و بەپێی‌ گۆڕانکاریی‌ لە قۆناغە مێژووییەکانی‌ کۆمەڵگەوە هەڵدەقوڵێت‌ و زووربەی‌ جاریش زانست دەبێتە هەوێن و فەلسەفەی‌ پرسیارە ئەزەلییەکان دەورووژێنێت‌ و هونەر بەرجەستەی‌ دەکات، ئیدی‌ لێرەوە داهێنانی‌ هونەرمەندان جێگیر دەبێت‌ و هەریەکەیان لە دیدی‌ خۆی‌ و بەپێی‌ شێوازی‌ بیرکردنەوە و مەوقیعی‌ کۆمەڵایەتی‌ و ڕادەی‌ ڕۆشنبیریی‌ خۆیەوە، نەخشەی‌ دەربڕینی‌ خۆی‌ دادەڕێژێت‌ و بە پلانێکی‌ دیاریکراو دەیخاتە قاڵبـی‌ پراکتیک .
ئێمە لێرەدا باس لە شانۆ دەکەین ( شانۆیەکی‌ وەرزشی‌، یان وەرزشی‌ شانۆیی ‌) کە زیاتر بیر لە شێوازی‌ نمایش کراوەتەوە و زیاتر بایەخی‌ بە پەیوەندیی نێوان نمایشکاران و جەماوەر داوە و کردوویە بە کرۆکی‌ بابەتەکەی‌ و لەو ڕوانگەیەوە کاری‌ بۆ کراوە .

بۆخوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە ــ کارگەی خەون

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت