Adnan-Osman

شەریف هەژاری : عەدنان عوسمان و هەنێکی تر خراپ نەوشیروان مستەفا لە مێژوودا تۆمارەکەن .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە نووسینێکدا عەدنان عوسمان هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتیی و گۆڕان تەنها بۆ ئەوە دەگێڕیتەوە کە لە سەردانی مەسعود بەرزانییدا بۆ سلێمانی ئەوا نەچووەتە لای نەوشیروان مستەفا ، هەر عەدنان عوسمانیش ئەم هۆکارە بە خاڵی دونیا ئاخیری کوردستان و خاپورکردنی پەیوەندییەکانی پارتیی – گۆڕان پێناسە ئەکات ، واتە تەنها یەکتر نەبینینێک قەتعی پەیوەندیی و کێشەکانی بەدواداهات .

ئەم چیرۆک گێرانەوە ڕاست بێ یاخود نا !؟ ئەوا گورزی ترسناک لە کاراکتەری نەوشیروان مستەفا ئەدات ، چونکە سەرکردەی کاریزمای سیاسیی تەنها سەردانێک ناکاتە هۆکاری کۆتایی دونیا و تێکشکاندنی تەواوی پەیوەندییە سیاسییەکان ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی سیاسەتکردن دڵداریی و خزمایەتیی نییە و خودی نەوشیروان مستەفاش باش لێی ئەگات ، بۆیە ئەستەمە تەنها کارێکی وا هۆکاری تێکچوونی تەواوی پەیوەندییەکانی پارتیی – گۆڕان بێت ، زیاتر لەوەی پێموایە هۆکارەکە : جیاوازی ئەجێندای گۆڕانە لەگەل پارتییدا ، کە گۆڕان ئەجێندای چاکسازیی و سیستمی پەرلەمانی هەیە و ئەشگونجێت ئەو کارنامەیە لەگەڵ سیاسەتیی نەریتخوازی پارتییدا یەکنەگرێتەوە .

من پێموایە : هەڵەی ستراتیژی نەوشیروان مستەفا ئەوەبوو کە زۆرینەی ڕۆژنامەنووسانی ناو بزووتنەوەی گۆڕانی خزاندە ناو کایەکانی حکوومەت و پەرلەمان ، لە کاتێکدا لە هیچ کوێی جیهان کاراکتەری ڕۆژنامەنووس ناتوانێ ببێتە بوونییەتێکی دیفاکتۆی ئەکتیڤ لە کایەی حوکمرانییدا ، چونکە ڕۆژنامەنووس کەسێکە کار لەسەر مەلەفی ڕۆژانە ئەکات و ئەستەمە ڕووداوەکان وەک خۆیان ببینێت ، واتە زۆرجار لە ووڵاتێکی دواکەوتووی وەک ئێمەدا کاراکتەری ڕۆژنامەنووس کێچێک ئەکاتە گایەک ، سەرەڕای ئەوەی ڕۆژنامەنووس کورت بین و پڕوپاگەندەچییە تا سیاسەتزانانە ستراتیژبین بێ و تەکنۆکرات بێ ، هەر بۆیە ئەم کارەی نەوشیروان مستەفا کە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسی خزاندە پێگەکانی حوکمرانیی و پەرلەمانیی بە هەڵەیەکی ستراتیژیی ئەبینم و شایەنی پیاچوونەوەیە بەو کارنامەیەیدا .
لە ڕاستییدا پراکتیکییەن سەلماش کە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی زۆربڵێ بوون و بەڵینیان زیاد لە مومکیناتی واقیع بەدەنگدەردا ئەوا ستراتیژییەن بە خراپ بەسەر بزووتنەوەی گۆڕاندا دەشکێتەوە ، چونکە بەڵێنەکان بالاترن لە توانای خودیان، هەربۆیە ئەتوانین ووردتر لەم پرسەدا ئەم نموونانەی لای خوارەوە تەتەڵە بکەین :

یەکێتیی و پارتیی سەرەڕای بنەماڵەگەراییان ، هەندی جار ئۆپۆرتۆنیستانە سود لە چەند کاراکتەرێکی تەکنۆکرات ئەبینن بۆ حوکمڕانیی ، هەقی خۆشی بوو بزووتنەوەی گۆڕان گەلویستانە زیاتر پشت بەکاراکتەری تەکنۆکرات ببینێت بۆ ئەوەی هەردەم ستراتیژییانە بزووتنەوەکە لە هەڵکشاندا بێت، بۆنموونە :

چی دەبوو گەر لە جیاتی بەڕێز دکتۆر هەڤاڵ ئەبووبەکر کە پسپۆڕییەکەی ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەنووس بوو ، هەروەها لە ڕەوانبێژیی و دەربڕین دا کەسێکی چالاکە ئەوا بهاتبانایە ئەندازیارێکی ئەزموونداری پلانداڕێژی ستراتیژیی ئاوەدانکردنەوە کاراکتەری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بێت، ووردبنەوە ئەگەر کەسانی وەک بەڕێز هەڤاڵ ئەبووبەکر بکرێنە وەزیر خوێندنی باڵاش ئایا ئەتوانن هێندەی دکتۆر دلاوەر عەلادین نەخشەداڕێژ و ستراتیژییانە کار بکەن !؟ بێ گوومان نەخێر ، هێزێکی بنەماڵەگەرای وەک یەکێتیی دێت سود لە دلاوەر عەلادین ئەبینێت ، کەچی گۆڕان ناچێ چەند کاندیدێکی وا لە دەرەوەی بزووتنەوەکە بێنن بۆ پێشخستنی دۆخی حوکمەتداری ، ئەمە هەڵەی گۆرانە و هەڵەی تریشیان هەیە !!!

نموونەیەکی دیکەش دێنمەوە ، ئاشتی هەورامی، گەندەڵ بێت یان نا! ئەوا کاراکتەرێکی ئەکادیمیی پڕۆفیشناڵە ! ئێ تۆ چۆن ئەتوانیت بە ڕۆژنامەنووسێکی وەک عەلی حەمە ساڵح با زۆر چالاک و ڕەوانبێژیش بێت ئەوا ململانێی ئاشتی هەورامی بکەیت !؟ چونکە چ دکتۆر دلاور و چ دکتۆر ئاشتی سەرەڕای پسۆڕیی و لێهاتووەکانیان هێندەش فێڵ و فڕی سیاسیی ئەزانن کە بە کاراکتەرە ڕۆژنامەنووسەکانی گۆڕان پێشبڕکێیان لەگەڵ نەکرێ و گورزی کاریگەریان لێ نەدرێ !!

ئێستاش پێموایە عەدنان عوسمان لەم وتارەیدا ئەو هەڵەیەی کرد ، هەرچەندە ئەگونجێ کاراکتەرێکی گۆڕان وای وتبێت لای ! کە پێم وایە گەر واشی پێ ووترابێ ئەوا ئەبوو سیاسیی بێت نەک ڕۆژنامەنووسانە بێت بیکاتە ووتار و لە مێژوو دا وا نەوشیروان مستەفا لە مەحەک بدرێ کە تەنها لەبەر نەهاتنی یەک جاری مەسعود بەرزانی بۆ لای ئەوا تەواوی پەیوەندییەکانی پارتیی – گۆڕان تێکبچێ و لەم دۆخەدا ئەم هەموو ئاڵۆزییەی لێ بێتەکایەوە! کە بێگوومانم نەوشیروان مستەفا لەو گێڕانەوەی عەدنان عوسمان سیاسیترە کە لەبەر یەکجار سەردانی نەکردنیی ئەوا پردی پەیوەندییەکانی گۆران – پارتیی خاپورکردبێ بگرە مەبەست کارنامەی بزووتنەوەی گۆڕانە نەک عیلاقاتی شەخسیی و بە شەخسەنەکردنی مەسەلەکە ، ئەگەر وانییە دەبا هەمووان داوای دیداری مەسعود بەرزانیی و نەوشیروان مستەفا بکەین ، ئایا مەسەلەکان چارە ئەبن !؟ گەر ببن ! ئەوا سیاسەتی گۆڕان ناتەندروستە ، بەڵام پێموایە مەسەلەکان بەرنامەی چاکسازی گۆڕانە کە لەگەڵ پارتییدا تەبا نایەتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت