میران محەمەد: میلیشیا قـه‌ڵـه‌مداره‌کانی حیـزب.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی گه‌لانی سه‌ربه‌ست و ئازادی ئه‌م جیهانه‌ ، ڕۆڵی گرینیگ و سه‌ره‌کیان بینیوه‌ و ده‌بینن له‌ دروست بونیادنان ، له‌سه‌ر پێ راوه‌ستانی حه‌کیمانه‌ و مسۆگه‌رکردنی داهاتویه‌کی پرشنگدارتر بۆ وڵاته‌کانیان ، له‌ ‌ڕێی خستنه‌گه‌ڕی هزر و بیری هۆشمه‌ندانه‌ی قاڵی وه‌فا و خۆشه‌ویستی و دڵسۆزی بۆ گه‌ل و نیشتمان و پاراوی یه‌کسانی و مه‌ردایه‌تی گۆشکراو به هه‌ستی ناسکی مرۆڤایه‌تیان و به هێزی قه‌ڵه‌می بوێر و وشه‌ی حه‌قی به‌جێی بێ مه‌رایی و مه‌رامی بۆگه‌نی کۆیلایه‌تی . مه‌به‌ستیشیان ته‌نها سه‌ربه‌رزی و ئاسوده‌یی و خۆشگوزه‌رانی هاونیشتمانیان و سه‌روه‌ری نیشتمانیانه ‌.
ئه‌وان قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستی ده‌رباره‌نین .
بۆ سه‌رکرده و کاربه‌ده‌ستانی وڵاته‌کانیان نانوسن .
به‌لایانه‌وه گرینگ نیه‌ سه‌ر به‌ کام ڕه‌گه‌ز و گروپ و خێزان و پیشه‌ن‌ .
ئه‌وان چاودێری ئاستی ده‌سپاکی ، دڵسۆزی ، کار و ‌چالاکی ، توانا و لـێهاتوییه‌کانیان ده‌بن و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆده‌که‌ن.
هان و  ده‌سخۆشی چاکه‌کان‌ و تانه‌ و لۆمه‌ی خراپه‌کانیان ده‌که‌ن .
‌به‌ دڵسۆزی و ئه‌مانه‌ته‌وه ، ‌قه‌ڵه‌مه‌کانیان ده‌که‌نه‌‌ هزر و چاو و گوێ و کوته‌ك و مۆته‌که‌ی هاوڵاتیان به‌سه‌ریانه‌وه‌ .
داخه‌که‌م ،‌ لای ئێمه‌ گه‌لێ له قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان بونه‌ته‌ ( میلیشیای قه‌ڵه‌مدار ، له سه‌ر ‌وه‌زنی ، میلیشیای چه‌کدار ) بۆ به‌ناو سه‌رکرده‌ و به‌رپرسان . هه‌ڵه‌کانیان به‌ موعجزه‌ بۆ ده‌هۆننه‌وه و درۆ باڵداره‌کانیان به‌ وه‌حی وێناده‌که‌ن !
ئه‌وه‌نده‌ به‌ شان و بازویاندا هه‌ڵده‌ده‌ن ، نه‌عوذو بالله‌ خۆیان لا بووه به‌ خودای بێ به‌دیل !
ده‌بنه‌ هزر و چاو و زمان و هێزی به‌رگری ئه‌وان .
بیریان بۆده‌که‌نه‌وه ، وێنای هاوڵاتیانیان بۆ ده‌کێشن .
له‌ خشته‌یان ده‌به‌ن و چه‌واشه‌یان ده‌که‌ن بۆیان .
ناموسیان له‌که‌دار و تیرۆری فیکریان ده‌که‌ن .
زۆر شتی تریش که‌ ئاغاکانیان خۆیان درکی پێناکه‌ن و به‌ یادیشیانا نا گوزه‌رێت !
ئه‌ی نمونه‌ی ئه‌و قـه‌ڵـه‌مبـه‌ده‌ستـانه‌ ، گه‌ر ئه‌وه‌ندۆکه‌یه‌ک ویژدان ماوه له‌لاتان ،‌ که‌ ڕێ به‌عه‌قڵتان بدات وێنای خۆتان له‌م وشانه‌دا ببینه‌و‌‌ه !
وه‌رن ده‌ستم دامێنتان ، مه‌ردی خوا بن گوێیه‌ك له‌م مامه‌ شێته‌ی خۆتان بگرن :
شه‌ڕی کورسیه‌کانیان له‌ ناو یه‌کدا ، با خۆیان بیکه‌ن .
بۆ به‌ ئێوه‌ی بکه‌ن ؟
به‌سه‌ چی دی ئه‌وه‌نده‌ فویان تێ مه‌که‌ن .
مه‌بنه پارێزه‌ریان .
ئێوه‌ به‌‌ ئازادی له‌ دایكبون ، بۆ کۆیله‌یی هه‌ڵده‌بژێرن ؟
پشتیان به‌رده‌ن .
مه‌بنه‌ دیزاینه‌ر و پاڵنه‌ر و شه‌ریکی هه‌ڵه‌کانیان .
گه‌ر خاوه‌ن چاکه‌ن با خۆیان به‌ زمان و قه‌ڵه‌م و کرداری خۆیان بیسه‌لمێنن .
گه‌ر خاوه‌ن عه‌یب وعاریشن ، با هه‌ر به‌ زمان و قه‌ڵه‌م و کرداری خۆیان پاکانه‌ بۆ خۆیان بکه‌ن .
گه‌ر ئه‌وه‌نده‌شیان پێدا رانافه‌رمون ، ئێ بۆ ئاغایه‌تیان لێ قبوڵده‌که‌ن ؟
لێگه‌ڕێن با هه‌ر خۆیان عاره‌قه‌ی شه‌رمه‌زاری بڕێژن و به‌ر‌ نه‌فره‌تی گه‌ل که‌ون .
بۆ ئێوه ؟ بۆ خۆتان ده‌که‌نه‌ قوربانی ئه‌وان‌ ؟
کوره‌ جامی غه‌زه‌بی میلله‌ت نه‌ك پڕبووه ، ئه‌وا له‌سه‌ریشی ئه‌ڕژێت .
مێژو شاهیده‌ نه‌ ئاغا ، نه‌ پۆست ، نه‌ موڵك و نه‌ پاره‌ی حه‌رامی هه‌مو دونیا له‌ گڕۆڵه‌لێژیدا دادی هیچ که‌سێکی نه‌داوه‌ و ناشیدا .

‌هاوڵاتیه‌ شێته‌که‌