Newshirwan-Barzani

عیماد عەلی : دوور لە حزبەکانیان کاک نەوشیروان و بەرزانی دەتوانن پرسەکە یەکلایی بکەنەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیارە حزب و ئەوانەی لەدەوری کەسی یەکەم کۆبونەتەوە رۆڵی یەکجار گەورەی خۆیان دەگێرن و زیاتر ئەوانە بە ئامانجی ئەوەی کەسی یەکەم رازی کەن هەر قسەیەک بێت لەوبارەوە دەیکەن و هەڵوێست دەنوێنن ، چ بە ئەرێنی بکەوێتەوە یان نەرێنی و ، بەرژەوەندی خودی ئەوانەی دارودەستەن رێگاکان ئاَڵۆز دەکەن و ، بۆ مەرامێکی تایبەتی لەمپەر دەخەنە بەردەم ئامانجە گشتیەکان و ئەوانەی کە پەیوەندی بە کۆی گشتی خەڵکەوە هەیە . بەڵام کەسی یەکەم و خاوەن شارەزایی و توانا و خەباتی دوور و درێژ دەتوانێت لە نێو کۆی ئەو بارودۆخەدا بریار و رای راست و دروستی وا بدات کە تەنانەت بەرژەوەندی سەرکردە و خەڵکی دەروروبەری خۆی و حزبەکەیشی لەبەرچاو نەگرێت ، لە پێناو بەرژەوەندی کۆی گشتی میلەتدا .
لەم رۆژانەدا ئەوەی گرنگترین پرس هاتبێتە رارەوی سیاسەتی گشتی کوردستانەوە ، پرسی سەرۆکایەتی هەرێمە کە پەیوەستە بە بەرەژوەندی شخسی و حزبی لە لایەکەوە و بە بەرژەوەندی باڵای میلەتیشەوە لە لایەکی ترەوە ، تەنانەت هەردوو بەرژەوەندیەکە تا رادەیەک لەیەک دەدەن وناهێڵن چارەسەرەکان خۆیان فەرزکەن .
لەم پرسەدا ئەگەر بەرێزان بەرزانی و نەشیروان بە قووڵی و دوور لە هەر پاشماوە کەڵەکەبوەکانی مێژووی خەباتیان بە وردی لەم پرسە بروانن و سەرجەم شتە شەخسیەکان وەلا نێن لە ماوەی کاتژمێرێکدا زۆر بە ئاسانی مەسەلەکە چارەسەر دەکەن و دەرچەیەکی یاسایی کە لە بەرژەوەندی گەل بێت دەدۆزنەوە و ، یاسایەک لە خزمەت میلەتدا بێت سەرجەم چین وتوێژەکانی رێزی لێ دەگرن . بۆیە بە دانیشتن و سنگفراوانی و دوور لە کۆنە قین و بەدەر لەبەرژەوەندی حزبی و خەڵکی دەروروبەری هەردوو کەسایەتی ، دەتوانن ئاسۆیەکی روون بەدی بکەن و چۆن لە بەشداریکردن لە حکومەت بە چەند دیدارێکی کورت حکومەتیان دامەزراند ، ئاوها لەم کاتەشدا دەتوانن ئاهێک بە دڵ و دەروونی خەڵکدا بهێننەوە و زیاتر وەزعەکە قەیراناویتر نەکەن .
لەو باورەدام ئەگەر هەردوو کەسایەتی بگەنە ئەنجامێکی باش هیچ لایەنێکی تر ناتوانێت رەتیبکاتەوە و ببێتە رێگر لەبەردەمی ، ئەگینا توشی خۆکوشتنێکی سیاسی دەبێت و تەنانەت لە جەماوەرەکەی خۆیشی دەبێتەوە . بۆیە بە دانیشتنێکی کورتخایەن ئەم هەموو بێنە و بەردە کۆتایی دێت و مێژووش بە جوانی بۆیان تۆماری دەکات .
ئەم پرسە گرنگ و کاریگەرە بە سۆز و خودپەرستی چارەسەر نابێت و ، ئەوەی گرنگە کە سەرجەم لایەنەکان و زۆرینەی خەڵک جەخت لەسەر سیستمێکی پەرلەمانی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەکاتەوە و لەوێوە ئاراستەی راست دروست دەبێت و ، هەنگاوێکی لەم جۆرە گەشبینی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سیستمی گونجاو و زامنکردنی عەقڵانەتی سەرکردایەتی دەبەخشێت بەهەموو لایەک . بۆیە کات کەمی بەسەرەوە ماوە و چاوەرێی هەنگاوی یەکلاکەروەین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت