Shwan-Azad

لوقمان غەفوور : بەر لەوەی شڤان هەولێری ، سەرنگوم کرێت .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

جیاوازی شڤان و قەڵەمە ئازاکانی نێو رۆژنامەگەریی کوردی لەوەدایە ئەو بە زمانی خەڵکی شێخەڵڵا و کوران و تەیراوە قسەدەکات ، ئەوان بەزمانی نوسین و ریزکردنی پەیڤە رەنگاو رەنگەکان .
زۆرن ئەوانەی وەک شڤان ناخیان پڕەو دەروونیان تاو دەدات و هاوارییانە ، بەڵام بەشێکیان هەر زوو دەمی خۆیان دەبەستن ، بەشێکیشیان ملی رێگەیەکی نادیاری کۆچ دەگرن و ئاوات بە خنکان لەئاوی ئیجەدا دەخوازن .
شڤان ئازاد گەنجێکی بوێری هەولێر ، ئەو هەولێرەی وەک ئەو دەڵێت :” ئەڵێن بێدەنگە “، بە توڕەییەوە بەهەموو پاڵەوانێکی رووبەروبوونەوەی ناعەدالەتی دەڵێت : ” ئەوە من و ئەوە دەنگ، دە فەرموون رۆژنامەنووسە ئازا و ئازادەکان و ئەوانەی رۆژانە باسی ناعەدالەتی دەکەن ، گەر لەگیرفانتان ناترسن ، فەرموو بۆم سەلماندن لەهەولێردا بوێری هەیە ، بەڵام ئازادی نییە ، بۆیە کەس ناوێرێت بڵێت تاڵانچییەکانی نەوت فەرموو بڕۆن “.
ئەوەی شڤان لەگرتە ڤیدیۆییەکانیدا دەیڵێت ، شتێکی نوێ نییە ، بەڵکو بەدەربڕینێکی نوێیە ، لەناو ستایلێکدا کە پێدەچێت لەمەودوا سیاسی و سەرکردەکانی کورد بۆ قسەکردن پێویستیان بەم جۆرە ستایلە بێت ، ئەگینا رۆژانە نموونەی شڤان لەنێو شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بەئاشکرا باس لە ئیرحەلی سیاسیی و نەوت بەتاڵانبەرەکانی کوردستان دەکات ، بەڵام نەک گوێیان لێناگیرێت ، بەڵکو پێیانوایە ئەوە هەوای ناو سکی هەندێک کەسن .
تووڕەیی شڤان جگە لەهەڵچونێکی دەروونی گەنجانە ، بێدەرەتانی و خەمی ئەو هاووڵاتییەشی پێوەیە کە وەک سەرنشینێک لەگەڵی سەرکەوتووە و پارەی قوتوویەک شیری بۆ منداڵەکەی پێنەبووە ، لەوانەیە چەندین حیکایەتی رۆژانەی سەرنشینانی نێو تاکسییەکەی وای لێکردبێت ئەو تووڕەییە بگەیەنێت بە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە ، ئەگەر گەنجێک تاکسی پێ بێت و فەرمانبەریش بێت بێگومان لەرووی داراییەوە ئەوەندە پەریشان نییە ، ئەوەندەی پەرێشانی دەوروبەر و خەمی خەڵکەکەی .
لەبەرامبەر ئەم پەرێشانییەی شڤاندا لەبری گوێگرتن لەخەمی ئەم گەنجە کەچی دەستگیری دەکەن و زیندان دەکرێت، بۆ پۆلیس و بەرپرسانی کوردستان ئاسانە دەیان جۆر یاسای تاوان دارێژن بۆ خەڵک و خەڵکی پێ سزا بدەن ، تا بەهەموو هاوڕێکانی شڤان و ئەوانی وەک ئەو بیر دەکەنەوە ، پێیان بڵێن هەرچی وا بیرکاتەوە جێگەی زیندانە ، ئەگینا یاسایەک ساڵی 1968 دەرچووبێت چ پەیوەندی بەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی 2015ەوە هەیە .
دوا رستەی گرێدراوی خەمی من بۆ شڤان ئەوەیە ، بەر لەوەی شڤان ئازاد سەرنگوم بکرێت یان سزای بەسەردا بدرێت بەپێی ماددەی 433 ی یاسای سزادانی عیراقی ژمارە11ی 1968 ، ئەوانەی خۆیان بەخەمخۆری ئازادی دەزانن بکەونە جوڵەو لەژێر چنگی پۆلیس دەربازی کەن .