بورهان شێخ رەئوف : تورکیا لە دوو ڕێیانى شەڕو ئاشتیدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا تورکیا لە دواى هەڵبژاردنەکانى 7 / ى حوزەیرانى ڕابردوو ودواى شکست هێنانى ئاگربەس لە نێوان گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان و سوپاى تورکیا و دواى گۆرانکاریەکانى ترى ناوچەکە چ لە ڕێکەوتنى ئێران وڵاتانى (5+1) و سەرکەوتنەکانى شەڕفانانى کورد لە ڕۆژئاوا و پاشەکشە کردنى ڕەوتى ئیسلامى ئیخوانى کە لە بەهارى عەرەبیدا سەریان هەڵدا و چ خێرو خۆشیەکیان بۆ گەلانى وڵاتەکانیان پێ نەبوو .
ئێستا تورکیا لە بەردەم دووڕێیانیەکى پڕ مەترسى و ئاڵۆزدایە کە گرەو لە سەر ئارامى و سە قامگیرى و گەشەکردنێکى ئابوورى بەهێز کە لە چەند ساڵى ئاشتیدا ئەنجامى باشى بە دەستهێناوەو لەلایەک و لەلایەکى تریشەو شەڕو توندوتیژى لەشکرکێشى کە ئەزموونەکانى ڕابردوو پیشانى داوین کە هیچ ئەنجامێکى پۆزەتیف نادەن بە دەستەوە جگە لە بە فیڕۆدانى توانا و داهاتەکانى وڵات .
بۆیە هەر لە بەر ڕووناکى ئەو وتانەمدا پێم خۆشە چەند خاڵێک بخەمە ڕوو :-
1 – لە چەند ساڵى ڕابردوودا تورکیا هەوڵى زۆرى داوە بۆ بەهێزکردنى پێگەى خۆى لە نەخشەى گواستنەوەى وزەى جیهانیدا و لەو پێناوەشدا گەلێک وتوێژو دان وسانى گرنگى ئەنجامداوە بۆ گرێدانى پەیماننامەو لێک تێگەیشتن لە گەل وڵاتاندا بۆ گواستەوەى غازو و نەوت و وزە بە خاکەکەیدا لە هەمان کاتدا هاوتەریب لە هەوڵى گەشەپێدانى ژێرخانەکەیەتى لە ڕێگاوبان و بەندەرەکان و هێڵەکانى گواستنەوەى نەوت و غاز ى سروشتى .
2 – تورکیا بەو پێگە جوگرافیەى کە هەیەتى گونجاوە بۆ ئەوەى ببێت بە سەنتەرێکى گرنگ بۆ گواستنەوەى وزە بۆ بازاڕەکانى ئەوروپا لە نێوان وڵاتانى خاوەن وزەى وەکو ڕوسیاو ئێران و عێراق بە کوردستانیشەوە و ئازربایجان و قەتەرو ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو و کووەیت و قەتەرو وڵاتانى کیشوەرى ئەوروپا کە کڕیارى گرنگ و هەمیشەیى وزەن ، بۆیە تورکیا لە ئێستادا گرنگیەکى ستراتیجى سروشتى هەیە لە بازرگانى نەوت بۆ ئەوروپا و بە گوێرەى زانیاریەکانى کارگێڕى وزەى ئەمریکى رۆژانە 2.9 ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەردوو تەنگەى دەردەنیل و بوسفۆرى تورکیەوە بۆ بازاڕەکانى ئەوروپا تێپەڕدەبن .
3 – تورکیا هەر بەو پێگە گرنگ و سروشتیەشەوە نەوەستاوە لە چەند ساڵى ڕابردوودا لە هەوڵ پلاندانانى ئەوەدابووە کە وڵات بکاتە سەنتەرێکى گرنگ و ستراتیجى گواستنەوەى وزە لە وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتانى سەر دەریاى قەزوینەوە بۆ وڵاتانى ئەوروپا ، لە ئێستادا تورکیا سەرقاڵى پلاندانانە بۆ کۆتاییهێنانى قۆناغى یەکەمى پرۆژەى( تاناب ) ـە بۆ گواستنەوەى غازى سروشتی لە ئازەربایجانەوە بە خاکى تورکیادا بۆ یۆنان و وڵاتانى ترى ئەوروبا کە مەبەست لەم پرۆژە گەیاندنى 31 ملیار مەتر سێجایە تا ساڵى 2018 .
پرۆژەیەکى تریش کەناسراوە بە پرۆژەى سیل ـى تورکى کە زۆر گەورەترە لە پرۆژەى تاناب نەخشەى بۆ کێشراوە کە غازى ڕوسى بگوێزێتەوە لە دەریاى ڕەشەوە بۆ باکورى رۆژئاواى تورکیاو لەوێشەوە بۆ یونان و وڵاتانى ترى ئەوروپا کە قەبارەکەى ساڵانە 63 م3 . هەموو ئەم پڕۆژانە ڕێ خۆشکەرن بۆ ئەوەى تورکیا پێداویستیەکانى خۆى لە نەوت و غاز لە ڕێگەى ئەو تۆڕە بۆڕییانەوە کە لە عێراق و کوردستان بۆ بەندەرى جیهان لە باشورى تورکیا و بۆڕى دووەم لە ڕێگەى باکۆ _ تبلیسى _ جیهان ەوە بۆ خۆى مسۆگەر بکات .
کۆسپەکانى بەردەم هەموو ئەو پڕۆژانە زۆرن چ ناوخۆ و چ دەرەکى کە ڕێگرن لە بەردەم تورکیادا کە ببێتە سەنتەرێکى ستراتیجى بۆ گواستنەوەو دابەشکردنى وزە گرنگترینیان بارودۆخى ناوخۆى تورکیایە کەلەم ڕۆژانەى دوایى دا سەرلە نوێ شەڕو پێکادان دەستى پێکردەوە هەرچەندە لە ساڵى 2013 ەوە جۆرێک لە ئاگربەس لە ئارادا بوو واسەرەتاى توندو تیژیەکان هەردوو بۆڕى گواستنەوەى نەوت لە عێراق و ئێران ەوە بۆ تورکیا کرانە ئامانج کە پەنجەى تۆمەت بۆ پارتى کرێکارانى کوردستان درێژ دەکرێت کە ژێرخانى وزەى تورکیاى کردبێتە ئامانج .
بێگومان ئەو ڕووداوانەو شکستى پارتى دادو گەشەپێدان لە پێکهێنانى کابینەى حکومەتدا لە گەڵ پارتەکانى ئۆپۆزەسیۆن هەموو نەخشەو پلان و پێشڕەویەکانى ترى حکومەتى تورکیابۆ وەرگرتنى متمانەى وڵاتانى ئەوروپا بۆ دابین کردنى ڕێگەیەکى ئارام وجێ متمانە بۆ گواستنەوەى غازو نەوت وزە شکست پێدەهێنێت . هەرچەندە سەرەتاى قەیرانى ناوخۆى ئیستاى تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندان و ناڕزایەتیەکانى ساڵى 2013 و بڵاوبونەوەى هەواڵى تێوەگلانى کاربەدەستەباڵاکانى پارتى دادو گەشەپێدان بە گەندەڵى .
لە کۆتاییدا هەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانەى کە لە ڕێگەى ئەم پرۆژە گرنگانەدان لە توانادا هەیە چاەرەسەرى گونجاویان بۆ دابنرێت ئەگەر حکومەتى ئایندەى تورکیا بخوازێت ئەو پرۆژانە بە ئاکام بگەن و گەلانى ناوچەکە بە کوردیشەوە لێ ى سوودمەند ببن ، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر دڵنییایى ئەمنى وسیاسى بە هاوبەشە سەرەکیەکانى لەم پرۆژانەدا نەدات چ ناوخۆیى و چ دەرەکى ئەو خەونانە بەدى نایەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت