سالار مه‌حمود : ھەڵەدنی و ھەڵوێست .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوا جار ئەوەی بۆ مرۆڤ ئەمێنێتەوە نەسەروەت و سامانە نەپلەو پۆست ، بەڵکو ھەڵوێستەکانیەتی. بەمانایەکی تر مرۆڤ بریتیە لەھەڵوێست. گەورەترین سەرمایەو پلەو پایەش مانەوەیە لەسەر ریتمی گشتی ھەڵوێستە نەگۆڕەکان بەتایبەتیش ئەو ھەڵوێستانەی رەنگدانەوەی بەڵێن و پەیمانە پێشتر راگەیەنراوەکانن .
لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا لەھەموو فراکسیۆنەکان دەنگی دلێرو، نوێنەری سەر راست ھەن. بەڵام تێبینیم کردوە لەناو ئەو دەنگ و رەنگانەدا دەنگێکی میانڕەوی ئیسلامی وەلێ مۆتۆربە کراو یان دروستتر ھەڵقوڵاو بەگیانی نەتەوەیی و نیشتمانیی رەنگڕێژ بە ژینگەی پڕ جوانی دەڤەری (ھەڵەدن)ھەیە. ئەویش پەرلەمانتار ئەبوبەکر ھەڵەدنیە .
ئەم جوامێرە لە رۆژی گفتوگۆکردن لەسەر یاسای ئامادەکردنی پرۆژەی دەستور بۆ راپرسی زۆرتر دەرکەوت کە بە کۆنە قین مەسەلەی دەستوری وەرنەگرت و داکۆکیدەکرد کە پرۆژەی دەستوری ھەرێمی کوردستان بکرێتە بنەما بۆ پیاچوونەوەو وەک تەنیا پرۆژە لەبەردەم لیژنەی ھەمواری پرۆژەی دەستوردا بێت بۆ ھەموارکردنەوە . ھاوکارەکانم وردتر دەزانن چی دەڵێم . کە دیدی من ئەوساو ئێستاش ھەر وا بووە کە گرفتی سەرۆکایەتی ھەرێم و کێشەی کۆی دامەزراوەکان لە رێگەی دەستورەوە چارەسەری ریشەیی دەکرێن لەناو ھۆڵی پەرلەمان ئەم رایەم چەندین جار جەخت لێکردۆتەوەو ، لە رێگەی وتارو نوسینیشەوە ھەوڵم داوە رای گشتی لەم بۆچوونانەم روونتر بە ئاگا بن .
ئەگەر بەقسەی ئێمەو ھەڵەدنیان بکردایە چارەنووسی لیژنەکە بەگشتی و پرسی ھەموارکردنەوەی دەستور بەم دۆخە ونە نەدەگەیشت . لەچەندین وێستگەی تردا ھەقبێژیی و بەھێمنی و سەنگینیەکەی ، (غەریب ھەڵەدنی) ھێناوەتەوە یادم . ھەموو کوردستان بەگشتی و یەکێتیەکان بەتایبەتی غەریب ھەڵەدنی دەناسن . لەمەشدا پاشگری ھەڵەدنی و ( ھەڵەدن ) ی دڵی شۆڕش و رووداوە گەرمەکان ئەم وێنایەی لا دروستکردووم .
مەبەستم لەم نوسینە بۆ سەنای ئەم ھاوڕێیەم نییە ، بەقەد ئەوەی دەبینم لەپاڵ ھەڵوێستە یەک لەدوای یەکەکانی و ، سەنگەر قایمکردنی پەرلەمان بۆ راگرتنی شکۆی پەرلەمان . بەڵام بەداخەوە کەلە دوا ھەنگاودا ئەو ھەموو ھەوڵەی ئەوو ھاوڕێکانی بەھەند وەرنەگیرا! کە دەکرا حەکیمانە پرسی دواخستنی دانیشتنی رۆژی ١٩ی ئاب بە ئاکام بگەیەنرایەو ، ھەم یەکگرتوو تووشی ئەو دۆخە نەکرێت و ھەم چەند ھاوڕێیەکی تر تووشی ئەو پەلاماردانە نەبنەوە . کە لەو دەرئەنجامەوە تووشی بوون .
ھەموو پەرلەمانتاران بەگشتی و ھەرسێ فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ دەزانن ھەموو لایەک لە باس خواسی چۆنێتی دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەماندا بوون . چونکە ھەر پێنج لایەنەکە لەدەرەوەی پەرلەمان بڕیاریان دابوو دانیشتنەکە دوا بخرێت . بەڵام ئەو پەرتەوازەییە دروستکراو، دەبوو سەرۆکایەتی پەرلەمان بەجۆرێکی تر مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسەدا بکردایە .
لە ئێستادا دەبینم ھەندێک ھەن خۆیان لەناو واقیعەکە بوون و وەک خۆی دەیانزانی گرفتەکان چین و لەکۆێوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام خۆیان نەبان دەکەن و ھێرشی نا رەوا دەکەنە سەر ھەڵەدنی و ھاوڕێکانی . بۆیە دەبێت رای گشتی کوردستان ئەو راستیە بزانن ھەڵوێستە نەگۆڕەکانی ئەبوبەکر ھەڵەدنی ھەوێنی سەرخستنی ئەو ئیرادەیە بووە کە ویستوویەتی لەپەرلەمانەوە پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و پرسی ھەموارکردنەوەی پرۆژەی دەستور بە ئاراستە دروستەکەیدا بڕوات و بە پێکەوەیی بتوانین ھەموو گرفتەکان لەناو ھۆڵی پەرلەمان چارەسەر بکەین .
وتنی ئەم راستیانەم لەم ساتەوەختەدا بە ئەرکێکی پیشەیی زانی بەتایبەتیش لەبەرامبەردا دەبینم دەنگێکی لاواز ھەیە دەیەوێت لەپاڵ ئەو شەپۆلە سوکایەتیەی بەکارەکتەری پەرلەمانتارو دامەزراوەی پەرلەمان دەکرێت ، ئەمیش بەبێ ئەوەی بەئاگا بێت خۆڵ بەسەر خۆیدا دەکات . دواجار جوامێریی ھەڵەدنی لەم پرسانەی ئاماژەم پێدان شایستەی نرخاندنەو بێدەنگیکردن و پشتکردن لەم ھەقیقەتە مانای تر ھەڵدەگرێ .

س – خ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت