Mustafa-Barzani

جیهاد محەمەد : حەقیقەتی کێشە سیاسییەکەی ئێستای کوردستان ـ بەشی چوارەم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(( حەقیقەت بە ڕووتییەوە وەک خۆی دەبینرێت ، بەڵام کاتێک پۆشاکێکی لەبەر دەکرێت بە ناوی ئەتەکێتی قسەکردن ، یان ئادابی قسەکردن ، یان زۆر جار بە ناوی قسەی سیاسییانە و دیبلۆماسیانە ، ئیتر حەقیقەت وەک خۆی نامێنێت و دەشێونێرێت . هەڵبەت هەریەک لە ئەتەکێت و ئاداب و سیاسیی و دیبلۆماسیی لە شوێنی خۆیدا گرنگ و بە بایەخە ، بە مەرجێک وەک ئاماژەم پێدا حەقیقەت نەشێوێنێت . کەواتە با بە ڕووتی قسە بکەین تا حەقیقەت پیشان بدەین ، بەڵام مەرجیش نییە ئەمەی من دەیڵێم هەموو حەقیقەت بێت ، بۆیە من ئامادەم بۆ دیالۆگ و قسەکردن لەسەر رای خۆم ، هیچ رایەکی دژ بە راکەی خۆم رەتناکەمەوە تەنها ئەوەی بە حەقیقەتی دەزانم لە راکەی خۆمدا بەرگری لێدەکەم بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بە ئەرگۆمێنت و بەڵگەوە . ))

لە پێناوی تێگەیشتنمان لە کێشە و قەیرانەکانی ئەمرۆی کوردستان ، پێیوستە دوێنێمان بناسین و بیزانین . هیچ عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەک نییە ، لە پڕ سەرهەڵبدات و وەک قارچک هەڵتۆقێت . هەموو بیرکردنەوە و عەقڵێتێکی باش یان خراپ ، پۆزەتیڤ یان نەگەتیڤ ، رەگ و ریشەی قوڵی هەیە و بەرگریی دەکات لە بەرژەوەندی چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی . لەم سۆنگەیەوە دەمەوێت خوێنەر بگێرمەوە بۆ ئەو بیرکردنەوە و عەقڵیەت و سیاسەتکردنەی کە ” شۆرش ”  و ” بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردی ” لەسەر هەڵنرا و بونیادنرا .

دەستبردن بۆ هەرچ چاکسازییەک وەک چارەسەر بۆ کێشە و قەیرانەکانی ئەمرۆی کوردستان ، ئەگەر بە گیان و هەستێکی شۆرشگێڕانەو و بوێرانەوە نەکرێت ، ئەگەر ڕەخنەی جددی لە رابردوومان نەگرین ، ئەگەر بوێر نەبین بۆ بەخۆدا چوونەوە ، ئەگەر رابوردووە وێرانکارییەکەمان تێکنەشکێنین ، ناتوانین داهاتوویەکی باشتر بونیاد بنێین . پیاهەڵدان بە رابووردیەکی وێران و کاولدا ، کە پڕێتی لە تێکشکانی تاکی کورد ، پڕێتی لە نادادپەروەری، پڕێتی لە ستەم و چەوساندنەوە ، پڕێتی لە ژن کوشتن ، کارەسات و تەنانەت تاوانیش بە دوای خۆیدا دەهێنێت . ناعەقلانییکردن بە عەقڵانیی ، نازانستیکردن بە زانستیی ، نامرۆییکردن بە مرۆیی ، خۆویستیی و خۆپەرستییکردن بە خۆنەویستیی و شۆرشگێڕێتیی و بەرخۆدان کارەستا و تاوان زیاتر هیچی تر بەرهەمناهێنیت .

چاوەڕوانیی خەڵکی گشتی و هەژاران و جوتیارانی خەڵکی کوردستان لە بارزانی باوک لەسەردەمی ” شۆرش ” و بزووتنەوەی گەلی کوردا چی بوو و چی لێهاتە بەرهەم  ؟

* چاوەڕوانییەک ، زیاتر لەوەوە بوو کە بارزانیەکان بەردەوام لایەنداریی خەڵکی هەژارانیان کردووە ، بەمەش خەڵکی کوردستان فریویاندەخوارد کە مەلا مستەفا جگە لەوەی سەرۆکی حیزب و سەرکردی یەکەمی شۆرشە ، پیاوێکی دادپەروەر و فەقیردۆستە . لەرستیشدا لە مێژووی بارزانیەکان و شەرکردنیان لەگەڵ دەوەڵەمەندە خاوەن خێڵ و عەشیرەت و موڵکدارەکاندا وەک شێخایەتیەک رەفتاریانکردووە کە لایەنداری هەژارانیان کردووە . چونکە بارزانیەکان شێخ نین ، بەڵکو دادپەروەریی و لایەنداریتیان بۆ خەڵکی کەمدەست و هەژاران بووە بە مەزهەبێک کە پیرۆزکراون و ناویان براوە بە شیخ و لایەنی چاکەکار .

بەڵام سیاسەتکردن و خۆ سەپاندنی مەلا مستەفا بەسەر شۆڕشدا خیانەتی لەم مێژووە جوانە پێکرد ، وازیی لە هەموو نەریتە جوانەکانی بارزانیەکان هێنا و دژی ئیساڵاحی زەراعی وەستایەوە ، لە کاتێکدا ئیسلاحی زەراعی باشترین بژێوی بۆ هەژارەکان و مسکێنەکان دروستدەکرد . هەموو ئەمانە لە پێناو ئەو سیاسەتەی کە ئاغاکان و دەوڵەمەند و خاوەن عەشیرەتەکان لایاندارێتی شۆرش و مەلا مستەفا بکەن . بەم سیاسەتکردنەشی هەموو خاوەن پێگە کۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندەکانی راکێشا و ئەم ستەمکار و زاڵم و چەوسێنەرانەی کرد بە کەسانی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەر ، بە ناوی یەکڕیزی نیشتیمانییەوە ، بە ناوی ئەوەی کە نابێت هیچ جۆرە ناکۆکیەک لە نێوان جوتیاران و هەژارانی کوردستان و ئاغا و دەوڵەمەندەکاندا سەرهەڵبدات ، دەبێت هەموو داخوازیەکانی خەڵکی گشتی دوابخرێت و کپبکرێت هەتا دوای ” رزگارکردنی کوردستان “!. ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن و عەقڵیەت و بیرکردنەوەیە لەم دواییانەدا بوو بە باو لە لای زۆربەی حیزبە بۆرجوازیکانی کوردستان ، تەنانەت لە دوای راپەرینی ١٩٩١، کە لایەک بە رزگارییان دەدان و لەلایەکیی تر هەموو داخواییەکی خەڵکی گشتیی و هەژارانیان کپدەکرد بە ناوی ئەوەی ” ئەزموونەکە ” ناسکە !. هەر ئەم جۆرەش لە سیاسەتکردن و لە ئەخلاقی ” کوردایەتییە ” بوو ، کە پارتی و بەرەی کوردستانی لێبوردنی گشتیان دەرکرد بەرامبەر بە ئەنفالچیەکان و دەیان تاوانباری ئەنفالچییان راکێشا بەلای خۆیاندا و کردنیانن بە دەنگدەر بۆ خۆیان ، بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا بکرێت ، تەنانەت لە دادگای باڵاتی تاوانی عێراقیەوە ناوی سەدان لەو سەرۆک جاش و ” مەفرەزە خاسانە ” کرا بە لیستێک و ، داواکرا لە پۆلیس و لایەنە فەرمییەکانی ئەمنی و دادگاکانی کوردستان کە ئەمانە بدرێن بە دادگا بۆ لێپریسنەوە لەو تاوانە گەورەیەی دەرهەق بە خەڵکی ستەمدیدەی گەلی کورد کردوویانە ، بەڵام پارتی و یەکێتی بوون بە پارێزەریان ، نەک هەر نەیاندان بە دادگا بەڵکو زیاتر لە جاران و لە کەسوکاری ئەنفالکراو رێز و حورمەتیان لێگیرا .

بە درێژایی هەموو ” بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد ” و هێزی چەکداری گەلی کورد لە هەموو شۆرش و بەرخۆدانەکاندا ، کە پارتی و یەکێتی بە جیا هەریەک لە لایەکەوە سەرکردایەتییان کردووە ، هەتا دەگاتە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ کە بە ناوی بەرەی کوردستانی و دواتریش بە ناوی شەرعیەتی هەڵبژاردنەکانەوە ، پارتی و یەکێتی حوکمڕان بوون لە کوردستاندا ، بەردەوام دەوڵەمەندەکان ، خاوەن پێگە و سەرۆک خێڵ و کوێخاکان و کۆمەڵێک لە سەرۆک جاش و ئامر مەفرەزی خاسەی بەعسیەکان و ، کۆمەڵێک بازرگانی چاونۆکی گەندەڵی شاریی لەسەر حسابی هەژاری و ستەمدیدەیی خەڵک کە لە هەموو شۆرشەکاندا سوتەمەنی بوون و دەستەچیلەی خۆشکردنی ئاگری شەڕ بوون لەگەڵ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا ، چینی سەردەست و دەستڕۆشتوو بوون . ئەم چین و توێژە گەندەڵانە ، بە ناوی یەکڕیزیی کۆمەڵگای کوردییەوە ، بە ناوی پێکەوە ژیانەوە ، بە ناوی پاراستین ” ئەزموونەکەمانەوە ” پاریزراوبوون ، هەرچەندە دزی و گەندەڵی و قاچاخچێتییان کردبێت . لادێنیشینەکان و گەڕەکە کەمدەرامەت و هەژاراکانیش بەردەوام ستەمیان لێکراوە و چەوسێنراونەتەوە . ئەوانەی لە شۆرش و بزووتنەوە چەکدارەکاندا فەرمانڕەوابوون و پێگەی دەوڵەمەندی و پێگەی چینایەتییان بەرزبووە ، لە دوای ڕاپەرینی ١٩٩١یش کە خەڵکی هەژار و لێقەوماو بەرپایانکرد دژی حکومەتی عێرقی و توانیان هێزی سەربازی و پۆلیس و ئەمنی عێراقی لە کوردستان دەرپەڕێنن ، هەمان پێگەی دەوڵەمەندیی و پێگەی کۆمەڵایەتیی و چیانیەتیان لە سایەیی حکومڕانە گەندەڵکەی پارتی و یەکێتییەوە پارێزرا .

خوێنەری خۆشەویست ، لەم سۆنگەیەوە پێمخۆشە وەک نوکتەو وەک بەڵگەیەک لە دەیان بەڵگە چیرۆکی نێوان کەریمخانی سەرۆک جاش و کادرێکی حیزبی شیوعیتان بۆ بگێڕمەوە :

(ئەو کاتەی شیوعیەکان لێیان قەوما و لە لایەن بەعسیە فاشیەکانەوە پەلامار دران ، دەیان کادریان لێگیرا و دەیان کادر و ئەندامیان لە سێدارە درا . یەکێک لەو کادرانە بە هۆی ناسیاویی و دۆستایەتیەوە خۆی گەیاندبووە کەریم خانی سەرۆک جاش ، تکایان لێکردبوو کە ئەم کاردە بگەیەنێتە ناوچەی رزگارکراو لەبەر ئەوەی ئەگەر بگیرێت لە سێدارە دەدرێت . ئەم سەرۆک جاشە دوای هەفتەیەک لە خزمەتکردن بە سەیارەی فەوجەکەی ئەم کادرەی گەیاندبووە شوێنی خۆی . لە دوای راپەڕین ساڵی ١٩٩١ ئەم کادرە چبوو بۆ لای کەریم خان و سوپاسگوزاری خۆی و حیزبکەی بۆ دەربڕیبوو . بەڵام کەریم خان زۆر گەلەیی لێکردبوو ، وتبووی تۆ کەسێکی بەوەفا نەبوویت لەگەڵ مندا ، هەرچەندە کادرەکەی حیزبی شیوعی سوپاسی کرد بوو کە ئەو پیاوەتییەی لە بیر ناچێتەوە ، بەڵام بێ سوود بوو بوو . لە دواجاردا کادرەکە پێی دەلێ ئاغا بەس پێم بلێ بۆ ؟ ئەویش دەڵێت تۆ دەتزانی من بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن بووبووم بە جاش ، کاتێک کە ئەوەت دەزانی کەسانی وەک من ، دەتونن لە شۆرشیشدا هەم دەوڵەمەند بین ، هەم دزی بکەین ، هەم بە ئارەزووی خۆمان پیاوەتی بکەین لە سەر حسابی خەڵکی فەقیر و هەژاران ، هەم پێشمەرگە و شۆرشگێڕ بین ، بۆ ئەمەت پێ نەدەوتم تا چەکی جاشێتی دانێم و چەکی شۆرشگێریتی هەڵگرم ، خۆ من ئێستاش هەر دەوڵەمەندیەکەم بەردەوامە لە سایەیی ئەم دوو حیزبە و حوکومەتی هەرێمەوە ، بەڵام لە دەستم چوو کە جاشبووم ، دەمتوانی شۆرشگێریش و دزیش بم و خۆشم دەوڵەمەند بکەم ، تۆ دەبوو پێم بڵێیی کەریم خان ، بفەرموو وەرە چەکی شۆرشگێرێتی هەڵگرە و هەمان کاری خۆت و ئاغایەتی خۆشت بکە . کەریم خان بە کادرەکەی حیزبی شیوعی وتبوو ، چما تۆ نازانیت خۆ ئێمەش هەر ئەوەندەی ئەو سەرۆک خێڵ و ئاغا و دەوڵەمەندانە تۆمەتبارین کە بە حساب شۆڕشگێربوون . مەگەر جیاوازیەکەمان هەر لە نازناوەکانماندا بێت ، ئەوان نازاناوی شۆرشگێرێتیان هەڵگرت و ئێمەش نازناوی جاشێتی ، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەردوو لامان هەر بۆ فەردە دینارەکە هەوڵماندەدا وەک یەک تاوانمانکردووە ). لە راستیدا ئەوەی کەریم خان وتویەتی ، راستی وتووە ، دەوڵەمەند و ئاغا بە ناو ( شۆرشگێرەکان ) جیاوازییان نەبوو لە ستەم زوڵم و گەندەڵیی و بازرگانێتی بە ناوی ” کوردایەتیەوە ” و فرۆشتنەوەی بە خەڵکی هەژار و ستملێکراوی کوردستان ، لەگەڵ جاش و ئەنفالچیەکان و ئەو سەرۆک خێڵانەی لەگەڵ بەعسیەکاندا بوون . بە دەیان مەفرەزەی خاسە هەبوون ، وەک تەحسین شاوەیس و قالە فەرەج دەیانوت ئێمە ” کوردایەتی ” دەکەین و راوە یەکێتی دەکەین و ئێمە پارتین و لەگەل پارتیداین . لە دوای راپەرینی ١٩٩١یش پارتی ئەم قسەیەی سەلماندا و بوو بە پارێزەری دەیان مەفرەزە خاسە و ئەو سەرۆکخێڵ و سەرۆک جاشانەی کە ئەنفالی گەلی کوردیان کرد .

مەلا مستەفا جەنەراڵە !

لە لایەکی تر ئیدیعایی ئەوە کرا مەلا مستەفا جەنەڕاڵە ، توانیوێتی لە سۆڤیەت ببێت بە جنەراڵ ، دیسان لە کۆماری موهاباتدا سەرۆک ئەرکانی سوپا بووە ، ئەمانە هەموویان بوون بە دەستکەوتی باش بۆ ئەوەی خەڵکی پێی بخەڵەتێن و خەڵکی پێ رابگرن لەو چاوەڕوانیەدا کە کادرەکانی حیزبەکەی و شۆرشەکەی بە خەڵکی هەژارانیان دەوت ، ئێمە هەر ئەوەندە کارمان بە ئاغا و خاوەن موڵک و سەرۆک خێڵەکان هەیە تا ئەوەی نەبن بە جاش و هاوکارمان بن لە شۆرشدا ، بەڵام لە دواجاردا دادپەروەری بارزانی و شۆڕش ستەمکاریی و چەوساندنەوە قبوڵناکات و جوتیاران دەبن بە خاوەنی موڵک و ئەرز و ئاوی خۆیان .  بۆیە شۆڕش بوو بە شۆڕشی کۆکردنەوەی ئاغا و شێخ و مشایەخ و خاوەن موڵکەکان .

* لە لایەکی تریش لەبەر ئەوەی خەڵکی کوردستان و هەژارانی کوردستان ، نەخوێندەوار بوون ، دینی بوون ، باو و نەریتیی و خێڵەکیی بوون ، بۆیە پارتی و شۆرشەکەیان توانیان ئەم حاڵەتەی خەڵک بقۆزنەوە و فریویان بدەن ، بەوەی کە عەبدولکەریم قاسم کەسێکی بێ دینە و بێدینی بڵاودەکاتەوە . لە لایەکیتریش دنە دانی خەڵکی بەشێوەیەکی عاتفیانە و سۆزی نەتەوەیی و جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی کارێکی کرد کە هەژاران و جوتیارە ستەملێکراوەکانیش دڵیان بەم شۆرش و تەقەکردنە خۆشبێت و لایەندارێتی مەلا مستەفا بکەن و فریوبخۆن بەوەی کە لە دوای رزگاربوونیان هەموو ژیانێکی خۆشیان بۆ مەیسەر دەبێت .

* ئەم سیاسەتەی مەلا مستەفاو شۆڕشی گەلی کورد ، سیاسەتێکی چەواشەکارانە بوو ، لەسەر بەرمەبنای فێڵکردن لە خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بونیادنرا ، بۆیە بە ناوی شارەزایی و لێزانیین و خوێندەوارەکانی حیزبەوە ، کە حیزب هەموو شت دەزانێت و خەڵک هیچ نازانێت ، پەروەردەی خەڵک وا دەکرا ، کە تەنها گوێرایەڵبن ، ملکەچبن ، هەرچی لە حیزب و شۆرش و بارزانیەوە هاتە خوارەوە وەک لای خواوەندەوە هاتبێت دەبێت جێبەجێبکرێت . هەتا ئێستاش ئەم پەروەردەیە لە لای حیزبەکانی ناسیۆنالستی کوردی بەردەوامە .  ئەوە تەنها بنەماڵەی بارزانی و جەلال تاڵەبانیە ، ئەوە تەنها پارتی و یەکێتیە ، کە هەموو شت دەزانن و خەڵک هیچ نازانێت . تەنها دەستی ئەمین بۆ مەسەلەی کورد ، کوڕەکان و نەوەکانی مەلا مستەفای بارزانین . لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکاندا خودی مام جەلال رایدەگەیاند ئەوە تەنها یەکێتی و پارتیە ، کە دەتوانن ئەم ئەزموونە ( ئیدارەی سەربەخۆی کوردستان و فیدراڵێتەکەی ) بپارێزن ، چونکە گەلی کورد هەر چوار دەوری دووژمنە ، لە کاتێکدا ئەمەیان رادەگیاند ، کە باشترین دۆستایەتییان لەگەڵ ئێران و تورکیا و عێراقدا هەبوو لە پێناوی پاراستنی هێزی هەژمووناکاریی خۆیاندا بە سەر گەلی کوردی باشوردا ، هەر خۆشیان لەگەڵ شیعەکاندا عێراقی داڕوخاویان دروستکردووە .

پێمخۆشە لێرەشدا مادام ناوی مام جەلال هاتە پێشەوە ، چیرۆکی کادرێکی یەکێتی و مام جەلالتا بۆ بگێرمەوە ، کە چۆن مام جەلال لایەندارێتی سەرۆک جاش و پێگە دەوڵەمەندە گەندەڵەکانی کوردستانی دەکرد :

کادرێکی یەکێتی بۆی گێڕامەوە : کە زۆر لە حیزبەکەیدا چ بووە پێشەوە ، تەنانەت ئەوەندە لە پێشەوە بوو ، ئەو کاتەی کە دوو حوکومەتی پارتی لە هەوڵێر و یەکێتی لە سلێمانی هەبوو ، ئەم کادرەی یەکێتی بەردەوام لە نێوان حوکومەتەکەی یەکێتی و بەغدادا هاتوچۆی دەکرد و شتە رەسمیەکانی بۆ دەگەیاندنە دەست یەکتری ( ئاخر لە دوای ڕاپەڕین و پێش ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام هیچ کات پەیوەندی یەکێتی و بەعسیەکان ، پارتی و بەعسیەکان ، هەریەکایان لای خۆیەوە ، بە حوکومەتی بەعسەوە نەبچراوە ، بەڵکو کێبڕکێیان لەسەر ئەوە دەکرد کە کامیان دەمسپی راستەقینەی گەلی کوردن و دەتوانن هەموو گەلی کورد راوبکەن و کامیان زیاتر پارێزەری یەکپارچەیی خاکی عێراقن ) دیارە کەسێکی وا دەبێت زۆر جێگەی بڕوا بێت لای یەکێتی کە ئەم کارە حەساسەی پێدەسپێرن . وتی : لە پڕ رۆژێک مام جەلال ناردی بە دوامدا کە چوومە لای وتم مامە گیان ئەمرکە ! وتی سەیارەی فڵان شێخ ( کە سەرۆک جاش بوو ) دزراوە ، لە ژێر ئەرزبێت بۆم دەهێنیتە سەر ئەرز ، لەئاسماندا بێت بۆم دەهێنتە خوارەوە ، تەواو متمانەم بە تۆیە کە ئەم کارەم بۆ بکەیت . وتم بەسەر چاو ، ماوەی یەک هەفتەم بدەرێ . وتی دوای گەرانێکی زۆر سەیارەکەم دۆزیەوە لە ماڵی فەرماندەیەکی گەورەی پێشمەرگەدا ، خۆی لە ماڵ نەبوو ، بە پشتی مام جەلال سەیارەکەم لە براکەی وەرگرتوو گەیاندمەوە قەڵا چوالان ، مام جەلال زۆر دەستخۆشی لێکردم . دوای هەفتەیەک ئەم فەرماندەیە هاتەسەر بارەگاکەم لە سەروچاوە ، هەرچی نەشێت لە دنیادا پێیکردم ، سەدان جنێوی ناشیرینی پێدام ، سەدان جار جنێوی بە مردووم و بە زیندووم دا ، سەدان جنێوی بە ژن و دایکمدا . بە رجا و تکا نەیانهێشت بمکوژێت . لەگەڵ ئەوەی وەرەقەی مام جەلام پیشاندا ، بێ سوود بوو . وتی منیش نەمهێشت بگاتە ٢ مانگ کوردستانام بۆ چۆڵکردن و هەتا هەتایە ناگەڕێمەوە بۆ کوردستان . یەکە بەیەک ناوەکانم لایە ، بەڵام لەبەر خاتری ئەو کادرە ناوەکان نانووسم . بۆ ئاگادارییتان ئێستا ئەو شێخە جاشە ئەنفالچییە لە حەساسترین و باشترین و جوانترین شوێنی لە سلێمانی پێدراوە . کەسێکی پیاو کوژە ، تا ئێستاش کوڕەکەی و خزمە نزیکەکانی لەگەڵ بەعسیەکاندا کار دەکان دژی کورد و حوکومەتی ئێستای عێراق .

دەستی ” ئەمین ” بۆ مەسەلەی کورد تەنها مەسعود بارزانییە !

ئەمە پارتی و خودی مەسعود بارزانی دەیڵێن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەمە گەورەترین سوکایەتیە بە خەڵکی کوردستان ، کە تەنها دەستی ” ئەمین ” مەسعود بارزانیە ، کەچی هێشتا کۆمەڵێک حیزبی بچکۆلانە ، کە هیچ شتێک نین ئەگەر خۆیان بەم دەوڵەت و بەو دەوڵەت ، یان هیچ نەبێت بە یەکێتی و بە پارتیدا هەڵنەواسن ، ئەم زەنگە پڕ لە سوکایەتیی و بە بچوک تەماشاکردنەی هەموو گەلی کورد لێدەدەن و تەنها مەسعود بارزانی بە دەستی ئەمین تەماشا دەکەن بۆ مەسەلەی کورد و چارەسەری هەموو کێشەکانی گەلی کورد .

ئەمەی کە لەسەروە بە کورتی ئاماژەم پێدا ، یەکێکە لەو سەرچاوانەی کە بڕستی سیاسیی و بیرکردنەوەی لە خەڵک بڕیوە ، کە خەڵکی کوردستانی تووشی چەقبەستنێک کردووە ، کە هەموو هەوڵەکانی خەڵک بۆ خۆ رزگارکردن و گەڕانەوەی رێز و شکۆمەندی بۆیان ئەم سیاسەتە سەقەتە لە ناوی دەبات و گەورەترین زوڵم و ستەمی سیاسیی لە خەڵکی کوردستان دەکرێت بە ناوی پاراستنی ( ئەزموونەکەمانەوە ) ، بە ناوی ئەوەی کە تەنها مەسعود بارزانی دەتوانێت دەوڵەتی کوردی رابەگەیەنێت !.

ماوێتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت