عیماد عەلی : نێچیر بارزانی دەیەوێت شانەی قەیرانەکە لەسەر ئاشتی هەورامی و رێباز حەملان دا بشکێنێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەکاتێکدا بۆ دوو ساڵ دەچێت قەیرانی دارایی بەردەوامە ، کە مەعاشی فەرمانبەران پێوستیەکی گیانی و روحی و ژیان و گوزەرانی خەڵکە و و بارو ژیانی رۆژانەی خەڵک پەیوەستە پێوەی ، کەچی هێشتا بەقەد نیو مانگی دیاریکردنی سەرۆکی هەرێم و یاسای سەرۆکایەتی ، دەستەی باڵای دەسەڵاتی هەرێم واتە حکومەتەکەی نیچیرڤان بارزانی ،بەڵکو مام و کور و برازاش کۆبونەوەیەکیان لەسەر نەکردووە و ، وا رەفتار دەکەن کە هیچ قەیرانێک لەئارادا نیە ، و هەردوومام و برازا بە شێوەیەک قسە دەکەن کە هیچ لە ئارادانەبێت ، نە دان بە شکستەکەی خۆیان لە بەرێوەبردنی دەسەڵات دەنێن و نەش واز لە پلە و پایەکەیان دێنن بۆ ئەوەی خەڵکی تر بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ بەڵکو شەری مان و نەمانی لەسەر دەکەن .
پارتی و دەسەڵاتی جێبەجێکار واتە مام و برازا ، لە دوورەوە تەماشای قەیرانەکان دەکەن و بە هەر شێوەیەک بێت بە چەندین رێگە بەرپرسیارێتیەکە لە خۆیان دوور دەخەنەوە و وا نیشان دەدەن کە ئەوان لەو قەیرانە بەرپرس نین . لەو نێوەندەشدا یاری باش دەکەن و زۆر جار بەسەر خەڵک و لایەنەکانیشدا تێیدەپەرێنن .
ئەوەتا لە قەیرانێکی قورسی وەک نەبونی موچە کە لە هەر وڵاتێکی دونیادا بێت حکومەتەکانیان هەزار جار دەستیان لەکار دەکێشایەوە ، کەچی لای حکومەتەکەی مام و برازا هەموو چەواشەکاریەک دەکەن و ، لەو نێوەندەشدا، ئەوەتا سەرجەم کێشەکەیان بە سەر هەردوو وەزیری دارایی و سامانە سروشتیەکاندا ساغ کردۆتەوە و ، لەوێشدا زۆرێک لە خەڵکی تر لە بەرپرسان و چاودێران و تەنانەت پەرلەمانتارانیش بێ ئاگایانە ملیان لە ملی ئەو دوو وەزیرە ناوە کە ئەوان جگە لە داردەست و کاربەرێکەری مام و برازا هیچیان لەبەر دەستدا نیە و ، لەوێشدا زۆرێک لەوانەی قازانجیان لە پرسی نەوت و گاز و بازرگانی وەرگرتووە بەرگریان لێ دەکەن ، وەک چۆن قوباد لە کۆبونەوەکەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەرگری کوێرانەی لە بارزانی کردوە، بۆ شاردنەوە تێوەگلانی حزبەکەی خۆی لەم کەیسە ، هەر لەم پرسەدا لە کاتی خۆیدا ، ئەندامی مەکتەب سیاسی حزبەکەی کاکە قوباد ، عیماد ئەحمد دانی بەوەدانا کە ئاگاداری رەهای پرس و کەیسی نەوت وگازن لە کوردستاندا ، ئەمەش هیچ پاساوێکیان بۆ ناهێڵێتەوە بۆ ئینکار کردنی شەریکایەتی هەردوو حزب لەم کەیسەدا .
بۆیە پارتی ، واتە دەسەڵاتی و مام وکورد و برازا بە هەموو توانایەکیانەوە لە سیاسەتی نەوت و گازدا ، دەیانەوێت وا رەفتار بکەن لە ژێرەوە هەمیشە خۆیان قازانج بکەن و ، زەرەی شکست و قەیرانەکان بە هەر رێگەیەکەوە بێت لەسەر ئەوانی تر بشکێننەوە و زۆرێک لە خەڵکی تر بێ ئاگایانە یان بە ئاگاییەوە و زۆرێکیش لە نەزانی یان لە روانگەی دڵسۆزیەوە بۆ گەل ، ئامانجەکانی ئەم دەسەڵاتەی پارت و سەرکردایەتیەی مام و کور و برازایە دەپێکن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت