KONGRA-N-K

بەختیار شارەزوریی : لە پەیمانی پیرۆزەوە بۆ ک – ن – ک .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد بە درێژای مێژوو بوەتە کارتی دەستی وڵاتانی ناوچە و ئەو ململانێی ناوچەیی و هەرێمایەتیەی کە هەبوە ، ئەگەر هۆکارێکی سەرەکی هەڵکەوتەی جوگرافی و جیوپۆلەتیکی بێت ، ئەوا هۆکاری دووەمی نەبونی ئەقڵێکی سیاسی و نەبونی یەکهەڵوێستی حیزب و سەرکردە سیاسیەکان بوە ، کە نەیانتوانیوە ئەو یاریە سیاسیە بکەن کە پێویست بوە بۆ ئەو کاتەی کورد ، ئەمەش وای کردووە لە ناوچەکەدا کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت دەربکەوێ ، خۆ ئەگەر هەوڵێک هەبوبێ بۆ ئەوەی هەموو بۆچونەکان لە چوارچێوەی سیاسەتێکی گونجاودا کۆبکاتەوە ، ئەوا لە میر عبدالعزیزی میری میرنشینی بۆتانەوە سەرچاوە دەگرێت ، کە بانگەوازی یەکخستنی هەموو هێزەکانی کرد لە چوارچێوەی پەیمانێکدا کە ناوی نا ( پەیمانی پیرۆز ) کۆببنەوە ، ئەگەر چی ئەو کات بە هۆی پلان و تاکتیکی تورک و ناکۆکی ناوخۆییەوە نەتوانرا کاری لەسەر بکرێت ، بەڵام هەوڵێکی باش بو کە ببێتە سەرەتایەک بۆ یەکخستنی ماڵی کورد و کۆتایی بهێنرێت بەو دابەشکارییەی کە هەبو .

هەر لە میر عبدالعزیزەوە تا ئێستا چەند هەوڵێک هەبوە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت ببێتە خاوەن ستراتیژی سەربەخۆی خۆی و چی تر درێژکراوەی ستراتیژی وڵاتانی ناوچەیی نەبێت ، بە تایبەت تۆرکیا و ئێران کە سەکۆی شەڕەکانیان گواستوەتەوە ناو خاکی کورد و وەکالەتی شەڕەکانیان لە ژێر پلانێکی دژە کوردا بە کورد کردووە .
لە میری بۆتانەوە تا ک – ن – ک هەوڵێکی زۆر هەبوە ، بەڵام لە ئاست پێویستی قۆناغەکەدا و گۆڕانکاری هاوکێشەی بەریەککەوتن و مللانێ ی ناوچەکەدا نەبووە ، لە ئێستادا کورد لەبەردەم چانسی گەورەی سیاسی و جوگرافی و جیوپۆلەتیکی و ئابوریی گەورەدایە ، کورد بۆتە فایلی سەرەکی سەر مێزی گفتوگۆ جیهانیەکان ، بۆتە بەشێک لەو سیاسەتە باوەی لە ناوچەکەدا پیادە دەکرێت ، کورد بۆ ئەوەی بتوانێت یەک وێنە بخاتە سەر مێزی جیهانی ، بۆ ئەوەی بتوانێت هەلی گەورەی گشتی بۆ مەبەستی نەتەوەیی بەکار بهێنێ ، بۆ ئەوەی چی تر دابەش نەبێت بەسەر ململانێکان و نەبێتە کارتی بەهێزکردنی وڵاتان پێویستی قۆناغەکە ، بتوانێت لە چوارچێوەیەکدا خۆی ڕێک بخات . بۆ ئەوەی بتوانێت گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکار بهێنێ ، بۆ ئەوەی ولاتانی ناوچەو جیهان لە بەرژەوەندی خۆی ئاراستە بکات ، پێویستی بە بەهێزکردنی ( کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ) ( ک – ن – ک ) هەیەو دەبێت بەهێزیی بکات و کار بۆ سەرخستنی بکات .
ک – ن – ک هەوڵێکی ئاکتیڤە بۆ ئەوەی بتوانین وەڵام دەرەوی گۆڕانکەریەکان بێت و کورد وەک یاریچییەکی گەورە بباتە ناو گۆڕەپانی ململانێکانەوە ، بە شێوەیەک لە ئێستادا ڕۆژئاوای کوردستان بۆتە پێویستەیەکی گەورەی وڵاتانی ناتۆ و بگرە هەردو ڕوسیا و ئەمریکا هاوڕان لەسەر پشتگیری کوردانی ڕۆژئاوا ، لە باکوریش چی خەباتی شاخ و چی خەباتی شاریش لە ئاستێکی زۆر باشدایە و توانیویەتی بگاتە ئاستێکی زۆر باش ، لە باشوریش لە سەرەتای ڕیفورمی گشتی و بۆتە ناوەندێکی گەورەی جیهان ، لە رۆژهەڵاتیش ئەگەرچی تا ئێستا ئێران هەنگاویی نەناوەو بەردەوامە لە سەر فاشیزم ، بەڵام کە بووە پرسێکی جیهانی ئەو کات ئێرانیش ناچار دەبێت بە دانپێدانانی مافی کورد ، پێشمەرگە و گەریلا بونەتە بەشێکی گرنگی تەواوکاریی هێزکانی ناتۆ ، دەرکەوتنی داعش و گۆڕانی نەخشەی ململانێکان دەرفەتێکی زێڕینی بۆ کورد دروستکردوە ، کە کورد بتوانێت وەک کارتێک بەکاری بهێنیێ بۆ بەرژەوەندی خۆی ، بۆیە لە ئێستادا ( ک – ن – ک ) وەک پێویستیەکی گرنگی نەتەوەیی و قۆناغی گواستنەوە ، گرنگیەکی بناغەیی هەیە و پێویستە هەمومان پشتگیری لێ بکەین و چاودێریشی بکەین ، تا لە ئاست بەرپرسیاریەتی قۆناغەکەدا بێت ( ک – ن – ک ) دەبێتە ئەو سەرەتایەی کە زیندوکردنەوەی ( پەیمانی پیرۆز ) بێت و ببێتە ئەو چوارچێوەیەی کە گۆڕانی ناوچەکە دەیخوازێت ، بە مانایەکی تر ( ک – ن – ک ) دەبێتە دریژکراوەی ( پەیمانی پیرۆز ) لە سەردەم و قۆناغێکی جیاوازتردا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت