Anwar-Qadir

ئەنوەر قادر ڕەشید : نیشتمانی من .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نیشتمانی من لە هیچ نیشتمانێکی تر ناچێ … نیشتمانی من لە سەرەتایی مێژووەوە داوای خوێن ئەکات ، هەمیشە تینووی خوێنە ، کەم نیشتمان هەیە لە دنیادا بە قەبارەی نیشتمانی من لافاوی خوێنی بۆ درابێ ، کەم نیشتمان هەیە بە قەبارەی نیشتمانی من سروودی بۆ وترابێ و بە قەبارەی نیشتمانی من قارەمانی تیا هەڵکەوتبێ ، قارەمانانی ئێمە وەک قارەمانی خەڵکانی تر نین ، ئەوانەی ئێمە پاش شەهیدبوونیان ، خائینەکان خۆیان ئەکەنە خاوەنیان و بازرگانی بە مێژوویانەوە ئەکەن ، نیشتمانی من لە بەرهەمهێنانی خوێنی رژاودا لەپێشی پێشەوەیە ، لەم نیشتمانەی منا خیانەت مایەی شانازیە .
خیانەت ؟ بەڵام نیشتمان گوناحی چیە لەم پاشاگەردانیە ؟ ببورە نیشتمانەکەم ببورە بەڕاستی لە خەمی کەڵەکەبووی مێژوومان تۆ تاوانبار ئەکەم ، ئەی نیشتمان دایک نیە ؟ هەموو خەتاکانیش ناخرێنە ئەستۆی دایکی میهرەبانەوە ؟ هەموومان ئەزانین کە دایکێکی چەند دڵسۆزیت ، هەمومان ئەزانین بەهەشتێکت بۆ بنیاد ناوین ، بەڵام مەخابن شەیتانەکان تەراتێنی تیا ئەکەن . هەموومان ئەزانین کە خاکی پیرۆزت خائینان لە شەرما ئەشارێتەوە و دڵسۆزان لە ئامێز ئەگرێ ، هەمومان ئەزانین کە خۆفرۆش و بێ ئابڕوەکان نەک فرۆشتنت ، بەڵکو ئەتک کردنیشت لەپێناو بەرژەوەندیەکی کاتی خۆیان و لەژێر پەردەی نیشتمان پەروەریشەوە بەلایانەوە ئاساییە ، ئەم خاکە پیرۆزەی تۆ خۆی شاهیدە بەسەر مێژووی خیانەتەوە ، ئەگەر لە غەفڵەتی مێژووەوە تروسکاییەک بۆ رزگاربوونت رەخسابێ ، ئەوە لایەنێکی خیانەتکاری خاکەکەی خۆت ، سوپای دوژمنی هێناوەتەسەر و لەباری بردووە .
تەنیا لەم نیشتمانەی منا خیانەت و خۆفرۆشتن بە دوژمنان ، سەروەری و جێی شانازیە ، ئاخر هەقیانە گێلە پیاو و مەسینە هەڵگرەکان دەستەونەزەر لە بەرقاپیەکانیان وەستاون و لەجێی شاربەدەر کردن ، چەپڵەی سەرکەوتنیان بۆ لێ ئەدەن ، ئیتر وایە نیشتمانە ئەتک کراوەکەم ، هاونیشتمانیم هەیە ئامادەیە تۆ و خۆی و کەرامەت و شەرەفی لە پێناوی پلەوپایەدا هەڕاج بکا و شانازیش بەو کورسیە لەرزۆکەوە بکات کە خوێنی لێ ئەتکێ و لەسەر کەللەسەر بنیاد نراوە . ببورە نیشتمانەکەم ئەو خیانەتەی بە درێژایی مێژوو لە تۆ کراوە و ئەکرێ لە ئەنجامی دواکەوتویی کۆمەگاکەمانە و هەمان مێژوو بەردەوام لە بەرگی جیاوازدا خۆی ئەنوێنێ و دوبارە و دەبارە ئەبێتەوە ، ئێمە لەسەر خاکێک ئەژین رۆژانە خۆزگە بە رۆژی پێشووتر ئەخوازین ، ئێمە خاوەنی خۆمان نین ، ئێمە ئەوەندەی رووی چەکەکانمان لە خۆمان کردووە یەک لەسەدی ئەوە لەرووی دوژمنمان نەکردووە ، ئێمە گەلێکین شانازی بە خۆخۆریەوە ئەکەین ، ئێمە هەردەم شانازیمان بە چەکەکانمانەوە کردووە و نیشانچیەکی تفەنگ هەزار ئەوەندەی بیرمەند و نووسەر و هونەرمەندان بە بایەخ و بەها بوون . ئێمە زۆربەمان لە پشت دوژمانەوە خۆمان حەشارداوە و مایەی شانازیمان بووە دوژمن بهێنینە سەر خاکەکەمان و بەوپەڕی خۆش نەشئەییەوە خاپووری بکەین و وەک سەرکەوتن و قارەمانیش تۆماری بکەین .
نیشتمانە بێکەسەکەم گلەیی لەو رۆڵانەت مەکە کە رێی مەرگ و نەهامەتی ئەگرنەبەر بە ئومێدی بستە خاکێکی نامۆیی کە زامەکانیان بلاوێنێ و هەناسەیەکی ئازادی تیا هەڵمژن . با مافیاکانی سیاسەت ، بازرگانی بە ئابڕوی تکاوی خۆیان و نەفامی هەوادارانیانەوە بکەن ، ئێمەی هاوڵاتی لە تونێلێکی نووتەکی داخراوی ترسناکداین کە دەروازەی قوتاربوونمان بە دیوارێکی ئەستووری کۆیلەکان کلۆم کراوە و بۆ رزگار بوونمان تەنیا دوو رێمان لەبەردایە ، یان سەری خۆمان هەڵگرین و نیشتمان بۆ خیانەتکاران جێهێڵین ، یان بە راپەڕینی سەرتاسەری زریانێک بەرپاکەین هەموو بازرگانانی شەڕ و دەست و پێوەندیان بخەینە زێرابی مێژووەوە ، چاکیش ئەزانین بژاردەی دووەم بە نیوەناچڵی ئەبێ و سەرتاسەریەکەی مەحاڵ نیە ، بەڵام بە بوونی ئەو هەموو گەندەڵکار و ماستاوچی و کاسەلێس و کۆیلەیەوە جێی گومانە .