عیماد عەلی : ناوپوچ هەمیشە مایەپوچ دەردەچێت .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە دونیادا وایە ، رەسەن و خاوەن ناوەرۆکی راست و گونجاو لەگەڵ راستیەکان بە خاوەن هێز دەمێنێتەوە و بەرگری لەخۆی دەکات و بەرەنگاری نەیارو دوژمنانی دەبێتەوە و لە کۆتاییدا سەردەکەوێت زوو بێت یان درەنگ بە راستیەکان قەناعەت بە خەڵک دەکات .
لەو روانگەیەوە تەماشای پێکهاتە و ئامانج و ناوەرۆک و رەسەنایەتی و راستگۆیی و واقعبینی هەر لایەن و کەسێکی ئەم کوردستانە بکەین ، بۆمان درەدەکوێت کە لە کۆتا هاوکێشەکاندا هەرچەند ماوەی درێژخایەن بێت هەمیشە لە دوا مەودادا رەش و سپی بە شێوەیەکی سروشتی لەیەک جیادەکاتەوە و بۆ خەڵک یەکلایی دەکاتەوە کە کێ لە هەموو بوارەکاندا وەک خۆی لە کاروانەکەدا رۆیشتوە و کێش سواری سەری روداو و کارە نابەجێکانی خۆی و هەواداران و پاشکۆکانی بووە .
وا دەگێرنەوە کە لە میژووی ئەم ناوچەیە و لە قۆناغی لوتکەی شارستانیەتیدا ، زۆر رووداو بونەتە سەربوردەی حکایەت و ، تا بیخوێنیتەوە پەندی زیاتر لێورەدەگریت ، لە یەکێک لە قۆناغەکانی حوکمی زەمانی شارستانیەتی سۆمەریەکان ، لە کاتی حاکمێکی خاکی و گەل دۆست و خۆشەویست ، کابرایەک پەیدا بووە کە تەنها بەدوای کون و کەلێنی ئەم حاکمەوە بووە و هەمیشە شتی ناراستی هەڵبەستوە ، تا دواجار خەڵک شاربەدەریان کردووە و تەنانەت خودی پاشاکە لەو کاتەدا لێبوردنی گەرانەوەی بۆ دەرکردووە ، ئەگەر ئەمە لە سەر بناغەی بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسی لێکبدرێتەوە دەتوانین بڵێین لەو زەمانەشدا بە شێوەیەکی خۆ رسک خەڵک زانیوەتی راستی لە کوێیە .
لەلایەکی ترەوە و لە قۆناغێکی تری ئەو کاتانەدا لە کاتی حوکمی حاکمێکی زاڵمی چەواشەکار و خوێنمژ ، کابرایەک دەر دەکەوێت و ئەوەی راستی بێت بە ئاشکرا و نهێنی بۆ خەڵکی روون دەکاتەوە ، پاشاش بۆ مانەوەی خۆی ، ئەوەی ناراست بێت بە فێڵ و ساختە بۆ زاڵبونی خۆی بەکاری دێنێت ، بەڵام لە بەدبەختی خەڵک کە لە ئاستێکی رۆشنبیری باشدا بەراورد بەو کاتە دەژیان ، لەناخی خۆیاندا باوەریان بە پاشای زاڵم نەکردووە و ئەگەر لە ترسەوە بێت یان نەزانی ، گوێشیات بە کابرای راستزان نەداوە هەرچەند کۆمەڵێک خەڵکی دەوروبەر ، خۆیان لە راستیەکانی زانای خێرخوای راستگۆ بێبەری کردووە و گرنگیان پێ نەداوە و ، ئەویش لەو شوێنە بۆ جێگایەکی نادیار کۆچی کردووە .
تا دواجار بەهۆکارێکی تایبەتی ژیانی نالەباری و قاتو قریەوە حەقیقەتی پاشایان بۆ دەرکەوتووە و راپەریون لە راستی سەرجەم قسەکانی ئەوزانایایە یەکلابونەتەوە ، بۆیە شار بەشار بەدوایدا گەراون بۆ ئەوەی بیدۆزنەوە ، بۆ ئەوەی لە جێگەی پاشای دانێن .کە دۆزراوەتەوە ، حەقیقەتی بارودۆخەکەیان بۆ باس کردووە . ئەویش پێی وتون : من تەنها ئامانجم ئەوە بووە لە حەقیقەتی پاشای ساختەچی تێبگەن ، نەک تەخت تەراجم پێ بدەن، ئەوەتا ئاواتنەکەم هاتە دی و تێگیشتن ، ئیتر ئەوە ئەرکی من نیە ببم بە حاکمتان ، برۆن ئەوەی بە شایانی دەزانن لەسەر کورسی دانێن .
ئەوەتا لە زەمانێکی ئاوهادا هەمیشە دەرکەوتنی حەقیقەت دوا وێستگەی هەموو حوکمدارێتیەکی زاڵم دەبێت و زوو بێت یان درەنگ هەمیشە راستی سەردەکەوێت .
ئەمرۆش دەتوانین حوکمداری لای ئێمەش بە جوانی بیخوێنینەوە ، ئەگەر بە پێ ی پێوەر و چەمکەکانی سەردەم ، هەڵسەنگاندنی راستگۆیی و دڵسۆزی و گەلپەرستی دەسەڵاتەکانمان بکەین ، راست و چەپ بە جوانی دیارن و زۆرێک نایبینن ، بەڵام ئەمرۆ بێت یان سبەی ، بۆ هەمووان نەک بە تەنها بۆ بژاردەی کەمی کوردستان ، راستیەکان دەردەکەوێت .
قەد هێزێکی بێ ناوەرۆکی خۆسەپێن ناتوانێت هەتاهەتایە خۆی بسەپێنێت ، ئەگەر بارودۆخی گشتی و زەمینە تەزکیەی نەکات ، سەرەرای هەموو چەواشەکاری و ساختە و فرتو فێڵ و کاری شکلی و گزیەک .
بۆیە پێویستە بڵێین : هەمیشە ناوپوچ لە دەرئەنجامدا مایەپوچ دەردەچێت و راستی و راستگۆیی سەرجەم لایەنی پەیوەندیدار بۆ خەڵک دەردەکەوێت ، بۆیە ئەگەر دەسەڵات ناوەرۆک پوچ بوو بە هەر ناوێکەوە درێژە بە حوکمی قەرەقوشی بدات دواجار خەڵک دادگایی راستەقینەی دەکات و ، مێژووش رەحم بە کەس ناکات ، هیوادارم بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بە چاوی خۆمان ببینین .