شەریف هەژاری : پێشنیارێکی سیاسیی بۆ لایەنەکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڕێزان : خستنەڕووی ئەم پێشنیارەم لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمە وەک مامۆستایەک لە زانکۆی سلێمانیی و شکۆدانانە بۆ خوێنی پیرۆزی شەهیدانی هەموو بەشەکانی کوردستان ، کە بە پێشنیارێکی مەنتیقی ئەزانم و ئەکرێ لایەنەکان سودی لێ ببینن و زیاد و کەم لە ئایدیا و خاڵەکانی ناو پێشنیارەکەم دا بکەن .

وەک لای هەمووان ئاشکرایە ، تا ئێستا لایەنەکان دانیان بە داوا و پرۆژەکانی یەکتر نەناوە لەمەڕ پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم ، هەروەها پارتیی وەک هێزێکی گەورەی کوردی تا ئێستا کە کاندیدەکەی کۆتایی بە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی هاتووە ئەوا دەستی لەکارنەکێشاوەتەوە و خۆی وەک سەرۆکی هەرێم ئەناسێنێ و حیزبەکەشی ” نا – یاساییانە ” داوای درێژکردنەوەی دوو ساڵی تری سەرۆکایەتییەکەی ئەکەن . ئەمانە هەمووی ململانێی و ناکۆکی حیزبەکانن ، بەلام ئەم ملانێیانە ” کاریگەری زۆر نەرێنیی ” لەسەر ژیانی خەڵک و پێشمەرگە داناوە و ، بەگشتی جەماوەر لەوپەڕی دڵەڕاوکێی و دوودڵی دان و ژمارەیەکی زۆری گەنجانمان ووڵات جێ دەهێڵن و وەختە باشوری کوردستان بەتەواوی ناجێگیریی سیاسیی و ئابوریی و تەنانەت زانستییش دەیگرێتەوە !
بۆیە لە پێناو خوێنی شەهیدانی گشت بەشەکانی کوردستان و لە پێناو پێشمەرگە بەشکۆکان و لە پێناو خەڵکی جینۆسایدکراوی کورسدتان ئەم پێشنیارە بۆ لایەنەکان ئەکەم، بەو هیوایەی هەرچی زووە ڕێبکەون و پێموایە خەڵکی کوردستان ئیتر بەرەگەی قەیرانی سیاسیی و ئابوریی لەمە زیاتر ناگرێت و ووڵاتە خوێناوییەکەمان دائەڕوخێت ، پێشنیارە سیاسییەکە :

( لایەنەکانی کوردستان ” هەرچەندە نایاساییشە – بەڵام لە پێناو ڕونەدانەوەی شەڕی ناوخۆ و دووئیدارەیی ” ئەوا ڕێبکەون کە مەسعود بەرزانی دوو ساڵی دیکە لە سەرۆکایەتییدا بمێنێتەوە ) ، بەم مەرجانەی لای خوارەوە کە ئەکرێت مەرجەکان لە پاکێجێکدا لای خۆیان بە ئیمزای گشت لایەنەکان بە نهێنیی بهێڵنەوە لەبەر ئاسایشی نەتەوەی کوردستان و قۆناغەکانی دواتر !، مەرجەکان :

1 – مەسعود بەرزانی لە ماوەی ئەم دوو ساڵە دا سەربەخۆیی باشوری کوردستان ڕابگەیەنێت بەم سنورەی کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دایە .

2 – پاش ئەم دوو ساڵە ، دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم و ڕێکخەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بکرێنە وەزارەتێک و ببنە ” وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی باشوری کوردستانی ئایندە ”، واتە بە تەواوی دامەزراوەکانی ” سەرۆکایەتیی هەرێم و ڕێکخەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ” لاببرێن و شتێک بەم دوو ناوەوە لە فۆرمی حوکمڕانیکردنی باشوری کوردستاندا نەمێنێت و فەرمانبەرەکانیشیان بخرێنە سەر وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی باشوری کوردستان لە ئایندەدا .

3 – لەم دوو ساڵەدا لیژنەیەکی باڵای سەرۆکایەتی پێک بهێنرێت و مانگانە کۆببێتەوە لەمەڕ دۆسیە گرنگەکان و ڕاگەیاندنی پرسی سەربەخۆیی باشوری کوردستان کە پێک بێت لە : ” مەسعود بەرزانی و نەفەری یەکەمی حیزبە خاوەن پەرلەمانتارەکان ”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت